خەونی رێفڕاندۆم!
Monday, 25/09/2017, 21:46
شەوی رابوردوو میوانی ماڵی کاوە گەرمانی بووم. ئامەد خەریکە مەزن دەبێ. دایکی شیرینی ئامەد ودایکی ئەنفالی کاوە باسی سەربەخۆیی وڕێفڕاندۆمان دەکرد. کاوە گووتی: من نازانم خەڵک لە سەر چی ترۆر دەکرێ؟ خۆ باس کردن لە دزی وگەندەڵی گوناح نییە. رێفڕاندۆم بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی دزسالارانەی خۆیانە ئیزن بە ئامەدیش نادەم دەنگ بدا بەو کەسانەی کە وڵات تاڵان دەکەن.
لەو قسانەدا بووین کە سەردەشت عوسمانیش وەژوور کەوت. روخساری ئاڵٶزونیگەرانی داهاتووی کوردستان بوو. گووتی نازانم بۆ رقیان لە منە . هیچم نەگووتوە تەنیا دەلێم. من کوڕەهەژارێکم کە ئاشقی کچەکەی بارزانی بوم، خۆ بارزانی خودا نییە.
دەنگی دەرگا قسەکانی پێ بڕێن. دایکی ئامەد دەرگای کردوە ودیتی سۆرانی مامە حەمەش زانیویە کە سەردەشت لە لای کاوەیە وباسی داهاتووی رێفڕاندۆم و ترس وترۆری ئەو دەسەڵاتە دەکەن کە ٧١ ساڵي یان مەلای باوکی ویان مەسعودی کوڕی بوونەتە دەستکەللای داگیرکارو سامانی ئەو خاکە بە توورەکە دەکێشن ودەیدەنە دەست داگیرکار!
لە پڕ کاوە گووتی: ئەرێ بۆ ویدادیش نەیەتە لامان؟ هەموو پێمان خۆشبوو. ماوەیەکی ویست تا وێدادیش گەیشتە لایان وپڕ بە دەنگ هاواری دەکرد: من بەراز نەی کوشتووم! بەرازئانییەکان منیان کوشت! چون کاتێک پێنووسەکان رووپەڕی سپی ژیان دەژێنن، فیشەکی دەسەڵات کەللەی سەرمان نیشانە دەگرێ. کاوەو سۆران وسەردەشت وویداد و... لەو خەوەدا مات مابوون وبیریان لە رێفڕاندۆمی سەربەخۆیی وڵاتێک دەکردوە کە دوای سەددام بۆتە گیژاوەیەک کە تەنیا کاری شکاندنی پێنووسی بوێڕەکانە. هەستام هاتمەدەرێ وبەجێم هێشتن گووتم: با پێکەوە بیر لە دونیایەکی بێ تڕۆرو کوشتن بکەنەوە.
لە پڕ لەو خەوە راست بوومەوە. دیتم ٢٥ی مانگی ٩یەو هەراوهووریای مێدیای دەسەڵات گوێچکەی وڵاتی پڕکردوە. لەلایەک بە دەنگی بڵند هاواریان دەکرد : ئەو ڕێفڕاندۆمە بۆ سەربەخۆیی کوردستان نییە. لە لایەکیش دەیانگووت مانەوەمان دەگەڵ بەغدا هیچ سوودێکی نییە! نەمدەزانی چێ بکەم؟ دەنگ بدەم یان دەنگ نەدەم؟
کاتێك وەبیرم هاتەوە کە کاوە و سۆران وسەردەشت وویداد چییان دەگووت بە نەتەوەکەی خۆیان وگیانی خۆیان لە سەر ئازادی کوردستان وکورد فیداکرد لە بەشداری لەو ڕێفڕاندۆمە پاشگەز بوومەوە.لە کوێ دیتراوە کە دەسەڵاتێک بکوژی کوڕە هەژار بێ، بکوژی دەنگ وپێنووسی ئازاد بێ، دەتوانێ کوردستانێکی ئازاد ودێمۆکڕاتیک بەرهەم بێنێ.
بەرەو گۆڕستانی وگڵكۆی ئەو شەهیدانە وەڕێ کەوتم تا پێیان بڵێم:ئێووە جەستەتان لە لای ئێـمە نییە، بەڵام هاواری پێنووستان هێشتا لاپەڕەکانی سپی مێژوومان دەنووسێتەوە. گوتم: دەسەڵاتێک کە دژی پێنووسی ئازاد بێ کوا دەتوانێ باسی ڕێفڕاندۆم و سەربەخۆیی بکا.؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست