خنکانی (بەنگین پیرۆت) پەڵەیەکی تری رەش بە نێوچاوی دەسەڵاتەوە
Friday, 29/09/2017, 14:24
ئەمجارەش وەك هەموو جارەکانی تر (مەسعودی جەمەدانی سۆر) کڵاوێکی سووری کردە سەری هەمووان و مەڕەکانی بە قسە و یاریە سیاسیەکانی خۆی، بە هاوشەراکەت و نەیارانەوە خستەوە دوای خۆی، ئا بەمەش هەموو قەیرانەکانی لە بیر خەڵك بردەوە و خۆشی کردە پاڵەوانی گەل، بێ ئەوەی بیر لە ئەنجامەکانی بکەنەوە- عاتیفەی هەمووانی جولان، کەس نەیپرسی باشە گەر راستگۆ بوونایە، بوچی ساڵی ٢٠٠٥ ئەم کارەی نەکرد کە خەڵك راپرسی کرد بۆ هەمان مەبەست! بگرە (بریمەر) لە یاداشتەکانیدا وای دەگێڕێتەوە کە دوای رزگارکردنی ئێراق (جەلال و مەسعود) چوون بۆ لای لە بەغداد و ئەو زۆر ترسا لەوەی ئەگەر ئەمان داوای دەوڵەت بکەن، کەچی داوای پارەیان کرد، ئەویش بە ٢ کۆپترە ٥ ملیار دۆلاری بۆ ناردن.
ئەمڕۆ خەڵکیان تووشی ئەم شیزۆفرینیایە کردووەو خوا رەحم بکات ئاخری خێر بێت، ئەم سەرگردانە هەر قەیران خولقێنەرن، چاوەڕوانی چاکسازیەکیان لێناکرێت، بزانین ئەمجارە چ گەمەیەکمان پێدەکەن، چ گەمەیەك بە خەڵکی برسی و موحتاج دەکەن؟ لەجیاتی ئەوەی داوای ریفرادۆمی دووبارەی دەکرد، ئایا ئەگەر هەوڵی چارەسەری قەیرانەکانی بدایە باشتر نەبوو؟ یان نایانەوێت خەڵك پشوو بدات و بێ گرفت بژی هەتا بیر لە گۆڕانی سیاسی نەکەنەوە؟
لەم هەموو کارەساتەدا بەهای پوشێك بۆ هاوڵاتی کورد و کەسە رۆشنبیرو نووسەرەکان دانانێن، بگرە ئاوها لە تەنگەتاویان دەکەن هەتا بڕۆن سەری خۆیان هەڵبگرن و خۆیان بدەن بە دەم ئاوی دەریاکانەوە.
خنکانی نووسەر و رۆشنبیری کەمئەندام (بەنگین پیرۆت) لە دەریای ئیجەدا مۆرێکی تری رەشی لەعنەتە بە نێوچاوی سەرانی باشوورەوە، کە چۆن نەك سادەترین ماف بۆ نووسەرێك دابین ناکەن هەتا خزمەتی کەلتور و فەرهەگی نەتەوە و وڵاتەکەی بکات، بەڵکو ئاوها لە بێزار و ڕیسوای دەکەن بڕوات سەر خۆی هەڵبگرێت و مل بنێت بە چارەنووسێکی نادیارەوە، ئەم کوشتنە ناراستەوخۆیە هیچی کەمتر نییە لەو کوشتنە راستەوخۆیەی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی وەك کاوە گەرمیانی، وەدات حوسین...هتد.
جارێکی تر لەعنەت لە ستەم و زوڵم و جەنگەڵی دیکتاتۆرە پۆپۆلیستەکان، کە هەمیشە ستەم و قڕکردن و برسیکردن و پلانە گڵاوەکانیان بە ناوی جەماوەرەوە جێبەجێ دەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست