کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پۆست ڕیفراندۆم

Saturday, 30/09/2017, 21:23


پێشەکی:  ئێمە لە کوردستانپۆست هەردەم پێمان وابوە ئەم ڕیفراندۆمە ئامانج لێی سەربەخۆیی نەبوە. بەدەر لەمەش خوودی مەسعود بارزانیمان بە مەترسی زانیوە لە هەر دۆزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی. ئەم ڕایەمان نەگۆڕە و وەك خۆیەتی ،لەبەئەوەی خوێندنەوەمان بۆ مێژوو و قەبارەی ئەو هەموو نووشستیانەی تووشی گەلەکەمان هاتوە لەسەردەستی ئەم بنەماڵەیە و سووڕانەوە لەبازنەیەکی بەتاڵدا،وامان لێ ئەکا بگەینە ئاکامێك کە ئەم بنەماڵەیە نەك هەر دەوڵەوت بنیات نانێن،بەڵکە مانەوەیان ئەبێتە هۆی دروست نەبوونی دەوڵەوتی کوردی.
خاوەن بیرۆکەی ئەم پرۆسەیە: بەڕاستی ئەم پرۆسەیە ئەبوایە جگە لە مەسعود خەڵکانی تر پێی هەڵبستنایە و نەیان هێشتایە کەسێکی وەك مەسعود خۆی بکاتە خاوەنی،لەبەرئەوەی ئەم جۆرە دۆزانە هی ئەوەن خەڵکانی نیشتمانی و نەتەوەیی پێی هەڵسن و بانگەشەی بۆ بکەن. نەك کەسێکی وەك مەسعود کە دواتر لەکاتی دانووستاندن لەگەڵ بەغدا ئەبیتە ئاریشە و قەیران. لەبەرئەوەی مەسعود هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و شەرعیەتی نەماوە و واژووەکەی ناخوات. بەبڕوای من ئەبوایە کەسانی وەك مامۆستا جەمال نەبەز وبایك و هاوشێوەکانی بکرانایە هەوێنی پرۆژەیەکی لەم شێوەیە و ئەوان پێی هەڵسانەیە. چونکێ کەیسی لەم شێوەیە پێوستی  بەخەڵکی ڕابردوو پاك و نیشتمان پەروەر هەیە،نەوەك جاش و کلک گرێدراوی بێگانەی وەك مەسعود. خاوەندارێتی کەیسێكی وا گەورە لەلایەن مەسعودەوە تەواو ئەرزشی بۆ هیچ شتێکی نیشتمانی نەهێشتۆتەوە.
خودی پرۆسەکە: لەسەرەتاوە پرۆسەیەکی  تاك لایەنە و بە حزبی کراو بوو کەئامانج لێی هێشتنەوەی تۆپەکەیە لە گۆڕەپانی بارزانی و چۆنێتی مامەڵە کردنە پێوەی. ئەم پرۆسەیە بەبێ دایك و باوك هاتە ژیانەوە و گەر دەنگی یەکیتی و گۆڕان نەبوایە ئەوا تەواو مەبەستەکەی خۆی ئەپێکا.چۆن؟ پارتی وویستی ئەو پرۆسەیە بەو شێوەیە بەئەنجام بگەیەنێ تا جەماوەری یەکێتی و تەواوی گۆڕان و هەندێ لە ئیسلامیەکانی سەر بەکۆمەڵ بەشداری تێدا  نەکەن و دواتر نووشستەکەی بخاتە سەر شانی ئەوان و دەلاقەیەکی گەورە دروست بکا بەمەش ئەیتوانی ئەو ئامانجەی تورکیا بهێنێتە پێش تا گوورزی سەربازی لە پەکەکە بوەشێنن. بە بڕوای من کردنی ئەو پرۆسەیە بەو شێوەیەی پارتی پێی هەڵسا زیاتر بۆ ئەوە بوو هێزەکانی باشوور بکات بەگژ پەکەکە و لە سنجار و قەندیل دەریان بپەڕێنن.
مەسعود درۆی کرد: مەسعود ووتی ئەم پرۆسەیە بۆ سەربەخۆییە و کارتی دەنگدانیش دوو هەڵبژاردەی لەخۆ گرتبوو کەئایا دەنگ ئەدەی بە بەڵێ وەیان نەخێر بۆ سەربەخۆیی. بەڵام لێرە بەدواوە مەسعود بارگرانی ناتوانێ ئەو درۆیەی لەگەڵ خەڵکی باشووردا کردی،ڕاستی بکاتەوە. 
سەربەخۆیی کوردستان ناکرێ تەنها لەبەشێکەوە دەست پێبکرێ،تا ئەو کاتەش ئەبێ کاری زۆر گرنگ  و ئامادەسازی تەواوی لەناوەوەو دەرەوە بۆ بکرێ. بۆ ئەمەش پێوستیمان بەلانی کەم سەرکردایەتیەکی نیشتمانی لەهەموو کوردستانی گەورە و خەڵکانی دڵسۆز هەن لە دەرەوەی کوردستان. پاشان کار بکرێ بۆ ئەوەی ناوماڵی کورد ڕێك بخرێتەوە. هەرچی پەیوەستە بەم بەشەی خۆمانەوە،ئەبێ لەم کاتەدا کار بە ئەنجامی ڕیفراندۆم بگۆڕدرێ لە(سەربەخۆییەوە بۆ کۆنفیدڕاڵی)چۆن؟ گەر کورد لەم کاتەدا هەوڵ بدا بۆ کۆنفیدڕاڵی ئەوا بۆ ماوەیەك ئەتوانن دڵی هەریەك لە(عێراق،ئێران،تورکیا و ئەمریکا) ڕازی بکەن و دوای ٥ بۆ ٧ ساڵی ئاییندە و دوای ئەوەی لانی کەم ئێران وەیان تورکیا لاواز ئەبێ،ئەوسا ئەتوانرێ کۆتایی بەم کۆنفیدڕاڵیە بهێنرێ و لەگەڵ پارچەکانی تردا کۆماری کوردستان پێك بهێنرێ. بەڵام لەم کاتەدا سەربەخۆیی باشوور تەنها ئەبێتە جۆریك لە خۆکووژی بۆ گەلەکەمان کە مەسعود لێی بەرپرسیارە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە