وەڵامێکى سەرپێی بۆ کاکە تیشکۆ زەند
Tuesday, 21/11/2017, 23:38
(لە نێو کۆمەڵگایی دوواکەوتی وەک ئێمەدا، کە چۆن ووڵات پڕبووە لە دەعاشی نووستو ئاوەهاش پڕن لە ئاکام دەرگەزێنی تێکدەر و گومڕا).
--------------------------------
براى بەڕێزم...
تۆ هەتا ئێستا بەزمانەکەى حەمەى حاجى مەحمود قسە ئەکەیت، نازانیت بڵێیت (داعش) ، ئاخر ئیتر من چ وەڵامێکت بدەمەوە، تۆش وەکو حەمەی حاجی مەحمود دەعاش بەکار ئەهێنیت، حەمە ماوەیەکى زۆرە بۆتە کاسەلێسى بنەمالەى بەرزانى هەتا ڕیفراندۆم لە گیانەڵا نەکەوتبوو کەفی لە لالغاوەى لەپیاهەڵدانى بنەماڵەدا لە سەرى ڕەشەوە دیاربوو .
بەڕیزم ئەوە بنەماڵەى بەرزانى و کەسى مەسعود بووە داعشى پەلکێشى کوردستان کرد هەروەکو چۆن بوو بە چاوساغ و بەکرێگیراوى ئێران و جەنگى عێراق ئێرانى هێنایە کوردستانەوە، ئەوە مەسعود و نەوەکانى بوو بازرگانیان لەگەل داعشدا ئەکرد ، ئەوە ئەوانبون هەزارەها پیکابى دەبل کابینەیان بەداعش دا ، ئەوە مەسعود بوو شەنگالی بە وردوو درشتەوە خستە بەردەم کەڵبەى داعش , ئەوە مەسعود بوو بەهاوکارى تورکیا یارمەتى داعش و بەرەى نوسرەى ئەدا ، ئەوە مەسعود بوو ئەیوت مفاجەئەیەک بەڕێوەیە و دواتر داعش هات، ئیتر داماوێکى وەکو من بۆ ئەخەیتە ڕیزى داعشەوە کە سەرمایەکەم تەنها قەڵەمێک و چاوێک و چاویلکەیەکە، ئەوە مامۆستا کەریم زەندە هەتا گیانى لەجەستەدابوو بەوانەدا هەڵیدەدا و ستایشى ئەکردن کە سەرمایەکەیان تەنها خیانەتە ئەوەش نمونەکەیەتى:
* مەسعود پێشمەرگەیەکى گەورە وە سەرکردەیەکى گەورە .. سەرۆکى هەموو کوردستان بیت.
* مەسعود تاکە ڕۆڵەى بە ئەزمون و پێشمەرگەى دێرین و نەوەى بەرزانى و ... شێرى بەرزان شایستەى مەسعود بەرزانیە و لە کوردستان کەسێتیەکى کە هەبێت هاوشانى ئەو بێت.
لەبەر ئەوەى چەند ڕاستیەکم لەسەر کۆچکردوو کەریم زەند نوسیوە ، کاک تیشکۆ مۆرى تێکدەر و گومڕاى بەناوچەوانمەوە ناوە ، ئەوە هەر ئەو ووشانەیە کەڕۆژانە بنەماڵەى خیانەت بە نەیارەکانى ئەڵیت، ئەم بێویژدانیە لەو بێویژدانیانەى مامۆستا زەندە کە بەرامبەر نەوە دواى نەوەى کردووەو و ڕوى ڕەشى بنەماڵەى بەرزانى ئەسڕێت . ئەوەى خوارەوەش تەنها دوو نمونە دوو پەرەگراف لە درۆکانى کەریم زەند، کە کاک تیشکۆ زەڕەیەک جورئەتى ئەوەى نەبووە خۆى لە قەرەى بدات وەڵامى بداتەوە.
١- (دواى کەوتنى کۆمارى کوردستان چۆتە خزمەت پێشەوا دووجار ، دووەمجار کەدانیشتین ئاڵاى کوردستانى هێنا و پێچایەوە وە یایە دەست بەرزانى نەمر ووتى ئاڵاى کوردستانت تەسلیم ئەکەم شۆڕشەکانى کوردستانت تەسلیم ئەکەم .. منیش بە شانازیەوە لەو پێگەیشتنەدابووم کلیلى قاسەکەى دابەمن چەند هەزار تمەنێکى تیابوو).
با واز لە درۆى قاسەو تمەن بهێنین ، وادیارە لە کۆمارى مهاباددا پیاو قڕان بووە ، بچینە سەر درۆى دووەم:
٢- (شێخى نەمر لە دانیشتنێکى خۆیدا وتویەتى هەموو دەروازەکان داخراوە لەکورد منیش پیرم و هیچم پێناکرێت وە سەرکردایەتى لەمنەوە بۆ بەرزانى نەمرە یەعنى شێخى نەمر ڕۆڵی سەرکردایەتى نەتەوەیى تەسلیمى بەرزانى نەمر کردووە).
کاکە تیشکۆ زەند کۆمەڵیک جنێو و وتەى نەشیاوى داوەتە پاڵم وەک (نامەرد و بێویژدان، نائاکام ، کاوێژ ، درۆ ، مشەخۆر ، تۆزێ شەهامەتى تیابوایە ، گومڕا) زۆر سوپاسى بەڕێزیان ئەکەم کەتەنها بە وتارێک ئەوەندە قەڵس بووە پەناى بۆ جنێو و قسەى نەشیاو بردووە زۆر زوو حەقیقەتى خۆى خستە ڕوو کە لەوەڵامدانەوە چەند پشوو کورتە ، ئەو جنێوانەم قبوڵە تەنها وەڵامى کلێتە و قاسە و تمەنەکەم بداتەوە.
کاک تیشکۆ ئەڵێت مامۆستا کەریم زەند حەقیەتى شانازى بەرابوردوى خۆیەوە لەگەل مەلا مستەفادا بکات، کاکە شانازى جیایەو مێژوو شێواندن و پیاهەڵدانى ناشایستە شتێکى ترە ، ئەگەر شانازى بێت ، ئێمەش هەقمانە شانازى بەو چوار ئەفسەرەوە بکەین کە بەر سوکایەتى و مەلا مستەفا کەوتبون و گەڕانەوە کوردستانى باشور و پەتى سیدارەیان قبولکرد نەک جەهالەتى مەلا مستەفا (وەکو لەنامەکەیاندا ئاماژەیان پێکردبوو ) و تەنها ئەوەشیان پێبڕاوە کە لە باخى گشتى سلێمانى چوار سەرە پەیکەریان بۆ دروستکردون.
پێدەچێت ئەم برادەرە هێشتا لەو کەلتورە گەورەیەى سلێمانى شارەزا نەبیت ، کە ئەویش کەلتورى فەرامۆشکردنە پێموانیە هیچ دەهۆڵ ژەنیکى بنەماڵەى بەرزانى زیندوو بێت یان کۆچکردوو بەر تیغی ئەم کەلتورە نەکەوێت ؟ ئەم کەلتورە ڕیفراندۆمى ڕسواکرد دواتر بۆ قەرەباڵخ کردنى یاریگاى سلێمانى لەهاتنى مەسعوددا جگە لەپەلکێشى ئاوارەکانى ڕۆژئاوا لەدهۆک و هەولێرو سۆران خەڵکیان ئەهێنا ، کاتیک جەلال تاڵەبانى بەیاوەرى عەزیزى وەیسى دەنگى بۆ مەسعود کۆئەکردەوە لەو هەڵبژاردنە پەڕلەمانیەدا زەبرێکى گورجکبڕیان لە یەکیتى وەشان ، هەر بەو کەلتورە کەریم زەندیان بەڕێکرد نەک ئەوەى خەڵکى سلێمانى نەزانێت گردى سەیوان لە کوێیە ، هەر ئەوەش بوو بە مایەى گلەیی کچە بەڕێزەکەى مامۆستا زەند.
مامۆستا کەریم زەند پیاوێکى بەڕێز و بێوەیى نوسەرێکى لەسەرخۆ و هێمن و خۆشەویست بوو هەتا ئەو کاتەى کە نەکەوتبووە شێواندنى مێژوو و ستایشى ناحەقى مەلا مستەفا و نەوە و بنەماڵەکەى ، شیواندنى مێژوو ناهەقیەکى زۆر گەورەیە بۆ نەوە دواى نەوە ، ئەو جۆرە ئاکارە و پیاهەڵدان و ستایشەیە کە دیکتاتۆرەکان دروست ئەکات چ ماڵوێرانیەکە کە مامۆستا ئەڵێت : ( شێرى بەرزان شایستەى مەسعود بەرزانیە و لە کوردستان کەسێتیەکى کە هەبێت هاوشانى ئەو بێت ). دەرئەنجامى ئەوەش ئەو هەموو نەهامەتیەیە کە ئەم کوڵە دێکتاتۆرە بەسەر هەرێمى کوردستانیدا هێناوە ، پێموایە خانەوادەى مامۆستا و ئەم کاک تیشکۆیە پشکێکیان لەو ناهەقیە بەر ئەکەویت ئەبوایە هەمو تەقەلایەکیان بدایە مامۆستا کەریمیان بەو جوانی و خۆشەویستیەى ناوخەڵک کە هەیبوو بپاراستایە و ڕێگربونایە بکەوێتە شێواندنى مێژوو کە ئەوە کارى ئەو نەبوو ئەو جوگرافیاناس بوو ، نەکەوێتە ستایشى ناحەق چونکە ئەو گەڕیدە بوو ، ئەبوایە داوایان لەخەڵکى سلێمانى بکردایە کە بەگەورەیى خۆیان مامۆستا کەریمیان ببەخشیایە.
من ناچمە ئاستى جنێو ڕیزکردنى کاکە تیشکۆ چونکە بەڕێزیان هێشتا چگنى و جنگیان لێک جیاناکاتەوە کە یەکەمیان عەشیرەتەکەیەتى و دووەم دێیەکى شارباژێڕە و بە ئیرەیی (بەخیلى ) ئەڵێت گیرەیى، خۆزگە کاکە تیشکۆى بەڕیز دێڕ بەدێڕ و بەدیکۆمینت وەڵامى نوسینەکەى من بدایەتەوە ناڕاستگۆیی منى لەقاو بدایە .
کاک تیشکۆ ئەو وتانەى کەلەسەرەتاى نوسینەکەى پێشومدا ئاماژەم پێکردبوو بەوەى داناوە کە من لەخۆمەوە نوسیومە و بێبنەمایە و مامۆستا زەند ووتەى وەهاى نەوتووە ، بڕواننە ئەو دیدارەى مامۆستا لە تەلەفزیۆنى ڕوداوو ، ئەگەر ئەو ووتانەى تیانەبوو ئەوا بەپێوە ئەوەستم و نقە لەخۆم ئەبڕم با سێ تف بکاتە ناوچەوانم و بەپێچەوانەوە ئەوە کاک تیشکۆ ئەبێت نقە لە خۆى ببڕێت.
دیدارى تایبەت کەناڵى ڕوداوو لەگەڵ مامۆستا کەریم زەند
_____________________________
• پێش من کوردستانپۆستى ئازیز لە تێبینیەکدا، قسەى بۆ من نەهێشتبۆوە ، پێم جوان نەبوو وەلامى کاک تیشکۆ بدەمەوە داببەزمە ئەو ئاستەى ئەو، لەسەرداواى هەندێ خوێنەرى ئازیز ئەم وەڵامە کورتە سەرپێیەم دایەوە و ئەگەر بابەتەکە درێژەى کێشا ئەوا بابەتى ڕاچڵەکێنەتر دێتە پێشەوە.
• پێدەچێت بەهۆى هەڵەیەکى تەکنیکیەوە بێت کە کۆتا پەرەگرافی نوسینەکەم پەڕیبوو کە ئەمەیە:
مامۆستا زەند ، بەدرۆى ئاڵا، مەسعود ڕۆژێکى بۆ ئاڵا تەرخانکرد، خۆ ئەگەر مامۆستا تەمەن هاوکارى بوایە ئەوا ڕۆژێکى بۆ جامانەى سور دائەنا، مەلا مستەفای بەرزانى نەمر حەزى لە شەوگەرد و مارمێلکە کوشتنیش بوو ئەوا ڕۆژێکیان بۆ شەوگەرد و مار مێلکەى کوردستان تەرخان ئەکرد، بەرزانى نەمر دەمپیس و جنێو فرۆشێکى بێ وێنە بوو بەداخەوە مەرگى مامۆستا نەیهێشت پەیامى (جنێو) بۆ مەسعود بنێرێت هەتا ڕۆژێک بۆ جنێوفرۆشانی کوردستان تەرخان بکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست