کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شادمان بین بۆ مەرگى تاڵەبانى یان خەفەتبار؟

Thursday, 05/10/2017, 20:34


کورد ئەڵێت لەپاش مردن رەحمەت باشە، منیش رەنگە بەدەمما نەیەت رەحمەت بۆ تاڵەبانى هیچ بەناو سەرکردەیەکى کورد بنێرم. لەبەر ئەوەى ئەوانەى کە ئێستا بەناو سەرکردەو  رابەر و چى و چى  ناو زەد دەکرێن. هیچیان سەرکردە و کاریزما و کەسانى لێهاتوو بلیمەت و ناودار نەبوون و ناشبن، مەگەر لە تاوانکارى و خراپە و ماڵوێرانى کورد دا نەبێت. ئەو بەناو سیاسییانە بەدرێژایى ژیانیان شتێکیان نەکردوە کە کورد دڵخۆش و ئاسوودە بکات ،تا پاش نەمانیان بۆیان لەخەم و پرسەدابین.
گەر بەوردى گوزەرێک بە ناو ژیانى تاڵەبانیدا بکەیت، هیچ شتێکى وەها نابینیتەوە کەشیاوى هەڵوەستە لەسەر کردن و باسکردن بێت،جگە لەوەى تا کۆتایى تەمەنیشى هەر خۆى بە خزمەتکار و دڵسۆزى ماڵى مەلا زانیوە.ئەوەتا تەماشاى (دیدارى تەمەن)ەکەى بکە، بۆخۆى گەواهیدەرى ئەو راستیەیە. تاڵەبانى یەکێک بووە لەهەر خۆشەویست  ودڵسۆز و متمانە پێکراوەکانى مەلا مەستەفا.کە زۆر باش وچاک زانیویەتى کە مەلا مستەفا جگە لە کابرایەکى نەخوێنەوار و عەشایەر، زلێکى بێ ناوەرۆک هیچى تر نى یە.
    سەرەتاى دروستبونى یەکێتى نیشتمانى خۆ فەرزکردن بەسەر گۆڕەپانى کوردستاندا،گەورەترین گورز و زەبرى لەکورد وەشاند، بۆخاترى رق وقین و ململانێى شەخسى نێوان جەلالى و مەلایى کارەساتى هەکارى خوڵقاند کە سەدان پێشمەرگەى دڵسۆز وقارەمان و کورد پەروەر تیاچوون. پاشان بەوەشەوە نەوەستا بەدرێژایى ئەو چەند ساڵەى لەشاخ بووە،هەر خەریکى لەناوبردن و سەرکوتکردنى کورد بووە، لە گەڵ پارتى شەڕى کردووە،لەگەڵ شیوعى ،لەگەڵ سۆسیالیست، لەگەڵ پاسۆک ، لەگەڵ ئیسلامى.دواتریش پاش راپەڕین چەندین جەولەى تر شەڕى بەرپاکردوە وەک شەڕى پارتى و ئیسلامى و پەکەکە .کە هەر هەمویان بۆخاترى ناو ناوبانگ وشۆرەتى خۆى بوون و هیچى تر، لەتەواوى ئەوشەڕانەدا جگە لە کورد کوشتن و ماڵوێرانى بۆ میللەت چ خێرێکى دیکەمان نەبینیوە و هیچمان نەچنیوەتەوە.
   پاشانیش کارەساتى کیمیابارانى هەڵەبجە و کوشتنى پێنج هەزار کورد،کە بەرپرسى یەکەم و کۆتایى خودى تاڵەبانى یە، ئەوبوو بەخۆى و یەکێتیەکەیەوە بەپشتیوانى وچاوساغى سوپاى پاسداران، هاتنە ناو هەڵەبجەو دەوروبەرى و،ئەو بیانوەیان دا بە رژێمى سەدام تا ئەو تاوانە ئەنجام بدات، کە ئەوەش بەبڕواى تاڵەبانى کارێکى گەورە و دەستکەوتێکى مەزن بوو بۆکورد، وەک نەوشیروان باسیکردوە ئەڵێت تاڵەبانى وتویەتى(بریا یەک دوو هەڵەبجەمان هەبوایە)مەبەست لێى ئەوەیە تا زیاتر و زۆرتر بازرگانى و کەسابەت بەناو و خوێنى شەهیدانى هەڵەبجەوە بکرێت، کە ئێستاش هەموو دەبینین، ئەو هەڵەبجەیەى بوو بەسیمبول، لەوێرانە و کەلاوە سەرەنوێلکێک زیاتر هیچى دیکە نى یە. پاشان کارەساتى ئەنفال و تیاچوون و نەمانى نزیکەى چارەکە ملیۆنێک کورد. روخان و خاپورکردنى پێنج هەزار گوندو شارۆچکە. کە ئەوەش بەهۆى هەڵەى سیاسى و نەفامى  تاڵەبانى و یەکێتى یەوە بوو،  وەختایەک لادێکان پشت و پەنا و ماڵ و بارەگاى پێشمەرگە بوون، بەدڵ و بەگیان خزمەت دەکران، بەڵام کاتێک رژێمى بەعس شاڵاوى ئەنفالى دەستپێکرد، پێشمەرگەو یەکێتى زۆر خەم سارد و دەستەوەستان بوون ،بۆ بەرگرى لە خەڵکى ئەو گوندانە، هاوکارى و رزگارکردنیان،کە ئەوەش تاوانێکە لە زنجیرە تاوانەکانى تاڵەبانى، گەر ئەو لادێ و دیهاتەکانى نەکردبایە بەبارەگا و بنکەى خۆیان،گەر لەوێوە هێرش و پەلاماریان بۆ سەر دوژمن نەکردایە، دوژمن ناچار نەدەبوو کە ئەو تاوانە ئەنجام بدات.
   لەناو خۆى یەکێتیشدا چەندین تاوان و ناهەقى هەیە،کە زۆریان پەردەپۆش کراون،زۆریان خەڵک ناوێرن باسیان بکەن  نەبادا تاوانبار و بکوژەکانى ئەو تاوانانە تۆڵەیان لێبکەنەوە،ئەگەر نا بەدەیان و سەدان پێشمەرگەى وەک وریا سور،عەولا سور،مامۆستا حوسێن خانەقینى، جەبارى عەلى عەوێز و.... زۆرێکى دیکە،هەن کە جگە لەدڵسۆزیان بۆیەکێتى و تاڵەبانى هیچ تاوانێکیان نەبووە،بەڵام چونکە زۆریان نهێنى وشتى شاراوەى یەکێتى یان لابوو، خەڵکیان بۆکوشت بوون، ئاگادارى پەیوەندیە سیخوڕیەکانیان بوون، هەریەک بەشێوە و تاوانێک لەناوبراوە.
دیکتاتۆریەتى تاڵەبانى سنورى تێپەڕادبوو، بەدرێژایى مێژووى یەکێتى هەر خۆى بکوژ و ببڕى یەکێتى بو،هەرخۆى سەرکردە و کەسى یەکەمى یەکێتى بووە، دەسەڵات و باڵا دەستى بەشێوەیەک بوو،کە کۆنگرە و هەڵبژاردن و ئەم شتانەى دەخستە ژێر پێوە، چەندین جار کەسانى تەکەتولى خۆى لەکۆنگرەدا سەرنەکەوتون، نەبوون بە سەرکردایەتى، بەڵام تاڵەبانى حسابى بۆکەس نەکردوە و قسە و رەئى هەموویانى خستۆتە ژێر پێوە و، دووبارە بەسەرکردایەتى دایناونەتەوە.
تاوانێکى ترى تاڵەبانى زیندوکردن و گەورەکردن و هەڵسانەوەى ماڵى مەلا مستەفا بوو،جگە لەوەش دواین جار کە ولایەتەکەى مەسعود بەرەو ئاوابون دەچوو، خەڵک پێى خۆش نەبوو، کە جارێکى دیکە مەسعود ببێتەوە بە بەڵا بۆسەر میللەت،کەچى تاڵەبانى داوا و رجاى لەخەڵک دەکرد کە دەنگ بدەن بە مەسعود بارزانى.کە ئەوەتا ئێستا بەچاوى خۆتان ئەبینن لەسایەى هەڵەى گەورە و بێ هاوتاى تاڵەبانى ،مەسعود بۆتە چ بەڵایەک و، دووچارى چ قەیران و نەهامەتیەکى کردون، کەبەدڵنیایەوە تاڵەبانى لەتەواوى ئەو قەیران و نەهامەتیانە بەرپرسە  و بەئەندازەى مەسعود تاوانبارە.
دروستکردنى چەندین دەزگاى داپلۆسێنەر و سەرکوتکەرى وەک هێزە رەشەکە،هێزى دژە تیرۆر.ئاسایش،هێزى ئۆپراسیۆن. پیاوکوژانى کوڕانى تاڵەبانى.دەزگاى تۆقێنەرى زانیارى، هەموویان دیارى دەستى تاڵەبانین و سەرلەبەریان بۆ خاترى ئەوە دروستبوون کە نەیار و رەخنەگر و دژەکانیان لەناو بەرن،ئەگەر نا تەواوى ئەو هێزانە هێندەى کوردى دڵسۆز و پاکیان لەناو بردوە، بێ سەرو شوێن کردووە، نیوەى ئەوە ترسیان بۆ دوژمن نەبووە.
  خزم خزمێنەو دانانى کوڕان وکچانى بەرپرسانى هیچ و بودەڵەى وەک حەمە سابیر و لەتیف رەشیدى ئاوەڵزاواى و، شاناز و لیلۆز وکیکۆزى ژن خوشکى، ئاڵاو بێگەرد و ئاواز و. تەواوى بنەماڵەى شێخ جەنگى،کە سەر لەبەریان سەرە واوێک لەسکیاندا نى یە و، رۆژێک ناخۆشى و نەهامەتى و ترس و دەربەدەریان نەچێشتووە.
نەهامەتى  قوربەسەرى و زوخاو چێشتنى 26 ساڵى میللەتى کورد بەدەست یەکێتى ، بێ ماڵو حاڵ بوون، سەرگەردانى میللەت،گیرۆدەبوونى بەدەست کۆمەڵێک سیاسى پاشەڵ پیسى وەک شێخ ڤیاگرا و کۆسرەتە مل خوار و،خولە سەنگاوى و...شپرزەیى دۆخى ئێستاى باشور و، سزادانى میللەت بە نەدانى ئاو و کارەبا و موچە ونەوت و بەنزین و خزمەتگوزاریى سەرەتایى ژیان ،دزینى  قوتى میللەت و فرۆشتنى نەوتى قاچاغ و دەستگرتن بەسەر داهاتى گومرگ و پاوانخوازى بازارەکان بۆ کۆمپانیاکانى حزب، یەکێکى ترە لە تاوان وخراپەکانى تاڵەبانى و یەکێتى لەسایەى ئەوەوە  گەڕاوینەتەوە بۆ پەنجا ساڵ لەمەوپێش.
ئیدى نازانم ئەو خەڵکە بۆچى لەبەرچى دەگرى؟ چ خێر و خۆشى و شادییەکیان لەو پیاوە بینیوە؟؟!،بەدرێژایى تەمەنى چى بۆ کردوین؟حەزم دەکردبەدرێژایى ئەو تەمەنە بەهەدەر چووەت یەک چاکە و باشەتم بدۆزیایتەوە، تا منیش وەک یەکێک لەوانەى ماتەم دەگێڕن چۆڕێک فرمێسکم بۆ بڕشتایە،تۆزێک لەبەردەم کامێراو تەلەفزیۆنەکان شین و شەپۆڕم  بۆبکردایە،بەڵام لێم ببورە کە ناتوانم درۆ لەگەڵ ویژدانى خۆمدا بکەم، بە مەرگێکى کتوپرت، هەموو تاوان و خراپە و ناهەقیەکانت لەبیر بکەم..
لەکۆتایدا بەمردنى ئەو پیاوە هەم شادومانم،هەم خەفەتبار. شادومانم کە میللەتى کورد،بەڵاو سیاسیى یەکى ساختەچى و دوو ڕوى لەکۆڵ بۆتەوە، خەفەتباریشم کە ئەبینم تا ئێستا زۆرێک لە خەڵکانى نەفام و ساویلکە، فرمێسکى بۆدەڕێژن و لەخۆیان دەدەن.
چەتۆ بینایى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە