کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەروەخۆیی بڕیاری میللەتە و کەس ناتوانی بیوەستێنی!

Friday, 03/11/2017, 0:56


کەس نییە نەزانی خەڵکی کوردستان هەم ژیان و گوزەرانەکی خۆش و ئاسوودەیان گەرەکە هەم وڵاتەکی سەروەخۆ و هیچیشیان وەپێش هیچیان ناخەن، کاتەک کە بڕیاری سەروەخۆییان دا ئامانجیان ئەوە بوو لە چارچیوەی جوگرافیایەکی رامیاریی جێگیر و ئارام ژیان و گوزەرانەکی ئاسوودە و شکۆمەند دابین بکەن.. ئیدی ئەگەر کەسانەک یان چەند دەستەگەلەکی رامیاریی لە پێناو هێندەک بەرژەوەندی تەسکی کەسیی و بنەماڵەیی و شارچیێتیی و پارتایەتی و دینیی خۆیان هەرزانفرۆش دەکەن و دەبنە داردەستی وڵاتان و دەزگە سیخوڕییەکان و وە بیانووی ئەوەی کە میللەت برسییە و پایەکانی دەوڵەت دانەمەزرانە و رامیاریی نێودەوڵەتیی دەگەڵ نییە و هەر لەو گۆڕەی خۆیان دەکەنە فریادڕەس و وە ناوی میللەت پەتکان بەردەدەنەوە و دەبێژن دەمی سەروەخۆیی نییە.. ئەوە دیاردەیەکی ئاساییە چونکێ کاتەک کە کاروان وەڕێدەکەوی هێندەک کەس هەر پەیدا دەبن ئەو تێگەیشتن و ئازایەتی و خۆڕاگرتن و توانایە پێویستەیان نەبی تا دان بەوەدا بنێن کە کاروانەکە پێویستە و هەر دەبی بگاتە دوا وێستگەی خۆی.. ئیدی هووردە هووردە خۆ دەخزێننە پەڕاوێز و لە کاروانەکە دادەبڕێن.
 خەڵکی کوردستان وەک خەڵکی هەر وڵاتەکی دیکە باش ئەوە دەزانن کە تا سیستەمی یەکسانیی و خۆبەڕێوەبەریی لە لایەن میللەت خۆیەوە دانەمەزرێ دەسەڵات هەر لە دەستی حیزبەک یان کۆمەڵە حیزب و لایەنەکی گەندەڵکار و چەوسێنەر و لە نێو ئەوانیش لە دەستی کەسەک یان چەند کەسەکدا دەبی، لێ هەمیشە ئەو کەسە گەندەڵکار و چەوسێنەرانە وەسەر دوو جۆردا دابەش دەبن:

جۆری یەکەمیان ئەوانەن کە دەزانن و دەتوانن رەفتارە چەوسێنەرییەکانی خۆیان رایی بکەن؛ واتە دەگەڵ ئەوەی هەمیشە کارەسات وەدوو کارەسات وەسەر میللەتیدا دەهینن وە پێی خواست و ئامانجەکانی میللەتیش خۆ دەگونجێنن و سەرنجی خەڵکەکی زۆر وە لای خۆیاندا رادەکێشن.. هێندەک جار و لە هێندەک قۆناغ وە شێوازەکی هێندە کردەییانە ئامانجەکانی خۆیان و میللەت ئاوێتەی یەک دەکەن دەتوانن زۆرینەی میللەت هەڵبخڕێنن و وەک یەک رەوتی تێکۆشان ئاراستەی بکەن تەنانەت ئەوەشیان لە کن گرنگ نابی کە میللەت وە پێچەوانەی خواستی ئەوان وە هێندەک ئامانج دەگا چونکێ خۆیان وە زۆربەی ئامانجەکانی خۆیان دەگەن و دەسەڵاتەکەیان پتەوتر دەکەن!

جۆری دووەمیان ئەوانەن کە نازانن و ناتوانن رەفتارە چەوسێنەرییەکانی خۆیان رایی بکەن؛ واتە دەگەڵ ئەوەی هەمیشە کارەسات وەدوو کارەسات وەسەر میللەتیدا دەهینن ناشتوانن خۆ دەگەڵ خواست و ئامانجەکانی میللەت بگونجێنن و سەرنجی خەڵک وە لای خۆیاندا رابکێشن.. هێندەک جار و لە هێندەک قۆناغ وە شێوازەکی هێندە ساویلکەییانە ئامانجەکانی خۆیان و میللەت لە یەک هاوێر دەکەن وە لێشاو خەڵکیان لێ هەڵدەوەری و سەر لە ئاراستە و رێچکەکەی خۆشیان دەشێوێنن و تەنانەت هێندە وە خراپیی لە نێو کارە بەدفەڕییەکانیان نوقم دەبن ناتوانن بپڕژێنە سەر ئەوەی وەخۆشیاندا بچنەوە.. ئیدی هەر خەریکی تەڵەکابازیی و هۆئینەوەی فرتوفێڵی تازە و تازەتر دەبن!

لەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزرێ بنەماڵەی بارزانی و پارتی و هاوپەیمانەکانیان لە جۆری یەکەمن و بنەماڵەی تاڵەبانی و بەشەکی نێو یەکێتی و هاوپەیمانەکانیشیان لە جۆری دووەمن.. دیارە لە بارودۆخەکی لەو جۆرەدا دوژمن دەتوانی لە رێی کۆمەڵە خەڵکەکی خۆفرۆش تەنانەت ئەگەر زۆر کەمیش بن دەستی خۆی بوەشێنی هەر وەک ئەوەی وەشاندی! هەرچەندە وە هۆی ململانێیە دەسەڵاتخوازییەکانی حیزبەکانی کوردستان کە دابەشی سەر ئەو دوولایە بوونە؛ بارزانی لە پێناو مانەوەی لەسەر کورسییەکەی و گەورەکردن و پتەوترکردنی دەسەڵاتە دیکتاتورییەکەی وە ناچاریی ملکەچی دەنگی زوڵاڵی سەروەخۆیی کوردستان بوو کە گشتپرسییە گرنگ و پڕ بایەخەکەی ٢٥ی ئەیلوولی لێ وەبەرهەم هات.. لە بەرانبەریشدا بنەماڵەی تاڵەبانی لە پێناو لەدەستنەدانی دەڤەری کەسک و رێگرتن لە هەژموونی بارزانی و پارتی خۆیان وە حەشیدی شەعبی و شیعەکان و ئێران فرۆشت کە سەرەنجام نیوەی کوردستانی پێ داگیرکرایەوە.. لێ میللەت لە پێناو گەمەی رامیاریی حیزب و لایەنەکان دەنگی نەدا و هەرگیز دەستبەرداری ئامانجی سەروەخۆییش نابی.. ئیدی تازە نە گەلەکۆمەی بنەماڵەی تاڵەبانی و گۆڕان و کۆمەڵ و بزووتنەوە لیست لیستێنە دەستەگەرییەکان و هێندەک وە ناو رۆشنبیر و چالاکوانی پەڕپووتی رامیاریی کە وە ئاشکرایی دژی سەروەخۆیی کوردستانن و لە رکی خاوەنەکەیان خۆهەڵدەدێرن.. نە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان و هەڵسوکەوتی چەند فاقیانەی رامیاریی نێودەوڵەتیش تەنانەنە خودی بارزانیش کە تووشی کونەڕەشەی خۆی بووە ناتوانن رێی لە دەنگی میللەت بگرن و دەبی وە زووترین کات سەروەخۆیی کوردستان رابگەیەندرێ.. ئەگەر نا ئەوە میللەت لە هیچ هەڵبژاردنەکی دیکە بەشداریی ناکەن و ئەوجارە تێکڕا حیزب و لایەنەکان وە دەنگی نەخێر رادەماڵن و وە زبڵدانی مێژوویان دەسپێرن.     

بەرەنجامی ئەو وتارە لەوەدا چڕدەبیتەوە کە ئیدی سەرکەوتنە مەزنەکەی ٢٥ی ئەیلوول ئەوە لە خەڵکی سەروەخۆخواز دەخوازی کە زۆر وە توندیی بەرانگژیی تێکڕای ئەو لەمپەڕ و رێگرییانە ببنەوە کە داگیرکەران و رامیاریی نێودەوڵەتیی و ململانێی حیزبیی و باڵباڵێنەی دەستە و لایەنەکان و خولیایە پووچە دینیی و بنەماڵەیی و خێلەکیی و ناوچەگەریی و شارچییەکان و تێڕوانینە رامیارییە بەرژەوەندخوازە کەسییەکان لە بەرانبەر سەروەخۆیی قوتیان دەکەنەوە.. یەکەمین هەنگاویش بەرانگژبوونەوەی پاشەکشێیە پڕ لە شەرمەزارییەکەی بارزانی و بڕیارە دیکتاتۆریی و ترسنۆکانەکەی سڕکردنی ئەنجامی گشتپرسییەکەیە کە حکومەتە ناحکومەتەکەی نێچیروان لە دژی ٪٩٣ی دەنگدەران دەریکرد و لەبەرپێی حکومەتە (موفلیس!)ەکەی عەبادی کڕنۆشی برد!

١\١١\٢٠١٧ - لەندەن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە