ئاینەکان کام هۆشیاری دەبەخشنەوە؟
Monday, 09/10/2017, 18:57
باشە گەر چینوتوێژە هەژار کراوەکان خاوەنی باوەڕ بوون بە ئاینێک نەبونایە، دەکرا هەروەک ئێستا بەتەخدیر کراوی بمانایەنەوە؟ چونکە کۆی ئاینەکان چینوتوێژەکانی خوارەوە فێری شۆڕشگێڕێتی و ناسینی سیاسی چینایەتیان ناکات،بەپێچەوانەوە کۆی ئاینەکان جا لەزەرادەشتیەوە تادەگات بەکۆتایان کەئیسلامە،مرۆڤە هەژار کراوەکان فێری سەبرو تەحەمول و جیهاد لەپێناو خودا دەکات کەئەمەیشیان لەپێناو ڕزگار کردنی خودی چینە هەژار کراوەکەدا نیە. یان ئامۆژگاریان دەکات کەدەست بۆ ماڵی خەڵکی نەبەن،دیارە لێرەشدا مەبەست ماڵی خاوەن دەسەڵاتەکانە،چونکە سامان لای ئەوان کۆ بوەتەوە نەک لای دراوسێی هەژارەکە کەئەویش هەروەک ئەم هەژار کراوە،یان فێری ڕەوشتی بەرزو کاری چاکە و کێ توانای هەبوو خێروسەدەقەو زەکات بدات بەوی موحتاجە. ئەم جۆرە فەرهەنگ و پەروەردەیە،بەکۆ لەقازانج و بەرژەوەندی چینە دەسەڵاتدارەکەدایەو هەمیشە چینوتوێژە هەژار کراوەکان کەقان دراون بەباوەڕ بوون بەئاینێک واڕادەهێنرێن کەهیچ کات نەتوانن لەهۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیان تێبگەن و هەر لەو ڕێگایەیشەوە تا بتوانن دەست ببەن بۆ خۆڕێکخراو بوونی چینایەتی خۆیان و بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆیان. مارکس واتەنی تاچینی کرێکارو زەحمەتکێش نەبن بەخاوەنی هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیان ئەوا تەنها هەژار بونەکەیان نابێتە هۆکارێک بۆ دەست بردن بۆ شۆڕش کردن. گرنگترین وورد بینیە ئەو شرۆڤەیەی مارکس. چونکە کاتێک سەیر دەکەین لەوڵاتانی ڕۆژئاوایشدا کاتێک کەئاینیش لەدەوڵەت جیاکراوەتەوە کەخۆی بۆخۆی هەنگاوێکی مەزنە بەڕوی کرانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنیدا،بەڵام هێشتا دەسەڵات لەژێر دەستی چینە چەوسێنەرەکەی سەرمایەداریدایەو قۆرخ کاری لەپلەی یەکەمدایەو کۆی زانستێک کەمرۆڤایەتی بەرهەمی هێناوە لەپێناو قازانج و بەرژەوەندی خاوەن شەریکاتە گەورەکانی کەرتی تایبەتدایەو هەر لەم ڕێگایەیشەوە کەزانست جێگای بەڕەسمیەت ناسینی ئاینەکانی چۆڵ کردوەو خۆی جێگای گرتونەتەوە،هێشتا نەبوەتە چەکی دەستی چینە بەرهەمهێنەرەکە.گەرچی زانست ملیۆنان جار لەئاست ئاینەکان لەپێشترەو مرۆڤ والێدەکات کەمێشکێکی وەستاوی نەبێت و بتوانێت بیربکاتەوەو خاوەن پرسیار و بەدوادا چون بێت بۆ ئەو شتەی کەتائێستا نەیتوانیوە بیناسێت،لەگەڵ ئەوەیشدا چونکە کۆی بواری ئابوری لەژێر دەستی دەسەڵاتی دەوڵەتدایە،بەهەمان شێوازیش بیروباوەڕی زاڵیش هەر لەو ڕێگایەوە دێت کەدەوڵەت هاندەریەتی. کەوایە تەنها ڕێگاچارە بۆئەوەی زانست و داهێنانەکان بەخراپ بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا نەشکێتەوەو نەبێتە هۆکارێک بۆ خڕکردنی سامان لەدەستی چینێکی کەمایەتیدا،ئەوا ڕزگار کردنی زانست و بەکارهێنانی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیش تەنهاو تەنها پەیوەستن بەڕزگار بونی چینی کرێکارەوە.
هەرکاتێک ئەم چینەیش توانی خۆی ڕزگار بکات،ئەوا لەوێیشدا دەتوانێت کۆی مرۆڤایەتی ڕزگار بکات لەو بیروباوەڕانەی کەتەنها بونەتە مایەی سەرئێشەو هێنانی جەنگ و کاول کاری.
هۆشیاریەک کەئاینەکان دەیدەن بەدەرخواردی چینوتوێژە هەژار کراوەکان تەنها بەنج کردنێکی ڕۆژانەیە،تائەو چینە بەئاگا نەیەتەوەو دەست نەبات بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەنێو ئەم سیستەمە چەوسێنەرە چینایەتیەدا.
سیستەمە چینایەتیەکان پارێزەری مانەوەی هەژاری سەر هزری چینە هەژار کراوەکانن،جا ئەو سیستەمە چینایەتیانە بۆخۆیان سەر بەسیستەمی ئایدۆلۆژیای سەرمایەداری بن یان سەر بەسیستەمی فیودالی و ئاینیەکان بن یان سەر بەسیستەمی چینایەتی کۆیلەداری بن. بەکۆ پێکەوە هەڵگری ئەو بیروباوەڕانەن چی ئاینی بن یان ناسیۆنالیستی یان خێڵەکایەتی بن،تەواو کەری ئەو درێژەدانە دەبن کەتادوا هەناسەیان کۆی ژێرخانی ئابوری لەژێر دەستی خۆیاندا بهێڵنەوە. یانی ئەو چەمکەی کەدەتوانێت کۆی سەرخانەکانی کۆمەڵگەیش واڕابهێنێتەوە کەهەر لەبەرژەوەندی مانەوەی چینە دەسەڵاتدارەکەدا بمێنێتەوە. بۆیە هەمیشە سیستەمی باڵا دەستی چینایەتی دەستێکی بەڕاگرتنی پایە ئاینیەکانەوەیە تالەو ڕێگایەوە بەردەوام پەروەردەی ئاینی دەردخواردی هزری چینوتوێژە هەژار کراوەکانی کۆمەڵگەکان بدات و هەلومەرجێکی وادەخوڵقێنن کەبتوانن بەئاسانی ئەو بەنج کردنە بەرنەدرێت کەبەنجی مێشکی چینە بەرهەمهێنەرو زەحمەتکێشەکانی پێ کراوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست