دەبوو مەسعود خۆی لەقوڕبگرتایە بۆ تاڵەبانی
Saturday, 07/10/2017, 21:39
لەشەستەکانەوە تاوەکو کۆتایی نەوەتەکان بنەماڵەی بارزانی تەواوی هێزو قوەتی خۆیان و تورک و عەرەب و فارس یان دژ بە جەلال تاڵەبانی و حیزبەکەی بەکارهێنا تاوەکو لە چالاکی سیاسیدا بیسڕنەوە.
کوشتن و تیرۆر کردنی چەندین سەرکردە و پێشمەرگەی یەکێتی و کارەساتی هەکاری، بەرەی جود ،قیادە مۆقەتە، سی و یەکی ئاب، هێنانی تانک و فڕۆکەی تورک بۆسەر کوردستان و لێدان لەحیزبەکەی تاڵەبانی هەمووی شایەتی ئەوەن کە بنەماڵەی بارزانی تاسەر ئێسقان دژی تاڵەبانی و حیزبەکەی بوون .
بەڵام دوای ئەوەی تاڵەبانی چوەسەرگۆڕەکەی مەلامستەفا و بەیعەتی بەبنەماڵەی بارزانیدا زۆر بەی ڕوداوەکان پێچەوانەبوونەوە .
تاڵەبانی بەرەو بەغداد بەڕێ کەوت و لەسەر کورسی سەرۆک کۆمار لێی دانیشت ،لەپێناوی کورسیەکەی خۆیدا تەواوی خەباتی یەکێتی و خوێنی شەهیدانی حیزبەکەی و کوردستانی بەخشی بەبنەماڵەی بارزانی ئەوانیش دەستیان بەسەر ئەرزو ئاسمانی کوردستاندا گرت .
لەسایەیی تاڵەبانیەوە مەسعود و بنەماڵەکەی فیرعەون ئاسا هەتاکو ئێستاش حکومی کوردستان دەکەن و تەواوی سیاسەتی کوردستان لەلایەن مەسعود بارزانیەوە ئاراستە دەکرێت .
ئێستاو دوای کۆچی جەلال تاڵەبانی هەندێک لێدوانی مەسعود بارزانی دەبیستین کەجێگای پێکەنینە و گاڵتەپێکردنە .
مەسعود دەڵێت مام جەلال لەمن ڕۆیشت یان دەڵێت من و تاڵەبانی هێندە بڕوامان بەیەکتربوو کە بەتەلەفۆنێک کێشەکانمان چارە سەر دەکرد !
ئاخرناکرێت مێژوی ڕابردوی نێوان یەکێتی و پارتی هەڵبدیتەوە و باوەڕ بەفرمێسکی تیمساحی مەسعود بارزانی بکەیت .
جێگای شەرمەزاریە بەدرێژای مێژو هەوڵی لەناو بردنی تاڵەبانی بدەیت ئێستا شین و شەپۆڕی درۆینەی بۆ بگێڕیت .
لەڕاستیدا ئەوەی ئێستا مەسعود خەمی بۆدەخوات ئەوەنیە کەتاڵەبانی خۆش ویستوە بەڵکو ئەوەیە کەلەسایەیی تاڵەبانیەوە گەیشتوە بەم ڕۆژە ئەگەر جەلال تاڵەبانی نەبوایە ئەوا ئێستا مەسعود و بنەماڵەکەی نەدەبونە مۆتەکە بەسەرشان و ملی ئەومیلەتەوە .
جەلال تاڵەبانی هێندەی سودی بۆ مەسعود و بنەماڵەکەی هەبووە نیو هێندە سودی بۆ کەسوکاری شەهیدانی حیزبەکەی خۆی نەبووە .
ئەوەتا ئێستاش تاکە کەس کە سودمەند بووە لەمەرگی جەلال تاڵەبانی تەنها مەسعود بارزانیە چونکە مەرگی تاڵەبانی سەرنجی ئەو خەڵکەی لەسەر ڕیفراندۆمە درۆینەکەی مەسعود لابردوە .
بۆیە ئەگەر مەسعود لەسەر گۆڕی تاڵەبانی خێمەیەک هەڵبدات و چل ڕۆژ خۆی بۆ لەقوڕبگرێت هێشتا کەمە چونکە تاڵەبانی بە زیندوی و بەمردوی خێر و بەرەکەت بووە بۆ مەسعود و بنەماڵەی بارزانی .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست