کورد و هونەری سیاسەت
Monday, 02/10/2017, 23:47
ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی زۆر سوک و ئاسان پێناسەی سیاسەت بکەین ، ئەوا دەڵێین : (سیاسەت بریتییە لە توانای لایەنێک بۆ سەپاندنی هەژمۆن و داواکانی خۆی بەسەر لایەنی بەرامبەردا ) . دیارە ئەمەش پێویستی بە بیری تیژ و مێشکێکی زیرەکی کراوەیە ، کە بتوانێت ژیرانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکات و بە وریاییەکی زۆر و چاوێکی کراوەوە ڕووداوەکانی دەوروپشتی وەک خۆی ( واقعی ) ببینێت ، تا لە کۆتایی دا بە باشترین شێوە و کەمترین زیان ئامانجەکانی بپێکێت . بێگومان بە درێژایی مێژوو ، کورد جەنگاوەرێکی ئازای بێ وێنە بووە ، جگە لە خوای گەورە هەرگیز سەری بۆ هیچ داگیرکەر و زاڵمێک دانەنەواندووە ، کەچی لەگەڵ ئەم ئازایەتییەشدا وڵاتی پارچە پارچە کراوە و دووچاری قڕکردن و دەربەدەری و نەهامەتی و ئاشبەتاڵ و ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزی بۆتەوە ، کە دیارە ئەمەش نیشانەیە ئەگەر ئازایەتی بیری تیژ و هونەری سیاسەتی لەگەڵدا نەبێ ، ئەوا مەحاڵە جگە لە قوربانی و ماڵوێرانی هیچ ئەنجامێکی تری لێبکەوێتەوە . بێگومان بێ بەختی و نەگبەتی میللەتەکەشمان لە وەدایە ، سەرکردەکانی توانیویانە زیرەکانە کۆشک و تەلار بەرەو ئاسمان بەرزبکەنەوە ، بەڵام بە داخەوە نە فێری سیاسەت دەبن ، نە وانەیەک لە مێژووی پڕ لە کارەساتە خوێناوییەکانمان وەردەگرن ، نە دەست لە تەخت و بەختی خۆشیان هەڵدەگرن ، نە لەو جۆرە لووتانەشیان هەیە ، کە بۆنی مەترسی پێش ڕوودانی بکەن .
ئاشکرایە بە درێژایی ساڵانی شۆڕشی ئەیلول ئێران بە چەک و بە پارە گەورەترین پاڵپشتی ئەو شۆڕشەی کردووە . سەرکردەکانی کورد بیرێکی تیژیان نەبووە تا ڕۆژێک لە ڕۆژان پرسیارێک لە خۆیان بکەن : ئێرانێک ڕێگا بە کوردی وڵاتەکەی خۆی نەدا بە زمانی دایکیان بخوێنن ، دەی باشە چۆن وا بەو گەرموگوڕییەوە پشیگیری لەو شۆڕشە دەکات ، کە مەترسییە بۆ سەر خۆی ؟ . دیارە ئێران هونەری سیاسەتی زانیوە و توانیویەتی کڵاو بکاتە سەرمان و خوێن و خەباتی ئێمە بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی . ئێمەش بە سەد هەزار پێشمەرگەی ئازاوە ئاشبەتاڵێکی بێ وێنە دەکەین و ئاواتەکانمان ئاوێتەی گڵ دەبن ... پاشان لە دوای ڕاپەڕینەوە بە گشتی ئێران و بە تایبەتیش تورکیا لە بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵاتەکەماندا سودمەندی سەرەکیی بوون و تورکیا گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوتی لەگەڵدا کراوە و وەک برا گەورە سەیری کراوە و بە بێ بیرکردنەوە ڕێگامان پێداون هێزی سەربازییان بارگە و بنکە لەسەر سنگی وڵاتەکەمان دابنێن ، لە بیرخۆمان بردۆتەوە ، کە ئەم داگیرکەرانە چەپییان نییە لە یەک و هەموو بە خوێنی سەرمان تینون و دوژمنی سەرسەختی نەتەوەکەمانن ، ئەوەتا کاتێک ڕاپرسیی بۆ دەوڵەت دەکەین ، ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆیانمان بۆ دەردەخەن و سنورەکانمان بە ڕوودا دادەخەن و دەبن بە باوەشێنی ئاگری ئاژاوە و دنەدانی عیراق بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانمان و وڵاتەکەمان بکەنەوە بە گۆمی خوێن . بێگومان ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان سیاسەت دەکەن ، ئێمەش بەبێ ئەوەی سوودمان لە مێژووی پڕ کارەساتی خۆمان وەرگرتبێت دەستەوەسان بەرامبەریان دەوەستین و سەرلەنوێ هەڵەکانی ڕابوردوومان دووبارە دەکەینەوە .
لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥ دا و ڕاستەوخۆ لە لایەن میللەتەوە ڕاپرسییەکی پاکوبێگەرد بۆ سەربەخۆی کوردستان کرا . میللەت بە ڕێژەی ( ٩٨،٨٨% ) بە بەڵی دەنگیاندا . ئەو سەردەمەش عیراق وڵاتێکی لاوازی پڕ ئاژاوەی بێ سوپا بوو . سەرباری ئەمەش زوربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیا پشتگیرییاندەکردین ، وەک ئەمڕۆش کۆمەڵگاکەمان ئەوەندە پەرتوبڵاو نەبوو ، باشترین فرسەتیش بوو ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە بکەین بە ئامرازێک بۆ داوای سەربەخۆییمان . بەڵام چونکە سەرکردەکانمان ئەم ڕۆژەیان لەبەر چاو نەبوو ، لە هونەری سیاسەتیش نەگەیشتبوون و تەنها مەستی پۆست و پارە بوون ، بۆیە ئەو هەلە مێژوویەیان لە دەستدا ، هەتا ئەوەشیان لە بیرچوو لە دەستوری عیراقدا ئاماژە بۆ خواستی سەربەخۆیی میللەتەکەمان بکەن . بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ، کاتێک چەند پۆستێکی گرنگ لە حکومەتی عیراقدا لە دەستدەدەین ، بە تایبەتی دەرکردن و تاوانبارکردنی هوشیار زێباری خاڵی کاک مەسعود بارزانی و لاوازبوونی پێگەی سەرۆکی پارتی بەهۆی کێشەکانی ناوخۆوە و بەسەرچوونی ماوەی پۆستەکەیەوە ، بیر لە ڕاپرسیی دەکەینەوە . پاشان بە بێ بوونی پایەکانی دروستبوونی دەوڵەت و بە بێ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوەوە و دەرەوە و بە بێ گویێ گرتن لە وڵاتە زلهێزەکانی دنیا ، ڕاپرسیی دەکەین . ئەوجا وڵاتانی گرنگی وەک ئەمەریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامۆژگاریمان دەکەن و دەستپێشخەری ناوبژیمان پێشکەش دەکەن . جا ئەگەر سەرکردەکانی کورد یەک تۆز لە هونەری سیاسەتیان بزانیایە ، ئەوا دەبوو گورج بە دەنگ ئەو دەستپێشخەرییە جیهانییەوە بچوونایە ، نەک بە داوای کۆنە بەعسییەکی وەک ئەیاد عەلاوی قایل بن ، کە جگە لە مووچە وەرگرتن هیچ سەنگ و قورساییەکی لە ناو حکومەتی عیراقدا نییە و کەس هیچ بە کڵاوی ناپێوێ و حسابی چڵە پووشێکی بۆ ناکەن و ئەنجامەکەشی گرەوە لەسەر ئەسپی دۆڕاو و گەڕانەوەشە بۆ سەر بای بەڕە کۆن ، کە دیارە ئەمەش دەرمانی دەردی کورد ناکات .
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم کورد مافی ڕەوای خۆیەتی لەسەر خاکی سورڕەنگی باوباپیرانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنێت ، بەڵام دەبێ زۆر چاکیش ئەوە بزانێ ، کە بە بێ بوونی پایەکانی دامەزراندنی دەوڵەت و سوپایەکی یەکگرتووی بەهێز و بە بێ تێگەیشتن لە هونەری سیاسەتی ناوەوە و دەرەوە و وازهێنان لە بەرژەوەندی تایبەت ، ئەوا مەحاڵە تەنها بە ئازایەتی و سەنگەرگرتن و پشتبەستن بە داگیرکەران بتوانێت بە ئامانجە پیرۆزەکانی بگات ، کە سەدان ساڵە خەباتی بۆ دەکات و هەزاران هەزار شەهید و کەسانی پایەبەرزی وەک حاجی قادری کۆیی بە داخی نەبوونی دەوڵەتی کوردستانەوە سەریان ناوەتەوە :
قوڕی کویێ کەم بەسەر خۆما لە غوربەت
خەوم نایێ لە داخی موڵک و دەوڵەت
ئەگەر وەک من خەبەردابن لە دەوڵەت
لە حەیفان خۆ دەخنکێنن بە بێ پەت
٢ / ١٠ / ٢٠١٧
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست