کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەقی رێککەوتنەکەی یەکێتی بۆ رادەستکردنی کەرکوک

Sunday, 22/10/2017, 22:30


بۆ یەکەمجار سایتی (سبەی)، ده‌قی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ (38) ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ ئیمزایان له‌سه‌ر كردوه ‌و له‌گه‌ڵ سوپای‌ عێراقدا رێكه‌وتون بۆ راده‌ستكردنی‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و رێککەوتنەکە پیشانی‌ مه‌سعود بارزانی‌ و مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتیش‌ دراوە.
رۆژی‌ (13/10/2017) بافڵ تاڵه‌بانی‌ له‌ ده‌باشان و له‌ماڵی‌ مام جه‌لال ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان كۆده‌كاته‌وه‌ و ده‌قی‌ ئه‌و رێکكه‌وتنه‌یان ده‌خاته‌ به‌رده‌ست كه‌ له‌گه‌ڵ سوپای‌ عێراقدا كردویانه‌ و داوای‌ ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كات، به‌ ئاماده‌بون و به‌ته‌له‌فۆن (38) ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ رۆژی‌ دواتر ئیمزای‌ ده‌كه‌ن.
رۆژی‌ (15/10/2017) مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ به‌ ئاماده‌بونی‌ مه‌سعود بارزانی‌ و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ هاوینه‌ هه‌واری‌ دوكان و له‌ماڵی‌ هاوینه‌ی‌ مام جه‌لال كۆده‌بنه‌وه‌ ده‌قی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌می‌ مه‌سعود بارزانی‌، به‌ وته‌ی ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌، مه‌سعود بارزانی‌ ره‌تی‌ كردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان رایگه‌یاند: مه‌سعود بارزانی‌ هیچ ته‌علیقێكی‌ له‌سه‌ر نه‌داوه‌ و وتویه‌تی‌ ئه‌و پێنج خاڵه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا بڵاوبوەوه‌.
به‌ دوایدا ئه‌و فه‌رمانده‌و به‌رپرسانه‌و ماڵ و منداڵه‌كانیان ئاگادار ده‌كه‌ن  كه‌ رێككه‌وتنێك كراوه‌  و سوپای‌ عێراق دێته‌  ناو شاری‌ كه‌ركوك،  بەڵام له‌ چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان ئاگادار ناكه‌ن و توشی‌ شه‌ڕی‌ ده‌سته‌ و یه‌خه‌یان ده‌كه‌ن و به‌هۆی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ پشتیان لێ‌ ده‌گیرێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار لە روداوەکان، رایگه‌یاند: رێككه‌وتنی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵ سوپای‌ عێراق و حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ و هه‌مان ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌، بەڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌كان و حیزبه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ وتویه‌تی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هیچ پابه‌ندبونێكی‌ لای‌ حكومه‌تی‌  عێراقه‌وه‌ نیه‌.
رێككه‌وتنێك كه‌ هه‌مو ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ شۆرش ‌و راپه‌ڕین ‌و مێژوی‌ خه‌باتی‌ كوردایه‌تی‌ خسته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌ سوپای‌ عێراقی‌ گه‌ڕانه‌ده‌وه‌ بۆ له‌ (60%)ی خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌ و له‌ (40%)ەکەی دیکەشی كه‌ پارێزگاكانی‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانییه‌، سنوره‌كانی‌ له‌مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ عێراق ‌و حه‌ره‌س حدود ‌و عێراقدایه.
رێككه‌وتنێك ‌ژێر به‌ژێر و نهێنی‌ له‌هۆڵی‌ كۆشكی‌ بنه‌ماڵه‌كانی‌ كوردستاندا ئیمزا كراوه‌ و تێیدا شكست ‌و كاره‌سات ‌و ماڵوێرانی‌ كه‌ركوك ‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی‌ لێكه‌وته‌وه، رێككه‌وتنێك كه‌ شكۆی‌ پێشمه‌رگه‌ و گه‌لی‌ كوردستانی‌ له‌دونیای ده‌ره‌وه‌ خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی‌ له‌پشته‌وه‌ تێدا شه‌هید ‌و بریندار بو.
ده‌یان هه‌زار ماڵ ‌و خێزانی‌ خورماتو و جه‌له‌ولا و خانه‌قین ‌و پردێ و شه‌نگال ‌و زومار و كه‌ركوك ‌و هه‌مو ناوچه‌كانی‌ دیکەی‌ تێدا ئاواره‌بون، خانو و ماڵی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌دان ساڵه‌ پێكهیانهێناوه‌، كه‌وته‌ به‌ر ئاگری‌ رقی‌ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی‌ حشدی‌ شه‌عبی.
رێككه‌وتنێك كه‌ پارتی‌‌ و یه‌كێتی‌ ‌و هاوكاره‌كانیان له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ به‌ناو سیاسی كوردستان هه‌تا كوردێك مابێت به‌شه‌رمه‌زاریه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانن، تادوێنێ یه‌كتریان به‌ خیانه‌ت تۆمه‌تبار ده‌كردو ئه‌مڕۆ ده‌ركه‌وت كه‌ چۆن له‌تاڵانكردن و پاوانكردنی‌ نه‌وت ‌و ده‌سه‌ڵاتدا شه‌ریك بون چۆن به‌ بڕینی‌ نانی‌ خه‌ڵك ‌و موچه‌ی‌ فه‌مانبه‌رندا شه‌ریك بون، به‌وشێوه‌یه‌ش له‌ته‌سلیم بون‌ و شكست ‌و (16)ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ كه‌ركوك ‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌كاندا شه‌ریك بون.

دەقی بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی
بەهۆی ئەو بارودۆخە هەستیارو نالەبارەی هاتۆتە ئاراوە لە ناوچە جێناکۆکەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی، وە بۆ ئەوەی ناکۆکیەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان نەگاتە ئاستی رودانی شەڕێکی نەخوازراو لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە زیانی گەورە بە هەرێمی و عێراق دەگەیەنێت. بۆ ئەم بابەتە کۆمیتەی سەرکردایەتی بڕیاریدا:
١- سەركردایەتییەكی سەربازی هاوبەش لە سنوری كەركوك پێك بهێندرێت نوێنەرایەتی هێزەكانی ئەمەریكاو پێشمەرگە و سوپای عێراقی تێدابێت. ئەركی سەرەكیان بریتی دەبێت لە دابینكردنی ئاشتی و ئارامی لەو ناوچانە و بارەگاكەشی لە سەربازگەی كەیوانی شاری كەركوك بێت.
٢- هیچ هێزێكی سەربازی نەهێندرێتە ناوشاری كەركوك.
٣- كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە رێگەی دیالۆگ و دەستورەوە چارەسەر بكرێت.
٤- نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكا هاوكار و پشتیوان بن بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی سەرەوە.
هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی بڕیارەکانیان لە رونکردنەوەیەکدا رایانگەیاند؛ لە دوای زیادبونی هەڕەشەكانی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر شاری كەركوك و راگرتنی هێرشە چاوەڕوان كراوەكە، لە هەوڵێكدا دوجار بۆ ماوەی (48) سەعات و جارێكی دیکە (24) سەعات و دواتر هاتنە ئارای هەوڵەكان بەمەبەستی بەرگرتن لە هێرشكردنە سەر كەركوك و ناوچەكانی دیکەدا لە هەواڵێكی بەرپرسانەو خەمخۆرانە دا ئیرادەیەك و كۆدەنگییەك دروست بو كە (38) ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هاوڕابون و لەماڵی کۆسرەت رەسوڵ ئەم پرۆژەیە گەڵاڵە كرا و چاپ كرا، و دوای خوێندنەوەو پێدانی رون كردنەوەی ناوەڕۆكی پرۆژەكە هەموان واژۆیان كرد و پەسەند كراو درایە دەستی (بافڵ تاڵەبانی) تابیخاتە ئەجێندای كۆبونەوەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لە دوكان.
ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکرایان کردوە؛ ئەم پرۆەیەی سەرەوە لە كۆبونەوەی دوكان خرایە بەردەم ئامادەبوانی كۆبونەوەكە بەبەشداری سەرۆك كۆمار و مەسعود بارزانی، بەڵام بەداخەوە ئەم پرۆژەیەیان بەهەند وەرنەگرت لەكاتێكدا هەریەك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و هاوپەیمانان و ئەمەریكا و وڵاتانی دراوسێ پێیان باش بو.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە