کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کەرکوک ریفراندۆم دوا دەخات؟!

Friday, 22/09/2017, 20:29


چەند رۆژێک ماوە لەبەردەم ئەنجامدانى ریفراندۆم و لەماوەى چەند رۆژی رابردوویشدا کۆمەڵێک ئەگەر و پێشهاتی تازە هاتە کایەوە، هەوڵە نێو دەوڵەتیەکان و وە بەدیاریکراوى ئەمریکاو هەندێ لە وڵاتە زلهێزەکان و خودى نەتەوە یەکگرتووەکان بە جددى هاتوونەتە سەر خەت و داوای لە سەرکردایەتى سیاسی کورد دەکەن ریفراندۆم دوابخەن و هەڵیبوەشێننەوە و لەگەڵ بەغدا بکەونە گفتوگۆوو توێژ، ئەو هەوڵەیش لە ئان و ساتێکدایە هێشتا عیراق و سوریا لەداعش پاک نەکراوەتەوەو ئەوەش بۆ رای نێودەوڵەتى بە شکستی گەورە بۆ وڵاتە زلهێزەکان دادەندرێ کە لەهەموو ئەو ماوەیەدا نەیانتوانى بەپێشکەتووترین تەکنەلۆژای سەردەم و حوکمى سەربازى کۆتایی بەوگرۆپە بێنن و هەر شەڕێکى تر لەدەرەوەى ئەو بازنەیە لەبەرژەوەندى داعشەو ئەوانیش بۆ ئەوەى بارگرژی زیاتر لەو شەڕە داسەپاوەى تیرۆریستانى داعش کە لە ناوچەکەی هەڵگیرساندووە، دەرفەت و هەناسەى زیاتر بۆ ئەوگروپە خۆش نەبێت کە زیاتر درێژە بەمانەوەى خۆیان بدەن و پەلامارەکانیان زیاتر چڕ بکەنەوە، بۆیە بە تێوەگلانى کورد لەو گەمە سیاسی و سەربازییەدا لەهەمبەر حکومەتى عێراق، هێندەى دیکە بارودۆخەکە بەرەو گرژی و ئاڵۆزى زیاتر دەبات.
ئەمریکا بەهەموو شێوەیەک ئەو پرۆسەیە ڕەت دەکاتەوەو دان بەهیچ ئەنجامێکى دانانێت و ئەوەى سەرکردایەتى کوردیش بەدوای دەگەڕێ کە ئەو داخوازیەى ئەوان دەیانەوێ بەو شێوەیە نییە، بۆیە ریفراندۆم دەکەن، من لە دیدگای خۆمەوە پێم وایە ریفراندۆم دوادەخرێت ئەگەر هیچ گرەنتیەکیش بەکورد نەدەن تەنها لەبەر چەند خاڵێکى سەرەکى، لەوانە:
یەکەم: کەرکوک کە پێی دەوترێ شاری پێکەوە ژیان، کە تائەمڕۆ بودجەو مووچەى لە بەغداوە بۆ هاتووە، خەڵکێکى زۆری ئەم شارە بەخودى کوردەکانی لەمەڕ خۆیشمان ئەوانەى مووچە خۆرن و مانگە لە ملیۆن دینار بەسەرەوە وەردەگرن، ڕەنگە ئەو ئامادەییەیان تێدا نەبێت ئەووەزعە لەخۆیان تێک بدەن و وەکو هەرێم ژیان بە چارەگە مووچە بەسەر ببەن، بۆیە ترس لەوەدایە خەڵکێکى زۆر لەکاتى راپرسیەکەدا بە نەخێر بچێتە سەر سندوقەکانى دەنگدان، هەرچەندە شتێکى حاشا هەڵنەگرن سەربەخۆیی لەهەمووشتێک گەورەو پیرۆزە، بەڵام حوکمڕانى بیست و پێنج ساڵەى حکومەتى هەرێم و ململانێی حزبەکان و نەبوونى هیچ ئەجیندایەکى روون و ئاشکراو ئەو بارودۆخەى خەڵک بەهۆی قەیرانەوە تووشی دەیەها کێشەى کۆمەڵایەتى بوو، رەنگە ئەو دیمەنانە لە هزری هەر تاکێکى ئەو شارە ڕەنگ بداتەوە کە هەمان چارەنووسیان تووش ببێت.
دووەم: حزبە کوردیەکانى لەمەڕ خۆمان بەتایبەت حزبە دەست رۆیشتووەکان لەهەموو ئەو ماوەیەدا نەیانتوانیوە دیمەنێکى جوان پێشکەش بکەن کە بتوانن سەرنجى تورکمان و عەرەبەکانى ئەو شارە بۆ خۆیان رابکێشن کە ئەو دوو لایەنە هاودەنگ و هاوڕا بوونیایە، ئەوە پرۆسەکە قورس و گرانایی زیاتری دەبوو.
سێ یەم: بەپێی داتا و ئامارەکان کورد  لەم شارە لەهەڵبژاردنەکان بەهەموو هێزێکیەوە لە سەرووى سێ سەد هەزار دەنگى هێناوە، بەڵام هەقیقەتى بوونى تورکمان و عەرەب لەو شارە ژمارەیەکى زۆرەو لە یەکگرتن و بایکۆتکردنیان کە بڕیاریان داوە بەشداری ریفراندۆم نەکەن، بەمەیش کورد ناتوانێ لەسەدا پەنجای دەنگەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
چوارەم: وەک دواخاڵ و جەوهەری ئەم بابەت لەکاتێکدا کورد نەیتوانى رێژەى یاسایی بێنێت ئەوە بۆ کورد دەبێتە لەکەیەکى گەورە کە ئیتر ئەم شارەو پێکهاتەکانى سەر بەم شارە لە راگەیاندنى سەربەخۆیی دەوڵەتى کوردى بێ بەش دەبێت، ئەمەیش دەبێتە هۆکارگەل و پاساوێکى بەهێز کە حکومەتى عێراق هەوڵەکانى لەم شارە چڕ بکاتەوە و دەبێ بۆ ساڵانێکى زۆر تواناکانمان بەگەڕ بخەین بۆ ئەوەى بتوانین لەهەر راپرسیەکدا بەڵێ وزۆرینەى ئەم شارە ببەینەوە.
هەرچەندە ئەو سووڕبوونە بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم هەموو دونیای سەرقاڵ کرد، ئەوەش دەکرێ سوود لەو هەوڵانە وەربگیرێن کە خزمەت بەدۆزى ڕەوای گەلەکەمان دەگەیەنن و لە پێش هەموویانەوە یەک دەنگ و یەک ریزى و یەکحزبی کورد لەمەڕ پرسە چارەنووسسازەکان.    

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە