کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سوودەکانی بارزانی

Saturday, 04/11/2017, 23:49


لەگەڵ مردنی نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی فەسڵێکی تراژیدیی سیاسەتی کوردی تەواو بوو و فەسڵێکی تازە دەستیپێکرد، چونکە مەسعود بەرزانیش هاوخەبات و هاونەوەی ئەو دوو کەسایەتییە بوو، ئەوا حسابی مردنیش بۆ مەسعود دەکەین، ئەمڕۆش نەبێت ئەوا ئەوپەری دە ساڵی تریش بێت بە مردنی ئاسایی تەمەنی تەواو دەبێت و دەمرێت، بەڵام ئەو راستیە دەخەینە ڕوو کە نابێت نەوەی ئەو دوو بنەماڵەیە بە هیچ جۆرێك لەسەر حوکم بمێننەوەو هەمان سیناریۆی باوکیان بۆ نەوەکانی داهاتوو دووبارە بکەنەوە، راستیان گوتووە: گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە، خۆ میللەتی کورد تاپۆی باوکیان نیە تا بۆ نەوەکانی دوای خۆیان جێبهێڵن، سەرتان نەیەشێنم دەبێت دوای هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ چاوێك بخشێنین بە رابردووی خەباتی مەسعودبارزانیداو سوودەکانی بۆ هەموو لایەك بخەینە روو تا ببێتە عیبرەت و وانە بۆ ئەوانەی دوای ئەو دەچنە سەر ئەو کورسیە بۆگەنە:
١- بە سیاسەتی عەشایەری جەهل و هەڵەی بەرزانی ملێۆنان کورد تووشی دەردی دەروونی و خەمۆکی بوون. لە خەستەخانەو ماڵەکاندا، بەوانەشەوە کە خۆیان کوشت و یان ئەوانەی سەری خۆیان هەڵگرت و چوون بۆ تاراوگە.
٢- ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی کوردی بە ناوی جیاجیاوە بە کوشتدا، بریندارو کەمئەندامی کردن، چ ئەوانەی شەڕیان بۆ کرد یان ئەوانەی دژی بوون.
٣- میللەتی کوردی فێری دزین و گەندەڵی کردو سەرەتاش لە خۆی و خانەوادەکەیەوە دەستی پێکرد، و زۆریشی لە نەبوونیدا توشی جۆرەها لادان کرد، دادپەروەریی لە کارخست و هەموو حەسانەیەکئ دا بە پیاوکوژانی نزیك خۆی.
٤- ساڵی ١٩٩٦ دەبابەی حوکمەتی بەعسی هێنایەوە بۆ کوردستان و بەعسیش زۆر کەسی کوشت و زۆریتری بێ سەروشوێن کرد.
٥- بارزانی بە هاوکاری میتی تورکی چەندان رۆڵەی خەباتکاری کوردانی باکووری تەسلیم بە جەندرمەکانی تورك کردەوەو چەندان جاریش شەڕی ڕاستەوخۆیان دژی هێزی کوردپارێز (پەکەکە) کرد.
٦- بارزانی هاوشانی تاڵەبانی دوو پاڵەوانی شەڕی ناوخۆن کە هەموو ڕێگایەکی نائەخلاقییان لەو شەڕەدا پەیڕەو کرد و چەندان کەسی بێتاوانیان کوشت و بوونە بەکرێگیراوی تورك و ئێران.
٧- سەرەتا بارزانی دیکتاتۆر وای لە خەڵك گەیاند کەسێکی دیموکراتیەو بڕوای بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەیە، بەڵام بۆ یەکەمجار لە دنیادا پەرلەمانی هەڵبژێردراو لە لایەن خەڵکەوە سوکایەتی پێکراو ئاودیوی دێگەڵەی کردن و بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو دەرگای پارلەمانی داخست.
٨- دوای ئەم قەیرانە سیاسیە ئینجا قەیرانی ئابووری بەسەر خەڵکدا هێناو خۆی نەوتی کوردستان دەفرۆشت و دەدزی و موچەی فەرانبەرانیشی نەدەدا و یان بە کەموکورتی و دواکەوتنەوە دەیدا.
٩- دەزگای تۆقێنەری پاراستن چەندان رۆڵەی دڵسۆزو ئەکادیمی و رۆژنامەنووس و رۆشنبیری کوردی تیرۆر کردو زۆری بێ سەروشوێن کردو چەندان زیندانی نهێنی بۆ ئەم مەبەستە دروستکرد.
١٠- خەڵکی کوردی کرد بە گژ یەکداو فێری سیخوڕی کردن و ویژدانی لە بەشێکی قەڵەمبەدەستان کڕی و خەڵکەکەی تری مەحروم کرد لە مافە ڕەواکانی خۆیان.
١١- زوڵم و ناحەقی لە هەموو شوێنێکدا پەرەی سەندو کۆمەڵێك ماستاوچی دەمڕووتی بێمۆڕاڵی لە هەموو سوچێکی کوردستان دانا کە بە ناوی کوردایەتیەوە سوکایەتی بە کورد بکەن و زوڵم بکەن.
١٢- دواجار بۆ ڕیش چوو سمبێڵیشی نایە بانی، خۆی بە بەرپرسیاری بەرەنجامی  ریفراندۆم دانا بۆ سەربەخۆیی، کەچی نیوەی کوردستانی تەسلیم بە حەشدی شەعبی کرد و گەورەترین ئیهانەی بە نەتەوەی کورد کرد.
گەر بەردەوام بین لە ژماردنی سوودەکانی بارزانی لە خەباتی خۆیدا ئەوا نووسینەکەمان دوایی نایەت، باشتر وایە زۆرتر سەرتان نەیەشینم و لێرەدا کۆتایی پێ بهێنم و لەمەودا هەمووان بەس ئەم دوعایە بکەین: یاخوا بەڵای وا روو نەکاتە هیچ کەس و قەوم و نەتەوەو عەشیرەتێك.. بەڵای وا بەسەر هەر گەلێك بێت ئەوا وەکو شێرپەنجە بەسە بۆ لەناوبردنیان..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە