گۆڕان و کۆمەڵ، یەکێتی و پارتی
Saturday, 30/09/2017, 13:45
پێشتر نوسیم ئەگەر ڕیفراندۆم هەر کرا واباشترە بە بەڵێ بەشداریی تێدابکەین، هەر وایشمکرد. زۆر باسی ڕەخنەکانی سەر ئەم ڕیفراندمە کرا و تازە بون بە ڕابوردو، من هەڵوێستی گۆڕان م لە سەر ڕیفراندۆم پێ ڕاست و باش بو، گۆڕان بە چاوی ڕێزەوە سەیری گۆڕانخوازان و هاوولاتیانی کوردوستان دەکات وسەرپشکی ڕا و بۆچون و ویژدانی خۆیان دەکات و وەک منداڵ لەگەڵیان ناجوڵێتەوە پێیان بڵێ (لە سەرەوە هاتوە دەبێت وابکەن یا وا مەکەن)، کە ڕێکخەری گشتی کاک عومەری سەید عەلی سادە و بێفیز بە گۆچانەکەیەوە بە هەناسەبڕکێ وشەلەشەلێکی پڕوکێنەر خۆی گەیاندە سندوقی دەنگدان و بە بەڵی دەنگی دا داوای لە گۆڕانەکان نەکرد ئەوانیش بە بەڵێ دەنگ بدەن. گۆڕان لە توڕەیی و ڕاڕایی و دودڵیی گەلەکەمان تێدەگات، باش لەوە تێدەگات چۆن دەسەڵاتدارانی خۆپەرست و ستەمکار و نەزان و خێڵەکیی هەرێم جگە لە یەکدو سەدهەزار کەسێکی سەربەخۆیان هەمو گەلەکەمانیان توڕە و نائومێد و بێورە و بێوزە و غەمبار کردوە ، ئەوەتا دوێنێ بینیمان دوا قوربانییەکانی ڕاکردو لە ستەم و نادادپەروەریی ئەم دەسەڵاتە چۆن لە دەریای ڕەشدا خنکان. بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان لە نەخێرگۆیان و بەشدارنەبوانی ڕیفراندۆم تێدەگات وبە هیچ جۆرێ هیچ کەس لە گۆڕاندا ئەوانە ناداتە بە ڕەخنەی ناڕەوا و بریندارکەر، هەروەها گۆڕان بەڵێگۆیانیش بە تەنیا بە بەڵێ گوتنیان لەوان بە باشتر نازانێ و بە پاڵەوانیان نازانێ. گۆڕان شوێنی پارتی و یەکێتی نەکەوت ، پەلەی نەکرد و بە ئارامی مایەوە ، کە بۆیدەرکەوت ڕیفراندۆم دەکرێ (چونکە تا شەوی ٢٤ لە سەر ٢٥ ی ٩ کەس دڵنیا نەبو لەوەی کە دەکرێ) ئینجا جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دوای لێدوانی تێروتەسەل بەکۆمەڵ بڕیاری عەقڵانی و دیموکراتییانەی خۆی دا ، گۆڕان کێشە سەرەکیەکانی برسیکردنی خەڵک و گەندەڵی و نایاساییبونی مەسعود بارزانی و پەکخستنی پەرلەمان و ئینجا کاراکردنەوەیەکی شانۆئاسایی لەبیرنەچۆوە و بەردەوامە لە سەر کوتان و شەرمەزارکردنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ، گۆڕان ڕەخنەکانی لە یەکیتیی نیشتمانی بەهۆی پیادەنەکردنی ڕێکەوتنە ٢٧ خاڵیەکەی نێوانیان نەگەیاندە ئەوەی بڕیارێکی توڕە و یەکلاکەرەوە لە سەر یەکێتی بدات و بەمەش پارتی دڵخۆش بکات.
دڵنیام زۆرایەتیی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگ دەدەن، بەڵام کەس ناتوانێ پێشبینیی ڕوداوەکانی دوای دەنگدان بکات. ئەو ئەگەرە هەیە پارتی و یەکێتی بە بیانوی دانوستانی درێژخایەن لەگەڵ بەغدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردوستان دوابخەن، لە دۆخێکی سەپێنراوی ئاوادا پەرلەمانە دەستەمۆکراوەکەی کوردوستان بەردەوام دەبێت، ئەستەمە و سەرکێشیە و پڕمەترسییە گۆڕان و کۆمەڵ بتوانن بە زۆری خۆپیشاندان و بایکۆت و ڕێگاکانی تری خەباتی مەدەنی نەهێڵن هەڵبژاردن دوابخرێ، لەم ئەگەرەدا گۆڕان و کۆمەڵ و ناڕازییەکانی ناو یەکێتی چیدەکەن؟ هەر لەدەرەوەی پەرلەمان دەمێنن؟ دەتوانن بێ دەسکەوتی سیاسی و بێ هیچ مەرجێکی پێشینە و بێ ڕێکەوتنێکی سیاسیی هەمەلایەنە لەگەڵ پارتی و یەکێتی و یەکگرتوی ئیسلامی ،بە سەرکزی بگەڕێنەوە ناو پەرلەمانێکی پەڕ و باڵکراو؟ ئەگەر عێراق هێرشی نەکردە سەرمان و دانوستان لەگەڵی دەستیپێکرد ئایا ڕەوایە گۆڕان و کۆمەڵ وەک دو هێزی دڵسۆز و هەڵقوڵای کوردایەتی هیچ ڕۆڵێکیان نەبێت لەو دانوستانانەدا؟ لەم ڕیفراندۆمە کرچ و کاڵ و پڕکەموکورتیەدا بەڵێ دەیباتەوە و دەرگا و دەرفەتێکی باش بۆ گەلەکەمان دەکرێتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزەکەی. دوای ڕیفراندۆم دەبێت پارتی و یەکێتی نەک هەر چیتر ڕێگرنەبن بەڵکو دەبێت لە زوترین کاتدا دەسپێشخەری بکەن بۆ ڕێکەوتنێکی سیاسیی هاوسەنگی نیشتمانی بە بەشداریی گۆڕان و کۆمەڵ و ئەوانی تریش کە ببێتە بناغەی چاکسازیی ڕاستەقینە و ڕیشەیی لە سیستمی حوکم ، هەروەها ببێتە ئەو بناغەیەی کە هێزی بەرگریی گەلەکەمانی لەسەر دادەنرێ، ئینجا دڵنیام گەلەکەمان یەک دەست و یەکدڵ بەرگەی هەمو ئەو هەڕەشە و مەترسیە جۆراوجۆرانە دەگرێت کە دوای ڕیفراندۆم دێنە سەری، ئینجا گەلەکەمان بێ منەت دەبێ لە بەغدا و تاران و ئەنکەرە و دیمشق!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست