خەونێک بە کاوەوە
Wednesday, 08/11/2017, 23:33
"هۆ کاوەکان،
نەکەن هەرگیز متمانە کەن!
بەرەو وەرزی زستان دەچین،
زوحاکەکان
ماری سەرشانیان سڕ دەکەن.
لێ دەگەڕێن ئەم مێگەلە گۆشتشیرینە،
زیاد بکەن و چاک ببنەوە لەو برینە.
لێ دەگەڕێن کە ڕانەمەڕ
جارێکی تر پڕبێتەوە لە نێرینە.
کورد وتەنی، سوودی بەرخەنێرینەکەیش: سەربڕینە.
هۆ کاوەکان،
پۆتکەکانتان هەڵگرن بەرەو پەیکار.
بەو دەستانە،
هەردوو سەریان پان کەنەوە
هەتا سڕن.
لێ نەگەڕێن ئا بەو جۆرە بمێننەوە،
خۆبگەیەننە وەرزی بەهار.
زووکەن زووکەن
دەرفەتەکان تێ دەپەڕن.
هۆ کاوەکان لە کوێندەرن؟
لە کەنگێوە لەم دەڤەرە وا بزرن؟!
دە دەرکەون هەوڵێ بدەن،
زوحاکەکان مێشک نەما
کە دەرخواردی ماری نەدەن.
هۆ کاوەکان
هۆ کاوەکان
هۆ کاوە ..."
ڕاچەڵەکیم -
هاوارەکان وڕێنە بوون،
گشت کاوەکان تارمایی بوون.
لە پێش چاوم
یەکە یەکە هەموو ون بوون.
کاتێ بینیم،
مابوومەوە هەر تەنیا خۆم!
ئینجا زانیم!
لە دەسپێکی وەنەوزەوە
زوحاکەکان هاتبوون بۆم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست