ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ، ڕووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان

Wednesday, 20/09/2017, 21:58


بەدرێژایی مێژووی خەباتی نەتەوەیی بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان ، بەدەگمەن ڕێککەوتووە کە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی لە پەیڕەو و پڕۆگرامی خۆیدا خاوەنی بیرۆکەی سەربەخۆیی ڕەهای کوردستان بێت ، بەتایبەتی دوای کۆتایی هاتنی حکومەتەکەی شێخ مەحموود لە سلێمانی لەسەر دەستی ئینگلیزەکان بەڵام لەنێو سەرجەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان دیارترین هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی لەلایەن ئەو حیزبانەوە بووە کە دووربوون لەوەی سروشتێکی خێڵەکی و بنەماڵەییان هەبێت ، هەڵبەت دامەزراندنی کۆماری مەهاباد لەلایەن پێشەوا قازی محمد یەکێكە لەو دەستکەوتانەی کە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی شایەنی باسکردنە ، لە ڕاستیدا خستنەڕووی سەرجەم ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی نەهاتنەئارای دەوڵەتی کوردی وە یان لانی کەم نەیان هێشتووە ئەو دەوڵەتانە بەردەوام بن کارێکە زۆر لایەن لەخۆ دەگریت ، بەڵام سەرەکی ترین هۆکاری کێشەکە نەبوونی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی میللەتی کوردە لە بەرامبەر داگیرکەرانی خاکەکەی کە تەنانەت بەجۆرێك لاوازە کە لەکاتی باسکردنی یەکڕیزی میللەتی کورد دەبێت وەك وەهـمێك باسی لێوەبکەین.
لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی میللەتی کورددا بزووتنەوە ناسیۆنالیستە جۆراوجۆرەکان بەبەراوورد بە پێکهاتە خێڵەکی و خۆفرۆشەکان کەمینە بوون ، کە ئەمەش هۆکارێکی تری کێشەکە بووە ، لەدوای ڕووخانی کۆماری مەهاباد پارتی دیموکراتی کوردستان وەك حیزبێکی خێڵەکی بنەماڵەیی بوو بە یەکەمین هێزی یاخیبووی کوردی لە ناوچەکەدا ، ئەم حیزبە خێڵەکییە کە لەلایەن مەلا مستەفاوە سەرکردایەتی دەکرا بەهیچ جۆرێك خاوەنی بیرۆکەی سەربەخۆیی نەبووە لەمێژووی خۆیدا و هەموو ئامانجێكی تەنها بەدەستهێنانی نیمچە ئازادیەك بووە لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا و مێژووش شایەتە لە زۆربەی هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە شکستی خواردووە ، ئەمەش لەبەرئەوەی کە ڕێبەرانی ئەم حیزبە تاقمێکی خێڵەکی و نەخوێنەوارن و لە توانایاندا نییە لەمانای پیرۆزی سەربەخۆیی تێبگەن و کاری لەسەر بکەن و تەنانەت لەنێو جەماوەری کوردستاندا زۆرینەی لایەنگرەکانیان لە کەسانێکی نەفام و نەخوێنەوار پێکهاتووە ، ئەمە جگەلەوەی کە چەندین تاوانیان دەدرێتەپاڵ کە دژ بەبزووتنەوە سەربەخۆیی خوازەکانی تری کوردستان ئەنجامیانداوە لە هەموو پارچەکانی تری کوردستان.
لە دوای ڕاپەڕینی پڕ شکۆی خەڵكی کوردستان باشووری کوردستان بووە خاوەنی نیمچە سەربەخۆییەك و لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە چوارچێوەی عێراقدا مایەوە ، کە ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە لەسەر ئاستی نێودەڵەتی پێگەیەکی جیاواز و تاڕادەیەك نادیاری هەبێت بەو پێیەی کە هەرێمێکی تا ڕآدەیەك دابڕاوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی و لەهەمان کاتدا خاوەنی گیانێکی سەربەخۆی تەواو نییە ، لەبەرم ئەم هۆکارە هەر لەدوای ئەو قۆناغەوە ڕاستەوخۆ چەندین دەزگای هەواڵگری ووڵاتانی جیهان بەڕێککەوتن لەگەڵ سەرانی پارتی و یەکێتی هەوڵەکانیان چڕ کردەوە بۆ سوود وەرگرتن لە خاکی هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی ئەم هەرێمە لە نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژیە و دەتوانرێت بەم هۆکارە وەك خاڵی دزەکردن بۆ ووڵاتانی تر سوودی لێوەربگیرێت.
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی (مۆساد) لە ڕیزی پێشەوەی ئەو دەزگایانە دێت کە سەرکەوتوو بووە لەوەی کە سوود لە خاکی هەرێمی کوردستان وەربگرێت ، هەڵبەت دەوڵەتی ئیسرائیل خاوەنی پەیوەندییەکی لە مێژینەیە لەگەڵ سەرانی پارتی و بارزانیەکان ، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی شەستەکان ، ووردەکاری پەیوەندیەکانی ئیسرائیل و کوردەکان کە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بوو لە  کتێبی (مۆساد لە عێراق و ووڵاتانی دراوسێ ، داڕمانی ئومێدی ئیسرائیل و کوردەکان) کە لەلایەن (شلۆمۆ نکدیمۆن )ەوە نووسراوە خراوەتە ڕوو ، کە لەو نیوەندەدا مۆساد وەك داردەستی یەکەمی دەوڵەتی جوولەکە کە سیاسەتی ئەو دەوڵەتە جێبەجێ دەکات ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە.هۆکاری سەرەکی درێژکردنی دەستی یارمەتی لەلایەن جوولەکەکانەوە بۆ یاخیبووە کوردەکان لە باشووری کوردستان لەو کاتانەدا دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی ئیسرائیل دوای دامەزراندنی کاری بۆ لاوازکردنی ووڵاتانی عەرەبی دوژمنی خۆی دەکرد و بۆ ئەو مەبەستە بەهاوکاری دەزگای(ساواك)ی ڕژێمی شاهانەی ئێران هاریکاری و یارمەتی پێشکەشی کوردەکان دەکرد بۆ لاوازکردنی حکومەتی عێراق لەسەر ئەو بنەمایەی کە دەڵێت : دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە.
 
بەڵام پەیوەندیەکانی ئیسرائیل و کوردەکان وەك چۆن سەرەتایەکی هەبوو ئاواش کۆتاییەکی هەبوو ، کۆتایی ئەو پەیوەندیانە دوای ئەوە بوو کە ڕێککەوتننامەی جەزائیر لەنێوان عێراق و ئێران مۆرکراو ، مەلا مستەفاش لە ئێرانەوە ڕایگەیاند : ڕۆڵی من تەواو بوو ، بەڵام پێش ئەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل و کوردەکان بەتەواوەتی کۆتایی بێت سەرانی فێڵبازی مۆساد بە زیرەکی خۆیان درکیان بەوە کردبوو کە ئەگەر باشووری کوردستان خاوەنی داهاتوویەك بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵی تێدا دەبێنیت ، لەبەرئەوەی ئەم حیزبە زیاتر لە عەشیرەتێك دەچێت و واتە پێکهاتەیەکی خێڵەکی هەیە کە بەم هۆکارە لە کوردستاندا دەستیان دەڕوات و سەرەڕای ئەوەش لەو کاتەدا لەنێو کەسانێکی نەفام و نەخوێنەواردا خاوەنی لایەنگرێکی زۆر بوون.
لەبەر ئەو دوو هۆکارە بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل پێش کۆتایی هاتنی پەیوەندیەکانیان بە کوردەکانەوە چەندین جار سەرانی بنەماڵەی بارزانیان بانگهێشتی ئیسرائیل کرد و  چەندین ملیۆن دۆلاریان پێشکەش کردن کە ئەوانیش لەبەرئەوەی کەسانێکی خێڵەکین و لەپێناو پارەدا هەموو کارێك ئەنجام دەدەن لە بەرامبەردا وەفا و دۆستایەتی خۆیانیان بۆ ئیسرائیل دووبارە کردەوە.
لەبەر ئەم هۆکارانە دەزگای مۆساد دوای راپەرینی خەڵکی کوردستان لەساڵی ١٩٩١ دا و دوای ئەوەی کوردستان بووە خاوەنی نیمچە سەربەخۆییەك لەڕیزی پێشەوەی ئەو دەزگایانە دێت کە توانی سوودێکی زۆر لە خاکی هەرێمی کوردستان وەربگرێت بەتایبەتی بۆ دزەکردنی سیخورەکانی بۆ خاکی ئێران و هەر بەم هۆکارە پەیوەندیە لە مێژینەکانی بە پارتی و بارزانییەوە نوێ کردەوە.
هەڵبەت مۆساد تاکە دەزگای هەواڵگری نییە کە توانیویەتی سوود لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت ، بەڵام بەهەموو پێوەرێك کردنی خاکی کوردستان بە بارەگایەکی گەورەی دەزگای هەواڵگری ووڵاتان بێگوێدانە ئاسایشی نەتەوەیی و گیانی هاوڵاتیانی کوردستان تاوانێکی ترە کە سەرانی یەکێتی و پارتی دژ بەگەلی کوردستان ئەنجامیانداوە و شایەنی لێخۆشبوون نییە ، مێژووی پڕ لە خیانەت و تاوانی حیزبەکانی کوردستان و بەتایبەتی یەکێتی و پارتی شایەتی ئەو ڕاستیە دەدات کە کردنی خاکی کوردستان بەبارەگایەکی گەورەی هەواڵگری و سەربازی ووڵاتان شتێکی ئاساییە بەلای سەرانی ئەم دوو حیزبەوە ، مێژووی ئەم دیاردەیەش دەگەڕیتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ناوخۆ کە هەریەك لە یەکێتی و پارتی پەنایان دەبردە بەر تورکیا و ئێران بۆ لاوازکردنی یەکتری و ڕێگەیان بەم دوو ووڵاتە دەدا کە بنکەی هەواڵگری و سەربازی لە کوردستاندا دابمەزرێنن.
ڕۆژنامەنووسێکی فەرەنسی ناسراو بە (جۆرج مالبرۆنۆ) لە ووتارێکدا دوای سەردانی بۆ ئیسرائیل چەند زانیاریەکی ترسناکی خستووەتە ڕوو دەربارەی چالاکیەکانی مۆساد لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکانیان بە سەرکردایەتی کوردەوە ، وە ئاماژەی بەوە داوە کە ١٢٠٠ کەس لە پیاوانی مۆساد و هەروەها شارەزا سەربازیەکانی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.
بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە : ئایا دەگونجێت کە حیزبێکی خێڵەکی وەکو پارتی کە خاوەنی زۆرترین پەڵەی ڕەشە لە مێژووی خۆیدا خاوەنی بیرۆکەی سەربەخۆیی بێت و کاری لەسەر بکات ؟ لە کاتێکدا کە بەدرێژایی مێژووی خۆی تەنها بۆ جارێکیش ئەم پرسەی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نەوورووژاندووە.
هاتنی داعش بۆ ناوچەکە زۆر ڕاستی لای خەڵکی کوردستان ئاشکرا کرد و بۆ هەموانی سەلماند کە پارتی بەناو دیموکرات هەر ئەو پارتییەیە کە ٣١ی ئابی ئەنجام داوە و هیچ نەگۆڕاوە ، بەدڵنیاییەوە ڕادەست کردنی شەنگال بۆ ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش یەکێکی ترە لە تاوانەکانی تری سەرانی ئەم حیزبە خێڵەکییە کە خۆ ئەگەر تەیارەکانی ئەمریکا نەبووایە ئەوا ڕەنگە داعش هەولێریشی بەدەردی شەنگال ببردایە.
دوای ئەوەی سوپای عێراق لە بەرامبەر داعشدا ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بوویەوە و بەناچاری ناوجە دابڕاوەکانی ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد ئیتر بەهۆی ئەم ڕێککەوتە سنوری جوگرافی کوردستان تەواوی خاکی کوردستانی باشووری گرتەوە و پاش تێپەڕینی ماوەیەك بەسەر ئەم ڕووداوانەدا لەناکاو پرسی ڕیفراندۆم لەلایەن مەسعوود بارزانیەوە وورووژێنرا ، وورووژاندنی ئەم پرسە لە ناکاودا ئێجگار مایەی سەرسوڕمانە لەبەرئەوەی پارتی لە مێژووی خۆیدا هەرگیز سەربەخۆیی کوردستانی بەخەیاڵدا نەهاتووە.
ئەو ڕیفراندۆمەی کە پارتی و بارزانی بانگەشەی بۆ دەکەن لە ئێستادا بەڵگەیەکی تری نەفامی و نەخوێنەواری سەرکردایەتی ئەم حیزبەیە ، لەبەرئەوەی لە ئێستادا ئەگەر هۆکارێك هەبێت بۆ بیرکردنەوە لە سەربەخۆیی لە بەرامبەردا دەیان هۆکار هەیە بۆ ئەوەی بیری لێنەکەینەوە یان هیچ نەبێت بۆ کاتێکی گونجاوی دوابخەین.
هەرێمی کوردستان لە ئێستادا خاوەنی ژێرخانێکی ئابووری پتەو نییە و شتێکی تێدا بەدی ناکرێت بەناوی کەرتی تایبەت ، ئەمە جگە لەوەی کە لەڕووی جوگرافیشەوە بەووڵاتانی دوژمن دەورە دراوە وەك چۆن دوورگەیەك بە دەریا دەورە دەدرێت ، بەم هۆکارە ئەو ووڵاتاتە هەرکاتێك بیانەوێت دەتوانن گەمارۆی ئابووری بخەنە سەر هەرێم هەڵبەت ئەم پەیبردن بەم هۆکارانە کارێکی هێندە ساکارە کە لەتوانای ساویلکەترین مرۆڤدایە تەنانەت مرۆڤێکی نەفام و نەخوێنەواری وەك مەسعود بارزانیش ، ئەی کەواتە دەبێت ئەو هۆکارە چی بێت کە وا لە پارتیەکان دەکات کە لەم کاتەدا بیر لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بکەنەوە ؟ کە کۆتاییەکەی بە نەهامەتی و نەگبەتی خەڵکی کوردستان کۆتایی یەت ، وەڵامی ئەو پرسیارە دووبارە لە پەیوەندیە هەواڵگریەکانی پارتی بە دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی خۆی دەبینێتەوە ، کە لە سەرەتای شەستەکانەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستا چەندین قۆناغی جیاوازی بڕیوە.
دەوڵەتی  ئیسرائیل لە ئێستادا خۆی وادەردەخات کە پێویستی بە هاوپەیمانێکە لە ناوچەکەدا و بۆ ئەو مەبەستە پشتگیری خۆی بۆ ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان ڕادەگەیەنێت 
بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هەڵوێستە تەنها دەمامکێکە لەبەرئەوەی سەرانی حکومەتی ئیسرائیل زۆر لەوە هۆشیارترن کە پێویستیان بەهاوپەیمانی هەرێمێك هەبێت کە کەسێکی وەك مەسعود بازرانی بۆ چەندین ساڵ بەناشەرعی سەرۆکی بێت بەڵکو ئامانجی ڕاستەقینەی بەکارهێنان و سوود وەرگرتن لە کوردستان لەلایەن ئیسرائیلەوە کردنی هەرێمی کوردستانە بەبارەگایەکی گەورەی سەربازی و هەواڵگری حکومەتی ئیسرائیل ، وەك ئاماژەمان پێکرد لە ئێستادا دەزگای مۆساد وەك یەکێك لەو دەزگا هەواڵگریە بەهێزانەی کە سوودیان لە خاکی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە بەڕێژەکی گەورە لەم هەرێمەدا چالاکی هەیە بەڵام ڕەنگە دوای ڕیفراندۆم ئەم قۆناغەش بەرەو قۆناغێکی ترسناك تێپەڕبێت و چیتر ئیسرائیل بەنهێنی چالاکیەکانی لە کوردستان درێژە پێنەدات بەئاشکرا سەرەڕای بنکە و بارەگای هەواڵگری و سەربازیش دابمەزرێنێت لەبەرئەوەی ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل بەکارهێنانی کوردستانە بۆ دژایەتی کردنی ئێران و کە بێگومان ووڵاتێکی وەك کۆماری بەناو ئیسلامی ئێران هەرگیز بەوە ڕازی نابێت کە ئیسرائیل ببێتە دراوسێی و هەرزوو کاردانەوەی خۆی دەبێت ، لەبەر هەموو ئەو هۆکارانەی  کە باسکران ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ئێستادا یاریکردنێکی ترسناکە  بەچارەنووسی گەلی کوردی باشوور ، بەڵام زەرەرمەندی سەرەتا و کۆتایی ئەم گەمەیە سەرانی پارتی و بارزانی و لایەنگرە نەفام و نەخوێنەوارەکانیان دەبن ، لەبەرئەوەی ئەوان دەست بۆ ئاگرێك دەبەن کە سوور دەزانن دەیانسووتێنێت بەڵام ژیریان لە ئاستێکدا نییە کە بتوانن درك بەم ڕاستیە بکەن ،گریمان ئەگەر دەوڵەتێک لە دوای ڕیفراندۆم دابمەزرێت بێگومان بەبێ ئیسرائیلی تاکە هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا هیچی پێناکرێت بەڵکو ئەو دەوڵەتە بەهۆی پشتبەستنی بە دەوڵەتێکی تری وەك ئیسرائیل هەرگیز نابێتە خاوەنی سەروەری خۆی و هەموو پایەکانی بە دەوڵەت بوون تێیدا بەناتەواوی دەمێنیتەوە ، بێگومان ئەم ڕووداوانە و هەموو ڕووداوەکانی داهاتووش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەکان کە بەرەی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم و لەنێویاندا سەرانی پارتی دیموکرات کەسانێکن کە زۆر دوورن لەوەی لە مانای ڕاستەقینەی دەوڵەت تێبگەن وەك چۆن بەهۆی نەفامی و نەخوێنەواری خۆیان هەرگیز ناتوانن پەی بەهەر بەهایەکی جوانی نیشتیمانی ببەن ئەم ڕووداوانەش ڕووی ڕاستەقینەی پارتی و هەموو لایەنگرەکانیان دەردەخات و پێمان دەڵێت کە چ کارەساتێکی گەورەیە کەسێکی وەك مەسعود بەرزانی سەرۆکی هەرێمێك بێت و دەوڵەتێك کە ئەو جۆرە کەسانە دایدەمەزرێنن دەبیت چۆن دەوڵەتێك بێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە