کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌خشه‌ ڕێگای چارەسەركردنی باروودۆخی باشوری کوردستان

Wednesday, 25/10/2017, 10:12


باشوری كوردستان له‌ ئێستادا پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمێك كه‌ دوربوو له‌ ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی و مافی گه‌لی كوردستان و لێكدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی و ناوخۆیی له‌لایه‌ن ‌(سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد – عێراق) ئه‌نجامدرا، به‌م هانگاوه‌ش باشوری كوردستان كه‌وته‌ مه‌ترسیه‌كی جدیه‌وه‌ بۆ له‌ده‌ستدانی هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی كورد كه‌ نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه‌ قوربانی بۆ ده‌دات، وه‌ 26 ساڵیشه‌ هه‌مان ئه‌و كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كیانه‌ی ریفراندۆم به‌شێوه‌ی تر وله‌ فۆڕمی تردا یاری به‌ چاره‌نوسی ئه‌م گه‌له‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ له‌ ده‌ستدران كه‌ له‌ ساڵه‌كانی 1991- 2003- 2014 -2017 به‌ تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی هاتنه‌ پێشه‌وه‌، له‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌ركوت كران و په‌رله‌مان و دام و ده‌زگا شه‌رعیه‌كانی له‌كارخران و هێزی ئه‌منی كرایه‌ هێزی حزبی و ئابوری گه‌ل تاڵانكرا قه‌یران له‌ دوای قه‌یران دروست كرا تا ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا ده‌زگایه‌كی فه‌رمی كارای كورد له‌م هه‌رێمه‌دا نه‌ماوه‌ كه‌ بتوانێت باشوری به‌ڕێوه‌ ببات.
ئێمه‌ هه‌روه‌ك پێشتریش به‌ پرۆژه‌ و خه‌باتی جۆراو جۆر و له‌ هه‌موو كاتدا هه‌وڵماندا ڕێ به‌‌ مه‌ترسیه‌كان بگرین و ڕێگا چاره‌ پێش بخه‌ین بۆ گه‌له‌كه‌مان و پرسی ئازادی و دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی خاوه‌ن پرۆژه‌ و تێكۆشانێكی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌بردرا، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم كاتێك دژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌ڵویستمان ڕاگه‌یاند بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ گه‌له‌كه‌مان روو به‌رووی ئه‌م شه‌ڕ و ئاڵۆزی و شكسته‌ نه‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هێزه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خوازه‌كان گوێیان نه‌ له‌ ئێمه‌ و نه‌ له‌ گه‌له‌كه‌مان و نه‌ له‌ جیهانیش نه‌گرت ئێستاش بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر رووبه‌رووی شكستی گه‌وره‌تر و له‌ناوچوون نه‌كرێینه‌وه‌‌، ئه‌م نه‌خشه‌ رێگایه‌ ‌ده‌خه‌ینه‌ ڕوو له‌ پێناو ڕزگاركردنی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌ل و بنیادنانی سیسته‌می سیاسی دیموكراتیانه‌ی گه‌ل له‌ باشوری كوردستان، له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌م نه‌خشه‌ ڕێگایه‌ش داوای یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی له‌ خه‌ڵكی باشوری كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسی و كه‌سایه‌تی و خه‌ڵكه‌ ناڕازیه‌كان ده‌كه‌ین.
نه‌خشه‌ ڕیگا بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕتی كێشه‌كان و دروستكردنی سیسته‌مێكی نوێ:
1. دامه‌زراوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان كه‌ له‌ دوای مانگی 11وه‌، نه‌ شه‌رعیه‌تی یاسایی و نه‌ شه‌رعیه‌تی لای گه‌ل نه‌ماوه‌‌ بۆیه‌ ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌‌.
2. دامەزراندنی ئەنجومەنێکی کاتی بە سەرپەرشتی (یونامی) كه‌ ئیشوكاره‌كانی په‌رله‌مان ده‌كات ماوەی شه‌ش مانگ تا ساڵێک، بە مەبەستی بنیادنانی سیستەمێکی لامەرکەزی، یاسایی، دیموکراتی، پەرلەمانی.
3. ئەنجومەنەکە لە (١٥٠) ئەندام پێکدێت کە دەستەیەکی (١٥) کەسی لێ هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ راپەراندن و بەرێوەبردنی کارەکانی حكومه‌ته‌ كاتیه‌كه‌‌.
ئەندامانی ئەنجومەنەکە پێک دێت لە:
· نوێنەری پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی.
· نوێنەری نەتەوە و باوەرمه‌ندیە جیاوازەکان، کەسایەتی ئەکادیمی و ئاینیەکان.
· لە ئەنجومەنەکەدا رۆڵی بەرچاوی ژنان و گه‌نجانی تێدا هه‌بێت.
ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەنجومەنەکە:
1. دروستکردنی حکومەتێکی راگوزاری کە پێک بێت له‌ 15 كه‌س له‌ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دروستبكرێت لە کەسایەتی تەکنۆکرات و بێلایەن و دڵسۆز.
2. دروستكردنی دادگایه‌كی بێ لایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن ئیراده.
3. ده‌سته‌یه‌ك له‌ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پێكبێت كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌ گه‌ڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند بكات، له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق پێش بخات.
4. دروستکردنی لیژنەیەکی بێ لایەن و شارەزا بۆ نوسینەوەی ڕەشنوسی دەستورێکی دیموکراتی، کە لەماوەی 9 مانگدا ئامادەی بکات.
5. پێكهێنانی کۆمیسیونێکی نوێی هەڵبژاردن كه‌ له‌ كه‌سانی بێ لایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ پێك بێت ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رد كه‌ لیستی ده‌نگده‌ران پاك بكاته‌وه‌ و ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی (پەرلەمان، ئەنجومەنی پارێزگاکان و قه‌زا و ناحیه‌كان و ڕاپرسی لەسەر رەشنوسی دەستور)بكات.
6. ریکخستنی هێزە ئەمنیەکان (پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش و دەزگا هەواڵگریەکان) و دەرخستنیان لەژێر هەژمونی حزبی و شه‌خسی و کردنیان بە دامه‌زراوه‌ی نیشتیمانی.
7. رێکخستن و ئاشکراکردنی سەرجەم سەرچاوە دارایی و ئابوریەکان و دەرهينانيان لەژێر هەژمونی حزب و ڕێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می دارایی و موچه‌، بنیادنانی ئابوریەکی ده‌مه‌زراوه‌یی نیشتیمانی.
8. كۆتایی به‌و دیبلۆماسیه‌ بهێنرێت كه‌ حزب به‌ ناوی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌یكات، له‌هه‌مانكاتدا‌ ده‌سته‌ی دیبلۆماسی نیشتیمانی له‌ ئاستی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندی نوێ له‌گه‌ڵ ده‌وروو به‌ر‌ و ناوه‌نده‌ جیهانیه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كان‌ دروستبكرێت‌.
9. دادگایی كردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ كه‌مته‌رخه‌م بوون و تێوه‌گلاون له‌ شكست و دۆڕاندنی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌روه‌ی هه‌رێم به‌ عیراق، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی تێوه‌گلاون به‌ كه‌یسی گه‌نده‌ڵی و دزینی سه‌روه‌ت و سامانی گه‌ل.
لایه‌نه‌كانی ناو پرۆژه‌كه‌:
o ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان
o به‌ره‌ی دیموكراسی گه‌ل

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە