هەر لە پاش یەكەم هەڵبژاردنی دوای راپەرینی ١٩٩١ ، جوت حیزب خۆیان سەپاند بەسەر باشووردا هەموو جومگە سەرەكییەكانیان خستە ژێر دەسەلاتی خۆیانەوە و بووە فڕكان فڕكان. لەسەر ئەم بەش بەشە بەتایبەتی دەروازەی برایم خەلیل، شەری ناوخۆی لێكەوتەوە و پاشان كێشەی (پێ كا كا) هاتەسەر كە سەدان و بگرە هەزاران كوژراوی لێكەوتەوە.
- پاش داگیركردنی هەولێر لەلایەن یەكێتییەوە، مەسعود ناچار بوو پەنا بۆ سەدام بەرێت و بە تاوانی ٣١ ی ئاب هەولێری بۆ داگیركردەوە و لەو رۆژەوە هەرێمی كوردستانیان كردە دوو دەڤەر (سەوز و زەرد)
- دوایی رێککەوتن کە بە ٥٠% هەموو شتەكانیان لە نێوخۆیاندا دابەشكرد.
- دواجار بە ڕێكەوتنی ٤٩ ئینجا ئەم دوو حیزبە، كێبركێیان دەكرد بۆ خۆ خۆشەویستكردن لە رێگای سیاسەتی كلكایەتی بۆ هەر یەکە لە عێراق، ئێران، توركیا و
سوریا. تەنانەت گەیشتە ئەوەی حافز ئەسەد بە براگەورەی خۆیان بناسن، ئەو پیاوەی کە ناسنامەی لە هەموو كوردەكانی سوریا سەندەوە و ناوی هەموو گوند و شارە كوردیەكانی سڕیەوە و كردنی بە عەرەبی. هەر دەرئەنجامی ئەم كلكایەتیان بوو سەدامی شێتگیركرد و تۆڵەی ئەوانی لە خەلكی هەڵەبجە و بارزانییەكان كردەوە.
- تالەبانی لە پاداشتی ئەو هەموو كوشتن و برینەی خومەینی بەرانبەر كوری رۆژهەڵات ، چووە سەر گۆرەكەی و بە فرمێسكی تیمساحیەوە دەیگوت گوایە خومەینی ئاسایش و دیموكراسی هێناوەتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە.
- لەسەر مەرجی سەدام بۆ دانوسان، یەكێتی شەری شیوعییەكانی دەستپێكرد و بە كارەساتی پشتئاشان كۆتایی پێهات.
- ئەوەی ئەم جوت حیزبە نەیانكردووە و بیری لێناكەنەوە بیكەن، یەكگرتن و یەك ریزییە. تەنها و تەنها خەریكی فركان فركانن. هەموو سامانی سەر زەوی و ژێرزەویان بەتاڵان برد. هەموو ساتێكیش، کە مێژوو سەلماندویەتی، دوژمن دەتوانێت زۆر بە ئاسانی بەیەكیانا بدات
- بەدرێژایی مێژووش ئەم نەخۆشی خۆخۆرییە لە لای دەسەڵاتدارانی كورد دووبارە بۆتەوە بەوەی كە دەسەڵاتەكان لەسەر بنەمای
خواستی نەتەوایەتی دروست نەبووە بەڵكو خێزان، خێڵ و ناوچەگەرێتی زاڵبووە.
شێركۆ بێكەس جوان ئەم كێشەیەی پێكاوە:
دوو هەزارو پێنج سەد ساڵە
مێژوو ئەڵێ لە دایک بووین
دوو هەزارو پێنج سەد ساڵە
زرپ و زیندووین
بەڵام هێشتا، باوێشک ئەدەین
هێشتا نووستووین
هێشتا تەواو تێرخەو نەبووین
هێشتا ئەنووین
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
لە خەڵک بوردووین
لە خۆمان هەرگیز نەبوردووین
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
وەک ئیستە واین
یەک نەگرتووین
لەو کاتەوە چەک هەڵگرتووین
بەڵام هێشتا سەرنەکەوتووین
کەچی ئەڵێین: هەر سەرکەوتووین
ئەڵین ئێمە هەر نەمردووین
**********
هەر لێرەوە تا وڵاتی
بەرینی چین
بە نۆکەری گەڕاین ڕۆشتین
بە ئاواتی
سەرکەوتنی
بێگانە گەلێ گەیشتین
لە خوێنی خۆمان بۆ ڕشتن
لە ڕۆڵەی خۆمان بۆ کوشتن
تا توانیمان قسەی زۆری
مەراییمان بۆ هەڵبەستن
سەمامان کرد، بۆمان ڕستن
وتیان ئادەی دنیا بگرن
ئەوە پارە!
وتمان: باشە
وتیان بمرن، ئەوە پارە
وتمان: باشە
وتیان ماڵی یەکتر ببڕن
لە ناو یەکا، یەک سەر ببڕن
ورگی یەکتری هەڵدڕن
ئەوە پارە!
وتمان : باشە
دوو هەزارو پێنج سەد ساڵە
پێمان ئەڵێن:
بەرد بن، دار بن
ئەڵقە لە گوێ و خزمەتکار بن
مەڕبن، مار بن
ئادەی ئینجا شێت بن، هار بن
ئەڵێین: باشە
بتی دارو بەردمان پەرست
تاجی هەزار، شای بێگانەی
خوێنە خوێمان
دانا و پەرست
چەند پێڵاوی دوژمنانی
تازە و کۆنمان
جووت کرد، پەرست
ئەممان پەرست، ئەومان پەرست
دوو هەزارو پێنج سەد ساڵە
تەنها هەر خۆمان نەپەرست
دوو هەزارو پێنج سەد ساڵە
دێین و دەڕۆین
وەک شێت ئەخۆین
سەرمان قاڵە
چەند ئەدەین، هەڵئەپەڕین
سەرچۆپی نۆکەریی ئەگرین
کەچی دەستی کردەوەمان
هەر بەتاڵە
گفتمان لاڵە
**********
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
مەشکەی دوژمنمان ئەژەنین
چونکە شڵقەی زل و خۆشە
بە هی خۆشمان پێئەکەنین
*********
ئەوەی گیانی ڕسوا ئەکرد
ڕۆیی زوو مرد
ئەوەی کڕنۆشی نامەردی
ئەبرد، زوو مرد
وەکوو ئێستا
دوو هەزارو پێنج سەد ساڵە
ئەوەی پیاو بوو لە ناومان برد
*******
بۆ شاردنەوەی ئەنگی خۆمان
دەلاقەی گەورەی، درۆمان
بۆ ئەوەی خۆمان تەفرە دەین
وەک لەوەبەر هیچمان نەکرد
هەر هیچ نەکەین
هاتین گەڕاین
کەوتینە دووی گزی و فزی
لە قوژبنی مێژووی کۆندا
خۆێندەوارمان کەوتنە دزی
دزی کردن لە شانازی
کەسانیتر، مایەو مووری گەلانیتر.
هەموو دنیایان کرد بە کورد
پێغەمبەرانیان کرد بە کورد
هەتا ئادەمو حەواشیان
هەر کرد بە کورد
نەیان پرسی:
ئەی بۆچی کورد
دوو هەزارو پێنج سەد ساڵە
بۆ خۆی، هیچی بە هیچ نەکرد!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست