حێزبی دیموکراتی کوردستان لە جەنگی جەهانی یەکەم
Tuesday, 10/10/2017, 22:21
لاپەرەێک لە مێژووی کورد
لە جەنگی جەهانی یەکەمدا سپای روس هات و تاران و روژهەڵاتی کوردستانی گرت . ولاتی ئێران نیوان روس و ئینگلیس دابەش کرا ، کوردستان و باکۆری ئیران بۆ روسیە بوو و لە ئەسفەهان بەرەو خوار بۆ ئینگلیس بوو . لە کەرکوک بەرەو باکۆر لە تەک موسڵ بو فرانسە بوو. وان و ئەسەمولیش بۆ روسیە بوو و بەغدا وبەسرە ش بو ئینگلیس بوو . رێکەوتنی سایکس پیکۆ ، ئیمپراتوری ئوسمانی دابەش دەکرد ، هەفتا لە سەدی کوردستان و ئەسەمولیش دەکەوتە بەشی روس. بەڵام لە ساڵی ١٩١٧ ، بلشویکە کان هاتنە سەر کار و سپای روسیان لە شارەکانی کوردستان و ئێران بردەوە و بەم جورە پەیمانی سایکس پیکو جێ بە جێ نەکرا و لە ناوچەکە بوشایی هێز پەیدا بوو و ولاتانی ئێران و ئێراق و تورکیە و سوریە و... پێک هات . رێکەوتنی سایکس پیکو دژی کورد نەبوو بەلکۆ دژی ئوسمانی بوو ، بەڵام لەو کاتە کورد لە هەر چوار پارچەکە پشتیوانی لە ئوسمانی و تورک دەکرد و دژی روس جەنگیان دەکرد نەک دژی داگیرکەرانی ئوسمانی و ئێران .
حێزبی دێموکراتی کوردستان لە سنە
لە کاتی جەنگی جەهانی یەکەم سپای روس رۆژهەڵاتی کوردستانی وەک مەهاباد ، سنە هەمەدان و کرماشانی گرت وحکومەتی قاجار دەسەڵاتی بە سەر کوردستانەوە نەما و دوای سەد ساڵ دیسان یەک کورد بە ناوی سەردار رەشی (ئەباس ئەردەلان) لە لایەن روسەکانەوە کرا بە والی سنە . لە ناو سپای روس فرەێک لە ئەفسەرەکان ، سوسالیست و کمونیست بوون و بیری سوسیالیستی لە شاری سنە پەرە دەدەن و حێزبێک بە ناوی دێموکرات دادەمەرزێنن . ئەم حێزبی دیموکراتە جیاوازە لە حێزبی دیموکراتی کوردستان بە رێبەری قازی موحەمەد کە لە جەنگی جەهانی دووهەمدا دامەزرا . ئەفسەرانی رووس لە سنە ، وەک گورپاچوڤ ،مامانوڤ و خارچینکوڤ سوسیالیست بوون و یارمەتی کوردانیان ئەدا کە رێکخراوەیان هەبێ و خەڵکی هەژار رێک خەن و بە دیموکراسی ناسیاری پەیدا کەن بۆیە حێزبی دیموکراتی کوردستانیان بە رێبەری شێخ ئیبراهیم و سالار ئەشرەف کەمانگەر رێک خست . کەسانیک تر وەک ماموستا مەزهەرول ئیسلام ، ئیبراهیم سوهرابزادە، رەمەزانزادەی کوردستانی، شێخ نیسکی و حەبیب سەمەدزادە لە سەرانی حێزبی دێموکرات کوردستان بوون . ئەم حیزبە لە ماوەێکی کەم توانی فرەێک لە خەڵک و خوێندەواران لە دەوری خوی کۆ بکاتەوە و ببوە بە بەهێزترین حیزب لە کوردستان .
کوردستان بۆ ماوەی دوو سال بوو کە دیکتاتوری دەسەڵاتی ناوەندی ئێران نەمابوو و خەریک بوو بەرەو ئازادی و سەقامگیری بچێت ، بەڵام لە ساڵی ١٩١٧ لە روسیە شوڕشی بلشویکی کرا و لنین پێویستی بە هێزەکانی روس بوو ، بۆیە فەرمانی دا هێزەکانی روس بگەرێنتەوە بۆ روسیە . دوای روێشتنی روسەکان بوشایی سیاسی لە کوردستان و ئێران پێک هات ، و ئینگلیس وحکومەتی ناوەندی ئێران بوشاییەکەیان پڕ کردەوە . ئیتر سەردار رەشی نەیتوانی لە سنە بمێنێتەوە و چووەو بۆ رەوانسەر و دەسەڵاتی کوردستان دیسان کەوتە دەست والیە ئێرانیەکان و جاشەکانیان .
پاش روێشتنی سپای روس ، ئینگلیس دەیویست حکومەتی ناوەندی بە هێز لە ئێران دامەرزێنێ و یارمەتی حکومەتی ناوەندی ئەدا ناوچەکانی سنوری ئێران سەرکوت بکات . ئیتر کابراێکیان بە ناو شەریفە دەولەی کاشانی کردە والی سنە و بە یارمەتی جاشەکان دەسیان کردە سەرکوت کردنی خەڵک و لە ناو بردنی سەرانی حێزبی دیموکرات . بۆ ئەم مەبەستە کەسێک بە ناو شێخ حەمەی مەردوخ کە هەمیشە جاشی حکومەتی ناوەندی بووگە یارمەتی ئەدەن ، حێزبێکی سەر بە حکومەت بە ناوی سوسیال رێفورمیست دژی حێزبی دیموکرات دابمەرزنیت .مەردوخ کە جاش و هاوکاری حکومەتی ئێران بووگە بە یارمەتی کونسولی ئینگلیس لە سنە دەس ئەکات بە دژایەتی و سەرکوتی حیزبی دیموکرات و لایەنگرانی .
سەرانی دێموکرات وەک شێخ ئیبراهیم و مەزهەرو ئیسلام ناچار ئەبن بەرەو تاران هەڵبێن، حکومەت و مەردوخ و ئاسەف کەس دا ئەنن سەرانی حیزبی دیموکرات بکوژن و شێخ ئیبرایم بە شەریفە دەوڵە ئەیژێ من گەرەکمە بچم بۆ هەورامان لای شێخ حیسامەدین، بەڵام بە نهێنی بەرەو تاران دەچی .والی و مەردوخ و ئاسەف چەند کەس لە جوار لاوە دائەنن کە شێخ ئیبرایم بو هەر لایک چوو، بیگرن و بیکۆژن. لە ناوچەی لەیلاخ کەسێک بە ناو غولام حوسەین کە لە لایەن دەسەلاتەوە راسپێرابوو شێخ ئیبراهیم بکوژێت لە گوندی جافر لە لەیلاخ دەگاتە شێخ ئیبراهیم و دەڵێ منیش ئەچم بۆ تاران کە لە هەڵێکدا لە دواوە تەقە لە شێخ ئیبراهیم دەکا و دەیکوژێت ئەسپ و لیرە و پارەکەیشی دەبات. دواتریش سالار ئەشرەف و سەرانی تر لە سنە دەکۆژن و حێزبی دیموکرات لە ناو دەچێت . ئینجا شەریفەدەولە بە یارمەتی جاشگەلێک وەک ئاسەف ومەردوخ ، و ترساندنی سەردار رەشی وسەروک هوزەکانی هەورامان و بە کار بردنی ئەوان دەس ئەکەن بە سەرکوت کردنی هوزەکانی مەنمی، گەڵواخی و هوزی شێخ ئیسمایلی جاف لە قوروە. جەنگی کورد بە جاشی کورد ئەکەن . دوای سەرکوت کردنی ئەم هوزانە، سەرانی ئەوان لە بان تەپەی فێردەوسی سنە زندە بە چال ئەکەن . کونسولی ئینگلیس لە سنە بە ناوی کاپیتان وارن رێبەری جەنگی حکومەتی ناوەندی کردوە و بۆ یەکەمین جار فروکە و هێلوکوپتری ئینگلیسی دژی هوزەکانی کورد بە کار بردوە . چۆن ئینگلیس دەیویست حکومەتێکی ناوەندی بەهێز و سەر بە ئینگلیس لە ئێران دامەرزێنن و ئەحمەد شا ئامادە نەبوو رێکەوتنامەی نەفتی دارسی درێژ بکاتەوە ، ئەویان لابرد و رەزا ملهوری قەزاق ئالاشتیان هێنایە سەر تەخت کە گوێ رایەڵ و نوکەری ئینگلیس بوو.
بە راستی ئەگەر لنین نەهاتباتە سەر کار و رێکەوتنامەی سایکوس پیکو جێ بەجێ بکراێیت ، ئێستا نە وڵاتی ئێران و تورکیە بەم شیوە دەبو و نەک ئەستەمول شارێکی تورکی دەبو ، بەڵکو شارێکی روسی دەبو،نەیش کوردستان چوار پارچە دەبو، کوردستانیش یا سەربەخو دەبوو یا دەبوە کۆمارێکی بە هێزی سەر بە روسیە بۆ ماوەێک . هاتنی لنین و یارمەتی ئەوان بۆ ئاتا تورک بووە هۆی سەرکەفتنی ئاتا تورک و رزگاری تورکیە لە دەستی ئینگلیس و یونان و بووە هوی دابەش بوونی کوردستان بە چوار پارچە . بەڵام بە داخەوە کورد مێژووی خۆی نازانێ یا بە نیوەچلی دەزانێ و ناتوانێ لە مێژووی خۆی بە باشی وانە وەربگرێ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست