کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چلۆن شانازیت پێوە بکەم کوردایەتی!

Tuesday, 24/10/2017, 23:00


من کوردم و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژیم. زۆرم پێ خۆش بو چەند دێڕێک لە مەدحی کورد و کوردایەتی  بنوسم. ڕۆچومە قوڵایی مێژوو و کۆمەڵگا، هەمو قوژبن و کەلەبەرێکم پشکنی ئەوەی دیتمەوە جێگای شەرم بو نەک شانازی.
گەلێک کە بە خەیانەتی هارپاگ دەوڵەەتی ماد ڕادەستی فارس دەکات و ناوی ئاستیاگ ئەکاتە زوحاک و ماری لە سەر شان دەڕوێنێ و هارپاگ دەکاتە کاوە و نەورۆزان سەما و قون بادانی بۆ دەکات.(٢)
گەلێک کە ئاریوبەرزەنەکەی کوردێک بە کوشتی ئەدات و دوای  کەریمخانی زەندی بە شەڕی براکوژی و خەیانەت چارەنوسی خۆی ڕادەستی قاجاڕ دەکات
گەلێک گەورەترین سەرداری مێژوی سەلاحەدینە، کەسێک کە سەدهەزار گەنجی کوردی کردە قوربانی ڕزگاری قودس، لە میسر دەوەڵەتی بۆ عەڕەب دانا بەڵام بۆ گەلی خۆی بەردێکی لەسەربەرد دانەنا، بە فتوای هێندێک مێزەربەسەری مێشک برشاوی مفتەخۆر گەورەترین فیلسوفی مێژوی کوردی(شێخ شەهابەدینی سورەبەردی) خنکاند 
ئەو گەلەی کە خەلیفەی ئەمەوی هاتە سەر حوکم بو بە مەوالی، کە عەباسیەکان هاتن پێنسەد ساڵ بو بە غولامی خەلافەت، کە ئالی عوسمان هات چوارسەد ساڵ بو بە سوخرەکێشی تورک و لە شەڕی جیهانی یەکەمدا بو بە موجاهیدی پارێزەری خەلافەت و نیو ملیۆن جەماوەری خۆی کردە قوربانی و لە کوشتار و تاڵانی ئەرمەنیەکان دا کەواسوری بەر لەشکری تورک بوو
گەلێک بەناوبانگترین ڕێبەری ئۆستورەیی مەلا مستەفا بێت. ئەو سەرۆک خێڵەی ساواک کردی بە ڕێبەری ئاغاکانی ڕاپەڕیو دژی ئیسلاحی زیراعی و کۆمەڵایەتی عەبدولکەریم قاسم و نازناوی ڕێبەری نەتەوەیی کوردیان خستە سەر ملی خۆیی و کوڕ و کوڕەزاکانی تا بۆ سەد ساڵ ببنە هۆرەی خۆماڵی لە ناو جەستەی کورد دا،  کەسێک کە ڕوانگەی بۆ نیوەی کۆمەگا(ژنان) لەم کورتە دێڕە دا فۆرمولە کردوە:
 «ژن دەبێ نانێ خۆ بکا، دەفرێ خۆ بشوا، گانێ خۆ بدا»
 ڕێبەرێک کە دوکتور شوان، سەعید ئاڵچی، سلێمانی موعینی، خەلیل شەوباش، سەدیقی ئەنجیری، سالح لاجانی و دەیان تێکۆشەری دیکەی بۆ تورکیا و شای ئیران کوشت... 
گەلێک کە مەسعودی کوڕی مەلامستەفا بە کارنامەیێکی ڕەشتر لە باوکی کرد بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکێک خاوەنی سەدان خەیانەتی نەتەوەیی بێ وەک  کارەساتی هەکاری، کوشتنی سەدان پێشمەرگەی دێموکڕات و کۆمەڵە، داسەپاندنی شەڕی براکوژی بە سەر یەکیەتی بە هاوکاری ئێران، تورکیا و سەدام، کارەساتی ٣١ی ئابی ٩٦ ، کۆمەڵکوژی ٨٠ گەریلای بریندار و ڕۆژنامەوان و کادری دەرمانی بێدیفاع لە هەولێری ٩٧، بە کوشت دانی  ٣٠٠٠ پێشمەرگە لە شەڕی هاوبەش لە گەڵ لەشکری تورک بۆ پاکسازی قەندیل لە گەریلا ، داخستنی دەروازەی سیمالکا و لێدانی خەندەک بۆ خنکاندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ، ڕادەست کردنی شەنگاڵ و ئیزەدیەکان بە داعش، ڕادەست کردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی بە ئەردۆغان قاتڵی کوردانی باکور، تیرۆری ڕۆژنامەنوسانی بوێری وەک سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان و ویداد حوسێن و... گەلێک ڕوناکبیری وەک سەلاحی شەمسی بورهانی بە دەستی چوار لۆمپەنی هەڵگری پێناسەی دێموکڕات لە مەهاباد تیرۆر دەکرێ و کەس ناتوانێ لێپرسینەوەیان لە گەڵدا بکا،

گەلێک لە کۆمارە جوانەمەرگەکەی مەهابادی دا دوو شاعیری نەتەوەیی دەبێ، هەژاریان دەبێتە شایەری دیوەخانی بارزانی و بۆ دەستخۆشانەی کوشتنی کاک سلێمانی موعینی و ٤٥ هاوڕێی دیکەی بەم شێوەیە مەدحی بارزانی دەکا: 
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی 
لە کوردستان تۆمان هەبی بەسمانی
هێمنی وەفادار بە نەتەوەکەی وەها جوابی ڕەفیقە کۆنەکەی دەداتەوە:
لەکوردستان ئەومان هەبوو بەس نەبوو 
لە کوردستان کەس وەک ئەو ناکەس نەبوو 
خۆم ئاسا شاعیر بویت و نەتزانی 
ڕێبەر نەبوو ڕێ ونکەر بوو بارزانی

لە ئاکامدا هەژار تا مردن لە ژێر سێبەری دیوەخانی کەرەج بە عیزەت و ئیحتڕام ژیا. بەڵام هێمنی خاوەن شیوەنی ئینسانی لە لایەن دوکتور قاسملوی دێموکڕات! بە هۆی جیابیری ناسناوی جاشایەتی بە سەردا سەپا و زیندان و دەست بەسەری بۆ بڕایەوە
گەلێک بەناوبانگترین سەرۆکی ڕۆژهەڵاتی دوکتور قاسملو بو هەر ئەم گەلە نارازیە لە جیهان کە بۆچی خەڵاتی ئاشتی نۆبێلیان پێنەداوە، دیسان هەر ئەم گەلە شاهیدە کاتێک کاکی دوکتور لە سەر مێزی وتووێژی ئاشتی لە گەڵ بەرپرسانی دەرەجە چواری دەسگای ئەمنیەتی ئێران تیڕۆر دەکرێ، دو شەڕی براکوژی بە سەر کۆمەڵە و حیزبی دێموکڕاتی جیا بۆوە داسەپاندبو، نەک حازر بە دانیشتن لە گەڵیان نەبو، بەڵکو ئاگربەستی کاتیشی لە گەڵیان قەبوڵ نەدەکرد. 
گەڵێک کرماشانەکەی کوردی قسە کردنی لا عەیب و عار بێ و فارسیەکی سەقەتی کرماشانی دەرخواردی مناڵەکانی بدات، 
گەڵێک کە دوای چل ساڵ خەباتی سەختی باکور و گیان بەخت کردنی دەیان هەزار کچ و کوڕی ئاشقی ئازادی و سەربەرزی نیشتمان، ئێستاش نیوەی ئەم گەلە لە هەڵبژاردنەکان دا دەنگی خۆی ڕەپاڵ دەنگی ئەردۆگان دەخات، کە لێی دەپرسی بۆچی دەنگ و هێزی خۆت ناخەیە پاڵ دەنگی برا و خوشکە کوردەکانت، جواب ئەداتەوە ئاکەپە قارداشی دینێ مەیە، دەنگێ خۆ ئەخەینە پاڵ دەنگێ موسڵمانان، هەر ئەم موسڵمانانەی ئەو بە تورکی کێوی دەزانن
گەڵێک لە بەرانبەرهەر سمایل شەریفزادەیێک دا سەدان کوێخا شەریفی پەروەردە کرد، لە بەرانبەر هەر سلێمانی موعینیەک دا سەدان وەهاب ئوتروشی و قالە تەگەرانی و حەسۆ ئەمیرخانی ڕەوانەی مەیدان کرد،
گەلێک لە بەرانبەر هەر ئەمیر حوسێنپورێک دا سەدان ڕێبوار کەریم وەلی، حاجی جەماڵی پورکەریم وعەلی جەوانمەری ڕەوانەی بازاڕی کورد فرۆشی کرد،
گەلێک لە بەرانبەر هەر مامە ڕیشە و موسا قەناسێک دا هەزاران تەحسین شاوەیس و هەباساغا و قاسماغای  پێشکێشی دوژمن کرد، 
لە بەرانبەر هەر فەرهاد سەنگاویەک دا سەدان شایەری دیوەخانی پەروەردە کرد، 
گەلێک کە فەرهاد پیرباڵی هونەرمەندی، کەماڵ مەزهەری مێژوو نوسی، بەختیار عەلی ڕۆمان نوسی، قوتبەدین سادقی و بەهمەن قوبادی فیلمسازی بۆ نان و نەوایەک دەستەمۆی سەرۆک خێڵێکی بێسەوادی گرێدراوی داگیرکەران بێ،
گەلێک مامۆستای زانکۆی عەبدولواحید بێ، دیندارەکەی عەبدولەتیف سەلەفی ژن دز بێ، سەلاحەدین بەهائەدینەکەی ساحەبی دو دین بێ دێنێکی بۆ ئەردۆغان و دینێکی بۆ یۆسف قەرزاوی بێ وسیاسەتمەدارەکەی عەلی باپیری چوار ژنە بێ،
گەلێک سەرانی هەرێمی زۆنگ و زەلی باشورەکەی خاوەن بیرە نەوت و مۆڵ و کۆمپانیا و حیسابی میلیاردی لە بانکەکانی ڕۆژئاوا بن و هەژارەکانی لە ناو پاشماوەی زبڵی شارەکان دا ڕزقی مناڵانیان بدۆزنەوە
گەلێک ڕۆژ نەبێ لە ژێر ناوی پاراستنی ناموس چەند کچ و ژنی خۆی نەکوژێ، بەڵام هەمو ڕۆژی بە چاوی خۆی ببینێ کە تورک و عەرەب و فارس دەستدرێژی خاک، کەلتور، زمان و سامانەکەی دەکەن و نقەی لێنەیێت!
گەلێک باوەڕی بە سەد و بیست و چوار هەزار پێغەمبەری جولەکە و عەرەب بێ کە ناوی دە دانەشی بۆ ساغ نەبێتەوە، بەڵام زەردەشت تاقانە پێغەمبەرەکەی خۆی نەبێ بە ئاورپەرەست و گومڕا بزانێ و لە جیاتی بیری چاک، وتاری چاک و کرداری چاک، درۆ، دزی و خەیانەت بکاتە ئامرازی درێژەدان بە تەمەنی پڕ لە نەنگ و ڕیسوایی دوهەزار و پێنسەد ساڵە!
 گەلێک کە لە سەر دەستی خالیدی کوڕی وەلید ئەنفال کرا، پیاوە ئازاکانی لە خوێن دا گەوزان و ژن و کچەکانی بە کەنیزە کران ، چۆ سەر دینی خالید و ناوی کوڕەکانی نا خالید، حومبەر، سەعد، حەجاج، مەعاویە و گۆڕی داگیرکەرانی وڵاتی کردە زیارەتگا
گەلێک سمایلاغای سمکۆی سیمبولی نەتەوەیی بێ، کەسێک کە بۆ ڕازی کردنی داگیرکەرانی وڵات لە پیلانێکی چەپەڵ دا مارشیمۆنی ئاسۆری و سەد هاوڕێی لە میوانی دا کوشت ، دەیان تورکی بێتاوانی لە پشت سەری یەکتر ڕیز دەکردن و تفەنگەکەی پێ تاقی داکردنەوە تا بزانێ یەک فیشەک لە جەستەی چەند مرۆڤ تێپەڕ دەبێ و دوای گرتنی شاری مەهاباد دەستوری تاڵانی شاری دا،
گەلێک شانازیەکەی میرمحەمەدی ڕەواندز بێ، ئەو میرەکوێرەی بۆ ڕازی کردنی خەلیفەی عوسمانی هەزاران کوردی ئیزەدی ئەنفال کردن و ژن و کچەکانی کردن بە کۆیلەی سێکسی بۆ چەتە کوردەکان و گوڵبژێرەکانیشی بە دیاری ناردن ئاغا تورکەکانی لە ئیسلامبول(ئیستانبوڵ)، ئەم سەرۆکەی دوسەد ساڵ پێش ئەبوبەکر بەغدادی داعشی کوردی ڕاگەیاند
گەلێک لە ڕۆژهەلات ساحەبی حیزبی دێموکڕات بێ و پێشمەرگەی لە شەڕی نێوخۆیی دا تەجاوەزی سێکسی بکات بۆ سەر جەنازەی پێشمەرگەی کچی کۆمەڵە  و لە باشور خاوەنی پارتی دێموکڕاتێک بێ کە پێشمەرگە دێموکڕاتەکانی! جەستەی کچە گریلای بریندار و گیانبەخت کردو بکەنە کەرەستەی بەتاڵ کردنی هەستی سێکسی... 
ئەو گەلەی بۆ پیلاندۆمی(ڕیفڕاندۆم) ئەرۆغان+بارزانی+پانیک کەوتە چەقڵە سەما و قونبادان و ٩٢٪ی دەنگی بەڵێی کردە پاڵپشتی تاڵانچیانی وڵاتەکەی و ڕووناکبیرانی دژبەری پیلانەکەی بە جاش ناوزەد کرد،
ئەو گەلەی بە چاوی خەواڵووی خۆی دیتی داری ڕیفڕاندۆمەکەی لە جیاتی سێوی سەربەخۆیی، جیقنەموتی لە دەست چونی نیوەی خاک و شکانی شکۆی پێشمەرگەی بەرهەم هێنا، 
هەر ئەم گەلە، چاوە پڕ لە ڕیبۆقەکانی  بڕیە کاناڵ٢٤ و ڕووداوی جوت ئامۆزای سەر بە میتی تورک و بۆ ڕزگاری بنەماڵە سەرەتانەکەی ناو جەستەی لە خائینانی دەرەجە چوار و پێنجی دەرەوەی قزلباشەکان(سەر سورەکان) دەگەڕا...
چلۆن شانازیت پێوە بکەم کوردایەتی!
 
لێکدانەوەی وشە و سەرچاوەکان:
١- ئەم کوردایەتیەی کە بە گژی داهاتوم کوردایەتیەکی هەلقوڵاوی میر، دەرەبەگ، شێخ، سەرۆک خێڵ، بازەرگانە گرێدراوەکانی داگیرکەران، شایەر، قەڵەمفرۆش و کۆمەڵانی گەوجێنراوی ڕەععیەت سفەت و خۆ بە کەمزانی مێشک کۆیلەی کۆنەپەرەستی کۆمەڵگای زۆنگ و زەلی وڵاتە کە ٢٥٠٠ ساڵە خوی بە ژێر دەستەیی و نۆکەری گرتوە. حیماسە خوڵقێنەرانی کۆبانێ و فەلسەفەی خولقینەری کۆبانیەکانی وڵات و بناغەدانەرانی کۆمەڵەی ژ.کاف و شۆڕشگێڕانی ١٩٦٧ی ڕۆژهەلات و کەسایەتیە بەشەرەفەکانی کوردەواری لە ڕەگەزێکی دیکەن و لەم وتارە دا و لە قەراغ ئەم گشتە خێلی درۆیە جێگایان نابێتەوە.  
٢- شاملو.ئەحمەد – نیگەرانیەکانی من

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە