کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بزوتنەوەى گۆڕان: ئەرک و بەرپرسیاریەتى و ئیحراجى

Tuesday, 24/10/2017, 21:05


لەسەرانسەرى جیهاندا ئۆپۆزسیۆن و نەیار،چقڵى چاوى دوژمنانە،هەمیشەو بەردەوام لەدژى دەسەڵات وخراپەکانى لەسەنگەردان،چاوەڕێى بچوکترین هەڵەو کەموکوڕین،تا بەهۆیەوە بیکەنە هەلڵا و دونیاى لێ تێبگەیەنن،هەمیشە و بەردەوام لەهەوڵ و کارى ئەوەدان، کەدەسەڵات شکست بخوات و بەرەوناخ بچێت،تائەمان ببنە شوێنگرەوەى ودەسەڵات بگرنە دەست. کەچى لاى خۆمان کە بەحساب گۆڕان نەیار و ئۆپۆزسیۆنە، تەواو تەواو خەڵکیان بێ ئومێد کردوە، زۆرجاران فریاد رەس و بەهاناوەچووى حکومەت و دەسەڵاتیشن ،لەقەیران وتەنگژە رزگاریان دەکەن.بۆ ئەوەش چەندین نموونە و هەڵوێستى ئەو لایەنەمان دیتوە. بۆیە قسەم لەسەر ئەوەى رابردوو نى یە، رەنگە  پێشتر هەڵە و کەموکوڕى و کەمتەرخەمییەک بوبێت و ناچارى ئەوەى کردبن.
   بەڵام خۆ ئێستا لەم رەوش و بارە هەستیارەى باشور، لەم زەمەنە ناسک وپڕ نەهامەتیەدا،کە هەموو خەڵک چاوەڕێى ئاراستەى سێ یەمە کە شتێکیان بۆبکات، ئەوە دەبینین وڵات داگیر دەکرێت، خیانەت دەکرێت، خەڵک دەکوژرێت و ماڵ و حاڵى تاڵان دەکرێت،گلۆپى سەوز بۆ دوژمنان دادەگیرسێت،کەس تەماى ژیان و سەر و ماڵى خۆى نى یە،خەڵک تەواو بێزار و بێتاقەت و لێو بەبارە،چاوەڕێى دەرچەو رێگە چارەیەکە ،کە لەو شکست و دۆڕاندن و میللەت بەشودانە رزگارى بێت، کە هەموو چاوەکان لەسەر گۆڕان و دارو دەستەکەیەتى،پێیان وایە ئەوان ئەتوانن شتێک بکەن، میللەت بەرەو کەنارى ئارامى ودڵنیایى بەرن.کەچى لەم کات و دۆخە ناسک و هەستیارەدا قڕو قەپیان لێکردوە، بەباى خەیاڵیاندا نایەت، خۆیان ناکاتە خاوەنى ئەو پرسە، لەکاتێکدا ئەوە ئەرکى سەرەکى و بەرنامەیەتى و ، بەهۆى ئەو گفت و بەڵێنانەوە توانى دەنگێکى باش بەدەست بهێنێت،کەچى ئەویش خەریکە لەنیوەى رێگەدا میللەت بەجێدەهێڵێت و، بیر لەبەرژەوەندى تایبەتى خۆى دەکاتەوە.کەئەبوایە ئێستا گۆڕان دونیاى بهەژاندایە و، سەرمەشقى راپەڕین و خۆپیشاندان بوایە لەدژى دەسەڵات، خەریکى خۆرێکخستن و خۆسازدان بوایە بۆ لەگۆڕنانى ئەو دەسەڵاتە. ببوایەتە پێشڕەو سەرمەشقى ئەو سەرهەڵدانە، کەچى بەداخەوە(ئاش لەخەیاڵێک ئاشەوان لەخەیاڵێک) هیچ ورتە ناکات و خۆى کردوە بەکەڕەى شەربەت. سەربارى ئەوەش، بۆچارەسەرى ئەو قەیران و شکستە ئەڵێن با حکومەت هەڵبوەشێتەوە و،حکومەتى رزگارى نیشتمانى پێک بێت، کە ئەوە بۆخۆى جگە لەگاڵتە وپێ رابواردنێک هیچ مانایەکى دیکە نابەخشێت، من سەرى لێدەرناکەم ئەو حکومەتە رزگارییەى گۆڕان باسیدەکات دەبێت لەکێ پێک بێت؟ بێگومان هەرلەو کەسانە پێک دێت کە ئیمڕۆ بونەتە بەڵاو نەهامەتى بەسەر خەڵکەوە، بڵێیت گۆڕان گەیشتبێتە ئەو باوەڕەى کە لەژێر هەیمەنەى زەرد وسەوزا وا بەسانایى و بەبێ هیچ گرژى و پەلامارێک بتوانین بەئیسراحەت ئەو حکومەتە پێک بێنین؟ یان ئەو حکومەتەش هاوشێوەى کابینە شکست خواردو گەندەڵەکانى حکومەت ئەبێت و، هەر لەکەسانى حزبى و کاسە لێسى دەسەڵات پێک دێن. بۆچى دەسەڵات نازانێت کە حکومەتەکەى چەنێک گەندەڵ و دز و بێ ئاستە؟!!. بۆچى دەسەڵات نازانێت لەنێو حکومەتەکەیدا چ دەگوزەرێت؟ بەڵێ بێگومان زۆرچاک پەى بەوراستیە دەبات و دەزانێت هۆکارى تەواوى  ئەو دەردە سەریە بەهۆى ئەوەوە بوە،کە گەجەر و گوجەر و کاسەلێس و پێڵاو دانەر و مەسینە هەڵگربونەتە بەرپرس و پلەدار وەزیر و پەرلەمانتار،کەلەسەرو هەمووشیانەوە پاڵێواروانى بزوتنەوەى گۆڕان هەیە، گەر ئیمڕۆش ئەو حکومەتە ساز بکرێت، هەر لەوانە بەدەر نابێت، بۆیە وا چاکە سەرانى گۆڕان و سەرکردەکانى بەوقسەو پڕوپوچ و بێ مانایانەئەرک و بەرپرسیاریەتى لەخۆیان دوور نەخەنەوە، بە بەیاننامەیەکى پڕ لە شورەیى و ئیحراجى دۆخەکە دیزە بەدەرەخۆنە نەکەن.بارى سەرشانى خۆیان سووک نەکەن.
   بەڵام بمانەوێت یان نا، ئەگەر سبەى رۆژ ئەم حکومەتە گەندەڵ وتاوانبارە لەناو بچێت و لەگۆڕ بنرێت، گۆڕانیش هاوشێوەى حزب دەسەڵاتەکانى دیکە زیان مەند دەبێت و، لەبەرئەوەى ئەویش لەو گەندەڵى ودزى و داگیرکارى و پاوانخوازییە پشکدارە و،گردەکەو چەندین پرۆژە و کارگەى چیمەنتۆ و کۆمپانیاى زەبەلاح و مارکێت و چى و چى لەدەست دەدات، بۆیە ئەیەوێت سیاسەتى کەرى ناوجۆگە پەیڕەو بکات و لەهەردوو لا بخوات.رەوشەکە بەو شێوەى ئێستا لەبرەژەەندى خۆى بهێڵێتەوە وپاڵانس رابگرێت. من بەبیرى گۆڕان وسەرانى دێنمەوە،ئەوەى دەیکەن و دەیڵێن عەرەب واتەنى( ئەزعەفول ئیمان)ە و خۆدەربازکردن و خۆدزینەوەیە لە ئەرک و بەرپرسیاریەتى مێژوویى، نەک چارەسەر و ریشەکێشکردنى گرفتەکە،ئێوە لەهەمووان باشتر ئەو راستیە دەزانن کە ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکى میلیتارى و دیکتاتۆر و خۆ سەپێنە، بۆ گیانى ئێمەى بێ چەک و هاوڵاتى ئازایە، بەڵام هەر کە یەک دوو فیشەک ئاراستەى بارەگا و بنکە و مۆڵگەکانیان کرا، گروپێک یان مەفرەزەیەکى چەکدار هاتنە مەیدان وبەزمانى چەک ناڕەزاییان دەربڕى، ئەو دەمە دەنگى تەقە و نارنجۆک دەنگى گەورەترین سەرکردەو حزبى باڵا دەست  کپ دەکات و بێدەنگ دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە