کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئا ئێستا چی بکەین؟

Saturday, 21/10/2017, 0:00


ئەمێستا کاتی ئەوە نیە لە پارتی و لە هاوپەیمانەکانی پارتی لە ناو یەکێتی و یەکگرتوی ئیسلامی و... پرسیاربکەین (ئەی پێمان نەوتن ڕیفراندۆم دوابخەن؟ ئەی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتوەکان و هەمو دونیا پێی نەوتن ئاممان کاتی ڕیفراندۆم نیە مەیکەن؟ ).داوای بەغدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی  ڕیفراندۆم داوایەکی نەکردەنی و خۆسەپێنەرانەیە ، داوایەکە هیچ حسابێک ناکات بۆ ڕای ٢٨٦١٤٧١  ئینسان کە دەکاتە ٩٢.٧٣ % ی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و هیچ ڕیزێکی بۆ هەستی کوردستانپەروەریی خەڵک نیە کە بێگومان ئەوانەش دەگرێتەوە کە بایکۆتی ڕیفراندۆمیان کردوە یا بە نەخێر بەشدارییان کردوە چونکە زۆرینەی نەخێرگۆیان و بایکۆتکەرانیش کوردستان و کوردیان خۆشدەوێ و نەخێر و بایکۆتەکەشیان بۆ ئەوە بو کوردستان توشی شەڕێکی دۆڕاو نەبێت و ئینسانی ڕەشوڕوتی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی تر خوێنیان نە ڕژێ لە پێناو کەمینەیەک لە هەردولا لە  دز و جەردەی نەوت و گومرگ و ماڵی گشتی، کە هەرگیز نەک خۆیان بەڵکو نە منداڵەکانیان و نە خزمانی تا پلە سێشیان نانێرن بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕ. بەغداد دەبێ بزانێ و دڵنیابێت  ئەگەر بە زۆری چەک کوردستانی داگیرکردەوە و ڕیفراندۆمێکی بێ فڕ و فێڵی ڕێکخست بەهیوای بەدەستکەوتنی زۆرینەیەکی نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ئەمجارەیان %٩٥ ی دەنگدەران هەر بە بەڵێ دەنگدەدەن چونکە تازە ڕۆح وهۆشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی ئینسانی کورد لەوە دەرچوە بە ئاگروئاسنی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا لە ناوببرێت.ئاشکرایە پێشمەرگەی کوردستان کە خۆی و کەس و کارەکەی بە سیاسەتی شکستخواردوی پارتی و یەکێتی برسی کراوە ،نە ئەوەندە  چەک و تفاقی جەنگیی خراوەتە بەردەست تا بتوانێ ڕێگری لە سەدان تانک و زرێپۆشی بەغداد بگرێ، نەئەوەندە بڕوای بە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی هەیە کە بە ورەیەکی پۆڵایینەوە شەڕی بەغدادی بۆ بکات. زۆرینەی گەلەکەشمان  لە پشتەوەی بەرەکانی شەڕ بەهۆی برسیکردنی و نائومێدکردنی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناو پارتی و یەکێتیەوە  وزە و ورە و توانای ئەوەی نیە لولەخوێنەکانی هێزی پێشمەرگە بە خوێنی گەش و گەنج و نوێ پڕبکات و بەردەوامی بە شەڕی بەرگری بدات. کە پارتی و یەکێتی ئاوا شکستیان هێنا  لە هەمو مەیدان و بوارەکانی حوکمکردن و بەڕێوەبردانی کوردستانا ئیتر گەلەکەمان و هێزگەلێکی وەک  گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی چاوەڕێی چین؟  پێشنیازدەکەم  گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەزوترین کات دەسپێشخەری بکەن و ببنە ناوکێکی سەخت بۆ دروستکردنی بەریەکی کوردستانیی نوێ کە هەمو ئەو دەستە و کەسایەتی و  لایەنە دڵسۆز و پاکانەی ڕیکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی کوردستان بگرێتەوە کە تێوەنەگلاون لە گەندەڵی و خیانەت ، ئینجا ئەم بەرەیە لە چەند ڕۆژی داهاتودا  وەفدێک دروستبکات، وەفدێکی ڕەنگاوڕەنگ لە کەسایەتیی لێزان و ژیر و خاوەن ئەزمون، لە سەرکردەگەلێکی ئاغر و سەنگین و هاوسەنگ و پاک  لە  پیاوان و ژنانی کوردستان، لە گەنج و لە بەساڵاچو ، ئینجا داوا لە پارتی و یەکێتیش  بکرێت یەکی نوێنەرێکی خۆیان بۆ وەفدەکە بنێرن کە ناووناوبانگیان باش بێ و گەندەڵکار و دۆلارملیۆنداری سەر خوێنی شەهیدان نەبن. یەکەم کاری ئەم وەفدە ئەوەبێ تەنانەت ئەگەر لە لایەن حەیدەر عەبادی یەوە بانگێشتیش نەکرێت  و ڕەفزیش بکرێت هەر بچێت بۆ بەغداد بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لە گەڵ  پەرلەمان و حکومەتی عێراق و هەمو ئەو لایەن و کەسایەتیانەی ئیمڕۆ لە سیاسەتی عێراقدا ناو و دەنگێکیان هەیە وەک موقتەدا سەدر و سیستانی و ئایاد عەلاوی و سونییەکان و... ئامانجی یەکەمیش  بۆ وەستاندنی دەمودەستی هێرشەکەیان بێ بۆ سەر کەرکوک و دەوروبەری و بۆ گفتوگۆی سیاسی لە سەر هەمو ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوان بەغدا د و هەرێمی کوردستان.ئەگەر پارتی یا یەکێتی یا هەردوکیان نوێنەری خۆیان نەنارد بۆ ناو وەفدەکە ، ئەوا بێ هیچ گوێدانێکی تۆمەت و جنێوی میدیا حیزبیەکانی پارتی و یەکێتی و سێبەرەکانیان، وەفدەکە بە نەخشەڕێگایەکی ڕون و کردەنی بچن بۆ بەغداد. تەنیا بۆ بۆ پەند وەرگرتن نەک لاساییکردنەوەی کوێرانە : لینین ی ئاوارە کە لە نیسانی ١٩١٧ بە قیتارێکی ئەڵمانیی داخراو لە سویسراوە بە ناو ئەڵمانیای قەیسەری کە لە لەگەڵ ڕوسیای قەیسەری لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا بو، گەڕایەوە بۆ ڕوسیا و لە شاری پەترۆگراد (تێزەکانی نیسان) ی ڕاگەیاند بۆ شۆڕش بە سەر دەسەڵاتی بۆرجوازی و شەڕدرێژەپێدەری وڵاتەکەیدا و داوای لە سەربازە ڕوسەکان کرد لە بەرەکانی شەڕ وازبێنن و بگەڕێنەوە لای ژن و منداڵ وخێزانەکانیان، لینین لەوهەنگاوە بوێرانەیەدا هیچ پرسێکی بە حکومەتی کاتیی ڕوسی و سەرۆکەکەی (Lwow) نەکرد، هیچ گوێشی بەوەنەدا کە بە جاسوسی ئەڵمانیا و خائین بە ڕوسیا تۆمەتباریان کرد، بانگەوازەکەی شۆڕشی ئوکتۆبەری لێکەوتەوە!  
ئێستا کاتی ئەوەیە ئەوەی پێمان ڕزگاردەکرێ پێکەوە ڕزگاری بکەین. لە هەموی گرنگتریش ئەوەیە نەهێڵین شەڕ درێژەبکێشێ و وردەوردە ئاگرەکەی ناوچەکانی تری کوردستانیش بگرێتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە