کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چیرۆکەکانی چیا : لەداستانی ڕزگاریدا چاوی ئازاترین پیاوی دوژمنم داخست (چیرۆکی ژمارە ١٦)...!

Sunday, 12/11/2017, 19:45


ئێمە ناترسین ئیمە لە ترس جەسارەت و ڕۆحی فیداییانەمان دروست کرد، ئەوە مەیدان و گۆڕەپانی جەنگ فەرموون تەشریفتان بێنن
هەرهێزێک ئامانجی لەناوبردنی شۆڕشەکەمانی هەبێ هاتنی بەدەست خۆیەتی، بەڵام گەڕانەوەی بەدەستی ئێمەیە. (موراد قەرەیلان).
------------------------------
داستانی ڕزگاری   ئەو داستانەبوو کە لەشەوێکدا ١٢٣ پایگای دوژمن و سێ بارەگای فەوج و  دوو سریەی  سەربازی تێدا گیراو  ناوچەیەکی بەرفراوان پاکرایەوە  ، دەیان شەهید و برینار درا  ، بەداخەوە  ئەو مێژووە لەخوێن هەڵکێشراوە ، زۆر بێدەنگ  شاراوەتەوەو  لە دوای  گوشتنی "کۆمەڵەی ڕەنجدەران" بەچاکو خراپ، هیچ باسی ئەو  هەموو داستان و  قوربانی دانە ناکرێت  .
 دوای شەڕی سێ مانگەی قەیوان ماوەت  کە  ئەو ناوچەیە وەک بورکان  گڕی لێهەڵدەسا  "داستانی ڕزگاری"  بوە سەرمەشقی    ئەو شەڕە سێ مانگەیە، ئێوارەی داستانەکە ئێمەبە ڕێچکەیەک لەگوندە چۆڵکراوەکەی چۆخماخەوە ڕۆیشتن  بۆ گوندی مێوڵاکە  و لەوێ کۆبوینەوە  لەگوندی چۆخماخ  هەندێک خەڵک مابوو بەتایبەتی  سەربازی هەڵاتوو   یەک دوو هاوڕێ منیش لەوێ لەماڵە چۆڵکراوەکاندا  ئارامیان گرتبوو خۆیان دابوە دەست قەدەرەکانی ڕۆژگار ، لەمێژ بوو ئەو گوندانە بێخودان بوون و چۆڵکرابوون و ژیانی تێدا نەمابوو ،  تەنها خانوە بێخاوەنەکان و پەنجەرە  شینەکان  بادەهێناو دەیبردن ، جار ناجارێک سەگێک پشیلەیەکی بەجێماو  غەمگین  نوزەیەکی  جەرگ بڕیان لێدەهات ، ژیان لەم مەڵبەندەدا نەمابوو هەموو شتێک بۆنی بارووتی گرتبوو،  تۆپ و کاتوشەو قومبەلەی هێشوو، لەهەموو جێگەیەکی دابوو ، تەنها داربەڕۆکان  بێمنەتیان  نمایش دەکرو  بڕیاریان دابوو هەرگیز  چۆڵی نەکەن چیاو دۆڵەکانی ئەم ناوچەیە و چیرۆکی قوربانێکان لەڕەگەکانیاندا حەشاربدەن ،داربەڕۆکان چەندە سەرسەخت بوون ؟ هەر سوتماکیان دەکردن و ئاگریان لەجەستەیان بەر دەدا  ، ئەوان لەڕەگە قوڵەکانیانەوە  دەهاتنەدەرەوەو  سەوز دەبوونەوە  قەلەڕەقی خۆیان  ڕادەگەیاند .
 تاریکی باڵی بەسەر ووڵاتدا کێشا و ئێمەش دوای وەرگرتنی زانیاری  بەڕێچکەیەک  بەچیاکەدا هەڵزناین  ، لەهەموو لایەکەوە  دەنگی تۆپ و تریشقەی تۆپەکان شەویان دزێو دەکرد  و جارناجارێک یان تۆپێک بەسەرماندا  ئەیشریقان یان لەدۆڵەکەی دەدا و پیی دەوتین دوژمنان و داگیر کەران بەئاگان کە ئێمە خەریکی چین .
 شەڕی ئێران و عێراق ئەم دەڤەڕەشی  تەنیبۆوە  و هەموو ناوچەی شارباژێر سوپای داگیر کەران  مۆڵیان کردبوو تێیدا  ، ئەم  چیایەی ئێمە  پلانی گرتنیمان هەبوو چەند ڕەبایەبوو لەناو  بەردەشاخەکانداو  لەقەڵادەچوو ، بەرامبەرمان  شاخی گۆجاڕ بوو کە بەرزتر بوو  گۆجاڕ کلیلی ئەم ناو چەیەبوو ، گۆجاڕ بەدەست کێوەبوایە  ناوچەکە لەژێر دەستیا دەبوو. تیپی ٥٧ هێرشیان بۆ چیای گۆجار کرد .  لە شەڕدا کەس ناتوانێت پێشبینی ئایندە بکات ، " ئەوە بەو مانایەی کە نازانین لە ناو  ئەم ڕەتڵەدا کە بەچیاکەدا لە چەند قۆڵەوە  هەڵدەزنێین ، کامەمان بەهەمان ڕێگەدا بەپێ خۆمان  بەچیاکەدا دادەگەڕێین"  ؟ 
 نازانم دەمژێر چەند بوو، کە شەڕ دەستی پێکرد ، ئەم شێوەیە  لەشەڕ و هێرشکردنە تەنها لەئەفسانەی ناو فیلیمەکان دەچێت و دەیبینی ، لەهەموولایەکەوە دەنگی تەقەو ئاڕبیجی و تۆپ  و ڕاجیمە دەهات ، ئەمە موسیکی جەنگ بوو ، گوێکانمان  تژی دەبوو دەبوو لەم دەنگانە ، ئێمە لەگەڵ کەرتێک کە چەند پێشمەرگەیەکی  تیپی بڵفەت  بووین ،   پێشمەرگەکانی بڵفەت ڕێک لەچیای "بڵفەت" دەچوون .  ئەوان  پێشمەرگەی  بەتەمەنیشیان تێدابوو ، سەرو ڕیشی ماش و برنجی ، یان سپی وەک بەفر ، گەر ئازادی و  نیشتمان نەبێت  کێ بەو تەمەنەوە دەبێتە پێشمەرگە ؟   من هەمیشە لەهەر جێگەیەک پێشمەرگەیەکی بەتەمەنم دیبێت ، ڕێزم  نیشانی داوەو  ئیرەیم پێبردووە  و لەخۆم پرسیوە  ، داخٶ چۆنە  ئەم کەسە   ئاشبەتاڵ تێکی نەشکاندوە  و جارێکی تر هەمان قومار دەکاتەوە ، کە لەگەنجیدا دۆڕانی  لەهەناویدا  چنیوەتەوە  ؟
 ئێمە  لەناو بەردەڵانەکاندا  کە پێیان دەوت "مالە حسکەکان "  خەریکی وەڵامی تەقەکان بووین کە لێمان دەکرا ، نازانم ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو جێگەیەیان بۆ ناو نابوو ماڵە ، حسکەکان ؟   کات  لە کاتژمێری دەستی  منداڵێکی عەجول دەچوو  کە میلی کاتژمێرەکە بابات ، زوو دەڕۆی   تا  تەواو زەردەی داو   ئیتر  دەمان زانی  لەکوێوە  تەقەمەن لێدەکرێت ؟ جگە  لەتۆپە  یەک لەدوای یەکەکان و ڕاجیمە ٤٠  دانەیەکان کە بەدوای یەکدا مەتر مەتر لەناو چیاکەی دەدا  ، تەقەیەکی زۆرمان لەسەر بوو . هێشتا تاریک بوو کە لەگۆجاڕەوە تەپڵی سەرکەوتن لێدرا ، ئێمە خەریکی  شەڕبووین  کە  کەسێک لێمان یاخی بوو  ، بەچەند جۆر  چەک  تەقەی دەکرد لێمان  زۆر شارەزایانە  شەڕی لەگەڵ دەکردین  و بواری نەدەدا .   من بە پێشمەرگەکەی  بڵفەتم  ووت: ڕێگەم بدە  ئەم جارە من ئاڕبیجێکە بتەقێنم .  ڕەتڵێکی تر تۆپ هات  ، ئێمەی پەرێشان کردبوو،     ئیتر  گەڕانەوە نەبوو یان دەبێت ئەو تەقانە لەسەرمان بوەستێنین ، یان دەبێت تۆپ و پریشکی بەرد  قاشمان بکات .  ئیتر کە هەموو پێکەوە  تەقەمان کرد  و ئاربیجیمان نا  بەو جێگەیەوەی  کە تەقەی لێکردین   لەنەو لەوحەکانی دا  کە ماڵۆچکەیان چێکردبوو لە ژێر نوالەکاندا  ، تەماشامانکردو  گوێمان هەڵخست  ماوەیەک بێدەنگ بوو ،  ئێمەش  چوینە پێشتر  تا گەشتینە بن نوالەکان کە ڕەبایەبوو  دنیا تەواو ڕووناک ببۆوە ،   بەدەیان لاشەی سەرباز لەوناوەدا بوو، ڕەنگە زۆریشیان بەتۆپی خۆیان کوژرابووبێتن ، چونکە تۆپ لەهەموو جێگەیەکی دەدا ، بەڵام  ئەوەی   شەڕی لەگەڵ ئێمە کرد و ئەو ئازایەتیەی  نواند  ئەفسەرێکی  یەک ئەستێرەی بوو  ، کە خەڵکی شاری حلەبوو  ،چاوشینێک بوو ، بەدەستی خۆم چاوەکانیم داخست و   هەردوو دەستیم کردە سەر سنگی و ماوەیەک لەسەر ئەژنۆکانم وەستام و لەو پیاوە ئازایەم ڕوانی ،  بەڕاستی ڕێزم  پیشان دا  ، شەهید فەرهاد  قەمسەڵە  مغاویریەکەی کردە  بەر خۆی ، ئەو ئەفسەرە  بە چەند جۆر  چەک شەڕی لەگەڵ دەکردین . ئیرەیم بەئازایەتیەکەی برد ، بیرمە ووتم بەداخەوە تۆ بەرگری لەسەدامێکی  بەعسی دەکەیت ؟  ئێستا  کە بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە  دەڵێم   خۆزگە ئەمە  لەبەرەی ئێمەدەبوو .  من یەکەمین جارم بوو دوژمی خۆمم خۆش بوێت .  گەر ئەو جێگە یە بەردەڵان نەبوایەو تۆپ و هێرشی پێچەوانە   بواری بداینایە  من ئامادەبووم  گۆڕ  بۆ ئەم پیاوە ئازایە هەڵکەنم و  وەک سەربازێک  بەخاکی بسپێرم.  جاشێکی زێباریمان گرت  گەنجێک بوو فیشەکێک بە قۆڵێوەبوو .  برینەکەیم  پێچا زۆر دەترسا  ، چەند سەربازی ترمان گرت ، یەکێکیان ووتی: ئێمە  سێ شەوە  ناخەوین   پێیان ووتوین  هێرش دەکەنە سەرمان .  ئێمە چەند شەهیدێکمان دا  ، بیرمە یەکێک لەشەهیدەکانمان ناوی "حسێن" بوو کە خەڵکی گوندێکی نزیک سورداش بوو. 
 ئێستا بیر دەکەمەوە  ئێمە زۆر بێپلان بووین نە  نەقالەیەکمان پێبوو تا لاشەیەک برینار شەهیدی پێداگرین ، نە دکتۆر لەگەڵمان بوو،  هەرتەنها شتێک کە  دەمان زانی  شەڕبوو لەگەڵ محاڵدا .
  هەووشمان دەشزانین 
 لەئۆپراسوێنی سەربازیدا  کەم شت بەپێی پلان دەڕوات ، لاشەی کوژراوەکانی دوژمنمان  لەجێگەیەک مۆڵکرد  و هێرشی پێچەوانە  دەستی پێکرد  دوای ماوەیەک  شەهیدەکان داگیران و  دیلەکان  هێنرانە خوارەوە  ، ئەم جارە من بەهامەن ڕێگەدا سەر بەرەو خوار  گەڕامەوە  .  بەهیوام ڕۆژێک بێت  ئەم شەڕانە  بە بەرپرسیارێتیەوە بنوسرێتەوە بەر لەوەی بەشدار بوانی جێتان بێڵن . ئیتر چی لەپشتی داستانی ڕزگاریەوە بوو  ئەوە  بۆ ڕاستکردنەوەی مێژوو هەڵدەگرین . ئێمە تەنها سەرباز بووین و ئەرکمان جێبەجێ دەکرد . 


 تێبینی:
هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم  نی یە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەکورتانە ، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم ، ئەمڕۆ کەسانی  نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور  دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە  داگیرکەن و بۆخۆیانی بەرن و بیکەنە مێژووی کەسایەتیان کەنیانە ، کەزۆریان نەلەدوور نەلەنزیک  ئاگایان لەم هەموو ڕووداوەنەبوەو ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نی یە . ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت
 تێبینی دووهەم : 
hhh dast xosh bas wallahi babati to har hamoibasi xwardn w nustn daka ...dast xosh dubara

کاک ئەسکەندەر کوردی   ئاوای نوسیوە: کە من چیرۆکەکانی چیام  هەمووی باسی خواردن و  نوستنە  ؟
 دەستخۆش ، بیرم کردەوە دەبێت بۆ وابێت ؟  تەنها یادگاریەکی بچوک دەگێڕمەوە کەلای من  کەرەسەی نوسینی کتێبێکە . شەوێک لە دۆڵە ڕووت  نیگابانیم تەواو بوو هاوڕیەکمی دوای خۆم هەستان ، پاش کەمێک  هەر نەهات  ، کە گەڕامەوە  سەیرم کرد  دەمی دەجوڵێت ، لایتەکەم لێدا   وام دەزانی  شتێک دەخوات  بەتانیەکەی دەجوو .  خەبەرم کردەوە   ووتم چی دەکەیت ؟  هەناسەیەکی هەڵکێشا  و ووتی خۆزگە  خەبەرت نەکردمایەوەوە من لەگەڵ ماڵەوەمان نانم دەخوارد ، دایکم لەبەر من  خواردنی خۆشی کردبوو.  ئەمە  چیرۆکی دروستکراو نی یە ،  پێشمەرگایەتی  زۆر  شتی سەرەتای لێسەندبووین لەناو هەموویاندا خۆراک ، بەتایبەتی ئەوانەی  لەشار گەورە  ببووین .   جارێکی تر سوپاس کاک ئەسکەندەر کوردی.
ڕزگار ڕانگور

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە