نوێژەنکراوەتەوە: دەنگۆی ئەوە هەیە کە تالەبانی لە ژیاندا نەمابێت
Wednesday, 20/09/2017, 20:33
پاش راگەیاندنی ئەو هەواڵەی خوارەوە، لە ئەڵمانیاوە پەیوەندیی بە کوردستانپۆستەوە کرا، ئەم زانیارییانەش خرایە سەر هەواڵەکە:
تالەبانی لە ئەڵمانیا لە خەستەخانەیە. وەکو نووسیوتانە لە 5%ی مێشکی لە کارکەوتووە ، ئەمە راست نییە، بەڵکو 5% لەشی لەکارکەوتووە، دکتۆرەکان دەستیان لێی شتووە و پاسەوانەکانیان ئیزن داوە کە لەلای نەمێننەوە، ئیستا هەموو پاسەوان و یاوەرەکانی براونەتە ئوتێلێک و ناهێڵن کەس ببین و تەلەفونیش بۆ کەس بکەن. بە فەرمانی هێرۆ و بە راوێژکاری چەند بەرپرسێکی یەکێتیی، وایان بەباش زانیوە، کەوا ئەو جیهازەی بە تالەبانییەوە بەستراوە بۆ هەناسەدان جارێ لای نەبەن، بەڵکو بە هەرشیوەیەک بێت بیگەیەننەوە سلێمانی، بارزانیش ئەمەی پێ باش بووە، کەوا ئەگەر تالەبانی هاتەوە ئەوا ئەوسا مردنەکەی رابگەیەنن و بارزانیش ئەمە بکات بۆ پاساوێک کەوا بەهۆی مردنی تالەبانییەوە، بڕیاریان دا ریفراندۆمەکە دفوابخەن.
تێبینی: کوردستانپۆست بەتەواویی ئەم هەواڵە دڵنیا نییە، لێ بۆ یەکەمجار و یەکەم راگەیاندن تەنیا وەکو ئەمانەتێکی رۆژنامەگەریی بڵاوی دەکەینەوە..
لە خوارەوە هەوالەکەی پێشووترمان بخوێننەوە.
دەنگۆی ئەوە هەیە کە تالەبانی لە ژیاندا نەمابێت
دەنگۆیەک هەیە، کە پێش چەند رۆژێک باری تەندروستی جەلال تالەبانی بە خراپی تێکچووە و بە پەلە رەوانەی ئەڵمانیا کراوە، هیچ لایەنێکی فەرمیی و حیزبی سەبارەت بە راستی یان نادروستی ئەو هەواڵە قسەیان نەکردووە، ئەم هەواڵە ئیستا بۆتە باسی کۆڕ و دانیشتنەکان، لێ سەرچاوەیەکی نێو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی، کە کوردستانپۆست پەیوەندیی پێوەکرد، هەواڵەکەی بە تەمومژی پشتڕاست کردەوە، گوایە تالەبانی بەتەواوی مێشکی لە کار کەوتووە، دەڵێن تەنیا لە 5% ی خانەی مێشکی کار دەکات، واتا لە جاران خراپتر بووە.
لەو بارەیەوە کوردستانپۆست پرسیاری کرد، کە ئەگەر تالەبانی لە ژیاندا مابێت، خۆ دەبوو مەسعود بارزانی لە کاتی سەردانەکەی بۆ سلێمانی، کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە چاوی پێی نەکەوتووە، تالەبانی بدیایە و راگەیاندن و تەلەفیزیۆنەکانیش پیشانیان دەدا.
سەرچاوەکە لە وەڵامدا وتی: ناتوانم لەوە زیاتر قسە بکەم، هێرۆ خان و کەسوکار و خانەوادەکەی زیاتر لەم بارەیەوە دەتوانن وەڵام بدەنەوە! بەڵام تەماشای ئەو وێنەیە بکە، کە هێرۆ خان لە شوێنەکەی مام جەلال دانیشتووە؟!
کوردستانپۆست: بەڵێ لە دەموچاوی هێرۆ خان ئەگەر ورد ببینەوە، دەتوانین هەندێک وەڵامیش وەربگرین! رەنگە گومان لەسەر ئەوەش هەبێت کە هەر لە ژیاندا نەمابێت!
سەرچاوەکە: من نامەوێت لە دەمی منەوە هیچ قسەیەک بکەم و چاوەڕێ دەکەین
پەیامنێری کوردستانپۆست: بەڵام بۆ کۆتایی دەتوانین ئەوەشتان پێ بڵێن کە هەواڵ بە کوردستانپۆست گەیشتووە گوایە تالەبانی لە ژیاندا نەماوە، ئەی تۆ چی دەڵێیت!؟
وەڵام: هیچ نازانم و خواحافیز.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست