دەوڵەتەكەشمان پشەكەخواردی
Tuesday, 17/10/2017, 4:18
كێشەی هەرە گەورەی سەركردایەتی كورد لەوەتەی یەكەم شۆڕشی كوردەوە تا ئەمڕۆش، كێشەی نەشارەزاییە لەكاری دیبلۆماسیدا..بۆیە زۆرجار دەبینین سەركردایەتی كورد بەئاسانی وزۆرجاریش بەگێلییەوە ئەكەونە داوی پیلانەكانی دوژمنانەوە، زۆرتریش پیلانی هێزە بیانیە بەرژەوەندخوازەكانی دونیا..باشترین نمونە شۆڕشی ئەیلولە كە رابەرەكەی مەلا مستەفا بو، لەبەر نەشارەزایی لەبەڕێوەبردنی شۆڕشەكەی كەوتە داوی پرۆژەكانی ئەمریكاو شای ئێران ، بەیەك سازشی بچوكی شا بۆ سەدام حوسین شۆڕشێكی گەورەی 300 هەزار چەكدارو روبەرێكی فراوانی خاكی ئازاد هەرەسیهێنا.
كاتێك مەلا مستەفا گشت هێلكەكانی خۆی خستە ناو سەبەتەی ئەمریكاوە چارەنوسی میللەتەكەی بەبەرژەوەندییەكانی ئەمریكاوە بەست، گشت وەرقەكانی خۆی تەسلیمی دەستی شای ئێرانو ئەمریكا كرد، بینیمان كاتێك بەرژەوەندی ئەم دو وڵاتە هاتەپێش یەكسەر پشتیان لەشۆرشەكەی كردو كاری ئەو تەمام شود. رەنگە مەسعود بارزانیش هەر هەمان سیاسەتەكانی باوكی دوبارە كردبێتەوە بۆیە لەپەیوەندیەكانی دەرەوەدا تەنها وتەنها پشتی بە ئەمریكا بەستوە، بەڵام بەم ریفراندۆمە شوومەوە ئەویشی لەدەست خۆیدا.
لەوتارێكی پێشومدا پەیامێكم ئاراستەی مەسعود بارزانی كرد و داوام لێكرد ئەو هەمو بانگەوازە نێودەولەتیانەو پێشنیارەكانی حكومەتی عیراق بەهەند وەربگرێت و رەزامەند بێت بەدواخستنی ریفراندۆم و بەو ئەوراقە بەهێزەوە بگەڕێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی باشترین دەسكەوت بۆ میللەتەكەی بەدەستبێنێ، بەڵام بەداخەوە ئەو زیاتر بەقسەی هەندێ راوێژكاری بیانیو درۆو دەڵەسەی راوێژكارە حزبیەكانی كردو، خۆیو میللەتەكەشی توشی ئەم هەمو نەهامەتیانەی ئەمرۆ كرد.
زالمای خەلیلزادو جای غارنەر سەدان هەزار كیلۆمەتر لە هەرێمەكەمانەوە دورن،بیرنار كۆشنیر وبیرنار لیفی سیاسەتمەداری خانەنشینكراون، هیچ كاریگەریەكیان بەسەر سیاسەتەكانی وڵاتەكانیان نیە كە رۆژانە بەپێی روداوەكانی جیهان گۆڕانكارییان بەسەرادێ.. تەنانەت ئەوانە لەكاتی لەدەسەڵاتیشیاندا ناتوانن كاریگەر بن بەسەر روداوەكانی جیهاندا، چونكە وڵاتەكانیان دامەزراوزەییەو بریار لە تاكێك وەرناگیرێت، بەڵكو لەدەزگای ستراتیژی و ئەنجومەنە باڵاكانی ئەم وڵاتەنەوەیە..
لەسەروبەندی راگەیاندنی ریفراندۆمە گاڵتەجاڕییەكەی مەسعود بارزانی، دەیانو سەدان نوسەر چاودیری سیاسیو خەڵكانی سیاسەتمەداری بەئەزمون داوایان لەبارزانی كرد كەوا پاشەكشە لەریفراندۆمەكە بكا، بەڵام ئەو لەكەلی شەیتان نەهاتە خوارەوە بەگوێی ئەو جەنەراڵە خانەنشینانەی كرد، لەبێ شارەزایی مەسعود بارزانیەوە وای زانی جای غارنەر شەفاعەتی بۆ ئەكات لای كۆنگریس و، زالمای ئەفغانیش لەلای ئیدارەی ترامپ، كاكە لیفیش لەلای بنیامین ناتانیاهۆ كە بەئاشكراو بەراشكاوی رایگەیاند ئێمە لەپشتی ئەو ریفراندۆمەوە نین.
لەو لاشەوە بەشێكی زۆر لەچڵكاوخۆرەكانی دەسەڵاتی پارتی وكۆیلەكانی بنەماڵە، مەسعودیان شەحن ئەكردو بەیناو بەین درۆیەكیان بۆ هەڵئەدا گوایە ئەمریكا دژمان نیەو ئیسرائیل لەپشتمانەو با ئاڵاكەی هەڵدەین، بەغدا خۆی شەكەتەو هیچی پێناكرێ، تەنانەت هەندی لەو مفتخۆرانە باسی ئەوەشیان ئەكرد كەوا ریفراندۆم پرۆژەی ئاكەپەو ئەردۆگانەو توركیا دژمان نابێ.. دەركەوت ئەمانەو راوێژكارە نازدارەكانی ئەمریكاو فەرەنساش هیچیان بەهیچ نەكرد..
مەسعود بارزانی ئەبوایە هەر لەكاتی سەردانەكەی بۆ برۆكسلو سازدانی دیمانەكەی لەهۆڵی رۆژنامەوانیەكەیدا لەو حەقیقەتە بگەشتبایە كە كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لەگەڵیدا نین..هەر ئەو كاتە تێبگەشتایە كەوا دیبلۆماسییەتەكەی فەلاح مستەفا هەموی فشەخانەیە،ئەبوایە هەر لەگەڕانەوەیدا لەبرۆكسل هەرچی راوێژكارو مفتخۆری قەسرەكەی سەرۆكایەتی هەیە بیانخاتە كونجی زیندانەكانی پاراستنو ئاكرێو، زیندانیەكانی ئەوێی ئازاد بكردایەو گوێی لەوان بگرتایە، چونكە سیاسەتمەداری سەركەوتو ئەبێ گوێ لەنەیارەكانی بگرێ نەوەك لەكۆیلەكانی.
پێموایە زۆرترین درۆی دەسەڵات لەمێژووی كوردا كرابێت، ئەو درۆیانەن كە پارتی وسەركردەو چڵكاوخۆرەكانی لەو دو مانگەی ریفراندۆمدا كردویانە،ئێستا دوای ریفراندۆمیش هێشتا ئەو نوسەرو پەرلەمانتارو سەركردانەی پارتی لەچەواشەكردنی بارزانی ناوەستن، رۆژ نیە گوێمان لێ نەبێ هیوای درۆزنانە بەگوێی بارزانیدا ئەدەن، یەكێ ئەڵێ نوسەرێكی ئەمریكی فەرمویەتی دەوڵەتی كوردستان بەڕێوەیە. یەكێ ئەڵێ مۆزفرۆشێكی ئیكوادۆر وتویەتی دەوڵەتی سەربەخۆ مافی كوردە، یەك ئەڵێ خاوەن مەتعەمێكی بەرامبەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتویەتی ئیدارەی ترامپ پاڵپشتی دەوڵەتەكەی بارزانی ئەكات.
شتێكی حەتمییە دیكتاتۆر لەنەتیجەی بیركردنەوەی تەسكی خۆیداو بەچەواشەكردنی لەلایەن دەستوپێوەندانی بەیەك هەڵە سەری خۆی دائەنێ، سەدام بە داگییركردنی كوەیت، حوسنی موبارەك كاتێك بە خۆپیشاندەرانی میللەتەكەی وت " با بۆ خۆیان هەڵپەرن"!. قەزافی كاتێك بەمیللەتەكەی وت " ئێوە سەگن"ّ!. هیتلەر كاتێك هێرشی كردە سەر روسیا، مۆسۆلینی كاتێك دەستی خستە ناودەستی هیتلەرەوە.. ئەمانە بەگشتی پەندو عیبرەتی مێژوون كە بارزانی سودی لێوەرنەگرت و، پشتی كردە ئەو هەمو بانگەوازو هاواری نوسەرانو رۆشنبیرانی كوردستان كە داوایانكرد پاشگەز بێتەوە لەو هەڵوێستە خۆ كوژییەی.زۆر بە بێمنەتیەوە وتی" دەوڵەت دائەمەزرێنم ، با خەڵكیش لەبرسا بمرێ"!.
ئێستا نەریفراندۆمەكە سەركەوت ، نەدەوڵەتەكەشی پێراگەیەندرا، لەم هەلومەرجەشدا بەهەمو شتێك رازییە بە گەڕانەوەشی بۆ بەغدای مالیكی وعەبادی.كەواتە دەوڵەتەكمان پشەكە خواردی!.
بەداخەوە ئێستا ئەو كارتە بەهێزەشی لەدەستچو بەرامبەر بەغدا ، ئەوەتا حكومەتی ئیتیحادی خەریكە داوای یاسایی بەتاوانی خیانەتی عوزماش لەدژی مەسعودو هەمو ئەوانەی هاوئاوازی بونە تۆمار دەكات، ئەمەش بەكورتو موختەسەری واتای كۆتاییهاتنی رژێمە دیكتاتۆرییەكەی مەسعود بارزانییە، چونكە لەمەولا نە ئەتوانی سەفەری دەرەوە بكات نە ئەشتوانی خۆی بۆ هیچ پۆستێكی حكومی بپاڵێوێت.ئەمەش كۆتایی خەونی ئەو بنەماڵەیە بە سعودیكردنی دەسەڵاتیان لەهەرێم، جگە لەوەش كۆتاهاتنی خەونی سەدان ساڵەی میللەتەكەمان بۆ سەربەخۆیی كە بەدەستی مەسعود بارزانییەوە هەتا هەتا وەكو خەونی شاعیران ئەمێًنێتەوە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست