Sunday, 29/10/2017, 1:40
548 ساڵ لەمەوبەر تورکمانە سونییەکان لە رێگای سوپای ئاق قۆینلوەوە هاتنە کەرکوک پاش داگیرکردنی عێراق، دوای 39 ساڵ لەو مێژووە سەفەوییەکان بە سەرۆکایەتی ئیسماعیل سەفەوی کەرکوک داگیرە کەن بە بێ شەڕ و تورکمانە شیعە قزڵباشییە تورکمانەکان دێنە ناوچەکەو جێگیر دەبن تیایدا، دوای 26 ساڵ کۆتایی بەدەسەڵاتی تورکمانە قزڵباشیەکان " شیعەکانی ئێستا" هات، لە ساڵی 1534 کەرکوک گەڕایەوە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان تا داگیرکردنی لە لایەن ئینگلیزەکانەوە لە جەنگی جیهانی یەکەم بەردەوام بوو، دوای 483 ساڵ لە یەکەم داگیر کاری لە لایەن قزڵباشییەکانەوە، جارێکی دیکە ئێرانییەکان لە رێگای قاسم سلێمانییەوە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دەگەڕێنەوە شاری کەرکوک وەک براوەیەک، لە قۆناغی دووەمدا پێشبینی ناکەم مانەوەیان وەک قۆناغی یەکەم درێژ بێت و 26 ساڵی دیکە بەردەوام بێت.
لە گەڵ هەڵدانی ئاڵای کوردستان لە شاری کەرکوک وتمان هەڵەیە، کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاری ریفراندۆمی دا، زانیمان تەڵەیەکی ترسناکەو کورد دەکەوێتە تەڵەی کەرکوکەوە، چونکە پێکهاتەی دیمۆگرافی شارەکە ، ئەوە نییە لە رێگای نمایشی تەلەفزیۆنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە یەکلا بکرێتەوە، رۆژەکانی پێش و دوای ریفراندۆم زۆر تەڵەی شەڕی نەتەوەیی لە شارەکە نرایەوە باش بوو کەس تێی نەکەوت، هەرچەندە هەموو بۆمب هاویشتنەکان دەستکرد بوو، دەیەویست سەرجەم نەتەوەکان بسوتێنێت نەک کەسی دیاری کراو، بۆمبەکان تەڵەیەکی مەترسیدارتر بوون لە کارەساتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر.
کەرکوک شارێکی کۆسمپۆلیتیە نەک نەتەوەیی، ئەوەی هەر یەکە لە نەتەوەییە کوردو تورکمان و عەرەب و شیعەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بە بێ شەڕی نەتەوەیی و قڕکردن نایاتە دی، بە پێی ئاماری ساڵی 1957 کە رێکترین و گونجاوترین ئامارە تا ئێستا ئەنجام درابێت، پێکهاتەی شارەکە وەک پارێزگا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: کورد"187592" 48،2%، عەرەب"109630" 28،2% و تورکمان"83371" 21،4% ی پێکهاتەی شارەکەپێک دەهێنن، ژمارەکەی دیش سریان و ئەوانی دی، هەرچی ناوەندی شارە عەرەب 27127.کورد40047 و تورکمان 45306 و کلدان و سریان 1509 پێک دەهێنن، واتا وەک پارێزگا کورد یەکەمە، وەک ناوەندی شاری کەرکووک تورکمان لەو کاتە زۆرینە بووە، وەلێ کۆچی هاووڵاتیانی لادێ بۆ شار لە قۆناغی سەرمایەداری کە لە دوای ساڵی 1958 بە هۆی بنج داکوتانی سستەمی سەرمایەداری و کۆتا کردنەوەی دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی دیاردەیەکی سروشتی و ئاساییە.
کەرکووک لەبەر ئەوەی هێمای تێکۆشانی سیاسی ناسیۆنالستەکانی کورد و تورکمان و شیعەکانە"بەهۆی بوونی مەزاری 3 ئیمامیان زەین عابدین و ئیمام قاسم و ئیمام عەباس" بۆیە هەستیارە بۆ نیشتەجێ بوونی خەَلکی دەرەوەی پارێزگاکە، واتا کەرکوک شاری کۆسمپۆلێتی داخراوە بۆ هاوڵاتیانی خۆی، نەک هاووڵاتیانی دەرەوەی پارێزگاکە کە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی شارەکە بۆی دێن.
ئایا دەستیان لە کەرکوک هەڵگرت؟
ئەگەر شەڕو پەلامارەکانی قەرەتەپەو جەلەولا لە ساڵەکانی 2008 بە دواوەو شەڕە بەردەوامەکانی دوزو هەڕەشەکان فەریق روکن عەبدائەمیر زەیدی سەرکردەی تیپی دجلە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو کەرکوک بە تەواوی لە بیری خۆمان ببەینەوە بیکەینە مێژوو،لێرەوە دەست پێبکەین کە کەرکوک شارێکی هەستیارە بۆ زۆرینەی پێکهاتەکان"کورد، تورکمان شیعەو سونە، عەرەب شیعەو سونە"، بۆیە دەست بردن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە تەواوی پارێزگاکەو بایکۆتکردنی لە لایەن تورکمان عەرەبەوە بۆ خۆی پرۆسەکەی خستە ژێر پرسیارەوە، بڕیاردان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شاری کەرکوک بە تەواوی پارێزگاکە هەڵەیەکی کوشندە بوو، دەبوایا لەوپەڕی بەشێکی شارەکە ئەنجام بدرابایا،دەتوت حکومەتی کوردستان روسیایەو ریفراندۆم لە قرم ئەنجام دەدات، لەشکری سورو یەک لەسەر شەشی خاکی جیهان لە پشتێتی.
دەبوایا چارەنوسی شاری کەرکوک بە پێی دەستور لە ساڵی 2007 یەکلا بکرابایاتەوە، وەلێ لە 2017ەش حکومەتی عێراقی رازی نەبوو، جارێکی دیکە گفتوگۆ لەسەر چارەنوسی کەرکوک بکاتەوە، لەو کاتەی کورد خەونی بەوە دەبینی کەرکوک بکاتە پایتەختی وڵاتەکەی، کەچی عێراق بە جێبەجێکردنی مادەی 140 رازی نەبوو، بەردەوام کات دەکوژێت بۆ ئەوکاتەی کۆتایی بە کێشەکانی لە گەڵ سونە دەهێنێت و هێزە نیمچە لیبراڵەکانی عێراق زیاتر پەراوێز دەکات، نەک مادەی 140 جێبەجێ ناکات، بەڵکە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە فیدراڵیەتی کوردستان بێهێزو بچوک بکاتەوە.
چەند رۆژێک پێش ریفراندۆمەکە دادگای کارگێڕی عێراق هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لە کەرکووک هەڵوەشاندەوە، پێشتریش ویستی بێتەوە ئەو سەربازگایانەی کە لە ساڵی 2014 بەجێی هێشتبوو، هەرچەندە گەڕانەوە بۆ ئەو سەربازگایانە بە بونی شەڕی داعش بۆ ئەو گرنگ نەبوو، پێی باش بوو هەڵیبگرێت بۆ دوای شەڕی داعش بە تایبەتیش دوای گرتنەوەی حەویجە، بۆیە کردییە دوا ویستگەی شەڕی خۆی بەرامبەر بە داعش.
لەو داواکارییەی هێزە ئاسایشەکانی عێراق کە ئاراستەی هاووڵاتیان کرا لە چەند رۆژی پێش هێرشەکەی 16ی ئۆکتۆبەر تیایدا نوسراوە: زۆر چاوەڕوانمان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک، کەواتا ویست کۆنتر بوو لە ریفراندۆم بۆ گەڕانەوە بۆ شاری کەرکوک ئەگەر ئاشتیانە بێت، داگیرکردنی لە بارودۆخی شەڕدا،حەسەن تۆران جێگیری سەرۆکی بەرەی تورکمانی رۆژی پێش هێرشەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 وتی : سەپاندنی دەسەڵات بەسەر پارێزگای کەرکوک و بیرە نەوتەکان پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نییە، پێش ریفراندۆم داڕێژرابوو،بەرپرسێکی باڵای نزیک لە حەسەن روحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە شەرق ئەوسەتی وت : رێگا نادەین کوردەکان لە رێگای نەوتی کەرکوکەوە بچنە بازاڕی نەوتەوە، هەرچی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەرە وتی "قاسم سلێمانی نەیشاردەوە لە زوەکەوە حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق بە نیازی پەلاماری کوردستانن، هاوپەیمانی نیشتمانیش هەمیشە رێگریان دەکرد لە جێبەجێکردنی مادەی 140، حەنان فەتلاوی راشکاوانە وتی 10 ساڵە رێگری دەکە.... هەموو ئەمانە دەریدەخەن کەرکوک ناوچەکانی دیکە هەر یەکەی بە پێی گرنگییەکەی لە روانگەیەکەوە ، شەنگار لەبەر هیلالی شیعییەکەی، داقوق لە بەر مەرقەد و پیرۆزییەکەی، تازە لەبەر خەڵکەکەی و نزیکی لە شاری کەرکوکەوە ..... یەک دەقەش لەبیر نەکرابوون، هەموو خەونەکان بۆ گەڕانەوە بوو بۆیان، لە بەیانامەیەکدا ئاژانسی پاراستن و زانیاری –زانیاری هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەوەی دەگوزەرێت بەشێکە لە رێکەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغا لە ساڵی 2016 کە پەیمان لە نێوانیان مۆر کراوە، پێشمەرگە بکشێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی لە پێش 9ی حوزەیرانی 2014 لێی بوونە،کەواتا ویسترا لە رێگای ریفراندۆمەوە خۆ لەو ترسە رزگار بکرێت،کەچی کەوتنە تەڵەکەوە، تەڵەیک ئێستاش نەبوایا لە پێش هەڵبژاردن خولێک لە شەڕ پێویست بوو بۆ عەبادی بۆ دەرچونەوەی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئازاردا.
بەڵام ریفراندۆم تورکیای کردە نەیاری پارتی و هەرێمی کوردستان و رۆژئاواش وەک مناڵێکی لاسال سەیری کوردی کرد، ریفراندۆم نەبوایا حکومەتی عێراقی ئەم هەموو پاکێجەی لە یەک قۆناغدا داوا ناکرد، ریفراندۆم دۆسیەیەکی گەورە بوو، بەڵام کورد خاوەند حیزب و سەرکردەی عەقڵ بچوک بەهۆی ئەوانیشەوە پەرت و بڵاو یەکنەگرتوو لە ئاستی پرۆسەکەو کاردانەوەکانیدا نەبوو، هەرچەندە شەوی 25ی مانگ و رۆژانی پێشتر پەرلەمان و سەرجەم پارتە سیاسییەکان و کەسە یەکەمەکانیان خۆیان یەکلا کردەوەو هەموو بە بەڵێ دەنگیان دا لە ژێر پاڵەپەستۆی شەقامدا، تەنانەت لە ریفراندۆم هێرۆخان چووە کەرکوک دەنگی دا، هەرچەندە پوچەڵکردنەوەی ریفراندۆم لە دەستپێکی بانگەشەکە لە لادانی وێنەی تاڵەبانی و بارزانی لە شەقامەکانی سلێمانی، تا هەوڵی ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لە کەرکوک و کێشە نانەوە لە ماوەی 22 رۆژی دوای ریفراندۆم هەموو لوغمی زۆر گەورە بوون لە بەردەم پرۆسەکە، ترسناکتر لە هەڕەشەی وڵاتانی ناوچەکە.
ئێستا سڕ کردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم خەونە، ریفراندۆم ویستی ئازادانەی خەڵکە لە ویژداندا چەسپیوەو ژمارەکە چووە مێژوەوەبە هیچ هەڵناوەشێتەوە.
حکومەتی عێراق جەخت لەسەر داخوازەکانی رابردووی خۆی دەکاتەوە لە هەر گفتوگۆیەک پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، رێزگرتن لە دەستور بۆ نەتەوەی ژێر دەست، دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بەسەر دەروازە سنورییەکان و فرۆکەخانەکان،سامانە سروشتیەکان ، هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییە کوردییەکان، کەمکردنەوەی بودجەی هەرێم بۆ 12% لە زۆرترین حالەتدا 13% و دابەشکردنی موچە لە رێگای ئەنجومەنی پارێزگاکان و دانی تەنها موچەی 600 بۆ 680 هەزار کەس و بڕینی موچەی نزیک بە 60%ی موچەی موچە وەرگران،.... ئەمانەش هەموو بۆ ئەوەی هەموو دەسەڵات و هەیبەتێکی هەرێم نەهێڵێت، واتا کورد خاوەنی هیچ نەبێت، جگە لە مەجلس تەشریعی و تەنفیزییەک لە ناو هەمان تەلاردا بە دەسەڵاتەکەی ئەوکاتەوە.
داگیر کردنی کەرکوک
حەشد لە دوزو تاوغ و تازە و بشیر بوون و کۆنترۆڵی تەواوی تازەو بشیر لە ژێر دەستیانا بوو پێش 16ی ئۆکتۆبەر، کە تەنها چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی شارەوە دور بوون، کەچی ئەو شارۆچکانە ریفراندۆمیشیان بۆ رێکخرا لە کاتێکدا سندوقی دەنگدانیان بۆ دانەندرابوو.
دووشەمە رەشەکەی 16ی ئۆکتۆبەر، سەنگەرە بەهێزەکانی پێشمەرگە کە 3 ساڵ زیاتر بوو تیایدا شەڕی داعشیان کرد لە کەرکوک و نەیانتوانی بیبڕن ،ئەو بەرە بەیانە سەری ترامپ و قاسم سلێمانی لە مەنجەڵێکدا کۆکردەوە، هەر لایەنەیان لە قۆڵێکەوە خەریکی دانوساندن بوون بە مەرجی خۆیانەوە، ماکۆرگ دەیەویست تەقە دەستپێنەکات بۆ ئەوەی پێشمەرگە رازی بکات بۆ گەڕانەوەی سوپای عێراقی بۆ کی 1، حاجی قاسم سلێمانیش گڵۆپی سەوزی بۆ عەبادی هەڵگرت بۆ پەلاماردانی کەرکوک و پوچەڵ کردنەوەی هەوڵەکانی مەکۆرگ، گڵۆپ بە دەستی حاجی قاسمەوەو فرمان لە گیرفانی عەبادی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بوو ، لەوکاتانەی سەرانی پدک و ینک لە دوکان کۆدەبونەوەو دەستیان لەناو دەست یەکتر بوو، هەندێکیان دەستەکانی دیکەیان لەناو دەستی سەنگەرەکانی بەرامبەریان بوو، واتا لە دوکان کۆبونەوە دەکرا،کەچی دەستێکی دیکە لەناو دەستی بەغدا بوو لە قۆڵێکی دیکەوە مفاوەزات دەکرا، لێرەدا گرنگە شتێک باس بکەین ، ئەوەی کرا شاراوە نەبوو، بەڵکە لە دوکان تاوتوێکرا،زۆرینە ناڕازی بوون بۆی،پێشتر گفتوگۆکان لە دەرەوەی شەرعیەتی حیزبی و حکومی دەستیپێکردبوو، هەر وەک پاڤێڵ تاڵەبانی دانی پێدا دەنێت و دەڵێت دوای رۆژێک دانوساندن لە گەڵ عەبادی رێکەوتین.
ئیتر پرسیارێک لێرەدا سەر دەردێنێ، ئەگەر بمانەوێت و شیکارێکی بێلایەنانە بکەین ، ئەویش رێکەوتنی ئەوان بە پێی هەوڵەکانی مەکگۆرک بووە، یان هەوڵەکانی قاسم سلێمانی جیا بووە لەو هەوڵانە ؟؟؟، دەبێت یەکلا بکرێتەوە پەیوەندی نێوان ئەو دوو دانوساندنە چییە لە رۆژەکانی پێش گرتنەوەی کەرکوک، ئەمە بۆ مێژوو و حوکم دان بەسەر کەسەکاندا گرنگە، هەرچەندە هیچ لە ئەنجامەکان ناگۆڕێت کە لە دەستدانی کەرکوکە.
کەواتە پێش پەلامارەکە رێککەوتن کراوە، ئەوەی لە دوکان ئەنجامدرا و ئەوەی لە بەرەکانی شەڕ لە سەرەتادا نمایش کرا تەنها شانۆگەریەک بوو، شانۆگەرییەکە بێ ئەو پێشەکیەش دەتوانرا نمایش بکرێت، قوربانیەکانی شانۆگەرییەکە مردنی راستەقینەی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان بوون "84 بۆ100 شەهید دەقیق نییە کەمترە لەو ژمارەیە، ئەمە تەنها بۆ ئەوەیە بڵێن لە شەڕدا شکاوین، نەک بە رێکەوتنێکی نا گرنتی دۆڕاو شار تەسلیم کراوەتەوە، تا ئێستا بە ناو وێنەوە بڵاونەکراونەتەوە ژمارەی شەهیدەکان چەندن؟"، کە رێک کەوتوونە ئەدی بۆ کوڕی خەڵکتان بەکوشتدا ؟؟، یان تەنها ویستتان بە خەڵک بڵێن لە شەڕدا شکاوین و لە ژێرەوەش رێکەوتن لە گەڵ رێوە فێڵبازەکەتان کردووە، دەست بەتاڵ تیایدا دەرچوون، بێ ئاگا لەوەی بەغا پێویستی بە شانۆگەری وا نییە نمایشی راستییەکە دەکات، چونکە هەڵبژاردن پێویستی بەم چیرۆکانەیە، ناتانزانی حەسەن پلایس و جەماعەتەکەی ناتوانن نهێنی پارێز بن.
ئەگەر لە کەرکوک 4 کاتژمێر شەڕکرابێت و لە قۆناغی یەکەمدا بەغدا تێک شکابێت، ئەوا لە دوز 4 دەقەش شەڕ نەکرا، کە چەند کیلۆمەترێک لە خوار بەرەی باشوری کەرکوکەوەیە و لەسەر هەمان راستە رێگای بەغدایە، لە خانەقین و مەرگەسێر تەقە هەرنەکرا، لە هێرشی دووەمی سوپاو حەشد لە کەرکوک رێکەوتنەکە جێبەجێ کراو بێ تەقە پاشەکشەکرا، پێشمەرگە نەک بە تێ شکاوی بەڵکە بە چاوی پڕ فرمێسکەوە پاشەکشەی پێکرا وەک مالکی وتی بە بێ دەستێوەردانی قاسم سلێمانی کەرکوک ناگرترایەوە، عەبادیش وتی پێشمەرگە هاوکاری هێزە هاوبەشە عێراقیەکانی کردووە نەک شەڕی کردبێت، ئیتر ئەو بەرەبەیانە پێشمەرگە زانیان دەستیان بەستراوەتەوە لە لایەن قاسم سلێمانییەوە، بۆیە کە بەرەبەیانی دنیا روناک بوەوە کە پاشەکشەیان دەکرد بە بەرچاوی هاووڵاتیانی شارەوە، بینیان پێشوازییەکەی جارانیان لێ ناکرێت .
هاشم هاشمی نەیشاردەوە کە رێککەوتن لە نێوان پاڤێڵ تاڵەبانی و قاسم سلێمانی و هادی عامریدا بووە، کەریم نوری وتە بێژی حەشدی شەعبیش وتی پێشمەرگە نەشکاوە بەڵکە هاوکاریمانیان کردووە لە شەڕەکە، ئیتر قسەو لێدون زۆر زۆرە لەم بوارە، دەسەڵاتدارنی شیعەش وەک کورد وان لە هەرچوارلاوە قسە دەکەن .
لێرەدا دەرکەوت عەرابی گرتنەوەی کەرکوک قاسم سلێمانی بوو نەک عەبادی و سوپا و حەشدی شەعبی، پرۆسەکەش شەڕ نەکردنی پێشمەرگە بووە نەک تێکشکان، چونکە هێزەکانی بەغدا لە شەڕی بەراییدا تێکشکان و پاشەکشەیان کرد، ئەگەر لە تێکشکان بەردەوام بونایە ئەوا نەخشەکەی هاوکاری کەران جێبەجێ ناکراو حاجی قاسم سلێمانیش بە دۆڕاو لە یارییەکە دەردەچوو، چونکە لە گەڵ روناک بونەوەی دنیا ئیتر نیگاکان دەکەوتنە سەر شەڕی کەرکوک، شەڕێک چەند کیلۆمەترێک لە شارێکی ملیۆنییەوە دور بوو، کاردانەوە لەسەر شەڕی کەرکوک زۆر زیاتر دەبوو وەک لە هەندێک وردە شەڕی دواتر،24 کاتژمێر شەڕیان بکردبایا، جیهان داوای راگرتنی دەکرد،ینک هێزی یەکەمی شارەکەیە تا دەگاتە خانەقین، هێزی سەربازییەکەشی هێزی سەرەکییە، بۆیە ئەو رێکەوتنە بەرەکانی شەڕی لەو ناوچەیە ئارام راگرت.
رێکەوتنی پاڤێڵ تاڵەبانی و حەیدەر عەبادی و هادی عامری عەراب و ئەندازیارەکەی قاسم سلێمانییە، کاری مانگێک زیاتری ئەو بوو ئەو بەرەبەیانە بەری خۆی گرت، ئەو لە پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش بە درێژایی ئەو 22 رۆژە دەیەویست ئەو ئەرکە پیرۆزە جێبەجێ بکات، تەنانەت تارمایی قاسم سلێمانی تەواوی رۆژی یەک شەمە 15ی ئۆکتۆبەر لە دانوساندنەکانی دوکان بوو، ئەوەی لە 16ی مانگ رویدا سەرکەوتنی قاسم سلێمانی بوو نەک عەبادی یان تێکشکانی پێشمەرگە.
دوای روداوەکە شێخ جەعفەر و کۆسرەت رەسول و مەلا بەختیار چەند کەسێکی بنەماڵەی تاڵەبانیان تۆمەتبار کردبە ئەنجامدانی خیانەت وکەوتنی کەرکوک و تەسلیم کردنەوەی، وەلێ لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەشاری سلێمانی رایگەیاند: هیچ ریکەوتنێکیان لەگەڵ عێراق نەکردوە تەنها پێشنیازیان کردوە هێزەکانی هاوپەیمان بچەنە سەربازگەی کەیوان لەکەرکوک، وەک ئەوەی زۆرینەی بەناو ئەو 38 سەرکردایەتیەی واژۆیان لەسەر نامەکە کردووە، هەرچەندە ئەوانەی رێکەوتنەکەیان کردووە هیچ پێگەیەکی سیاسییان نییە لەناو ینک و رێکەوتنەکەیان بە رێگای شەرعی حیزبایەتیدا نەڕۆیشتووە، لە 52 ئەندامی سەرکردایەتی ینک، تەنها ئاڵا تاڵەبانی بە کەیفی خۆی ئەمسەرو ئەوسەرە کات و قسە دەکات، ئەوانی دی ئەو رۆژانە تاسا بوون، هەندێکشیان پەشیمان بونەوە لە واژۆکانیان بەوەی لە خشتە براون یاخود واژۆیان نەکردووە لەسەر نامەکە.
بە پێی قسەی ئەوانەی کەرکوکیان دابەدەستەوە، ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێک هاتبوو لە نێوانیان، لە راستیدا ئەو ژوری ئۆپەراسیۆنە تەنها بۆ تەسلیم کردنی کەرکوک بوو هیچی تر،دوای تەواو بوونی ئەرکەکە دواتر دەست بەتاڵ دەرکرانە دەرەوە. بە پێی رێکەوتنەکەیان بڕیاربو لیوایەکی معێراقی ام جەلال بێتە کەیوان لەکەرکوک لەگەڵ هێزێکی هاوبەشی ئەمریکی و بەریتانی نیشتەجێ بکرێن و بەهاوبەشی پۆلیسی فیدراڵی چاودێری دۆخی ئەمنی بکەن، پارێزگارێکی کورد دابنێن ، ئەنجومەنێکی نوێ دەستنیشان بکرێت ......وەلێ هیچی جێبەجێنەکرا.
باش بوو ئەو رۆژە تیرۆری ناوخۆیی و شەڕ روی نەدا، لە کەلی سێکانی بە بەرچاوانەوە بانگ دەکرا کێ سەربە کۆسرەتە و کێ سەر بە ئاسۆ ئەڵمانییە، لەوێ هێزەکان جیا دەکرانەوە ، ئیتر لە قۆڵی چیمەنەوە مەگەر خوا بزانێت چی گوزەراوە.
کەواتا کورد ئەو رۆژە تەنها ئەمەریکاو رۆژئاواو جیهان خیانەتیان لێی لێنەکرد، بەڵکە خیانەتی جەرگبڕ ئەو خیانەتە بوو لەناو خۆوە لێیکرا، هەر ئەو خیانەتە بوو جیهانی بێدەنگ کرد لەبەرامبەر ئەو تراژیدیانەی رویاندا، گرنگی ئەو خیانەتە بۆ بەغدا وایکرد هەر زوو وێنەکان بڵاو بکاتەوە بێ ویستی هاوکاری کەرانیان و ئەوەی لە ژێر بەڕەیە بیهێنێتە سەر بەڕە دەستخۆشیەکان بگەیەنێت بە بیرو رای جیهانی بڵێ هێنراینەوە نەک براوەی شەڕ بین، کە شەڕیش نەبێت قسە کردن لە کارەساتەکانی شەڕ بێ مانایە.ئەمەی خوراوە دەقی رێکەوتنەکەی بەناو سەرکردایەتی ینک ە لەگەڵ عەبادی، ئەوەی شاراوەیە ئەوەیە ئەم رێکەوتنە کرا یان نا، کێ ئەنجامی نەدا؟، هۆکارەکەی چی بوو؟ : " سلێمانی 14-10 بەهۆی ئەو بارودۆخە هەستیارو نالەبارەی هاتۆتە ئاراوە لە ناوچە جێناکۆکەکان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بە گشتی و شاری کەرکوک بە تایبەتی، وە بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان نەگاتە ئاستی شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، کە زیانی گەورە بە هەرێم و عێراق دەگەیەنێت بۆ ئەم بابەتە کۆمیتەی سەرکردایەتی بڕیاریدا:-
1-سەرکردایەتی سەربازی هاوبەش لە سنوری کەرکوک پێک بهێنرێت نوێنەرانی هێزەکانی ئەمەریکا و پێشمەرگەو سوپای عێراقی تێدا بێت ، ئەرکی سەرەکیان بریتی دەبێت لە دابینکردنی ئاشتی و ئارامی لەو ناوچانەو بارەگاکەشی لە سەربازگەی کەیوانی شاری کەرکوک دەبێت.
2- هیچ هێزێکی سەربازی نەهێنرێتە ناو شاری کەرکوک.
3-کێشەو ناکۆکیەکانی تر لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە رێگای دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستور چارەسەر بکرێت.
4-نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمەریکا هاوکار و پشتیوان بن بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی سەرەوە . 38 ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی ینک "
زیرەکی ناوێ تا هەڵیبێنیت کە ئەمەی لە 16ی ئۆکتۆبەر رویدا ، 31ی ئابێکی تر بوو بە سیناریۆیەکی ترەوە ، هیزەکان لە بری بە ئاڵای زەردەوە لەسەر تانکەکانی کورد بن ، کەچی ئەمان رۆڵەی هەژارانیان ناردە بەرەکانی شەڕ و بە کوشتیاندا و سوپای داگیرکەریش ئاڵای کوردستانیان لە ژێر پێ نا ، 31ی ئابەکەی پارتی لە کاتێک رویدا 2 ساڵ بوو لە گەڵ ینک شەڕیان بوو، کەچی 16ی ئۆکتۆبەر لە کاتێک رویدا 15 ساڵە حکومەتی هاوبەشیان هەیە ، لە 31ی ئاب حیزب بەکارەکە هەڵسا، لە 16ی ئۆکتۆبەر چەند کەسێک لە دەرەوەی شەرعیەتی حیزبی پێی هەڵسان، واتا لێرەدا ینک وەک دەزگایەکی حیزبی بەرپرس نییە، ئەوەی بەرپرسە فەرماندە سەربازییەکانە کە لە دەرەوەی بەرپرسیارێتی خۆی فەرمانی وەرگرتووە، ئەمە بە رونی لە کۆبونەوەی کۆسرەت رەسول لە گەڵ فەرماندەکانی سەربازی دەرکەوت، وەلێ تا کوردو کەرکوک ماون، ناسۆرو ئاخی ئەو رۆژە رەشە دەمێنێت و ئەنجامدەرانی لە دەرگایەکی رەشەوە دەچنە مێژووی شارەکەو و هەموو کوردەوە.
سیناریۆکانی رۆژانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر ناتوانێت راستی روداەکە بشارێتەوە، نە پێشمەرگە شکاوە، نە تانکی ئەبرامزیش لە فلیمە خەیاڵییەکانەوە هێنراونەتە ئەرزی واقعی شەڕەکەوە نەشکێنرێت، ئەوە بوو لە پردێ و زومار لەو شەڕە بچوکانە بینیمان چۆن بە شکاوی جێهێڵران.
دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت و راستیەکان ئاشکرا بکرێت و ئەو کەسانەش وەڵامی دەسەڵاتدارانی عێراق بدەنەوە کە دەڵێن شەڕ نەکراوە بەڵکە ئێمە براینە ناو کەرکوکەوە، نەک بۆ رایگشتی کوردستانی پینەو پەڕۆی کارەکانیان بکەن، سەدان هەزار کەرکوکی و دوزی و خانەقینی روداوەکان لە بەرچاویانن پێویست بە رونکردنەوە ناکات، چۆن وەڵامی کەناڵەکانی کەی 24 و روداو دەدەنەوە، ئاواش راشکاوانە وەڵامی دەسەڵاتدارانی عێراق بدەنەوە کە ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکان و پەیوەندییە مێژوییەکانیان دەکەن لە گەڵ ئەو چەند کەسە.
دەکرا شکانی سەرتاسەری نەبێت
بەیانی 16ی ئۆکتۆبەر کەلی سێکانی سەدان پێشمەرگەی پێوە بوو، لەودیو ئەوانیشەوە پێشمەرگە لە پاشەکشەدابوو، هێزەکانی بەرەی پێشەوە کشێنرایەوە بۆ پشت کەلی سێکانی،ئەو رۆژە هێزەکانی ینک بارودۆخیان وەک سەردەمی ئەنفالەکان بوو، متمانەیان بە یەکتر نەمابوو، لەناو شارەکان سوکایەتی زۆریان پێکرا کە ئەوان تاوانیان نەبوو، هەر کوڕە ئازاکانی ساڵانی پێشوتر بوون، زۆرینەی ئەوانەشی ئەوکارانەی دەکرد رێکخستنەکانی پدک و بە هاندانی کەناڵەکانی پدک بوو، خۆشیان بەو هەموو ئازایەتی و بوێرییەیانەوە کە 3 ساڵ و سێ مانگ بوو لە بەرامبەر داعش نواندبویان لە ئاست روداوەکان روخا بوون، فرمێسکیان بۆ شکان نەەبوو، بەڵکە بۆ ئەوە بوو 40 مانگ بوو خزمەتی ئەو سەنگەرانەیان دەکرد، ئێستا لەناکاو پێیان چۆڵکرا. بەڵام وەک ئاماژەم پێ دا، هێزەکانی پارتی دەیانتوانی کەلی سێکانی بۆ پردێ کۆنترۆڵ بکەن و بەو ساناییە قەراغی شار بەجێ نەهێڵن و دور نەکەونەوە لێی و هەمیشە چاویان بەسەر شارەوە بێت، هێزەکەی بەغا ئەوەندە فشۆڵ بوون نایان توانی لە کەرکوک بمێننەوە ئەگەر ئەو بەرزاییانە بێ شەڕ چۆڵ نەکرابایان، ئەوەی رویدا هێزەکان پدک و کەرکوک وەک رۆژەکانی سەرەتای شەڕی داعشیان لێ هاتبوو، هەر هەڵاتن بوو و ئاوڕ نەدانەوە بوو بۆ دواوە، دەیانتوانی هەزاران خۆبەخش بەسەر ئەو رەبایانەدا دابەش بکەن و بە چەکە قورس و نیوە قورسەکانەوە داکۆکی بکەن، ئەوەندە لە شار دور نەکەونەوە تا گەڕانەوە بۆی ببێتە خەون .
لە لایەکی ترەوە دەبوایا شەڕی سەرانسەری دوای یەکەم تەقەی حکومەتی عێراقی رابگەیەنرایا، ئاخر بەرگری تا سەر شکستییە لە شەڕدا.
حکومەتی عێراقی بە چەند تێسرەواندنێکی سەربازی بچوک لە پردێ و مەخمور و تەلەسقۆف و مەحمودیە و زومار زریکەی لێ هەڵسا، هەرچەندە شەڕی سەرانسەری لەم بارودۆخە سیاسییە، بەم گەلەکۆمە هەرێمییەی خستویانەتە سەر کوردستان، بە مانەوەی حکومەتی هەرێمی ئەستەمە وەلێ لە مردن چارەسەرترە.
ئامانجە لاوەکیەکانی کارەساتی کەرکوک
هەندێک شرۆڤەکار ئامانجی ناوخۆیی بەشداری هەندێک لە ماڵباتی تاڵەبانی لە هاوکاری سوپای عێراق لە گرتنەوەی کەرکوک دەبەنەوە بۆ کودەتای ناو ینک و دەستبەسەرداگرتنی ئەم حیزبە لە کودەتایەکی بنەماڵەیی بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرە " لادانی نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک، دەرکردن و لاوازکردنی نەیاران لەناو هێزی پێشمەرگەی ینک یەکەی 70، بە تایبەت " کۆسرەت رەسوڵ ، شێخ جەعفەر، مەحمود سەنگاوی"، لاواز کردنی خەتی نەیارانی بنەماڵە لە رێکخستنەکانی ناو کەرکوک بە تایبەت خەتی کۆسرەت کە ناسراوە بە کوتلەچی، مەترسی هەبوو ئەم کودەتا ناوخۆییە لە رۆژی 16ی ئۆکتۆبەر بە تەسفیات بگات لە کاتێک زۆربەی ئامانجە دەستنیشاکراوەکان لە کەرکوک بوون.
هەرچی بەرامبەر بە پارتییە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، کە پارتی لە پێگەی جەماوەری خۆی زۆر زیاتر ئەندامی لە ئەنجومەنی پارێزگا هەیەو وەرگرتنەوەی بیرە نەوتەکان لێی، وە دەرکردنی یەکجارەکی لە شار پاش ئەوەی بەهۆی ئیمکاناتەوە هێزی زیادی کردبوو لە شارەکە تەنانەت هێزی لە گەڵ پێگەی دەنگەکانیشی یەکی ناگرتەوە،وە لاواز کردنی لە سەرتاسەری کوردستان ، ئامانجە ناوخۆییەکان جگە لە دەرکردنی دکتۆر نەجمەدین پێی گەیشتن ئەوی دیکە لەم قۆناغەدا بە روکەش پێی نەگەیون، لێ هێشتا ململانێکان بە کۆتا نەگەیشتوونە،دەرکردنی دکتۆر نەجمەدینیش ئامانجەکەی سەری نەگرت، لەبەر ئەوەی کاندیدەکەیان رزگار عەلی لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە رەتکرایەوە، مەترسی هەیە خودی پۆستەکە لە دەست کوردەکان دەبچێت و بەر پێکهاتەکان تر بکەوێت.
هەندێک کەس ئەم ئامانجە لاوەکیانە بە ئامانجی سەرەکی دەزانن و پێیان وایە ئامانج لێی دوو کودەتای سیاسی بوو بەسەر نەخشەی سیاسی کوردستان و هەرەمی دەسەڵاتداری لەناو ینک، بەڵام من پێم وایە ئامانجی سەرەکی لای ئەمان نەبوو، چونکە کارەکتەری سەرەکی نەبوون لە نمایشەکە، بەڵکە تەنها هاوکاریکەرێک بوون لە کۆتادا سوپاسی خۆیان وەرگرت، بەڵکە ئامانجی سەرەکی گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی بوو لەسەر پرۆسەی بە کوردستانیکردنی کەرکوک و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، داگیرکردنەوەی کەرکوک لە ئێستادا ئەو ئامانجەی پێکا.
دیارە ململانێکانی ماڵباتی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد لە گەڵ هەرەمی دەسەڵاتی ناو ینک کۆبونەوەکەی 24ی ئۆکتۆبەر گوایا یەکلای کردۆتەوە، سەرەتای ململانێکانە، ئەگەر شەرعیەت لای هەرەمی شەرعی " مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی "بێت ، ئەوا دارایی و گۆڕی تاڵەبانی و دەزگا ئەمنییەکان و راگەیاندن و ..... لای ئەمانە.
سەیرکەن لاهور شێخ جەنگی بەرامبەر بە سەعدی پیرە چی دەڵێت “لای ئێمە جێگەی قبوڵکردن نیە سەعدی پیرە بەناوی یەکێتیەوە لێدوان بدات، ئەو سەردەمە تەواو بوو چیتر رێگە نادەین چەند کەسێکی بێ دەسەڵات و کەمینە یەکێتی بکەن بەکلکی پارتی”.
پێش کۆبونەوەی ئەنجومەنی ناوەند شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتی " ئەنجومەنی ناوەندی ینک بڕیار لەسەر کۆنگرە دەدات"لاهور شێخ جەنگیش لە دیداری رۆژنامەنووساندا جەختی لەوە کردوە لەماوەی دوو مانگدا کۆنگرە دەبەستن و تەواوی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بەکۆمەڵێک گەنجو خوێنی تازە نوێ دەکەنەوە وجارێکیتر لەناو یەکێتیدا متمانە نادەنەوە بەو ئەو هەڤاڵانەی ریفراندۆمیان کرد”.
لێرەوە دەردەکەوێت، ئەگەر چەند ساڵێک بێت ینک نەیتوانیبێت کۆنگرە ببەستێت بەهۆی باڵ باڵێنەوە، ئەوا زیاتر ینک بەرەو یەکدەست بوون دەڕوات و لە کۆنگرەدا دوا بزمار لە تابوتی نەیاران دەدرێت و هەموو دەسەڵاتەکان دەکەوێتە دەست ماڵباتی تاڵەبانی و لایەنگرانیان.
جیاوازی 31ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەر
بیرۆکەی وەرگرتنەوەی سەربازگەی کی 1 ی کەرکوک لە پێشمەرگە و رازی بوون بە هاتنەوەی سوپای عێراقی بۆی و بەڕێوەبردنی هاوبەش لە لایەن هەردولایانەوە، بیرۆکەی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر ماکگۆرک بوو، ماکگۆرک چەند کاتژمێرێک پێش پەلامارەکەی کەرکوک داوای رۆژێکی دیکەی کرد بۆ درێژەدان بە هەوڵەکانی، بۆ ئەوەی شەڕ رونەدات، وەلێ عەبادی گوێی پێ نەدا و لە نیوەشەوی کۆتایی هەفتەی مەکگۆرک هێرشەکەی دەستپێکردو یەکەم تەقەی خۆی کردو بڕیاری شەڕی دا بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە لایەن حاجی قاسمی سلێمانییەوە.
سێ جیاوازی لە نێوان 31 ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەر هەبوو ، ئەوانیش :
1- لە 31 ی ئابدا پارتی وەک حیزب کارەکەی ئەنجامدا، شتی شاراوە نەبوو، تانکەکانی بەعس چەکداری پارتی بە ئاڵای زەردەوە بەسەرەوە بوو ، وەلێ لە 16ی ئۆکتۆبەردا حیزب ئەو کارەی نەکرد، گروپێک پێی هەڵسان پێگەی بڕیاردانیان نەبوو، رێکەوتنەکان لە دەرەوەی شەرعیەتی حیزبییەوەو بە دزییەوە ئەنجامدرابوو.
2- لە 31ی ئابدا هەولێر لە ینک سەنرایەوە درایە پارتی ، وەلێ لە 16ی ئۆکتۆبەردا کەرکوک لە ینک و پدک سەنرایەوە و حکومەتی عێراقی دەستی بەسەردا گرت .
3- لە کۆبونەوەی دوکانی پدک و ینک ، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆ ئەم دۆسیەیە بوو، واتا پارتیش ئاگاداری ئەم بژاردەیە بوو و بە نهێنی ئەنجام نەدرا، دەبوایا ئاگاداری ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم بژاردەیە بونایا.
لە گەڵ لە ژێر پێنانی ئاڵای کوردستان لە شاری کەرکوک ، هەموو رێکەوتنەکانیش لە ژێر پێ نرا، شێوازی گرتنەوەی کەرکوک و هەڵسوکەوتەکانیان نیشانی دا ئەوان سەیری کورد و ئاڵای کوردستان وەک عێراقی ناکەن، رازی بوون بە هژمۆنیای عێراقی لەو ناوچانەی بێشەڕ کشانەوە وەک دوز و خانەقین و تراژیدیاکەی کەرکوک ، بۆخۆی بزمار بوو لە تابووتی رێکەوتنەکە، ئاڵا تاڵەبانی لە تەلەفزیۆنی ئافاقی سەر بە مالکی وتی "کەرکوک گەڕایەوە باوەشی عێراق، حکومەتی عێراقیش کاندیدی ینک ی بۆ پارێزگاری کەرکوک رەتکردەوە ، دەبێت کورد ئیتر داوای مافەکان و گفتوگۆ لە ئەبوەکانی پلایس و عوزرائیل بکات، گرنگی بە پێگەی ینک نەدرا، کە هاوبەشی گرتنەوەی شارەکە بووە، هاوکات خەڵکیش زوو رێکەوتنەکەیان شەرمەزار کرد، پرۆسەکەیان بە لەدەستدان و داگیرکردنی کەرکوک ناساند، بۆیە ینک بەم ستافەوە زیان لێکەوتەی یەکەم دەبێت لە شارەکە، هاوکات تورکیاو ئێران لەبەرامبەر کورد لە کەرکوک یەکگرتوو بوون، کە کورد دەرکرا، هاوپەیمانیەکەشیان فەلسەفەی مانی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە .
تەنانەت تورکیا و عێراق وشەی هەرێمی کوردستانیان لە نوسین و ئاماژەکانیان سڕییەوە، باکوری عێراقیان لە بری دانا، پێشمەرگە بە چەکداری هەرێم و گەلی کوردستان بە هاووڵاتیانی باکوری عێراق ناسێنرا، هەمو ئەمانە وامان لێدەکەن بڵێین ئەمجارە مناڵەکانی تاڵەبانی و بلەی ئەحە رەش بە پێچەوانەی رێکەوتنی سێو وپرتەقاڵی بارزانی لە گەڵ بەغدا1964 لە 10ی شوباتی 1964 ، ئەمجارە ئەوان کەرکوک و کوردستانیان بە سێوو پرتەقاڵێکی کرماوی گۆڕییەوە ، مێژوو دیسان بە شێوە کۆمیدییەکەی دوبارە بوەوە، ئەو کێکەی خستیانە بەردەستیان ژەهراوی بوو، فریای خواردنی نەکەوتن.
شکستی سەربازی مافی گەلی کورد ناسڕێتەوە، ناسنامەی شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی دی ناگۆرێت، هەرچەندە کوردیش نەیتوانی بە باشی فەرمانڕەوایی بکات،تورکمان و عەرەبەکانی کەرکوک بە بەرچاویانەوە نەوتی شارەکە دەڕۆیی بۆ هەرێمی کوردستان، هیچ دەستکەوتێکی بۆیان نەبوو، وەک دەست سبەسەر گیراو سەیریان دەکرد، هاوکات لە دوای شەڕی داعشەوە، هەموو شتێک لە بەڕێوەبردنی شارەکە گۆڕا،تەنانەت مزایەدەی روکەشی تەندەرەکانیش نەما، زەوی داگیر کردن پەرەی سەند، دزی زیادی کرد، پرۆسەی سیاسی چووە دواوە لە شارەکە، ئەمەو زۆری دی وەک ئەوەی شەڕی داعش نیعمەت بێت بۆ فەرمانڕەوا کوردەکانی شارەکە، ئەوەی کردیان بای ئەوە هەبوو هاووڵاتیان هەست بە لە دەستدانی دەسەڵاتێک نەکەن لە دەستیان چوبێت .
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێن قزڵباشییەکانی قاسم سلێمانی لەم خولەدا چەند ساڵ لە کەرکوک دەمێننەوە؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست