ماڵئاوا ئەندازیارەکەی حکومەتە گەندەڵ و پاشەڵپیسەکەی هەرێم!
Wednesday, 04/10/2017, 18:43
ماڵئاوا سەبەبکاری کۆستەکانمان!
ماڵئاوا ئەندازیارەکەی حکومەتە گەندەڵ و پاشەڵپیسەکەی هەرێم!
سوپاس و پێزانینمان
لەبیرمەکە لە پاداشتی چەسپاندن و درێژکردنەوەی مۆتەکەی سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی
دەستتخۆش بۆ ئەو خۆشبژیوی و ژیانە شاهانەیەی بۆ مناڵانی خانووە قوڕەکان دابینتکرد!
ماڵئاوا ئەی پارێزەری ئەنفالچیەکان و تاریق ڕەمەزانەکان و فایلدارەکان!
ماڵئاوا باوکی هەزاران ملیۆنێر و بەرهەمهێنی ملیۆنەها سک هەڵگوشیوی برسێتی!
تۆی پارێزەری بکوژی کاوە گەرمیانی و متقنەکەر لەئاست کوشتنی سەردەشت، کە لەناو بیلبیلەی چاوەکانمان ئەپارێزین!
ئێمەی کوێلە و ڕاهاتوو لەسەر کڕنۆش بۆ ستەمکار لە دوای تۆ چۆن قەرار بگرین!؟
بە کێدا هەڵبدەین و بۆ کێ هەلەکەسەما بکەین!؟
ئەی تۆ دەرهێنەرێکی شارەزا و باوکی سەدان کۆمبارسی وەکوو مەلا بەختیارەکان و کۆسرەتەکان و بەرهەمەکان نەبوویت و ئێمەش جەمهوری چەپڵەلێدەری شانۆگەریی "کوردایەتی بەتامی خانووەقوڕەکان" نەبووین؟
مامە نازانم ئاگاداری یان نا، ئازاد جوندیانی و عارف ڕوشدی، کە تۆی ئەندازیاری دیموکراسیەکەمان بەبێ هەڵبژارن و بە تۆپزیی کردتن بەئەندامی سەرکردایەتی!؟ دوایی بەئیلهام لە پیاچوونەوە تیۆرییە قووڵەکانی جەنابت خۆیان حەواڵە دایەوە بۆ لای کوڕەکەی باوکی مێژوویی کورد!
مامە بێخەم بنوو ئاواتەکانت لە ووڵاتی شەهید و خوێن و ئەنفالدا! وا چرۆ دەکەن.
نۆکانەکەتان... سەرباری هەزاران ئەزمە و گرفتی ئابووریی و گوزەران قازانجی ڕوو لە سەرە! دەست نیشاندەرە زیرەکەکانی خۆت تازە هێڵی ناردنی نەوتیان لە گەڵ داعشیشدا کردۆتەوە!
ئێستا کۆسرەتی جیگری یەکەمت، یەکەمین بازرگانە بە دەرمان و دەوای میللەتەکەمانەوە و لە تۆوە فێری ووتنەوەی عیبارەتی "کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان"یش بووە.!
دەردی دڵ زۆرن مامەگیان لەم کۆتەڵی مەرگەتا باسی بکەم .
بمبوورە لە کورتیی مەقال لە مەقامدا.
من ئەم گەلە قارەمانە بناسم هەرگیز تۆ لەبیر ناکەن و لە مەرگیشدا هەر کڕنۆشت بۆ ئەبەن!
ئارام بنوو ووڵات لە دەستی پیاوی ئەمیندایە لە سایەی ڕێباز و کاروانی کوردایەتییەکەی تۆ.!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست