ریفراندۆم بۆچى و بەرەو کوێمان دەبات؟
Sunday, 01/10/2017, 23:44
ئەم ریفراندۆمە چەشنى ئەشیعەى تەنورى وابوو، بەشى زۆرى پارتیەکانى ناو یەکێتى دەرخست.
-------------------------------
تا ئێستاش نازانم مەبەست لەم ریفراندۆمە چى بوو؟ بۆچى کرا؟ ئایا بۆ گرانبونى بەنزین و نەوت و داخستنى فرۆکەخانەو سنور بوو،یان قەیرانێکى تر بوو خرایە سەر قەیرانە کەڵەکە بووەکان؟ ئایا لەم وڵاتەیا کەسێک نەبوو تۆزێک هەست وبیرى هەبێت، ئایا کۆمەڵێک رۆشنبیر و ئابورى ناس و سیاسى لەناو ئەو حزبەدز و درۆزنەکانا نەبوو،کە بە مەسعود بڵێت خائین تۆ ئەزانیت دواى ریفراندۆم چیمان لێدێت؟ بۆ ئێمە پێش ریفراندۆم لەچیمان کەم بوو؟ بەکەیفى خۆمان لەسلێمانى هەولێر ودهۆک و کەرکوک و هەڵەبجە تەراتێنمان دەکرد، بۆخۆمان نەوتمان دەدزى ،گومرگمان دەماشییەوە، موچەمان لەموزەف ئەبڕى،یەک دونیا باج و خەراجمان لەسەر دانابوون.. ولاتان هەموویان چەک و پارە کەلو پەلیان بۆ ئەناردین ئێمەش بەداعش مان فرۆشت ، ئەى ئێستا حاڵمان چۆنە؟ ئەمە ریفراندۆم بوو یان قومارێکى دۆڕاو؟!
پێم سەیرە زۆرێک لەوانەى کە دەنگیان بەبەڵى دا کە دڵنیام ئێستا پەشیمانن و، وەک هەموو جارەکانى تر لەلایەن پارتى و یەکێتى یەوە بەشوودران. ئێستا تاسەر ئێسقان هەست بەنارەحەتى و خەجاڵەتى ئەکەن ، لەبەر ئەوەى دەنگدانەکەیان بەخۆاست و ویستى خۆیان نەبوو،بەڵکو بەزەبر وهەڕەشە وچاو سورکردنەوەى حزب بووە .. قیروسیا لەوەش کۆیلە و گەجەر و گوجەرى واى تیا بوو ،بۆ ئەوەى بۆ حزبەکەى بسەلمێنێت کە تەواو خزمەتکار ودەرباریانە، لەکاتى دەنگدانیدا بەبەلێ شەرمەزاریەکەیدا وینەى گرتوە و لە فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە.
نازانم چى بڵێم و چى بەو کەسانە بڵێم؟ تاکەى دێنەوە هۆش خۆیان؟ تاکەى هەروەک مەڕو بزن مێگەل ، حزب لێتان دەخوڕێت؟کەى دێنەوە هۆش خۆتان، ئەوەتا 26دانە ساڵە حزب و دەسەڵات یارى بەعەقڵمان دەکەن ،وەک مەیمونى سێرک هەڵمان دەپەڕێنن، هەرجارەى لەژێر ناو و درۆیەکدا، هەستمان ئەجوڵێنن، ئێمەش هێندە ساویلکەو خۆش باوەڕین بە یەک قسەى بریقەدار، بەیەک دروشم و درۆى ئەو بەرپرسانە هەرچى رویداوە فەرامۆشى ئەکەین. چەشنى مناڵ و کاڵ فام بەدرۆ و بەڵێنە بریقەدارەکانیان دووبارە و دە بارە دەستمان دەکەنەوە بەزاخا.
چەنێک هاوارمان کرد،ئەو ریفراندۆمە بێ بنەمایە، کوردینە بۆ سەربەخۆیى نى یە، هۆ میللەت مەسعود ئەو پیاوە نى یە خۆى لەقەرەى کارێکى وا قورس و گران بدات، ئەوەى دەیکات شینە بۆکورسیەکەى ، هەڵپەى مانەوەى خۆى وبنەماڵەیەتى لەحوکمڕانیدا،کەچى باوەڕتان نەکرد، بەشێکى زۆرتان بەفڕو فیشاڵى سەربەخۆیى و دەوڵەت تێکەوتن، بەشێکى دیکەشتان بە زەبرى پارە و ئیمتیاز لەخشتە بران، بەشێکى زۆریشتان لەرقى لایەنەکانى دیکە چونە پاڵ مەسعود. کە گەورە و بچووکتان ئەتانزانى کە مەسعود کەرى ئەو بارە نى یە.پارتى و دەوڵەت و سەربەخۆیى دوو شتى زۆر دژى یەکن، بەڵام هەر کردتان، ئەوەتا ئێمڕۆ سەرەتاى دەرئەنجامەکانیتان بینى، ئەوەتا ئەبینن ئیمڕۆ باشور لێو بەبارە ، بەرەو چارەنوسێکى تاڵ و رەش و نادیار هەنگاو دەنێت، وردە وردە هیوا و ئومێد و خۆزگەکان کاڵ دەبنەوە.جارێکى تر بەهۆى نەفامى و لەخۆبایى بوونى مەسعود، وڵات بەرەو قەیران و دەردى سەرى دەڕوات، لێشتان مەعلوم بێت،هەر کەسێک بەبەڵى دەنگى داوە،هەرکەسێک بۆتە هۆکارى ئەم بارودۆخە لاى من بە ئەندازەى مەسعود تاوانبارە و خائینە. بەرپرسیاریەتى مێژوویى دەکەوێتە سەر شانى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست