بە پێیەکانم دەنگ دەدەم*
Sunday, 24/09/2017, 13:28
پەنجە ناکەم بە مەرەکەبا
بە پێیەکانم دەنگ دەدەم!
کە تۆ پێم ناڵێی مەرحەبا
بەرەو ئەوێ تەکان دەدەم.
****
تۆ هاوڕێی تا سەر نەبوویت
پارچە پارچە ئەندام ئەندام لەشمت دۆڕاند
تۆ ئەوینداری من نەبوویت،
خوێنمت کردە پەیمانەوە تا دوادڵۆپیت هەڵقوڕاند.
****
تۆ لانەکەمت شێواند و
ڕێگەیشم نادەی هەڵفڕم،
بێچووی ئومێدمت مراند و
بواریش نادەی سەر هەڵگرم.
****
ئێستاش کە مایەپووچ و مەستی
هێشتا هەر وا بێدەربەستی؟!
چاوەڕوانی چانسێکی ترت پێ بدەم،
لەسەر کورسی گیرت بکەم!
****
وەرە و هەردوو با ڕێکەوین:
بەرەو ناو دۆزەخ تێ کەوین
لە لانەدا بمسوتێنە چیتر ڕووخسارت نەبینم،
بە کوورسییەوە دەتسوتێنم تا لەوە دزێوتر نەتبینم.
* دەنگدان بە پێ (foot voting) گوزارشتێکی لێنینە بۆ ئەوانەی کۆچ دەکەن و دەبنە پەناهەندە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست