کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مایكڵ ڕۆبن لەسەر داهاتوی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان

Sunday, 22/10/2017, 20:45


ئاڵۆزییەكانی كەركوك بەگشتی بەرەو كۆتایی هاتن ئەچن. حكومەتی عێراق، جگە لە هەندێك ناوچەی كەم نەبێت، هەموو ئەو ناوچەو شوێنانەی گرتووەتەوە كە ساڵی 2014 لە دەستی دا یان بەجێی هێشت. هەروەها هەرێمی كوردستان تەنها ئەتوانێت كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكات كە دەستوری عێراق بۆی دیاریكردووە. دوور لە پڕوپاگەندەو سەرلێشێواندن و هاشوهوشی ڕاگەیاندن لە هەفتەی ڕابردوودا، ئەوەی كە لە كەركوك ڕوویدا زۆر ڕوونە: تێپەڕاندن و پەراوێزخستنی بارزانی بوو.
بارزانی لەوانەبوو سازانی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام ئەو، لەڕێگەی جوڵاندنی هەستی نەتەوایەتییەوە، هەموو هەوڵەكانی بەكارهێنا بۆ لەبیربردنەوەی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوریانەی كە بەهۆی ئەوەوە لە هەرێمی كوردستان دروست ببوو. ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردو لە ڕووبەڕووبونەوەكەشدا سەركەوتوو نەبوو. ئەگەر ئەو ڕازی ببوایەو لەگەڵ بەغداد ڕێكەوتنی بكردبایە، ئەوا ئێستا كوردەكان دەسەڵاتبەدەستی ناوچە جێناكۆكەكانی دیالەو نەینەواو كەركوك ئەبوون, بڕیاری ڕێكنەكەوتن و بەرپرسیارێتی ئەوەی كە ڕوویدا بەتەنها لە ئەستۆی بەرزانیدایە. ئەوەی كە لە كەركوك ڕوویدا، دووبارەبوونەوەی خیانەتەكەی 1975 نییە چونكە ئەمەریكا پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە ئاشكرا باسی لە لێكەوتەكانی ڕیفراندۆم كردووە و لەم بارەیەوە هۆشداری بە كوردەكانداوە.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا سیاسەتی داهاتووی ئەمەریكا لەبەرانبەر كورد چۆن ئەبێت؟ سیاسەتی ئەمەریكا پێویستە ئالۆزییەكانی نەوچەكە لەبەرچاوبگرێت. هاوسۆزبوون لەگەڵ كورداندا كارێكی ئاسان و ئاساییە، هەروەها پێویستیشە گوێ لەو كەسانە، چی كوردبن یان ئەندامی كەمینەكانی نیشتەجێی كوردستان بن، بگیرێت كە بەهۆی فشاری هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی هەرێمەوە بەشداریان لە پڕوپاگەندەكردن بۆ هەرێم كردووە.
بارزانی سەرۆكێكی ناشەرعیەو بەپێی یاساكارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان بێت، ئەو زیاتر لە دوو ساڵە ولایەتی سەرۆكایەتییەكەی بەسەرچووە. وەزارەتی دەرەوەو نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا برێت مەكگۆرك هەڵەیانكرد، دوای تەواوبوونی ولایەتەكەی بارزانی، كاتێك وەك سەرۆكێكی شەرعی مامەڵەیان لەگەڵ ئەوداكرد. ئەوان پێیانوابوو مامەڵەكردن لەگەڵ دیكتاتۆرێكدا ئاسانترە لە چارەسەركردنی بارودۆخە سیاسییە ئالۆزەكەی هەرێمی كوردستان بەڵام، لەمەدا، وەزارەتی دەرەوەو برێت مەكگۆرك بەهەڵەداچوون. بەپێی یاسای كارپێكراو ئەبوایە واشنتن وەكو سەرۆكی كاتی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان، یوسف مەحەمەد، تا كاتی هەڵبژاردنەكان بكردایە. هەڵبژاردنەكەش ئەبێت كۆمیسیۆنێكی سەربەخۆ، نەك كارتۆنی، ڕێكیبخات و لەلایەن گروپ و ڕێكخراوە باوەڕپێكراوەكانی وەك ڕێكخراوی ئاسایش و هەمەهەنگی ئەوروپی و ناوەندی كارتەرو پەیمانگای نیشتیمانی دیموكراتییەوە بەشێوەیەكی پرۆفشناڵانە چاودێری بكرێت. 
پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول، حكومەتی هەرێمی كوردستان و بریكارەكانی لە واشنتن و لەندەن بانگێشتی بەرپرسانی پێشوو (خانەنشینكراو)و ئەكادیمیستەكانیان بۆ چاودێریكردنی ڕیفراندۆمەكە كردو بەڵێنی لەئەستۆگرتنی سەرجەم خەرجیەكانیان پێدان. زۆربەی ئەو كەسانەی كە بۆ چاودێریكردنی ڕیفراندۆمەكە بانگێشتی كوردستان كرابوون، نەچوون و لە ماڵەكانیان (شوێنی مانەوەی) خۆیان مانەوە. من بەشێك لە دەعوەتنامەكان و خشتەی سەردانیكردنەكەم بینی: خشتەی سەردانیكردن و دەعوەتنامەكان تەنها دوو كاتژمێر چاودێریكردنی ڕیفراندۆمەكەی لەو ناوەندانەی دەنگدان كە پێشتر دەستنیشانكرابوون، لە خۆگرتبوو. بەڵام لەبەرانبەردا ئەو كەسانەی كە بۆچاودێریكردنی ڕیفراندۆمەكە بانگێشتی كوردستان كرابوون چەندین چاوپێكەوتنیان لە گەڵ بەرپرسە دیارەكانی پارتیدا بۆ ڕێكخرابوو. ئەم جۆرە لەكاركردن، بێلایەنی چاودێرەكان ئەخاتە ژێرپرسیارەوەو ئەم جۆرەكارانەش هەر لە سیستمە دیكتاتۆرییەكاندا ئەنجام ئەدرێت نەك لە سیستمە دیموكراسییەكاندا.
لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەی داهاتوودا، سەركردە كوردەكان پێویستە ئەم پرسیارە بكەن: ئەو سەروەت وسامانەی كە گەورە بەرپرسەكانی هەرێم كۆیانكردووەتەوە موڵكی تاكەكەسە، حزبە یان حكومەتە؟ با ئومێدەواربین كە سەروەت و سامانی گەورە بەرپرسەكانی هەرێم موڵكی حكومەتە. ئەمە مانای ئەوەیە كە ئەگەر بارزانی واز لە دەسەڵات بهێنێت، ئەوا ئەو پێویستە كۆشكەكەی بەجێبهێڵێت و دەسبەرداری شوێنی مانەوەی ئێستای لە سەری ڕەش ببێت. با ئەو بڕوات لە هەوڵێر نیشتەجێ ببێت، ئەگەر ئەو حەزی بەتێكەڵ بوون لەگەڵ هاوڵاتی ئاسایدا نییە، ئەوا با ئەو بڕواتەوە بۆ گوندەكەی خۆی لە چیاكان یان كوردستان بەرەو دەرەوە بەجێبهێڵێت. مستەفا بارزانی باوكی مەسعود بارزانی كاتی خۆی بەرەو ڕوسیا هەڵهات، بەڵام وا چاوەڕوان ئەكرێت بارزانی لەكاتی هەڵهاتندا بەرەو توركیاو دوبەی هەڵبێت. بەرپرسەكانی هەرێم لە مێژەوە (خەباتكردنیان لە) ناوچە شاخاوییەكانیان بەجێهێشتووە، هاوینە هەوارەكانی نێو چیاكان لە ڕابردوودا شوێنێكی گشتی بووەو بۆ یەكەمجار سەدام حوسێ، دەستی بەسەرداگرتووەو پاشان بارزانییەكان لە 1991دا ئەو ناوچانەیان داگیركرد. 
بەشێك لەبەرپرسیارێتی ئەمەی كە ئێستا ڕووئەدات ئەكەوێتە ئەستۆی ئەمەریكییەكان. چەند حەفتەیەك پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەو كوردانەی كە قسەم لەگەڵ كردوون پێان وابووە سەرەڕای بۆچوونە فەرمییەكانی بەرپرسانی ئەمەریكا كە دژایەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان ئەكرد، بەشێكی تر لە ئەمەریكییەكان بەڵێنی ئەوەیان پێداوین كە لەدوای ڕیفراندۆمەكە، ئەمەریكا دان بە ئەنجامەكەیدا ئەنێت. ئەو ئەمەریكیانە كێن كە دڵناییەكی بێ بنەمایان بە كوردەكان داوە؟ ئێستا كاتی ئەوەیە كوردەكان ئەو كەس و لایەنانە ئاشكرا بكەن كە لەڕێگەی بەڵێنی ناڕاستەوە كوردیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئاراستەكرد.
ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە ئەمەریكا ڕاشكاوبێت لەگەڵ كوردانی سوریادا. ساڵی 2014 پێش ئەوەی پەیوەندییە فەرمییەكانی نێوان كوردەكانی سوریاو ئەمەریكا دەست پێبكات، سەردانی یەكێك لەو ناوچانەمكرد كە كوردەكان ڕزگاریان كردووو. ئەوەی كە بینیم زۆر سەرنجڕاكێش بوو. یەكینەكانی پاراستنی گەل یەكەیەكی شەڕكەری بەتواناو ئەوان جەنگاوەرێكی جێگەی متمانەی ئەمەریكییەكان بوون لە ناوچەكەدا، هەربۆیە ئەوان پێویستە سوپاس بكرێن و پاداشت بدرێنەوە. ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە بەجدی گفتوگۆ دەربارەی دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر بكرێت چونكە پەكەكە زیاتر لە گروپێكی یاخیبوو/شۆڕشگێر ئەچێت نەك تیرۆریست. لەكاتی مامەڵەكردنی ئەمەریكا لەگەڵ پەكەكەدا، ناڕەزایەتییەكانی توركیا بێ بنەما ئەبێت چونكە ئەردۆگان ماوەیەك پێش ئێستا بۆخۆی چووە گفتوگۆوە لەگەڵ پەكەكەدا، ئەمە جگە لەوەی كە توركیا بەئاشكرا باوەشی بۆ بزوتنەوەی حەماس كردووەتەوە.
زۆر بەسادەی، ئەمەریكا ئەبێت فیدراڵی بۆ كوردستانی سوریا، یان ئەوەی كە كوردەكان پێی ئەڵێن ڕۆژئاڤا، لە نێو وڵاتی سوریادا مسۆگەر بكات و نابێت خیانەت لە كوردەكانی سوریا بكرێت. خیانەت نەكرد لە كوردانی سوریا بەو مانایەی كە نەك تەنها ڕێگری لە دەستدرێژییەكانی توركیا بكرێت بەڵكو سەركردەكانی ڕۆژئاڤا هانبدرێت بۆ ئەوەی واز لە بەرژەوەندی و دروشمە تاكەكەسییەكانیان بهێن بۆئەوەی ئەوەی بەسەر كوردەكانی عێراقدا هات بەسەر ئەمانیشدا نەیەت.
كوردەكانی كوردستانی عێراق و ڕۆژئاڤا توانای بەدیموكراسیبوونیان هەیە. دیموكراسی بەمانای لێپرسینەوە دێت نەك بەمانای ئەوەی كە لە پشت پەردەوە بڕیاری دابەشكردنی هەرێم بدرێت و هەرێمەكە بەسەر ئەو هێڵانەدا دابەش بكرێت كە سەركردەی حزبەكان پێشتر نەخشەیان بۆ كێشاوە. دیموكراسی بەمانای یەكسانبوون لەبەردەم یاسادا دێت. دیموكراسی بەو مانایەدێـت كە كەس توانای ئەوەی نەبێت ڕۆژنامەنووس بكوژێت یان كەس نەتوانێت پێگە سیاسییەكەی بۆ خۆدەوڵەمەندكردن بەكاربهێنێت. لەسەروبەندی ئەو قەیرانە داراییەی كە هەرێمەكەی پێدا تێئەپەرێت، كاتی ئەوەهاتووە كە كوردەكان داوای گێڕانەوەی سامانی دزراویان بكەن و پێشمەرگەكانیش، ئەوانەی كە بەمانای وشە پێشمەرگەن و لە دژی داعش جەنگان، نەك ئەوانەی بەناوی پێشمەرگەوە لەگەڵ داعشدا بازرگانی نەوتیان ئەكرد، شایستەی ژیانێكی باشترن. 

سەرچاوە
American Enterprise Institute

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە