Wednesday, 27/09/2017, 15:08
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا کاتێک کە "سەدام"ی پەت کرد و دواتر بە فەرمیی داگیر کردنی عیراقی راگەیاند، ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا بۆ بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکانی خۆی بوو وە بەلایەوە گرنگ بوو کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاستتدا هەیمەنەی خۆی بسەپێنێت. واتە ئەمریکا ئەو ماندووبوونەی بۆ رزگار کردنی گەلانی عیراق یان بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد ئەنجام نەدا وە بۆ ئەوە نەبوو کە ئیران ببێت بە حاکمی عیراق و تورکیا بە بێ ماندوو بوون لە شیلاوەکەی هەڵنۆشێ!
دوای کۆڕەوی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا رژێمی بەعسی رووخاند لە ساڵی ٢٠٠٣ وە، لەو کاتەوە گوتە و دەسەڵاتی ئیران لە دەستێوەردانی کێشە و رووداوە ناوەخۆیەکانی عیراق بووە بە دیاردەیەکی زەق. هەر کەسێک بە سەڕۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عیراق دەستنیشان کرابێت پێشوەخت و پێش هەڵبژاردنەکان رەزامەندی ئیرانی بۆ وەرگیراوە، وەکو "جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعسوم، مالکی و عەبادی".
زۆرن ئەوانەی کە پێیان وایە زۆری ڕێژەی شیعە لە عیراق و بەهێزی هەستی مەزهەبی لە لایەن ئەو پێکهاتەیە هۆکاری وابەستە بوونیاننە بە ئیران کە وەک وڵاتێک لە ناوچەکەدا بە سەڕۆک و دەمڕاستی شیعە ناسراوەو هەوڵدەدا بۆ سەرکەوتنی ئەو مەزەهەبە لە ململانێی نێوان شیعە مەزهەب و سوننە مەزهەب دا. ئەم بۆچوونە رەنگە ڕاستی تێدا هەبێت بەڵام هەموو شتێک نییە!
بۆ ئیران مەسەلەکە تەنیا بڕوا بوون بە مەزهەبێکی دیاریکراو نییە، مەسەلەی ئابووریی و بەرژەوەندیی و سەپاندنی هەیمەنە و دەسەڵاتی ئیران لە ناوچەکە دا گرنگە وە پاراستنی پێگەی ئیران وەک زلهێزێکی ناوچەیی بۆ ئەوان جێگە مەبەستە، ئەمە لوبی مەسەلەکەیە. بۆ پێکانی ئەو مەبەستە ئیران هەستی شیعە مەزهەب بەکار دەهێنێت بۆ دروستکردنی پێگەی جەماوەریی لە عیراق. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە ئەگەر ئاوڕێک لە "هەرێم" بدەینەوە دەبینین ئیران بە ئەندازەی ئەوەی لە ناوەڕاست و باشووری عیراق دەسەڵات و گوتەی هەیە لە کوردستان دە ئەوەندە، لە کاتێکدا میللەتی کورد کێشەی مەزهەب و ئاینیی نییە کێشەی کورد کێشەی نیشتمانیی و نەتەوەییە.
لە دوای "جەنگی کەنداو" و بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ئەمریکا راستەوخۆ بوو بە لایەنێکی کارێگەر لە بەلادا خستنی کێشەو رووداوە سیاسیی و سەربازییەکان لە عیراق. بۆ ئەو مەبەستە کات و پارەیەکی زۆر و ماندوو بوونیکی بێهاوتای خستە گڕ. ئەمریکا ئەو هەوڵانەی بۆ ئەوە نەبوو کە ئیران و تورکیا سنووریان بۆ ئاواڵا بکرێت و ببن بە حاکم و دەسەڵاتدار و دەمڕاست لە عیراق و توانای ئەوەیان هەبێت زۆربەی سەرانی پارتە سیاسییەکان لە فەلەکی خۆیاندا بخولێنەوە. ئەم خاڵە بۆ ئەمریکا مایەی نیگەرانییە وە فەشەلی خۆی تیاددا دەبینێت!
گەشە کردنی دیاردەی گەندەڵی سەرانی پارتەکان و کەسایەتییە عیراقیەکان دوای کۆنتڕۆڵ کردنی عیراق لە لایەن ئەمریکا وەک دزی، خۆ دەوڵەمەند کردن و هێنانە پێشێ هاوسەر، کوڕ و خزم وکەسییان بۆ کاییەکانی دەسەڵاتی نێو حکومەت و نێو پارتەکان، بێ گومان ئەمریکاش ئەم دیاردانە تێبینی دەکات بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا کاتی پێویست بەکاریان دەهێنێت بە گوێرەی قۆناغی پلان و ستراتیژییەتی نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆی. هەروها گەندەڵی کەساییەتی و سەڕۆک پارتە سیاسییەکان لە دوور و نزیک زەرەری نییە بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا وە کاردانەوەی نابێت لە سەر ناوبانگی ئەمریکا. مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرکردەی خاوەن پرنسیپ و بەها بەرزەکان یان دڵسۆز بۆ پرسی نیشتمانیی و نەتەوەیی عیراق یان پرسی کورد سەنگی مەحەک نییە بۆ مسۆگەر کردنی پشتیوانی ئەمریکا. لە لایەکی تر ئەمریکا تا هەنوکە کات ناکوژێت بە پەروەردە کردنی ئەو کەسانە و میللەتانی ئەو ناوچەیە، ئەمریکییەکان تەنیا کات دەدن بە ڕاهێنانی سەربازیی و بەکارهێنانی ئەو سەرمایە مڕۆیە لەو ناوچەیەدا وەک هێزی زەمینی پیادە و کردنی بە کەوا سووری بەر لەشکر لە شەڕەکانی دژ بە داعش دا.
ئەمریکا پلان و ستراتیژیەتی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی عیراق و ناوچەکە تەنیا بۆ ئەمڕۆ نییە، بەڵکو دەیەوێت بۆ ئاییندەش عیراق هەر لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت. ئەمریکا دەرک بەوە دەکات کە ئیران و تورکیا دوو زلهێزی ناوچەیین و ئەجێندای تایبەتیان هەیە کە عیراق بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوان، بۆ ئەو مەبەستە هەر دوو لایان لە هەوڵی ئەوەدان کە دەسەڵاتدارانی هەرێم و کەمە نەتەوەکانی نێو عیراق بۆ ئەو مەبەستە بەکار بهێنن.
تورکیا مەبەستیەتی لە هەرێم دەسەڵاتی تەواوی هەبێت نەک تەنیا بۆ مەسەلەی دەسکەوتی ئابووریی بەڵکو بۆ لێدان و دژاییەتی کردنی یەپەگە و پەکەکە، هەوڵدان بۆ تێکدانی هاوپەیمانییەتی نێوان "پارتی یەکێتی دیموکرات" و ئەمریکا.
ئیدارەی ترامپ، لە سەرەتای کار بەدەستبوونیان لە کۆشکی سپی، لە چەند خاڵێکدا "پلانی پارێزگاری کردن لە ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەییان" داڕشت، وەکو سیاسەتییان بەرامبەر بە ئیران و ددانیان نا بەوەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوانی ئەمریکا و ئیران کە لە کاتی ئیدارەی "ئۆباما" دا واژۆی لە سەر کرابوو لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئەمریکا دا نییە وە"ترامپ" هەر زوو لە وتارەکانیدا ئاماژەی بە نیگەرانی وڵاتەکەی دا بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئیران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. مەسەلەیەکی تر مەترسی کۆڕیای باکور بوو کە هەنوکە پەیوەندییان لە خراپترین قۆناغدایە لەگەڵ ئەمریکا. کێشەیان لەگەڵ رووسیا و مەترسییەکانی. جەنگی دژ بە داعش و دژاییەتی کردنی "ئەسەد" لە سووریا، ناتەبایی لەگەڵ تورکیا و گەشەکردنی ئابووری "چین" و گەلێک بابەتی تر.
ئەمرۆ لە عیراق هەر هەنگاوێک کە لە چوارچێوەی "پلانی پارێزگاری کردن لە ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی" ئەمریکا دا دەربچێت، یان ببێتە هۆکاری دروست کردنی کۆسپ لە بەردەم بە ئامانج گەیشتنی ئەو پلانە دارێژراوە، بێگومان ئەمریکا پشتیوانی ناکات.
ئەمریکا بۆ دژایەتی کردنی ئیران و تورکیا بەرژەوەندیی لەوەدایە کە کێشە و گرفتی نێوان سونە و شیعە و عەلەوییەکان لە پەرەسەندنندا بێت وە خاڵی هاوبەش دروست نەبێت لە نێوانیان کە ببیتە هۆی یەکگرتنیان. ئەمریکا دەرک بەوە دەکات کە یەکێک لەو مەسەلانەی کە هەموو لایەکیان لەسەری کۆک دەبن و یەک دەگرن مەسەلەی "پرسی کورد و سەربەخۆیی نەتەوەی کوردە" لە ژێر دروشمی پاراستنی یەکێتی عیراق و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە. لە دەرئەنجامدا ئیران دەسەڵاتی لە جاران زیاتر دەبێت لە عیراق، تورکیا لە هەرێم وە خاڵی هاوبەش و نزیک بوونەوە دروست دەبێت لە نێوان عیراق، سوریا، تورکیا و ئیران. کە ئەمریکا نایەوێت ئەوە روو بدات ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەردەبڕی بەرامبەر بە ئەنجامدانی "ریفراندۆم" و دەسەڵاتدارانی باشووری وڵات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست