کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناوبانگه‌كه‌ی به‌هۆی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌ و خۆی لێ بووه‌ به‌ ڤۆلتێر

Sunday, 29/10/2017, 1:54


رۆژ نیه‌ ده‌یان شیكردنه‌وه‌ و  نوسین و بابه‌تی وا ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ ته‌نها له‌ سه‌ر بنه‌مای پشتخانێكی كه‌سی یان حزبیی ته‌سك ده‌نوسرێت و سه‌تان پێشبینی و بۆچون بڵاوده‌كرێته‌وه‌ كه‌ نه‌ك وه‌ك خۆی ده‌رناچێت به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌ی رووده‌دات و چه‌ندین هه‌ڵسه‌نگاندنه ده‌كرێت دوور له‌ ئاراسته‌ی نوسینی راستكۆیانه‌ و بابه‌تیانه‌ و ته‌نانه‌ت ته‌نها له‌ روانگه‌ی بۆچونی زۆر ته‌سكی شارچێتی یان كه‌سچێتیه‌وه‌ ده‌رده‌برێن . ئه‌وه‌ باسی هه‌مه‌چه‌شنی نوسینه‌كان ناكرێت كه‌ خۆی له‌ خۆیدا دووره‌ له‌ ئه‌و قسانه‌ی به‌ خۆیان ده‌یكه‌ن كه‌ هه‌موو شتێك پسپۆرێتی ده‌وێت و ده‌بێت نوسه‌ریش تایبه‌تمه‌ندی نوسینی خۆی هه‌بێت و نوسه‌ری فره‌چه‌شن واته‌ وه‌ك كاره‌كته‌ری نێو چێشتی مجێورئاسا  ده‌بێت و نوسینه‌كانی زانستیانه‌ ده‌رناچێت.
كه‌س نیه‌ نه‌زانێت به‌ سه‌تان خه‌ڵكی پر توانای هه‌مه‌جۆری ئه‌ده‌بی و زانستی له‌ زانكۆكانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌شی هه‌ن كه‌س ئه‌وه‌نده‌ نه‌ خۆیان و نه‌ش به‌رهه‌مه‌كانیان یانخوێنێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ حزبین نه‌ش پیاوی كه‌سن، یان له‌ قسه‌ كردن له‌سه‌ر ئه‌م وه‌زعه‌ ئاڵۆزه‌ی كوردستان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن بێهوده‌ بوون و قه‌ناعه‌تیان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هیچ شتێك ئامانجی خۆی ناپێكێت .  كه‌چی كاكی برا به‌هۆی ناوبانگو شوهره‌تی مێژووی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ رووی  رۆشنبیری یان سیاسیه‌وه‌ بێت خۆی لێ بووه‌ به‌ فۆڵتێر و كێسنجه‌ر و به‌ راست و چه‌پدا ویعاز ده‌دات و شیكردنه‌وه‌كانی به‌ مه‌به‌ست ده‌نوسێته‌وه‌  و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی له‌ بنه‌چه‌دا ده‌بێت له‌ ژێر كاریگه‌ری نابابه‌تیانه‌ی ده‌روه‌ی خودی نوسینه‌كه‌یه‌ و خۆی فه‌رزكردووه‌ به‌سه‌ر مێشك و ده‌روونی نوسه‌ره‌كه‌. تۆمه‌تبارت ده‌كات به‌ ره‌گه‌زپه‌رست و نه‌ته‌وه‌یی دواكه‌وتوو و به‌خۆی تا ئێستا له‌ ژێر كاریگه‌ریكانی شارچێتی ده‌رنه‌چووه‌!! و نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ فكری نه‌ته‌وه‌یی كه‌ له‌ سه‌رووی شارچێتیه‌وه‌یه‌ .
به‌ خۆم براده‌رێك ده‌ناسم( ناو و ناوبانگیشی هه‌یه‌) بیروبۆچونه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك بنیات ده‌نێت كه‌ خه‌ڵكی ئاسایی به‌ قێزه‌وه‌ لێی ده‌روانن، له‌ روكه‌شدا خۆی به‌ مرۆڤدۆستانه‌ و ته‌نانه‌ت بیری چه‌پی دونیایی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و كه‌چی سالێكی ته‌واو خه‌ریكی ئه‌وه‌ بوو  ناونیشانی جێنشینیه‌كه‌ی له‌ (ته‌زكه‌ره‌كه‌ی) واته‌ شوناسنامه‌ی باری شارستانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شه‌ستی سلێمانیه‌وه‌ بگوێزێته‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌ی، نه‌وه‌كو به‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی سلێمانی له‌قه‌ڵه‌م نه‌درێت و له‌و لاشه‌وه‌ لافوگه‌زافی مرۆڤدۆستی و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی لێده‌دات . تۆ ته‌ماشای ئه‌م یه‌كتربر و دژبه‌یه‌كیه‌ بكه‌ له‌م جۆره‌ كه‌سانه‌دا كه‌ جگه‌ له‌ زه‌ره‌رو زیانی گه‌وره‌ به‌ پرسی سه‌ره‌كی گه‌لی كوردستان هیچیان لێ ناكه‌وێته‌وه‌ .
جا خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ری راسته‌قینه‌ ده‌بێت له‌ دوور روانینیدا له‌ ناوه‌خنی نوسین و راوبۆچونه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ به‌ گشتی قسه‌ بكات كه‌ فكر و بیرو هۆشی بۆ سه‌رجه‌م گه‌ل بێت و هیچ كه‌سێك به‌قه‌د ئه‌و له‌ ره‌فتار و كرداردا كوردستانیانه‌ نه‌بێت و بیسه‌لمێنێت كه‌ دلسۆزی گه‌له‌كه‌یه‌ پێش هه‌ر شتێكی تر و، گۆرانكاری له‌ هه‌ڵوێست و بۆچونه‌كانی په‌یوه‌ست نه‌بێت له‌گه‌ڵ كۆرانكاریه‌ حزبی و سیاسیه‌كانی كوردستان و له‌ولاشه‌وه‌ خۆی به‌ بێلایه‌ن له‌قه‌ڵه‌م بدات  . بۆ نمونه‌ له‌ئاست پرسێكی گرنگی وه‌ك دۆراندنی كه‌ركوك نه‌ك له‌ خۆشیدا گه‌شكه‌ بكات به‌ڵكو كتومت به‌ هه‌مان بۆچونی حزبێكه‌وه‌ بروانێت و ته‌نانه‌ت پاساو بۆ هه‌ڵه‌كان بێنێته‌وه‌ و  تیۆریزه‌شی بۆ بكات. ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌، هیچ كه‌سێك داوای ئه‌وه‌ی لێ نه‌كردوون كه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان یان شاره‌كه‌یان خۆش نه‌وێت، به‌ڵام ته‌نها لادان به‌ره‌و بۆچونێكی ته‌سكی شارچێتی و ته‌نانه‌ت گه‌ره‌كچێتی له‌ رۆشنبیری گشتی راسته‌قینه‌ ده‌رت ده‌كات بۆ هه‌مووان ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ی تێیدایت زیاتر له‌به‌ر بنه‌ماڵه‌ یان باوك و باپیره‌ رۆشنبیره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ته‌ زیاتر له‌وه‌ی به‌ خۆت شایانی بیت و، ئێستا به‌ هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌كانت زیان له‌ سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستان بده‌یت و خه‌ڵك وا بزانن به‌ راستی تۆ جانجاك رۆسۆیت به‌رێزه‌كه‌م. ده‌بێت به‌ خۆت بزانیت كه‌ خه‌ڵكانێك له‌تۆ رۆشنبیرتر و به‌ تواناتر هه‌ن و به‌  هه‌ڵوێست و بیریان راستوره‌وان و روونترن و مێژوویه‌یكی جوانیشیان هه‌یه‌ و، لێیان هه‌یه‌ بۆ دوو ده‌یه‌ زیاتره‌ قسه‌ كردن به‌ زیان ده‌زانێت له‌وه‌ی قازانجی هه‌بێت و ته‌نها ته‌ماشا ده‌كات و وه‌زعه‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی خۆیشی ئیستغلال نه‌كردووه‌ كه‌ خۆی بكاته‌ زانا و دانا له‌ ئاست ئه‌م میله‌ته‌ به‌ش مه‌ینه‌ته‌و به‌ قسه‌ و وشه‌ ریزكرن زیاتر زیانیان پێ بگه‌یه‌نێت له‌وه‌ی قازانجی لێ بكه‌ن، بۆیه‌ ده‌ڵێت كه‌ نه‌توانم شتێك چاك بكه‌مه‌وه‌ با به‌ قسه‌ زیاتر تێكی نه‌ده‌م .
گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ وه‌زعێكی تایبه‌تی  ته‌نها له‌  روانگه‌ی بینینی ئه‌و كاته‌ی تێدا ده‌نوسن و خودی رۆژه‌كه‌ به‌ ته‌نها به‌ دوور له‌ دوارۆژ له‌به‌ر چاو ده‌گرن و نه‌ك دووربین نین به‌ڵكو هه‌موو خه‌ته‌ سوره‌كانی بارودۆخێكی وه‌ك كوردستان ده‌به‌زێنن و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی بیری لێنه‌كه‌نه‌وه‌ قازانج و به‌ژه‌وه‌نی گشتی و زیانی وشه‌ ریزكردن و بۆچونده‌ربرینه‌كه‌یانه‌، نه‌ك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك به‌ڵكو له‌سه‌ر سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان و، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی  به‌ته‌نها  وه‌ك مۆدێل و له‌به‌ر ناوبانگی پشت به‌ ماڵباته‌ رۆشنبیره‌كه‌ی، زیاتر گه‌نجان روو له‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌مانه‌ ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی بیرو هۆش و بۆچون و فكر و مێژوویان بناسن. به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر سیاسه‌تمه‌داران به‌ڵكو رۆشنبیرانیش بونه‌ته‌ رێگرێكی گه‌وره‌ له‌ پێشكه‌وتنی رۆشنبیری و سیاسی له‌نێو ئه‌م میله‌ته‌ سته‌مدیده‌دا، ئه‌گه‌ر به‌ خۆیان بزانن یان نا. بۆیه‌ له‌م كاته‌ زۆر زۆر هه‌ستیار و چاره‌نوسسازه‌دا كه‌ له‌ دوریانێكی خه‌ته‌رناكداین پێویست بوو سه‌رجه‌م رۆشنبیران به‌ وردی له‌م مه‌سه‌له‌ بروانن و زیاتر پاش قۆناغه‌كه‌ له‌به‌رچاو بگرن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت ته‌نها وشه‌یه‌كیش نه‌دركێنن كه‌ قازانج نه‌گه‌نێت به‌ مه‌سه‌له‌ زۆر گه‌وره‌ و چاره‌نوسسازه‌كه‌مان له‌م كاته‌دا.
تێبینی: چه‌ندجار ئه‌م نوسینه‌م  دواخست كه‌ به‌ ره‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر بۆ كه‌سانێك له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م  كه‌ تائیستا بێ هیچ بنه‌مایه‌ك بوغرابوون و میله‌ته‌كه‌ش زیانیان لێده‌بینێت، به‌ڵام نوسینێكی نابه‌رپرسانه‌ی یه‌كێك له‌و به‌ناو رۆشنبیر و نوسه‌رانه‌ كه‌ به‌ هۆكاری بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ خۆی فه‌رزكردووه‌ و ده‌ربرینه‌كه‌ی بێ له‌به‌رچاوگرتنی هیچ بنه‌مایه‌كی گشتیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كوردستانی نوسیوه‌  و به‌ڵكو دژ به‌ وه‌زعی ئێستامان ده‌كه‌وێته‌وه‌ نوسیوه‌  و له‌ چه‌ندین شوێنیش بۆی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، داخه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی پێویست كرد ئه‌م نوسیه‌نه‌ بلاو بكه‌مه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت تۆزێك به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ و باره‌ رۆشنبیریه‌كه‌ش زیاتر به‌ ده‌ردی وه‌زعه‌ سیاسیه‌كه‌ نه‌برێت .      




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە