کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ریفراندۆم ئەنجام نادرێت!

Monday, 18/09/2017, 14:12


بانگەشەی "ریفراندۆم" لە باشووری وڵات بۆ سەربەخۆیی نییە! بانگەشەی "ریفراندۆم "بۆ خۆ دەرخستن و "کەرنەڤاڵ" ساز کردن و وتاری بریقەدار و چەپڵەرێزانەیە، بۆ پیشاندانی پێگە و قەوارەی جەماوەرییە بە زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە بە ڕەزامەندی هەر دوو وڵات ئیران و تورکیا.

ئەنقەرە و تهران، ترس و نیگەرانییان لە هێزی (پەکەکە و یەپەگە و پژاک) هەیە. هەر دوو وڵات دەرکییان بەوە کردوە کە ئەمریکا زیاتر گرنگی بە "یەپەگە" دەدا، کە ئەوان پێیان وایە (یەپەگە، پەکەکە و پژاک) لە سەر یەک نەهچ عەقڵ و بیروباوەر ئاراستە دەکرێن وە تا ئەمڕۆ نوێنەری ئەو سێ هێزە بە قاتوریباتەوە لە سەر خوانی سوپای پاسداران و میتی تورکیی دانەنیشتوون و گوێیان شل نەکردوە بۆ ئەجێندای ئیتیلاعات و میت، تا ئەمڕۆ ئەو سێ هێزە چاوەڕوانی ئەوەیان لێ ناکرێت ببن بە ئەڵقە لە گوێی ئیران و تورکیا و نۆکەری پلان و بەرنامەی ئەوان بن!؟ تورکیا، چەند جارێک داوای لە ئەمریکا کردوە کە (برێت مەکگورک) لە پۆستەکەی لا بدا بەهۆی ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ (یەپەگە) بەهێزە! بەڵام ئەمریکا گوێی نەداوەتە ئەو داوایەی "ئەردوغان".

تورکیا و ئیران، مەبەستیانە بە دنیا و زلهێزەکان ڕابگەیەنن کە هێزی (پژاک، پەکەکە و یەپەگە) نوێنەری راستەقینەی کورد نین و بۆیە سازکردنی کەرنەڤاڵەکان پێویست بوو بۆ سەلماندنی ئەو ڕایەی ئەوان دوای تەواو بوونی کەرنەڤاڵەکان ئینجا سەڕۆکی تورکیا "ئەردوغان" ، سەڕۆکی ئەمریکا "ترامپ" دەبینێت وە یەکێک لەو مەسەلانەی کە باسی دەکات ئەو بابەتە دەبێت!
ئیران و تورکیا، نیگەرانن لە ئەگەری ئەوەی ئەمریکا دەستکاری سنووری جوگرافیای ئەو ناوچەیە بکات و ترسیان هەیە کە سنووری نێوان رۆژئاواو و باشووری کوردستان نەمێنێت و لە ئەنجامدا تا سەر ئاوەکە تەسلیم بە هێزی "یەپەگە" بکرێت کە ئەمە لە بەرژەوەندیی سەرانی باشوور نییە وترسیان لێ نیشتووە کورسییەکانیان لە دەست بدەن!

دەنگۆ و هەواڵەکانی کە گوایە تورکیا و ئیران هێز دەهێنە سەر سنوورەکان، هەواڵێکی سەیرە! بەهۆی ئەوەی بۆ چەندان ساڵە هەر دوو وڵات بنەکەی سەربازیی و سوپایان لە باشووری وڵات هەیە و هەموو قوژبنێکی باشوور پڕکراوە لە بنەکە و بارەگەی سوپای پاسداران و جەندرمەی تورکیی و دەزگای هەوڵگریی میت و ئیتیلاعات و سیخوری هەر دوو وڵات!

ئەوەی دەگوزەرێت لە باشووری وڵات لە شانۆگەری بەولاوە هیچی تر نییە، بە دڵنیاییەوە "ریفراندۆم" ئەنجام نادرێت، ئەوەی هەیە لە کەشوفش بەولاوە هیچ بیناغەیەکی تری نییە!





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە