دوا پەیامی بەر لافاوە گەورەكە
Saturday, 23/09/2017, 4:02
(1)
بارزانی و دەوڵەتی كوردی
تا ئەمڕۆش سەرسەختانە دژایەتی سیاسەتەكانی مەسعود بارزانیم كردوەو، پێموابوە ئەو سیاسەتانەی ئەو پەیڕەویان ئەكات لەم هەرێمەدا لەمەحسەڵەی كۆتاییدا ئەمانباتە سەر حوكمێكی دیكتاتۆرییانەی هاوشێوەی دیكتاتۆرییەتی سەدامو چەسپاندنی سیستەمی (الحزب القاید) لە هەرێمەكەمان كە ئێستاو لەپشت پەردەی ریفراندۆمدا توانیویەتی بەشێكی گرنگ لەحیزبە كوردستانیەكان بۆ لای خۆی رابكێشێ بەحەددی پاشكۆیەتی بۆ سیاسەتو هەڵوێستەكانی. لەم دژایەتیەشمدا تەنهاو تەنها پاڵنەرەكەی ئەوە بوە كەوا ئەم میللەتە قوڕبەسەرەی ئێمە شایستەی ئەمجۆرە حوكمڕانییە دیكتاتۆرییانە نییە كە ساڵانێكی دوورودرێژ دەریایەك خوێنی بۆ ئازادی بەخشیوە هەر لەئەنفالكردنەوە تا چەكی كیمیاویەوە. ئەو كییانەی لەساڵی 1991 لەبەرهەمی راپەڕینەكەی خودی جەماوەركەشمانەوە هاتەدی ئەبو پارێزگاری لێبكرێتو بكرێتە دەستپێكی دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیموكراتو ئازاد كە میللەت دوای هەشتا ساڵ لەژێر سێبەرەكەیدا بحەسێتەوە، نەوەك ئەوەی ئێستا دوای بیستو شەش ساڵ لەحوكمڕانی سەربەخۆی كورد كار بگاتە دەستبردن بۆ نانو قوتی منداڵو هەژاركردنی میللەت بەحەدی برسیبونى، لەبەرامبەریشدا نوخبەیەكی گەندەڵو خاكفرۆشو دزو مافیاگەر بەردەوام لەدەوڵەمەندبوندا بن.
لەگەڵ ئەم هەمو هەڵوێستانەمدا دژی دەسەڵاتی حوكمی ڕەهای بنەماڵەی بارزانی، بەڵام بۆ یەكجار ئەمەوێ بە ئینسافەوە بڵێم كە ئەو ریفراندۆمەی بارزانی رایگەیاندوە لەحەقیقەتدا دەسكەوتێكی زۆر گەورەو باشی بۆ میللەتەكەمان بەدەستهێنا ئەگەر لەسنووری ئێستای نەپەڕێتەوە بۆ سنوری بەخوێناویكردنی رەوشی داهاتومان.
بارزانی بەراگەیاندنی ریفراندۆمەكەی توانی بەردێكی گەورە بهاوێتە گۆمە چەقبەستوەكەی پەیوەندی كوردو بەغدا، ریفراندۆم عیراقو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی بەئاگا هێنا لەسەر مەزلومیەتی میللەتەكەمان، پێداگییری بارزانیش لەسەری وای لەعیراقو كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی كرد زۆر جیددیانە بێنە سەرخەت بۆ پشتگییری لەهێنانەدی ئەو مافو ئیستحقاقانەی كورد لەعیراقدا هەیانە. ئەمەش تەنها دەسكەوتێكە ریفراندۆمەكەی بارزانی بەدەستی هێنابێ. چونكە تا ئەمڕۆش دەیانو سەدان جار كورد لەگەڵ بەغدا كەوتۆتە دانوستانەوە لەسەر مافە دەستوورییە زەوتكراوەكانیەوە لەسەر مادەی 140 و بودجەو موچەی پێشمەرگەو نەوتو بابەتیتر بەڵام لەبەر نەبونی لایەنی سێیەم گشتیان شكستیان هێناوە.
ئەمڕۆ كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەباڵاترین ئاستی سیاسیدا بەوڵاتانی زلهێزی وەكو ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو نەتەوەیەكگرتوەكانو ئەنجومەنی ئاسایش هاتونەتە سەرخەت بۆ زامنكردنی رێكەوتننامەیەكی گشتگییر لەسەر چارەسەری كێشە بنەڕەتییەكانی كوردو بەغدا كە ئەمەش دەسكەوتێكە كورد بەدرێژایی تەمەنی خەباتەكەی پشتگییریەكی وا گەورەی نێو دەوڵەتی بۆ نەڕەخساوە، بۆیە لێرەدا ئەگەر بارزانی تۆزێ حەكیمانەتر بیر لەو وەزعە بكاو بەعەقڵو مەنتقەوە بیر بكاتەوەو رازی بێت بەدواخستنی ریفراندۆمو بكەوێتە سەر دانوستانێكی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەغدا گەورەترین دەسكەوت بۆ میللەتەكەی بەدەست دێنێ.
عیراق ئامادەیە گشت داخوازییەكانی كورد جێبەجێ بكات بەمشێوەی خوارەوە:
1- جێبەجێكردنی مادەی 140، ئەمەش واتای داننانی فەرمیو دەستوری دەوڵەتی عیراقە بە سنوری هەرێمی كوردستانو گەڕانەوەی كەركوكو ناوچە دابڕێنراوەكان.
2- ناردنەوەی بودجەی ساڵانەی هەرێم لەپشكی بودجەی دەوڵەت، ئەمەش واتای بوژانەوەی وەزەعی گوزەرانی خەڵك بەگشتیو گەڕانەوەیان بۆ سەردەمی خۆشگوزەرانی ساڵانی پێش بڕینی بودجەی بەغدا.
3- رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو تەدریبو تەسلیحكردنی ، ئەمەش هەم هێزە پەرشو بڵاوەكانی پێشمەرگەمان بۆ یەكئەخا، هەمیش هێزی پێشمەرگە ئەكاتە هێزێكی پرۆفیشناڵی سەردەمی بۆ داهاتوش ئەتوانین بیانكەینە هێزێكی نیشتمانی پێشكەوتو.
4- دانانی یاسای نەوتو گاز ، ئەمەش خاوەندارێتی كورد بۆ سامانی نەوتی بەپێی دەستورو یاسا مسۆگەر ئەكاو لەجیاتی بەقاچاخفرۆشتنو بەكەمتر فرۆشتنی لەنرخی بازاڕی جیهانی، ئەتوانین بەنرخی زیاتر نەوتەكەی خۆمان بفرۆشین و داهاتەكەشی بۆ خۆمان ئەبێ، لەو رێگەیەشەوە ئەتوانین پییشەسازی نەوت پێشبخەین، لەجیاتی ئەوەی میللەتمان تووڕە بكەین بەناشەفافیەتی پرۆسەی نەوت، ئەوسا بەئاشكراو بەئاگاداری دەوڵەتەوە ئەم سامانە ئەخرێتە خزمەت هاوڵاتیانی هەرێمەوە.
لەبەرامبەر ئەم هەمو دەسكەوتە مێژوویانەوە ئەگەر بارزانی سور بێ لەسەر دژایەتیكردنی هەمو بانگەوازە نێو دەوڵًەتیەكان بۆ دانوستان، وەزعەكە بەمشێوە دێتە بەرچاو:
1- دەوڵەتی عیراق بەپاڵپشتی وڵاتانی دونیاو دەوڵەتە ئیقلیمیەكان ئەكەونە دژایەتی هەرێمو دوور نیە كار بگاتە جوڵاندنی هێزی سەربازیو حەشدی شەعبی بۆ دەستگرتن بەسەر كەركوكو نەوتەكەی و دابڕینی یەكجارەكی ناوچە دابڕێنراوەكان.
2- داخستنی سنوورەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسی(عیراقو توركیاو ئێرانو سوریا) ئەمەش واتای خنكاندنی هەرێم، یاخود لانیكەم سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووری بەسەر هەرێم بۆ ماوەیەكی دورودرێژ ئەمەش واتای بێهێزكردنی هەرێمو داروخانی ئابوریەكەی.كەس باسی بەرژەوەندییە ئابورییەكانی توركیاو ئێرانمان بۆ نەكات كە ناهێڵی سنورەكانیان دابخەن، چونكە توركیاو ئێران زۆر پەرۆشی ئەو چەند ملیار دۆلارەی ئاڵوگۆڕی ئابوری لەگەڵ هەرێمدا نین، بەغداو عیراق زۆر زۆرتریان پێئەبەخشێ ئەگەر لەم قەیرانەدا لەگەڵیدا بن.
3- داخستنی هەمو نوسینگەو نوێنەرایەتیەكانی هەرێم لەوڵاتانی دونیا بەفشاری عێراق و دەركردنی سەرجەم باڵوێزەكانی كورد لەوڵاتان، ئەمەش واتای نەمانی دەنگی كورد لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیدا.
4- لەدەستدانی هاوكاری كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ كورد، ئەمەش واتای لەهەر شەڕێكی داسەپێنراودا چ لەلایەن گروپە تیرۆریستەكانو، چ لەلایەن سوپای عیراقەوە بێدەنگی ئەنوێنن، نابێ كارەساتی شەنگالیشمان لەیاد بچێت كە هێزەكانی پارتی بۆ چەند سەعاتێكیش نەیانتوانی خۆیان رابگرن، هێرشەكەی داعشیش بۆ سەر هەولێر نمونەیەكی زۆر دوور نیە.
ئێستا بارزانی لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یان ملبداتە داخوازی دونیاو ریفراندۆم دوابخاو لەگەڵ بەغدا بچێتە ناو دانوستانەوە بۆ ئەوەی هەمو ئەم دەسكەوتانە بۆ میللەتەكەی بەدەست بێنێو میللەت لەسایەیدا بحەسێتەوەو بكەوێتە خۆشگوزەرانیەوە، یان ئەوەتا خۆیو حزبو هەرێمو میللەتەكەشی دوچاری كارەساتێك بكات كە هیچی كەمتر نیە لەئەنفالو كیمیابارانو ، بەڵكو گەورەتریشە چونكە ئەمجارە ئەزمونەكەمان لەبار ئەبرێ .
ئەكرێ بارزانی ئەو هەنگاوەی دەوڵەت دروستكردنە بخاتە كاتێكی گونجاوترو كەشێكی ناوخۆو ئیقلیمیو نێودەوڵەتی لەبارتر، میللەتێك سەدان ساڵ بەرگەی بێدەوڵەتی گرتبێت، بۆ رێگرتن لەكارەساتی لەناوچونی ئەتوانێ ماوەیەكیتر خۆی رابگرێ، ئەمە خەونێكە هەمو كورد چاوەرێی ئەكا و رۆژێك هەر دێ بێتە دی.
بریارەكە ئێستا لای سەركردەیەكە كە هەمیشە وتویەتی " من پێشمەرگەم" پێشمەرگەش ئەو كەسەیە كە گیانی خۆی بۆ میللەتەكەی ئەبەخشی، نەوەك زەلیلیان بكاو بەرەو هەڵدێریان ببات.
(2)
وەهمی دو دراوسێی باش
زۆرجار گوێمان لەوە بوە پارتی و بارزانی و دەستەودایەرەكەی باس لەوە ئەكەن دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دانوستان لەگەڵ بەغدا ئەكەن بۆ ئەوەی ببنە دو دراوسێی باشی یەكتری. جارێ پێش هەمو شتێك بارزانی وپارتەكەی ئەبێ باش لەوە گەیشتبن كەوا دوای ریفراندۆم شتێك نامێنی بەناوی دانوستانەوە لەگەڵ بەغدا ، ئەو كات دەنگی دیبلوماسییەت كپ ئەبێ، دەنگی تفەنگ زاڵ ئەبێ، لەدوای ریفراندۆم هیچ مانایەك بۆ دانوستان نامێنێو عیراق ئامادە نیە بەهیچ شێوەیەك بێتە ناو دانوستانەوە.ئەم قسەی ببينە دو دراوسێی باش، پێش ئەوەی چەواشەكارییەكی سیاسیانە بێت، وەهمێكە لەخەیاڵی هیچ كەسێكی عاقڵدا نیە. چونكە ریفراندۆمو جیابونەوە واتای شەڕو ئاشوبە، واتای لێكجیابونەوەكی هەتاهەتایە. كە تۆ بەشێكی گەورە لەماڵی دراوسێیەكەت دائەبڕی و خۆت ئەكەیتە خاوەنی بەچ هەقێك داوای بێدەنگی لێ ئەكەی.. كە تۆ نەتوانی ئەو دوژمنەت لەناو ببەیت چۆن ئەتوانی لەگەڵیدا بەدوژمنایەتی بژی. لەم كۆمەڵگە دواكەوتوەی ئێمەدا دوژمنكاری تاكەكانیش تەمەنی سی چل ساڵە، یەكێك لەعەشرەتێك بكوژی بۆ تۆڵەسەندنەوە پاش چل ساڵیش بێت دەستی خۆی ئەوەشێنێ، دوژمنایەتی ناسڕێتەوە. نمونەی فەلەستینو ئیسرائیلیش لەبەردەمماندایە، ئەوەتا پاش حەفتا ساڵ زیاتر شەڕیان لەگەڵ یەكترا لەسەر بستێ خاكە. سەرباری دەیان رێكەوتنو پەیماننامەی نێودەوڵەتیش تا ئەمرۆ نەیانتوانیوە ببنە دو دراوسێی باش، ئێستاش هەردو گەلی فەلەستینو ئیسرائیلیش ناتوانن بۆ یەك شەو لەترسی یەكتر بەئارامی بخەون،ئێستاش سنوری جۆلانی سوریاو باشوری لوبنان و تەنانەت سنوری ئیسرائیل لەگەڵ میسیرشدا ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە. هیچ مەنتیقی تێدانیە عەرەبەكانی عیراق بەو دراوسێیەتیە رازی بن كە تۆ ئەتەوێ، تۆ ئەتەوێ ئەمری واقیع بەسەریدا بسەپێنێ لەكاتێكدا تۆ لایەنە زەعیفەكەشی، ئەمە چ مەنتیقێكی سەقەتە بتەوێ بەرامبەركەت ملكەچ كەیت بەرازیبون بەدراوسێیەتیت؟.. جا بۆ باسی عیراق بكەین، ئەوەتا توركیاو ئێران كە بستێ خاكیشمان داگییر نەكردوە بەڵام تا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە ببنە دو دراوسێی باشی هەرێمەكەمان، ئەگەر بەرژەوەندی ئابورییان لەهەرێم نەبێ لەناویشمان ئەبەن،خۆ رێكەوتنو كۆبونەوە سێ قۆڵیو چوار قۆڵییەكانی ساڵانی هەشتاو نەودەكانمان لەبیر نەچوە كە بۆ پیلان لەدژی كورد لەپایتەختەكانیان سازیان ئەكرد، كە ئێمە نەتوانین توركیاو ئێران بكەینە دو دراوسێی باش، چۆن ئەتوانین عیراقێك بكەینە دراوسێیەكی باش كە خۆمان خاكەكەیمان پارچەپارچەكردوە؟.
(3)
پۆستی دكتۆر نەجمەدین
بەبڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراق و پەرلەمانەكەی دكتۆر نەجمەدین كەریم لەپۆستەكەی دورخرایەوە.. ئەم بڕیارە قسەی لەسەر ناكەم تا چەند بڕیارێكی سیاسییەو پەرچەكرداری چ هەڵوێستێكە كە لای هەمومان مەعلومە، بەڵام با لەروی یاساییەوە سەیری بكەین. پارێزگای كەركوك تا ئەمڕۆش بەپێی دەستور سەر بەدەوڵەتی عیراقەو هێشتا مادەی 140 جێبەجێ نەكراوە تا بزانین خەڵكەكەی ئەیانەوێ ببنە بەشێك لەهەرێم یان عیراق. حەیدەر عەبادیش سەرۆك وەزیری دەوڵەتی عیراقەو مەسئولی هەمو فەرمانبەرانی عیراقەو باڵاترین دەسەڵاتی تەنفیزییەو هەمو پارێزگاكان سەر بەئەنجومەنی وەزیرانن،وەكو هەر دەوڵەتێكی دونیا تەنانەت لەهەرێمەكەی خۆشماندا پارێزگار لەژێر دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانە، سەرۆك وەزیر دەسەڵاتی گۆڕینی هەر پارێزگارێكی هەیە چونكە لەرووی ئیدارییەوە سەر بە خۆیەتی، ناكرێ تۆ لەهەرێم دانیشیت ئیعتراز لەسەر گۆڕینی پارێزگاری بەسرە یا ناسریە بكەی، بەهەمان شێوەش ناتوانی لابردنی پارێزگاری كەركوك رەتبكەیتەوە. لابردنی دكتۆر نەجمەدینیش ئیجرائاتی تری بەدواوە دێ ، یەكەمیان ئەوەیە ئیتر هیچ نوسراوێكی پارێزگای كەركوك بەئیمزای ئەو نایخوات لەبەغدا.. دوەم دوور نیە تەنانەت موچەی فەرمانبەرانی كەركویش رابگیرێت چونكە پاریزگارەكەی لادراوە، دواتریش دانانی حاكمێكی عەسكەری یاخود پارێزگارێكیتر بۆ ئەم شارە واتای دوبارە بونەوەی هەمان كێشەو گرفتی جووت پارێزگاری ئەوەی هەرێم چەندین ساڵە توشی بوەو سەرێ لێشێواندوە. بۆیە ئەبێ سەركردایەتی یەكێتی حەكیمانە بیر لەبەدیلی دكتۆر نەجمەدین بكاو سەركێشی نەكا، چونكە ئەم هەرێمەی ئێمە چەندین ساڵە بەدەست پۆستێكی ئێكسپایەری سەرۆكی هەرێمەوە توشی كارەسات بوە، با خەڵكی كەركویش لەسەر پۆستەكەی دكتۆر نەجمەدین سەرگەرادنو ماڵوێران نەبن، بەتایبەتیش وەكو ئەوترێ كەركوك شاری یەكێتییەكانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست