کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دڵم لای پێشمه‌رگه‌ دیله‌کانه‌!

Tuesday, 17/10/2017, 4:22


ئه‌رێ خۆ حه‌ویجه‌ش ئازادکرا و که‌چی ده‌نگ و هه‌واڵی ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی دیلی ده‌ستی ئه‌و هێزه‌ شومه‌ هه‌ر نه‌بوو‌! ئه‌ی نه‌یانگوت که‌ له‌ حه‌ویجه‌ له‌ زینداندان؟! بۆ که‌س باسیان ناکات و گرنگی به‌ چاره‌نوسیان نادات! کوا جگه‌ له‌ که‌سوکار و خێزانه‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌کانیان، کێی تر ئه‌وانی له‌بیره‌؟؟!! ئاخر زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان کوڕی خه‌ڵکه‌ هه‌ژار و زه‌حمه‌تکێش و ره‌نجه‌ده‌ره‌که‌ن، کوا کامیان کوڕ و برا و که‌سی سه‌رکرده و به‌رپرسه‌ باڵاکانی باشورن؟؟ ئه‌و لاوه‌ گه‌نج و جوانخاسانه‌ی که‌ زۆربه‌یان هاوسه‌ر و فرزه‌ندیان هه‌یه‌، باوک و دایکه‌ ریش و پرچ سپییه‌کانیان له‌ چاوه‌ڕوانی کزه‌ی جه‌رگه‌کانیاندا خه‌فه‌تخانبوون! هه‌موویان خوشک و براکانیان به‌ هه‌ناسه‌ی سارد و تاسه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ و هه‌وڵیانن! 
ئاخ ده‌بێ چه‌ند مناڵی ئه‌م پێشمه‌رگه‌ یه‌خسیرانه‌ که‌ له‌م نزیکانه‌‌ چوونه‌ته‌وه‌ خوێندگه‌ جانتای مه‌کته‌بیان نه‌بێت و به‌نیازی باوکیان بن بێنه‌وه‌ بۆیان بکڕێت؟ 
ئای ده‌بێت چه‌ند پیره‌باوکی نه‌گبه‌ت و به‌دبه‌خت و سیاچاره‌ ئه‌ژنۆکانیان له‌ باوه‌شگرتبێت و سیمایان له‌ دوکه‌ڵی جگه‌ره‌دا وون بووبێت و چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌‌ی کوڕه‌کانیان بن؟ 
داخ ده‌بێت چه‌ند دایکی کراس و له‌چکڕه‌ش و پرچ سپی سۆمای چاویان داهاتبێت له‌ ئینتیزاری جه‌رگه‌کانیاندا؟ 
وای ده‌بێت چه‌ند مناڵی بێنازی چاوگه‌ش به‌ نیازی گه‌رانه‌وه‌ی باوکیان بن، تا بێنه‌وه‌ و نازیان بکێشێت؟ من به‌ چاوی دڵ هه‌نیسکی ئه‌و دوور له‌ باوکانه‌ ده‌بینم! 
کێ له‌ داخ و حه‌سره‌ت و فرمێس و هه‌نسکی هاوسه‌ره‌ گه‌نجه‌کانیان ده‌گات، که‌ ده‌ست له‌سه‌ر دڵ جاو‌ه‌روانی گه‌رانه‌وه‌ی مێرده‌ جوامێره‌کانیانن، ئاخر به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ن وازوو له‌ به‌هاری ته‌مه‌نیاندا که‌س پێیان نه‌ڵێت: بێوه‌ژن! ئاخ که‌ بێوه‌ژنێتی له‌ نیشتمانی ئێمه‌دا چ که‌سه‌رێکه‌؟ وای که‌ چ چاره‌ڕه‌شی و بێمروه‌تییه‌که‌ ژنێکی گه‌نج له ‌نێو گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتدا بێمێرد بکه‌وێت! 
من دڵنیام گه‌ر نیوه‌ی ئه‌و پاره‌ و پوله‌ی بۆ ریفراندۆمه‌ درۆیینه‌که‌ سه‌رفکرا، له‌ هه‌وڵی ئازاکردنی ئه‌م گه‌نجه‌ خێرله‌خۆنه‌دیوانه‌دا خه‌رج کرابا، ئێستا ئه‌وان گه‌رابوونه‌وه‌ و له‌ نێوکه‌سوکاریاندا زرپ و زیندو ده‌بوون! 
من دڵنیام گه‌ر کوڕ یان برای سه‌رکرده‌ و لێپرسراوێکی باڵای کوردستان له‌نێو ئه‌مانه‌دا بووایه‌، ئێستا به‌ بۆنه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ئه‌مانیش گه‌ڕابوونه‌وه‌ و ئازاد کرابوون!
به‌ڵام که‌ی بازرگانانی نه‌وت و فرمێسک و خوێن له‌ خه‌می کوڕی هه‌ژارو ژیان و گیانیاندا بوونه‌؟! که‌‌ی فرمێسکی مناڵی هه‌تیو و ئاه و حه‌سره‌تی هاوسه‌ره‌کانیان جێگه‌ی بایه‌خی ئه‌وانه‌؟؟
هێمن گوته‌نی: 
سه‌رمایه‌ی وان له‌ گه‌ڕدا بێ، با زۆر ده‌رک به‌ قوڕ گیرێ!
دۆلار له‌ بره‌و نه‌که‌وێ، با کۆڵه‌وار بێ داپیرێ!
هۆ کوڕه‌ گه‌نجه‌ دیله‌کانی ده‌ستی داعشه‌ ریش چڵکنه‌ دڕنده‌ و نامرۆڤه‌کان، گه‌ر ماون و له‌ ژیاندان، ته‌ممه‌نا و خۆزگه‌مه‌ چی زووتره‌ بگه‌نه‌وه‌ نێو ماڵ و منداڵ و که‌سوکارتان، خۆ گه‌ر نه‌شماون له‌م دووره‌ وڵاته‌وه‌ سه‌ری رێزتان بۆ داده‌نه‌وێنم و گڵی سه‌ر گڵکۆی ونتان ماچ ده‌که‌م.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە