نیفاقی سیاسی حزبەكانی كوردستان
Thursday, 26/10/2017, 21:03
(1) حكومەتی رزگاری نیشتمانی
لەدوای دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕانو رێگریكردن لەسەرۆكی پەرلەمان لەگەڕانەوە بۆ هەولێرو، داخستنی دەرگای پەرلەمان بۆ دو ساڵ، بچوكترین هەڵوێستی سیاسی كە ئەبوایە گۆڕان بینوێنێ، كشانەوە بو لەو كابینەی كە پارتی سەرۆكایەتی ئەكات..زۆرجار بیستومانە گۆڕان ئەم حكومەتەی بەگەندەڵو فاشیل وەسف كردوە، بەدرێژایی دو ساڵی رابردوی داخستنی پەرلەمانیشی بە كودەتا ناوزەد كردوە، لەهەمو هەوڵەكانیدا وای نیشانداوە كە ئەم سەرۆكایەتیەی هەرێم و حكومەتو پەرلەمانە ئەتكراوەكە ناشەرعی و پێشێلكردنی یاسایە.. لەبەرامبەر ئەو هەمو هەڵوێستە دژانەی پارتی بەرامبەر بە گۆڕان، سەركردایەتی ئەم بزوتنەوەیە هیچ بەرچەكردارێكی ئازاو واقیعیانەی نەبوە، تەنها بەیان لەدوای بەیان دەركردن نەبێ.. ئەمەش ناتوانم لە ( نیفاقێكی سیاسی) هیچی تری پێ بڵێم. چونكە بەڕاستی ئەو كارەساتەی بەسەر ئەو میللەتەماندا هاتوەو پارتی سەبەبكارییەتی، هەر لەداخستنی پەرلەمانو دەركردنی وەزیرانو دەستگرتن بەسەر سەروەتو سامانی میللەت، تا دەگاتە ئەو سیاسەتی فاشیلانەی ئابوری سەربەخۆ كە نەهامەتیو موچەبڕانی بەدوای خۆیدا هێنا، پێویستی بە هەڵوێستی رادیكالانە هەبو، لانیكەم بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەتە شكستخواردوەكە بهاتایە دەرەوەو ئیستقالەیەكی جەماعیشی لەپەرلەمان رابگەیەندایە ، بەمەش پرۆسەی سیاسی هەرێم هەڵئەوەشایەوەو پارتی ئەخرایە گۆشەیەكی تەسكەوە..
ئەگەر كەسێك بیەوێت قەناعەتم پێبكات كە گۆران ئەمەی لەبەرخاتری تێكنەچونی وەزعەكەو بونی هەرەشەی داعش نەكردبێ، ئەی بۆچی پارتی ئەم حیسابەی نەكرد كاتێك پەرلەمانی پەكخست و وەزیرەكانی گۆڕانی دەركرد كە یەكێكیان وەزیری پێشمەرگەش بوە؟.
با زۆر نەڵێین، ئەمرۆ گۆڕانو كۆمەڵ دەنگیان بەرز كردۆتەوە لەسەر ئەوەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم شكستی هێناوەو ئەبێ بروخێ و حكومەتی رزگاری نیشتمانی دابمەزرێ.. ئەمەش ئەگەر دیسان نیفاقێكی سیاسی نیە، با جاری پێشتر ئەوان ئیستقالەی وەزیرەكانیان پێشكەش بكەن، بەمەش حكومەتێك نامێنێ بەناوی بنكە فراوانەوەو خۆی لەخۆیدا ئەروخێ، ئەوكات مەسەلەی دامەزراندنی حكومەتێكی رزگاری نیشتمانی ئەبێتە زەرورەتێكی هەنوكەیی.
گۆڕانو كۆمەڵو بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتیش ئەگەر بەكودەتای دوهەمی پارتی بەدرێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رازی نین، با لەوێش ئیستقالەی جەماعی بدەنو پەرلەمان بدەنەوە دەست پارتیو بەشەكی یەكێتی، ئینجا با بزانین چییان پێئەكرێ و چۆن ئەتوانن قەناعەت بەمیللەتو دونیاش بكەن كە ئەوان شەرعییەتیان هەیەو نوێنەری میللەتن. ئەم وەزعە نالەبارەی میللەتەكەمان بەرگەی ئەمجۆرە هەڵوێستە نەرمەو نیفاقە سیاسییانە ناگرێ، چاوەڕوانی گۆڕانكاریەكی گەورەیە بۆ ئەوەی روبەروی ئالینگارییەكانی داهاتو بێو هەرێم لەم وەزعەی ئێستا دەربازی بێتو ، ئەفسانەی پارتی وكلك زەردەكانیشی كۆتایی پێ بێ.
(2) وەفدی دانوستانكاری بەغدا
سەرباری سڕكردنی زەلیلانەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم لەلایەن پارتییەوە، بەڵام حكومەتی ئیتحادی بەوەش رازی نابێت.. هەقیقەتێك هەیە كە رەنگە خەڵكی دركیان پێ نەكردبێ، ئەویش ئەوەیە پارتی لەلایەن حكومەتی عەبادی ولایەنە سیاسیەكانی عیراقیش بەگشتی كۆتایی پێهاتوە، لەژێر هیچ پاساوێكدا نە عەبادیو نە لایەنەكانی دیكە ئامادە نین لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەكانی بەغدا خۆیان بكەنە قوربانی پارتەكەی مەسعود بارزانی، چونكە هەر تەنازولێك لەلایەن ئەمانەوە بە خیانەت حسێب دەكرێو بە پێشێلی دەستورو یاسا دائەنرێ، بۆیە هیچ كام لەمانە ئامادە نین ئەم موجازەفەیە بكەن. بۆیە كورد ئەبێ دەست لەوە بشوات جارێكیتر حكومەتی ئیتیحادی بەجیاوازی سەرۆكایەتیەكەی جارێكتر ئامادە بێت لەگەڵ وەفدی كوردی بەسەرۆكایەتی پارتیو كلكە زەردەكانی دانوستان بكات..
پێویستە دەستبەجێ لایەنە سیاسیەكانی كورد بكەونە جوڵەوە بۆ پێكهێنانی وەفدێكی سیاسی باڵا بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری ئەم وەزعە كارەساتبارەی میللەتی كورد كە دوای دو مانگێكیتر هەمویان لەبرسا ئەناڵێنن لە بێ موچەییدا..
چۆن پارتی توانی بەشێك لەكلكە زەردەكانی یەكێتی و هەندێ حیزبی توركمانیو مەسیحیو چەند حزبێكی كارتۆنی بخاتە ناو سەركردایەتی ریفراندۆم و دواتریش بیانكاتە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و شەرعییەتیان پێبدات، ئەبێ كەسانیتریش جورئەتیان هەبێت بتوانن كۆمەڵێك لەحیزبو دەموچاوە مەقبولانە لەلای بەغدا كۆ بكەنەوەو وەفدێك پێكبێنن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا.
پێشنیار دەكەم وەفدەكە بەسەرۆكایەتی دكتۆر بەرهەم بێت بەئەندامێتی دكتۆر یوسف محمدو مامۆستا عەلی باپیرو كاك لاهور شێخ جەنگیو كاك بافل تاڵەبانی و كاك قادری حاجی عەلی، لەگەڵ نوێنەرانی حیزبەكانی توركمانیو مەسیحی و ئێزیدی.. ئەبێ ئەم وەفدە بەزوترین كات پێكبهێنرێو بەپەلە بچنە بەغداو كاری یەكەمیشیان هێنانی سولفەیەكی بەپەلە بێت بۆ موچەی فەرمانبەران و دواتر بكەونە سەر باسكردنی مەسەلەكانیتر بۆ دەربازكردنی هەرێم لەم قەیرانە كارەساتبارەی ئێستا..
(3) ئاگری پارتی
لەدوای چۆڵبونی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بەنەخۆشكەوتنی بەرێز مام جەلال، مەسعود بارزانی لەهەوڵی بەردەوامدابوە بۆ خۆنمایشكردنی وەكو مەرجەعی باڵاو سەركردەی نەتەوەیی كورد، پارتەكەشی لەولاوە لەهەوڵدابوە خۆی وەكو حیزبی قائید پیشانبا.. بەهۆی غیابی سێبەری مام تا رادەیەك پارتیو بارزانی سەركەوتو بونە لەو هەوڵەداو توانیان بەشێك لەحزبەسیاسیو سەركردەكانیان بۆ لای ئەم پیلانەیان راكێشن..لەپێش هەموشیانەوە بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی كە بەدوای بەرژەوەندییە تایبەتەكانیان كەوتن و پشتیان لەحزبەكەیان كرد..ئەگەر تا پێش ریفراندۆمە شوومەكەی پارتی پاساوێك هەبوبێت لەژێر پەردەی سەربەخۆیی هاوئاوازی پارتی بوبن، بەڵام دوای شكستی ریفراندۆمو ئەو كارەساتانەی لێی كەوتنەوە هیچ پاساوێك نەماوە بۆ بەردەوامبونی ئەمانە لەگەڵ پارتیدا، چونكە پارتی حیسابی تەواو بوە لەلای بەغداو لەلای جەماوەریش بە سڕكردنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆمە درۆزنەكەیو،جگە لە رەتكردنەوەی لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمی و دونیاوە، لەلایەكی تریشەوە پارتی خۆی ئەسپێكی لەپەلوپۆ كەوتوە، دەمێكیشە وتراوە ئەوەی لەپارتییەوە نزێك بێتەوە بەئاگرەكەیەوە ئەسوتێ،جا بۆچی ئەو سەركردانەی یەكێتی خۆیان بەو ئاگرە ئەسوتێنن وخۆیان ئەخەنە ناو ئەو چاڵەوە كە بۆ پارتی هەڵكەنراوە؟.دڵنیام ئەگەر ئەم سەركردانە بەخۆیاندا نەچنەوەو نەیەنەوە ریزی میللەتەكەیان، ئەوە ئەوانیش بەر ئیجرائاتی بەغدا ئەكەون لەدادگایی كردنی سەرانی پارتیو ریفراندۆم، ئەوەی چەند ساڵیشە كۆیان كردۆتەوە بەگرەو لەسەر ئەسپێكی دۆراودا دایئەنێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست