کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوفاقی ریفراندۆمەکەی بارزانی

Saturday, 23/09/2017, 1:16


لە ئێستادا مشتومڕێکی زۆر سەبارەت بە ریفراندۆمی٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ لە ئاستی سیاسی، راگەیاندن‌و رۆشنبیریدا هاتوەتە ئاراوە.  پێویستە ئاماژە بەوە بدرێ کە لێکدانەوەو قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئاستی گفتوگۆی ئەقڵانی وەلاناوەو کار گەیشتوەتە یەکتر تەخوینکردن‌و کردنە دەرەوە لەبازنەی نیشتمانی‌و کوردایەتی.  بەتایبەتی بەرەی بەڵێ کە خۆی لە پارتی‌و وەک دەوترێ هاوئاوازەکانیدا لە یەکێتی‌و یەکگرتوی ئیسلامیدا دەبینێتەوە، لەئاستی جیاوازی راگەیاندندا بەرەی نەخێر یاخود ئەو هێزانەی رای جیاوازیان سەبارەت بە کات‌و گوتاری پشت ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەوە هەیە، بە خیانەتی نیشتمانی تۆمەتبار دەکەن.  بابەتی ریفراندۆمی 25ی ئەیلول لە زۆر لایەنەوە شایەنی گفتوگۆ‌و قسە لەسەر کردنە، ئەم نوسینە تەنها ئەو لایەنەی بابەتەکە دەخاتەڕو کە پەیوەستە بە رەفتاری ئەو هێزە سیاسیانەی بانگەشە بۆ ریفراندۆم دەکەن، بە لێکدانەوەو بەراوردکردنی هەڵوێست‌و رەفتاری لەپێشینەیان لە ئاست کرۆکی مەسەلەی ریفراندۆم وەک ئامرازێکی دەستوری‌و یاسایی بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتێکی مشتومڕئامێزی سیاسیی، یاسایی‌و ئیداری لە ڕێی پرۆسەی راپرسی‌و بڕیاری گەلەوە یاخود ئەو گروپە لە هاوڵاتیەوە کە مافی بەشداری پرۆسەکەیان هەیە.  لە پەیوەست بە مەسەلەی دیموکراسیەوە، پێویستە گشت ئەو بابەتانەی کە بە دەنگی خەڵک یەکلایی کراونەتەوە لە رێی هەڵبژاردنەوە وەک بابەتگەلێکی گرنگ تەماشا بکرێن چونکە پەیوەستن بە بەرجەستە کردنی ئازادیە سیاسی‌و مەدەنیەکانەوەو دەبێت بەهەند وەربگیرێن‌و پارێزراوبن لە شێوەی دامەزراوەی سەقامگیردا لە لایەن ئەو هێزو پێکهاتانەی بەشدارن لە پرۆسەی سیاسیدا. 
ئەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ هەڵسەنگاندنی رەفتاری ئەو هێزە سیاسیانەی کە پرۆسەی ریفراندۆمیان سەر ڕێ خستوە دەکرێت خۆی لەم مەسەلانەدا ببینێتەوە کە هەمویان پێکگرێدراون؛ بکەری سەرەکی ریفراندۆم‌و مەسەلەی پەکخستنی پەرلەمان‌و چۆنیەتی کاراکردنەوەی، هەروەها تیرۆر‌و ئازاردانی رۆژنامەنوسان‌و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەنگە جیاوازەکان لە ریفراندۆمەکەدا. هەڵبژاردنی ئەم بابەتانە کرۆکی ئەو مەسەلەیە یەکلایی دەکاتەوە کە ئایا تا چ ئاستێک ریفراندۆم دەتوانێت سەرلەنوێ متمانە لە نێوان هاوڵاتیان‌و فەرمانڕەوا بونیاد بنێتەوە لە هەرێمی کوردستان، یاخود بە یەکجاری نەیهێڵێت. 
بکەری سەرەکی ریفراندۆم
ئەوەی ئاشکرایە لە ئێستادا ئەو کەس‌و لایەنەی لە پشت ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمەوەیە پارتی وسەرۆکەکەیەتی، بە پاڵپشتی‌و سپۆنسەری هاوئاوازانی لە یەکێتی‌و یەکگرتوی ئیسلامی‌و هەندێ لایەنی سیاسی کە زیاتر بە دوکانی سیاسی ناودەهێنرێن. بڕیاردان لە پرۆسەیەکی ئاوها گرنگ‌ بێ ئامادەسازی یاسایی‌و سیاسی ناوخۆیی‌و هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی بە سەر ڕێخستنی گفتوگۆی سیاسی هەمەلایەنە‌و یەکخستنی تواناو ئیرادەی ناوخۆیی‌و وتوێژ لەگەڵ یارو نەیارو دوژمن‌و دۆستدا بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی‌ ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی ریسکێکی گەورەیە بە چارەنوسی گەلی کوردەوە، کە دور نیە کورد ئەو ئەزمونە نالەبارەی ئێستاش لەدەست بدات. 
لە ئێستادا مسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی هەڵگری زیاد لە ئیشکالیەتێکە. لە هەمویان گرنگتر ئیشکالیەتی رەوایەتی سیاسی، قەیرانی متمانەو پەکخستنی دامەزراوەکانە.کەسێکی وەک بارزانی لەئێستادا مۆنۆپۆلی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کردوە، وەک بەرزترین دەسەڵاتی جێ بە جێکردن. پاش ئەوەی بارزانی دوخولی سەرۆکایەتی تەواو کرد، دو ساڵی دی بە نایاسایی‌و وا بۆ دوساڵیش دەچێت لە ڕێی ئینقلاب‌و پەکخستنی پەرلەمانەوە دەسەڵاتی بەزۆر سەپاندوەو دور لە بەرپرسیارێتی سیاسی لە ڕێی کودەتاوە دەسەڵاتی زۆرەملێیی پیادە دەکات.
لە سیستمە سەرۆکایەتی ونیمچە سەرۆکایەتیەکاندا، لە کاتێکدا  زۆرینەی پەرلەمانیی لە پارتێکی دی یان هاوپەیمانێتیەکی جیاواز بێت لەوەی سەرۆکی وڵات هەیەتی‌و ئەم زۆرینەیەش پێچەوانەی خواستی سەرۆک هەڵسوکەوتی کرد، نەک تەنها شێوازی حوکمڕانی‌و بەڕێوەبردن دوچاری قەیران دەبێتەوە بەڵکو کۆی سیستەمی سیاسی روبەڕوی وەستان‌و شکست دەبێتەوە. چونکە ئەگەری بەکارهێنانی هێز وپەکخستنی دامەزراوەکان‌و ژێرپێخستنی یاسا‌و دەستور ئەگەرێکی زۆر بەهێزە، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە خاوەنی دامەزراوەی لەرزۆکن، لەسەرو هەموشیانەوە نەبونی پارتی سیاسی خاوەن دیسپلین‌و دامەزراوەی سەربازی نیشتیمانی. نزیکترین نمونەش ئەو کودەتایە بو بەسەر پەرلەمانی کوردستاندا کرا لە 12ی ئۆکتۆبەری 2015 لەلایەن میلیشیاکانی پارتەکەی بارزانیەوە. لەبری دەستلەکارکێشانەوەو رێزگرتن لەیاساو دامەزراوەکان، یاخود هەوڵدان بۆ دروستکردنی زۆرینەیەکی پەرلەمانی جیاواز لە 23ی حوزەیرانی 2015، بارزانی کودەتاو ژێرپێخستنی یاساو رێسا کارپێکراوەکانی هەڵبژارد، ئەو یاساو پەرلەمانەی کە بەرجەستەی دەنگ‌و ئیرادەی هاوڵاتیانی کوردستان دەکات. هەربۆیە پۆستەکەی بارزانی هیچ سەنەدێکی یاسایی‌و سیاسی‌و ئەخلاقی نەماوە تاوەکو بارزانی بتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە لە 25 ئەیلولدا ریفراندۆم بکرێت. لە حاڵەتێکیشدا بارزانی‌و دیوەخانی هاوئاوازەکانی بڕیارێکی لەوجۆرەیان داوە، بە هەڵسەنگاندنی رەفتارو کردەوەکانی لە ئاست یاساو دامەزراوەکاندا، زۆر زەحمەتە قەناعەت بە خۆمان وخەڵکی کوردستانیش بهێنین بەوەی بارزانی دەیەوێت رێز لە دەنگ‌و ئیرادەی هاوڵاتیان بگرێت. لێرەوە ریفراندۆمەکەی 25ی ئەیلولی ٢٠١٧ جگە لە خورافەتێکی سیاسی‌و یاریەکی نا ئەقڵانی هیچی تر نیە. خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین گەر قەناعەت بەوە بکەین بارزانی دەیەوێت گوێ لە دەنگی هاوڵاتیان بگرێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی. یاریەکی زۆر ناڕەوایە بارزانی‌و هاوئاوازەکانی دەیکەن، لە کاتێکدا بێباکانە دەیانەوێت تەمەنی سیاسیان بەو هەمو شکستی حکومڕانی‌و ئابوریەوە بە نایاسایی درێژە پێبدەن لە رێی پیادەکردنی سیاسەتی پۆپۆلیستی‌و یاریکردن بە هەستی نەتەوایەتیەوە‌و  بەو پاساوەی کە گوایە لە ئێستادا لە رێی ریفراندۆمەوە خەریکی بنیادنانی دەوڵەتن لە باشوری کوردستان. لەکاتێکدا لە 26 ساڵی حکومڕانی شکستخواردوی هەرێمی کوردستان، دوو پارتی دەسەڵاتدار هەمو دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی دیفاکتۆیان بەو شێوازەی ویستویانە پیادە کردوە، تۆ بڵێی لەم ماوە کەمەی کۆتایی خولی یاسایی پەرلەماندا، کە بە زەبری هێزی میلیشیایی پەکخرا، پاش کاراکردنەوەی بەو شێوە کارتۆنی‌و نایاساییە‌و دور لە رێککەوتنی نێوان هێزە سیاسیەکان گۆڕان بەسەر کەڵکەڵە‌و رەفتاری ‌هێزە باڵادەستەکاندا هاتبێت؟ لە پەیوەند بە بنەما دیموکراسیەکانەوە، هەتاوەکو پیادەکردنی سیاسەت لە کوردستاندا لە کەڵکەڵەی پاوانخوازیەوە نەگۆڕێت بۆ گوتاری ئەقڵانی‌و بەرپرسیارانە لە سەر بنەمای رێزگرتن لە متمانە‌ی هاوڵاتیان‌و شەرعیەتی دامەزراوەکان مەحاڵە گۆڕان بەسەر شێوازی حکومڕانیدا بێت، جا کورد لە هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتی دیفاکتۆ بمێنێتەوە یاخود ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆ.      
بارزانی سەرباری رێز نەگرتن لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم‌و هەموارکردنەکانی؛ ئەو یاسایەی کە پارتەکەی خۆی‌و یەکێتی بە تەوافق لە پەرلەمان تێیان پەڕاندوە، پاشان پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان کە بەرجەستەکەری ئیرادەی گشتی خەڵکە، تەنانەت رێز لە وتەو بەڵێنەکانی خۆیشی ناگرێت، لە کاتێکدا چەندین جار لە بۆنەو شوێنی جیاوازدا باسی ئەوەی کردوە کە کەس لەو ئاسانتر نیەو ئامادەیە واز لە کورسی سەرۆکایەتی بێنێ. ئەمەش ئەو راستیە دەسەلمێنێ بارزانی بە هیچ جۆرێک ئامادەی دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات نیەو لە ڕێی کودەتاوە درێژە بە كەڵکەڵەی پاوانخوازی‌و دەسەڵاتی زۆرەملێیی خۆی دەدات. لەلایەکەوە، جێی گومانە کەسێک وا بۆ 12 ساڵە بە یاسایی ونایاسایی وپاشان کودەتا بەسەر پەرلەمان‌و بێڕێزیکردن بە ئیرادەی خەڵک رەواج بۆ دەسەڵاتی خۆی پەیدا بکات وا خۆی دەردەخات کە پێویستی بە دەنگی خەڵکە بۆ دیایکردنی چارەنوسیان. لە کاتێکدا هەر خودی بڕیاری ڕیفراندۆم لەدەرەوەی سیاقی یاسایی دراوە، چونکە هەر خۆی پەرلەمانی پەکخست. هەر بۆیە سەرباری ئەو مەترسیانەی کە لە حاڵەتی ئەنجامدانی راپرسیەکەوە سەرهەڵدەدەن، ریفراندۆم بۆ خۆ بە پاڵەوان کردن‌و لەبیربردنەوەی شەرعیەتی سەرۆکایەتی هەرێم‌و مەسەلەی پەکخستنی پەرلەمانە تاوەکو جارێکی دی‌و لەڕێی راپرسی بۆ خولیاو حەزە سوڵتانیەکانیەوە درێژە بە حوکمی تاکڕەویی‌و دیوەخانی بدات. لەلایەکی ترەوە، هاوئاوازەکانی پارتی‌و بارزانی، هەر لە دوای پەکخستنی پەرلەمان‌و لەبیرکردنی پرۆژەکانی خۆیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی، لە بەرگی گوتاری نەتەوەییدا بە شێوازی جۆراوجۆر لە خزمەت پڕۆژە سوڵتانیەکەی بارزانیدا بون. بە تایبەت وەک دواهەمین کارت دەیانەوێت چ لە ڕێی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە یاخود لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە‌و لەژێر ناوی کوردایەتی‌و بە پاساوی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی خۆیان لە ئیحراجی‌ سیاسی‌و بەرپرسیارێتی مێژویی بدزنەوەو دەرچەیەک بۆ سەڵتەنەی بارزانی بدۆزنەوە  لە ڕێی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتی هەرێم بۆ دو ساڵ لە بری ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتیەکان. بەڵام بێ ئاگا لەوەی ئەم جۆرە لە یاریکردن پرۆسەی سیاسی لە کوردستان راست ناکاتەوە، بەڵکو پاڵپشتی کودەتاکەی پارتی‌و بارزانی دەکات. بە واتا لە بری دەنگی خەڵک، لە ئێستادا کودەتا وەک رێکارێکی نا دیموکراتی‌و نامەدەنی رەواجی ئەوەی هەیەو بۆتە سەرچاوەی رەوایەتی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، دورنیە هێزو لایەنی دی لەکات‌و ساتی گونجاودا پەنای بۆ ببات‌و کوردستان دوچاری نا سەقامگیریی سیاسی‌و ئابوری زیاتر بکات‌و هێندەی تر کوردستان لە بونی حکومڕانی دیموکراسیی‌و هێنانەدی خەونی لەمێژینەی دەوڵەتی سەربەخۆ دور بخاتەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە تەنانەت کودەتاچیش، وەک تاکتیک‌و ئاستێک لە ئاستەکانی گەشەی شێوازی حوکمڕانی دەسەڵاتگەرا یاخود حوکمی دەسەڵاتگەرای لە دیموکراسیچو، پێویستی بە رواڵەتەکانی دیموکراسیەت هەیە، وەک ریفراندۆم، بۆ زیاتر چەسپاندنی بنەماکانی حوکمی بنەماڵەیی‌و سوڵتانی لە هەرێمی کوردستان.
تیرۆری فکری‌و جەستەیی‌ 
هێزە باڵادەستەکانی هەرێم تەنها لە ئێستاداو لەم کەمپینی ریفراندۆمەدا نیە کە دەنگی جیاواز خەفە دەکەن بەڵکو پێشینەیەکی خراپیان هەیە لەم ڕوەوەو لە کات‌و روداوی جیاوازدا میدیاو دەنگی ئازادو ناڕازیان کپ کردوە.  نمونەش لەم بارەیەوە زۆرن لە پێشێلکاری جۆراوجۆر دژ بە رۆژنامەنوسان‌و میدیای ئازاد، هەر لە ڕاوەدونان‌و گرتن‌و ئازاردان‌و رێگری لە پەخش کردن تاوەکو کوشتنی رۆژنامەنوس‌‌و سوتاندنی بارەگای کەناڵی راگەیاندن. 
هەر لەسەرەتاکانی دەستپێکردنی ئەم کەمپینەوە، وەک رەفتاری لەپێشینەیان، هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم سەرەتا کەوتونەتە لێدانی فکری‌و مەعنەوی ئەو جوڵانەوەو کەسایەتی‌و دەنگانەی لە ئێستادا رایانگەیاندوە دەنگیان بۆ نەخێرە لە ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆمدا.  ئەمە لەکاتێکدایە ریفراندۆم خۆی بریتیە لە وەرگرتنی رای خەڵک، چ بە بەڵێ بێت یاخود بە نەخێر.  
تێڕوانینی پارتی‌و هاوئاوازەکانی بۆ دەنگدان چ لە هەڵبژاردندا بێت یان لە ریفراندۆمدا، سەرباری بوونی خانەی نەخێر لەفۆرمی دەنگداندا، وەک ئەركێکی نەتەوەیی وێنادەکەن‌و خۆشیان نوێنەرایەتی نەتەوە دەکەن.  لەپەیوەست بە ریفراندۆمی 25 ی ئەیلولەوە، لەبەرئەوەی پارتی‌و هاوئاوازەکانی بەپڕۆژەی خۆیانی دەزانن‌و بانگەشەی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەکەن، هەربۆیە لە روانگەی ئەوانەوە پێویستە هاوڵاتیان بەگشتی بەدەم پرۆسەکەوە بچن‌و دەنگ بە بەڵێ بدەن.  لەئێستادا بەرەی بەڵێ لەئاستی جیاوازدا لە کەسایەتی مەعنەوی بەرەی نەخێر دەدەن‌و تۆمەتی خیانەت‌و لایەنگریی هێزی دەرەکیان دەخەنەپاڵ.  ئەمەش وەک پاساوێک تاوەکو بەشێوازی جۆراوجۆر هەڕەشەیان لێ بکەن بۆ بێدەنگکردنیان یاخود بەفیعلی پەلاماریان بدەن لە نمونەی ئەو روداوو حاڵەتانەی چەند هەفتەی رابردو.  ئەمەش لەلایەکەوە مەودای گفتوگۆکردنی ئەقڵانی‌و بابەتی لە نێوان هەردو بەرەی بەڵێ‌و نەخێردا بەرتەسک دەکاتەوەو لەلایەکی دیکەشەوە راستی نەبونی متمانە لە نێوان دەسەڵات‌و هاوڵاتیان لە 26 ساڵی حکومڕانی کوردی دوپات دەکاتەوە. 
لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین، هەرێمی کوردستان پێش هەموو شتێک پێویستی زۆری بە هێنانەکایەی حوکمڕانی باش‌و دامەزراوەی شەرعی‌و هێزی پێشمەرگەی یەکگرتو ودامەزراوەی دیموکراسیە سەرەتا بۆ گەڕانەوەی متمانە لەنێوان دەسەڵات‌و هاوڵاتی، پاشان هەنگاونان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بەلەبەرچاوگرتنی دەرفەت‌و هاوکێشە هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتیەکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە