کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كوردستان یا نەمان یان ئەنتەرنێت و كارەبای بەردەوام

Thursday, 26/10/2017, 1:35


ئەوەی لەم رۆژانەدا رویدا ئاشبەتاڵ بو بەهەمو مانای وشەوە. لێرەوە وەكو هەمو جارانی پێشوو دەبێ جارێكتر دەست بە خۆئامادەكردن بكەینەوە بۆ شۆڕشێكی تر. ئەوەتا جارێكی تریش سەركردایەتی كورد فەشەلی خۆی دوپاتكردەوەو وەكو میزی حوشتر سەد ساڵیتر گەرایەوە دواوە، بەمەش بۆمان دەركەوت كە كورد چۆن هەمیشە سەركردەی نەبوە، هەر واش بێ سەركردە ئەمێنێتەوە,.
بەدرێژایی سەد ساڵی رابردو شۆڕشو راپەڕینمان كرد، هیچمان بەهیچ نەكرد. چارەنوسی خۆمان دایە دەست سەركردەی بازرگانو بەرژوەندخوازو خۆپەرستو عەشرەت پەرستو ، سەركردەی نەخوێندەوار، نوخبەیەكی سیاسی خودپەرست، قیادەیەكی عەسكەری فشۆل و دواكەوتو وكۆلەوار، چینێكی رۆشنبیری چڵكاوخۆرو كۆیلەو گێلو نەفام. دكتۆرای شەهادە مزەوەر، سەركردەی دامەن پییس، كادیری حیزبی چەقۆكێش، پەرلەمانتاری بۆكس وەشێن !.
دەریایەك خوێنی میللەتمان بەخشی، هیچ خێزانێك نیە بەدرێژایی قۆناغەكانی خەباتی نەتەوەیی كورد قوربانی نەدابێ، باوكو كوڕو برا بونەتە سوتەمەنی ئەم هەمو جەنگە یەكلەدوای یەكانەی قیادەی كوردی.. كوڕی هەژار خۆی بەكوشتدا، كوڕی نوخبەیەكی سیاسی بۆگەنو عەشرەتو خێڵی دواكەوتو بونەتە وەزیرو كاربەدەستی دەوڵەت !..پێشمەرگە لەسەنگەرو بەرەكانی جەنگدا خوێنی رژا، نەوتو پارەو سامانی میللەت سەركردەو كوڕو كوڕەزاكانیان لەمەلهاكانی ئەوروپا شەوە سورەكانیان پێڕازاندەوە!. پێشمەرگە نانو فیشەكی پێنەبو، بەڵام بەفرۆكە قەحپەی روسیو لوبنانیو ئۆكرانی بۆ بەرپرسان هاتۆتە مەزرەعەكانیانەوە!.
شۆڕش میللەت كردویەتی بەخوێنی رۆڵەكانی ئاودراوە، بەڵام بەرەكەی پیاوی گەندەڵو دزو جەردە خواردویانە!.
سەد ساڵ شۆڕشمان كرد، بیستو شەش ساڵ حوكمرانی سەربەخۆمان كرد، ملیاران دۆلارمان دەسكەوت، چەندین حكومەت هاتنو رۆشتن، بەڵام كارەبامان پێ چاك نەكرا، رێگاوبانمان خراپتر بون، نەوتی زستانمان پێنەدرا، هەژاریو بێكاریمان چارەسەر نەكرد، پێشمەرگەمان پێ یەكنەخرا، تەنانەت ئێستا ئاوی خواردنەوەشمان پێ دابیناكرێ.. ئیدارەیەكی فاشیل، ئابورییەكی داتەپیو، چارەنوسێكی رەش، ئاییندەیەكی تاریك، ئەمانە بەگشتی بەرهەمی ئەم هەمو شۆڕشو قوربانیدانی میللەتەكەمان بو..
دوای ئەم ئاشبەتاڵو شكستە گەورەیەش چاوەڕێی چی بكەین؟. شۆڕشێكیتر یا راپەرینێكیتر بۆ دەسەڵاتێكیتری گەندەڵو نەزان؟!!!..ئەوانەی هێشتا لەخوێن تێر نەبون ئەیانەوێ جارێكیتر ئەم گەنجە جوانانەمان بكەنە قوربانی حوكمێكی دیكتاتۆرو خۆپەرست؟.
 گەنجی ئێستا ئەنتەرنێتی ئەوێ ، كارەبای بەردەوامی ئەوێ شەو بەدیار مەعشوقەكەی دانیشێ وچاتی بۆ بكات. ئەو بەلایەوە گرنگ نیە كەپكی حەمەد ئاغاو چییای سەفین و سەیتەرەی پردێ بەدەست كێوەیە، هاوڵاتی خانوە قوڕەكانی قالاوەو پۆتیناوە بەلایەوە گرنگ نیە جۆرج بۆش و فرانسوا هۆلاند لەسەر ئەرزی كام فرۆكەخانەی كوردستان دائەبەزن، بەقەدەر ئەوەی لای گرنگە زستانی ئەمساڵ نەكەوێتە ژێر هەڕەشەی لافاوی بارانەوە..
ئازایەتی ئەوە نیە گەنجی وڵاتت بنێریتە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ لەپێناو كوردستان یان نەمان، خۆشت لەپشت چیاو سەنگەرەكانی دواوە بەدوربین تەماشای بەرەكانی شەڕ بكەیت، ئازایەتی ئەوەیە بێیتە سەر شاشەو بڵێی داوای لێبوردن لەمیللەتەكەم ئەكەم شكستم هیًَنا..
هەمو مرۆڤێك لەدونیا حەزی لەئاشتی و ژیانی ئارامە، ئێمەی میللەتی كورد لەزەمانی بابو باپیرانمانەوە چاومان بەشەڕو ئاشوب كردۆتەوە، كاتی ئەوە هاتوە واز لەو عەقلییەتە شەڕانگێزییە بێنین بە خەباتی مەدەنیانە داوای مافی رەوای خۆمان بكەین..كێ لەم گەنجانەی ئەمڕٍۆ ئامادەیە  بچێتەوە شاخ بۆ خەبات لەپێناو كۆمەڵێك گەندەڵو دزو جەردەو خوێنخۆری میللەت؟.
بەسە ئیتر ئەم هەمو خوێنرشتنەی گەنجەكانمان، بەسەر ئیتر هەتیوكردنی منداڵەكانمان، بەسەر ئیتر جەرگ سوتاندنی دایكانمان، بەسە ئیتر بارزگانی كردن بە خوێنی میللەت..خاكی كوردستان هاوار ئەكا ، تێر بوم لەخوێن ، بەسە ئیتر..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە