کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەک بۆ گەلی کوردستان‌ و بزووتنەوەی گۆران

Tuesday, 17/10/2017, 22:57


ئەم سەرکردەو حیزبانە چونکە ناخیان پاک نییە هەمیشە خەریکی ناپاکین بە دۆزی کوردەوە. کاتێک یەکێک لەم سەرکردانە ناپاکی دەکات بەلای ئەوانیترەو ئاسانە چونکە خۆیشیان ناپاکن! ئاخر دز هەرگیز بە دز ناڵیت تۆ دزیت!
ئاگاتان لە عەرەب بێت چونکە عەرەب هەر عەرەبە لە هەر شونێکی ئەم دنیایە بێت، ئەو دەتوانێت بە فەتوایەک وەک داڵە کەرخۆڕە کۆبێتەوە ئەنفالتان بکەن، کچەکانتان، ژنەکانتان حەلاڵی خۆیان و کوریان بکەن، وەک ئەوەی بینینمان لە شەنگال! ئاخر ئەوە بێدەنگی شەنگال بوو، کەوا کەرکوک و سلێمانی هەموو باشوری بەدووی خۆێدا ڕاپێچ دەکات. 
دەبێت خەڵکە جوان‌و بە ئەمەکەی نیشتیمان ئاگایان لە خۆیان بێت چونکە ئەم فەوزایە دەشێت فێڵێک بێت بۆ مەرگی ئێوە! دەشێت ئەم دەسەڵاتە فێلباز و بێئابرۆکەی باشور فەوزایەکی وا نابێتەوە تاکو تەمەنی رووزەردی خۆی پێدرێژبکاتەوە، بە کوشتنی تاکە جوانەکانی نیشتیمان تاکو ڕێگەکەی زیاتر بۆ چڵتربێت!
تۆ بۆ ئەوەی دوژمنەکەت ببەزێنیت دەبێت لە خۆتەوە دەست پێبکەیت! دەبێت شەڕ بەریتە بەردەگای ماڵی دووژمنەکەت نەوەک لەماڵەکەی خۆتدا شەری مانونەمان بکەیت! دار گەر کرمی لە خۆی نەبێت هەرگیز نارزیت! ئەم داری کوردە کرم تێداوە ئەم هەموو حیزبە بەم ڕۆژگارە وەک کرم ئاڵاوە لە قەدی هەر یەکەیان خەریکی داکرۆنێنیت هێندەی نەماوە بە لادا بکەوێت! عەجەب ماوم تاکو ئێستاکە بە پێوە خۆیگرتووە!. 
تێکشکاندی شکۆی گەلێک لە ژێر پاساوی تاکتیک و پلاندا خۆکوشتن وناپاکییە! ئەوەئ ئەمڕۆکە ڕوودەدات نەڕێکەوتنە نە تاکتیکە نە هیچ، بەڵکو تێکشکاندی شکۆی تاکی کوردە کە دەشێت لە ماوەیەکی کورتدا سەری بەتەواوەتی پێشۆربکات ئیتر هەرگیز هەڵنەسێتەوە.
ئیتر کاتی ئەوەهاتووە گەلی باشور بڕژینە سەر شەقامەکانی نیشتیمان‌ و گۆمی بێدەنگی بشکێنن هەموو دامودەزگا فەرمێکانی هەیە بەسەر یەکدا بیروخێنن نەوەک پاساو بهێنەوە بڵێن: کاتی ئەوە نییە، دەبێت هەموومان یەکبگرین! دەبێت ئەم دەسەڵاتە بێقیمەتەی باشور لە ڕەگەوە دەربهێنن، نەوەک پاساوی بۆ بهێنەوە تەمەنی بێقیمەتی بۆ درێژبکەنەوە! یاخود ئەوەتا بێدەنگ بن تاکو هەموو شکۆ و هەموو کاوە، زەردەشت‌ و سۆرانەکانتان تیرۆر دەکرێت! بێدەنگ بن دەست بە کڵاوی حەیاچوونی خۆتانەوە بگرین لە ژێر پاساوی ئێمە هەموومان کوردین! دەبێت خەڵک هەرچی خوێندگا ئەهلیکان بیانسوتنێت، هەرچی زانکۆی ئەهلییە لە بنەوە هەڵیان تەکێنێت کە ئەم قوتابخانانە تەنها قوتابی تەمەڵ و کورە مەسئول و کچە مەسئول بەرهەم دەهێنن! دەبێت هەرچی خەستەخانەی ئەهلییە نەمێنێت بخرێتە سەر موڵکی گشتی خەڵک و دەوڵەت، گەر وانەکەن دەبێت هەتاکو ماون کوێیلەی ماڵە مەسئولەکان بن بەخۆیان و کوڕ و کچیانەوە. 
 
ژیان بەو هەموو جوانی‌و ڕۆحە زیندو پاکەوە هەموومانی لەیەک ترازاندووە
لەسەنگەرەکانی مردنەوە هەمیشە تەقەمان لە ژیانکردووە
مردنیش تاکو بێت لە مەرگی خۆیدا قوڵپمان دەدات
ئاخر پیاوی مردو! پیاو ئازاکانی جەنگ کەنگێ دەتوانن گەنم بەرهەم بهینن؟
کە تۆ قاچێکت بە ڕابردووە سەرێکیش بە داهاتووە بێت! 
دەبێت هەمێشە بە دووی خۆتا موسافیر بیت! 
تۆیەک کە هەمیشە موسافیر! هەمیشە کۆچەر!
کەچی نەتوانیت لەخۆتا مەدینەکە دروستکەیت!
دەبێت هەمیشە دەستێکت بە تفەنگەوەو ئەویتریش بە سنگتەوە بێت!
کوێ دەچیت؟ لە کاتێکدا ژمارەی داتاکانی مەرگ هەمیشە زۆرترە لە ژیان؟
بەتاک هاتینە ئەم ژیانەوەو بە کۆمەڵ بەرەو مەرگ براین!
شکۆی گەلێکیان لوولکرد بە ڕاکردنو هەڵهاتنەوە!
دەبێت بزووتنەوەی گۆڕانیش بچێتە سەر گۆرەکەی نەوشیروان موستەفاو داوای لێبردوونی لێ بکەن! چونکە ئەوە بزووتنەوەی گۆڕان بوون لە کاتێکدا ڕۆژئاڤا لە ژێر شمشێرەکانی ئیسلام و عەرەب و داعشدا بوو پارتییەکان هاتن بەناوی حکومەتی هەرێمەوە چاڵی مەرگیان بەدووەری براکاندا لێداو خەندەقیان لێدا کەچی بزووتنەوەی گۆران لە باتی هەڵویستی هەبێت هات باس و خواستی، کڕین و نەکڕینی ئۆتۆمبیلی دەکرد بۆ ئەندام پەرلەمانەکان!.
ئەوە بێدەنگی ئۆپزیسۆنە کە دکتاتۆر دروست دەکات! ئەوە ئۆپزیسۆنە کە قاچە خوار و شکاوەکەی دەسەڵات ڕاست دەکاتەوە دەیخاتەوە سەر سکەی خۆی نەوەک پاساوی بۆ بهێنێتەوە! بزوتنەوەی گۆران لە ژێر پاساوی ئێمە بزوتنەوەیەکی مەدەنین‌ و بێ چەکین و هێزی سەربازیمان نییە وای لەو دەسەڵاتە کرد ببێتە دیکاتوۆرو کەڵەگا بەرسەرمانەوە و هیچی لا گرنگ نەبێت جگە لەمانەوەی خۆی و دەسەڵاتێکی سستەمکار!. یاخود لەژێر پاساوی ئەمە شەڕی نەوتە خۆیان بدزنەوە!.
مەرگی جەلال تالەبانی، مەرگی کەسێک نەبوو بەڵکو زەنگی گەمژەیی و گەلهۆری گەلێک بوو، کە دوژمنە خەوتۆکەی بە خەبەرهێناو بەئاگای خستەوە لەو خەونە قوڵە هەڵسانەوە تاکو لە فانتازی ئەوەدا نەبێت، ئێمەی کورد چەند ئازا و بەرجەرگین بەڵکو زەنگێک بۆ ئەوەی ئێمە تاکو چەند گەمژە و بێهەڵوێست و بێدەرین! بەڵگەیەک بوو بۆ دوژمنانی کورد تاکو لەوە بگەن کە ئەم گەلی کوردە تاکو چەند فس فس پاڵەوانن! دوژمنان لە خەیاڵ و ئەندیشەیاندا وێنەی پاڵەوانێکیان بۆ کورد کێشابوو بەڵام ئەو وێنە لە مەرگی سەرۆکدا هەر هەمووی کردە خرافیات و ئەفسانە! گەلێک بە سەتڵ قوور بشێلێت و بیکا بەسەریدا بۆ مەرگی کەسێک بەڵام ئامادیی تێدا نەبێت لەسەنگەرەکانی شکۆمەندی خاک و نیشتیماندا فیشەکێک بنێت بە دوژمنانییەوە هەمیشە پێیەکی بەهەڵهاتنەوە بێت نەمانی باشترە وەک لە بوونی!. 
نەوشیروان موستەفا کاتێک بێهیوا بوو لە بزووتنەوەکەی کە ئەندام پەرلەمانەکای لە دێبگە گەرانەوە و خۆیان کرد بە سلێمانیدا! ئاخر ئەو رۆژە مەرگی نەوشیروانی بە دووی خۆیتا هێنا و ئەو پیاوە ئیتر بێهیوا بوو لە هەموو شتێک! ئەو پێی گووتن دەبوایە هەمووتان بکوژرانایەوە نەگەرایانتەوە چونکە نەوشیروان پیاوی ئازا دەویست نەوەک ترسنۆک! ئەندام پەرلەمانەکانی گۆران ترسنۆک بوون، هەر بۆیە گەڕانەوە، بەڵکو دەبوایە هەر لە دێبگە مانیان بگرتایەوە تاکو ڕۆژیان بەم ڕۆژە نەدەگەیشت! ئەوە بزووتنەوەیە لە دوایی مەرگی نەوشیروانەوە هەرخەریکی بەیان دەکردنە بە پاساوی ئێمە بزووتنەوەی مەدەنین‌و و هێزی چەکدارمان نییە! نازانم تاکو کەی بۆیان دەچێتە سەر ئەم ماڵ و قورینە و ماڵە باجێنەیە؟ کەچی ئەندام پەرلەمانەکانی گۆران ڕۆژێک نەمان بینین بهێنە سەرشەقامەکانی نیشتیمان و مان بگرن و خەڵکی ئازا بەرهەم بهێنن! با زیندانەکانی دەسەڵات پڕبوایە لە دەنگی ئازا و دلێر! با زیندانەکانی دەسەڵات پربووایە لە دەنگ نارازیی! ئەی تۆ ئۆپۆزیسۆنی چیت؟ تەنها دەتەوێت لەژێر پاساوی مەدەنییەتدا تەمەنی خۆت و منالەکانی دەسەڵات درێژکەیتەوە؟ 
سەرۆک دەیویست بەو ئاخڕی تەمەنەوە مێژوویەک بۆ خۆی دروست بکات! ئاخڕ مێژوو بە پیاوی خۆی دەکریت نەوەک بە پیاوی باغە! ئەوە مێژووە پیاوەکان هەڵدەبژرێت نەوک پیاوەکان مێژوو بۆ خۆیان بنووسنەوە! ئەوە مێژوو بوو باوەشی کرد بە چارلی چاپلدا و بردی بۆ خۆی ئێستاکە نامەی کچەکەی لە گوێ ئێمەدا دەزرنگێتەوە ئەوە مێژوو بوو کە سنگی بۆ چێگیڤارە دادڕی و هەموو سنورەکانی بری و دەرگاکانی کۆیلەی هەموو شکاند ! گیڤارە ئێستاکەیش وێنەکەی سمبوڵی ئازادی و یەقین و یەکسانییە بە کاسکێتی کچانی ئەمەریکای لاتنەوە و ئەستێرەکی پڕشنگدارە لەسەر سنگی ئازادیخوازانی ئەم جیهانە! تۆیش ئەی پیاوی کورسی هەموو مێژووی تۆ تەنها کوێرە دێیەکە لە بەرزان لەوێ تێپەری ئیتر سەگ دەتخوات و ئێسکەکانت کەس نازانێت لە کوێدا دەکەون و دەبنەوە بە خۆڵ. 
من باوڕم بە خوێنڕشتن نییە! من بەدەست خۆم نییە بە بینینی مەرگی ڕیشۆڵەیەک کارەساتە دڵتەزێنەکانم وەبیردهێتەوە! ئێستاکە مەرگی سەدان گوڵە ئەستێرە لە دەورم کەوتوون! مەرگی جوانانی ئازای وڵاتکەم بێناز لە پیکاپەکانی جەنگدا بێناز بەسەر یەکدا کەوتوون! کێ کێ دەناسێتەوە؟ کێ سەروەری نیشتیمانە دزراوەکەم بۆ دهێنێتەوە تاکو من سەری پێببەخشم!. 
پێتان ڕادەگەینم تاکو شەری نەتەوەکان نەخوڵقێت هەرگیز دەولەتی کوردی دروست نابێت! ئەم جیهانە پرە لە دەوڵەتی پڕ سەرهەنگی بەرهەمی شەری نەتەوەکانە ئەگینا هەر هەموویان پەنجەکانی یەک دەست و قاچ نەدەبوون؟ تاکو ئەم سەرکردە و حیزبانەیش ئاغا و سەروەروو سەرکردە بن، دەبێت هەتاکو ماوین لە فەزا و نەهامەتی و ئاوارەییدا تەمەنمان بەڕێ بکەین. دەبیت هەمیشە کۆچەر بین هەرگیز نەتوانین مەدینەکە کە خۆماندا دروستکەین. 
سەرم پرە لە ئەندێشە نازانم ئەمە خەون بوو یاخود کابوس یاخود دەبوایە هەر بمان بینییایە، چونکە گەلێک خاوەنی پیاوی وابێت ئەم داهاتووی دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە