کێ بوو خۆی کردە تورکمان و عەرەب با دەست هەڵبڕێت؟
Monday, 21/06/2021, 14:50
1345 بینراوە
دوێنی لەگەڵ هاوڕێیەکمدا دوو دەمژمێر گفتوگۆمان کرد ... ئەو لەنیشتمانەوە وەک پیرەمێردێکی داماو ... خەم و ناسۆری هەڵدەڕشت، منیش لەغوربەتەوە دڵنەواییم دەکرد و دەم ووت: هاوڕێم ئەمە خامۆشی پێش گەردەلوولە دڵنیابە....!
هاوڕێکەم دەیووت: ئێوە رەوەندی کوردی بۆ نەتانتوانیوە هیچ بکەن، بەو ژمارە زۆرەوە؟ حوکمەتێک لە تاڕاوگە دروست بکەن!؟ تاکەی ئەم هەموو نەفرەتە، ئەم هەموو نادادپەروەرییە! ئەم لەشکرکێشیە! ئەم هەراجی نیشتمانە! ئەم هەموو تاوانە! ئەم هەموو کڕوزانەوەیە! ئەم هەموو فرمێسکە! ئەم هەموو زیندانە! ئەم هەموو ژن سوتان و ژن کوشتنە! ئەم هەموو قسەپوچانەی لەکەناڵەکانەوە دەکرێت! ئەم هەموو دەرمانی خراپ و خواردنی ئیسپایەرە! ئەم هەموو سوکایەتییەی، کە لەلایەن مەلای مینبەرەکانەوە بەژن و کچ و دایکمان دەکرێت! ..هتد... بۆ هەموو ئەو تاوانانە کۆتان ناکاتەوە ... ئەرێ ئێوە بەڕاست خەڵکی ئەم نیشتیمانەن و ئێرەتان جێ هێشتووە و خەمی ئێمە و وڵاتتان لە بیرچۆتەوە ...!؟
من لەمنداڵیمەوە چیرۆکێکی سەمەدی بەهرەنگی فێری کردم "ئەو کاتەی دکتۆرەکان بیانەوێت نەخۆشێک چارەسەربکەن، سەرەتا بەدوایی میکرۆبی نەخۆشییەکەدا دەگەڕێن" .
هاوڕێکەم باسی رەوەندی کوردی دەکرد ... ئاخر ئازیزم کورد زۆریان بە تێکشکاوی لەژێر ناوی تر و سوکایەتی بەگەل و حیزب و گۆڕینی کەسایەتیان لێرە هەواریان هەڵداوە ... لەڕێگە ی هاتنیان زۆبەیان هەموو شتیان تەسلیمی کۆمەڵێک لە قاچاخچی کرد، ئەو قاچاخچییانە لە بری یارمەتییدان و سۆزی مرۆڤبوون سوکایەتی و دەستدرێژییان لەخەڵک دەکرد.. دوایش بۆی دەرچوون. لەسایەی ئەو دەسەڵاتە خۆماڵییەی، کە خاڵیە لە هەموو بەهایەک، ئەمانەش کۆمەڵێک ناونیشانی ئەو کەسە تێکشکاوانەن کە سوکایەتیان بە تاکی گەلەکەیان دەکرد و لەگەڵ دەزگاکانی میت و تورکیادا ئاوێزانی یەکتر دەبوون ... من ناوەکان دەنوسم بۆ مێژوو کە لیستێکە ڕۆژێک دەبێت باجی ئەو بێڕەوشتیان بدەنەوە بە مردوویش بێت ..
پاشناوەکان: (بەلەم ، شەڕواڵپیس، تایتانیک، چاوشۆڕ، کەتەر، سنورداش، لوت پاپا، عەزەڵات ، پۆلیس، زەڕەنگەر ، ئینزبات ، مراوی... هتد) ئەمانە ئەو مرۆڤە پیسانەبوون کە خۆیان هەموو شتێکیان دۆڕاندبوو دوایی دەستدرێژیان لەو خەڵکانە دەکرد، کە بەڕێوەبوون بۆ جێگەیەکی ئارام تر و نادیار ...
پەیوەستبوون بە نیشتمانەوە کاتێک دروست دەبێت، کە مرۆڤی بە پرەنسیب و هەڵگری کەسایەتی بێت و بەدوای دروستکردنی شکۆوە بێت، بتوانێت بە رەوشت و خاوەن پرەنسیپ بێت، قوربانی بە هەموو بەرژەوەندییەکانی خۆی بدات .. تاکی گەلەکەم هەر لە ڕێگە بۆ گەیشتن بەسەر زەمینەپەمەیەکەی ئەوروپا تێک نەشکا. ئەمانە زۆریان بەرهەمی شەڕی ناوخۆبوون و بەهەمان هزرەوە لێرەش ژیان دەکەن سیخوڕی و خۆخۆری دووزمانی لەکۆڵ تەکی کورد نەبۆتەوە .. لێرەش لەپێناو شەرەفێک کەنیەتی کچ و ژن و دایکی خۆی دەکوژێ و ئازار دەدات و دەیان نمونەی قێزەون هەیە کە مرۆڤ شەرم دەکات بیهێنێتە سەر زمان .
جگە لە دیاردەی ژن و کچکوشتن ، زۆر خەڵک هەبوو ئێستاش بەردەوامە کە دایک خوشکیان دەکردە ژنی خۆیان .. یان خوشک دایک هەبوو کوڕ و برایان دەکردە مێردی خۆیان تا مافی مانەوە فەراهەم بکەن ... فێڵ و ساختەچێتی لە سیستەمی ئەو وڵاتانەی کە هانایان بۆی بردووە بۆتە پیشەیەکی قێزەون .. هەر ئەو هۆکارەشە دەسەڵاتی کوردی بێترس و بێپەروا پاڵی لێداوەتەوە ... کە سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتێکان دەکەیت وادەزانی کورد هەمووی دەستەی هێرش بەرە و شۆڕشگێڕی لێدەچۆڕیت ... کەچی لەناوەڕۆکدا بەدیار تیکتۆک و پۆجێوە وێران بوە... گوێ لەو مرۆڤە تێکشکاوانە دەگرێت کە لە کەناڵەکانەوە تاوتوێ سیاسی دەکەن یان جنێو بەخەڵک و گەلەکەی دەدات ... یان سەیری ئەو گۆرانی و دراماو شانۆیانە دەگرێ و سەیر دەکات پڕە لەپوچی ..
.هاوڕێم من دەپرسم ئەرێ بەم خەڵکە تێکشکاوە دەتوانیت حکومەت لە تاڕاوگە دروست بکەیت...؟
هەندێ خەڵکی نەفس نزم و پارەپەرست و بێئابڕووش گەڕاونەتەوە باوەشی دەسەڵاتێک کە گومانیشیان نییە دەسەڵاتێکی ستەمکار حاکمە و ئەوان دوایی ئەو هەموو ساڵە لەناو ئەم پێشکەوتن و ژیانە ئارامەدا، گەڕانەوە تا پینەو پەڕۆی ستەم بکەن، وێنەی جوان و شیاو بۆ دەسەڵات داتاشن .... دواجار ئەمەی نووسیومە بێهیوایی نییە، بەڵکو بەئاگا هێنانەوەیە، کە تا ئێمە خۆمان نەدۆزینەوە ، مەحاڵە هەنگاوی دوایمان ڕوون بێت ..
دەمێکە دەڵێن: " بۆ شکستهێنانی دوژمنی دەرەکی ، سەرەتا دەبێت دوژمنی ناو خۆ بناسینەوە"
کە ئەمانەم بۆ باس کرد، هاوڕێکەم بێدەنگ بوو ووتی: کەواتە شەڕەکە لێرەیە من هەڵەبووم .. ئێستا تۆ منت گەنج کردەوە لایەنی کەم باش بوو نهێنی بێدەنگی کوردانم زانی لە دورەوەی نیشتمان ... هەر بۆیە ئێستا کە مردیشن لاشەکانیشتان کەمتر دەهێننەوە بۆ نیشتیمان!
بەڕاست ئێوە چیتان بەسەرهاتووە.... !؟
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (رزگار رانگور) نووسراوە