کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەندەکانی ڕیفراندۆم و ١٦ ی ئوکتۆبەر

Sunday, 12/11/2017, 16:23


بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مەسعود بارزانی گرێ دەرونییەکان و هەست وسۆزە هەڵچو و توڕە و ترسەکانی سەپاند بەسەر عەقڵ و بیرکردنەوەی مەنتیقی و هاوسەنگ و ئارام، لە دژی ڕاوبۆچونی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و بەشێکی زۆری یەکێتیی نیشتمانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەروەها لە دژی هەمو دنیای دەرەوەی خۆمان بە دۆست و دوژمنەوە وەک منداڵێک وڕک لە یاریەک بگرێ بۆی بکڕن ئاوا مەسعود بارازانی لە دەرونێکی نادروست و شێواوە وە  ڕیفراندۆمی سەپاند بەسەر گەلەکەماندا. 
 ١. ئەزمونەکانی خۆمان و هەمو دنیا: هێتلەر، ستالین، سەدام، قەزافی.... بەردەوام سەلماندویانە کە ئیتر خەوش و تاوانە شوێنی هیچ  سەرکردە و ڕابەرێکی  خۆسەپێن و تاکڕەو و دیکتاتۆر بکەوین، ئیتر لای ئێمەش سەردەمی سەرۆک و ڕابەری هەمیشەیی و کاریزمای بەهێز و کلیلی هەمو قفڵەکان  کۆتاییهات.بەختەوەرترین گەلانی دنیا ئەوانەن سەرۆکی کاریزماییان نیە، کێ ناوی سەرۆکەکانی سوید و سویسرا و کەنەدا و ...دەزانێ؟
٢.نەک هەر لەم سەردەمی زانست و زانینەدا کە بەرهەمەکانی وەک ئینتەرنێت و مۆبایل گەیشتونەتە دورترین کوێرەدێی ئەم کوردوستانە ،هەروەها لە ڕابوردوی تاریکی مێژوی گەلەکەماندا سەلماوە کە کورد بە شێوازی حوکمی بنەماڵەیی و خێڵەکی نەک هەر ڕزگاری نابێت بەڵکو بەرەو کۆیلایەتی دەچێت. میرنشینە کوردییەکانی سەدەی هەژدە و نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست هیچ شوێنەوارێکیان ما؟ چییان کرد بە چی؟ کەواتە سەرسوڕهێنەر و خەوشێکی گەورە و تاوانە لەمەبەدوا هیچ تاکێکی تەنانەت نەخوێندەواری کورد ئیتر هیچ ئومێدێکی بە هیچ بنامەڵەیەکی ئێستا وهیچ  بنەماڵەیەکی هێشتا لە هێلکە نەتروکاوی ئایندە هەبێت لە کوردوستانا کە لە ژێر ڕابەرایەتی کردنیدا گەلەکەمان بگات بە ئامانجەکانی لە سەربەخۆیی و ڕزگاری و ئازادی. پێویستمان بە هیچ دەسگایەکی کۆکردنەوەی زانیاری  نیە تا تێبگەین لەوەی چۆن هەردو بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی لە هەناوی خۆیاندا لە سەر دەسەڵات وپارە داوەشاون و چۆن سەدان ئێرەییبردن بەیەکتری و ناکۆکی و ناحەزی و جیاوازی و ڕق و کینە و دوژمنایەتیی سڕ و خەوتو و  ئاشکرا و نهێنی لە ناوەوەڕا لەت و پەتی کردون.
٣.سیستمی حیزبی دیموکرات و نوێخواز و نائاینی  بە سەرکردایەتیی بەکۆمەڵ و بەردەوام لە گۆڕاندا لە ڕێی هەڵبژاردنی کراوە و ئازادەوە،ئینجا  لە سەر بناغەی ئەم سیستمی حیزبایەتیە سیستمی حوکمی پەرلەمانی دادەنرێت کە ئەو شیوازەیە لە حوکم لەسەرتاسەری دنیادا و بە درێژایی مێژو جێی خۆی کردۆتەوە و بێ جێگرەوە (بەدیل) ماوەتەوە. دەبێت لە هەرێمی کوردوستانا ئەم شێوەازە لە حیزبایەتی و دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات پەیڕەوبکەین.
٤.هۆی بنەڕەتیی شکست و ئاشبەتاڵی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی  نادڵسۆزی و خۆپەرستی هەروەها نەزانی و ناشارەزایی سەرکردەکانیان و دەوروبەرە گەندەڵ و نەزانەکانیان بو، دۆڕاندنی ‌حکومەتی هەرێم لە دادگای لەندەن  بەرامبەر کۆمپانیای دانا غاز باشترین نمونەیە. کەواتە بێ زانین و شارەزایی دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان بەتەنیا بەس نین، هەروەها بێ دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان زانین و شارەزاییش بەتەنیا بەس نین بۆ حوکمێکی سەرکەوتو. مایەپوچیی دارایی و قەرزاریی حکومەتی هەرێم دەریانخست کە بە تایبەتی لێپرسراوە ڕاستەوخۆکانی فایلی نەوت و غاز هەم نەزان و نەشارەزا هەم خۆپەرست و گەندەڵ و بێویژدانیش بون.
٥. دڵسۆزترین وڕاستگۆترین و هەرزانترین ڕاوێژکاری سەرکردەکان کۆمەڵانی خەڵکە نەک لۆبی و ڕاوێژکاری بێیانی کە ملیۆنەها دۆلاریان تیا خەرجکرا و دەرکەوت ڕاوێژەکەیان بۆ ڕیفراندۆم هەڵەیەکی کوشندەبو.لەوەڵامی داوایەکی حکومەت لە کوێخای دێیەکی بناری شاخی زەردەی قەرەداخ کوێخاکە دەڵێت: قوربان با بچمەوە پرس و ڕاوێژێک بە زەردە بکەم ئینجا وەڵامی کۆتاییت دەدەمەوە!
٦. لە هەر چوار دەوڵەتی تورکیا وئێران و سوریا و عێراق، هێشتا دەرفەت و شانسمان بۆ چارەسەرێکی ڕەوا و بێخوێنڕێژی لەگەڵ عێراق لە سیانەکەی تر باشترە، با هەرچی زوترە لەگەڵ عێراق ڕێبکەوین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە