ئایا شاسوار دەوڵەمەندە،بزنسمانە وەیان...؟
Sunday, 17/09/2017, 22:36
لەباشووری کوردستان هیچ کەس و هێزێك نە ئەتوانێ دەوڵەمەند بێ وە نە ڕێگای پێ ئەدەن پارتێکی سیاسی دروست بکا تا بەفلتەری هەردوو بنەماڵەدا،تێپەڕ نەبێ.
تەنها لەیەك کاتدا ئەگەرێك جێگای خۆی بەڕاستی بکاتەوە و کەسێك وەیان هێزێك لەدەرەوەی ئەم دوو بنەماڵەیە دەربکەوێ و بزووتنەوەیەکی جەماوەری دورست بکا،کاتێك داوای ڕووخاندنی ئەم جووت بنەماڵەیە بکا و باوەڕی بە بەکارهێنانی چەك و توندوو تیژی بێ. دەنا بەدەر لەمە هیچ کاتێ نابێ خەڵکی بکەونە ئەو هەڵەیە و باوەڕیان وابێ کەسێك هەیە و ئەتوانێ گۆڕانکاری دروست بکا. لەکاتێکدا ئەم کەسە بە ووشەی بەڕێز(مەسعود و جەلال)و دارو دەستەکانیان ناوزەند بکەن و پێیان وابێ ئەمانە پێوستە بچنەوە ماڵەوە وەیان لانی کەم خانەنشین بکرێن. جا بۆیە گۆڕانکاری تەنها بەو کەس و هێزە ئەکرێ کە جگە لەدادگایی کردن و بانگەشەی نەمانی ئەم جووت بنەماڵەیە نابێ لەوە کەمتری پێبێ.
شاسوار لەسەرەتای کەمپینەکەیەوە لەگوڵ کاڵتری بە مەسعود نەوتوە و بە بەڕیز و کاك ناوی بردوە. هەمان شت بۆ بنەماڵەکەی جەلالیش. کەسمان گوێمان لێ نەبوە شاسوار ووتبێتی بە چەکەوە هەڵکوتینە سەر ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیە دز و فەرهودچیە. کەسمان لێمان نەبینیوەو نەمان بیستوە کە شاسوار جگە لە خەباتی مەدەنی هیچی تری ووتبێ. کەئەمەش هیچ ناگوڕێ و تەنها ئەیەوێ خەڵکی لەخشتە بەرێ.
وەك ئەزانین زۆربەی کات سەرچاوەی دەوڵەمەندی قەبە هی کەسانی ترن و بەشێوەك بۆ نەوەکانی خۆیانی جێدیڵن کە ئەمرن. خێزانی شاسوار لەم جۆرە نیە و ئەو پارەیەی هەیەتی سەرچاوەکەی نادیارە و ئەوەشی دیارە هی پشکی خەڵکە و دەستی بەسەردا گرتوە، وەیان بڕێکی کەمی قازنجی ئەو پشکانە ئەدرێ بە خاوەنەکانیان. شاسوار لەهەمان کاتدا کەسێکی بزنسمان نیە لەبەرئەوەی سەرچاوەی بزنس پێش هەموو شتێ ئەبێ ئەو کەسە داهێنەر بێ. واتە شتێکی وای هەبێ کە لەوەو پێش کەسی تر نەیبوە. بەو پێیە تەماشا ئەکەین بۆ نمونە (مایکرۆسۆفت و ئەپڵ) خاوەنەکانیان هەریەکە و داهێنانەکانی خۆیان لە ژوورێکی ماڵی خۆیان وەیان لەگەڵ چەند کەسێکی تر دروست کرد کە لەسەرەتادا خاوەنی هیچ جۆرە لە (پارە،دەوڵەمەندی،سەرمایە)نەبوون. بەمانایەکی تر، بزنسمان کارێکە بۆ مەبەستی داهێنان و ئینجا سەروەت و کەڵەکە کردنی پارە. کەچی سەیر ئەکەی شاسوار تەواو پێچەوانەی ئەم بیردۆزەیە و پارە و موڵك و سەرمایەی هەیە بەبێ ئەوەی داهێنانی کردبێ. شاسوار لەجیاتی ئەوەی بە پەیژەی دەوڵەمەندێتیدا سەرکەوتبی،بەپێچەوانەوە دەوڵەمەندێتیەکەیان لەسەرەوە داوە پێی و لەپەیژەکە دێتە خوارێ.
جا بەو پێیەی کوردستان ڕێگرە لەهەموو کەسێك کەبتوانێ داهێنان بکا،ئەویش وەك ئاشکرایە کەرتی پەروەردە و زانست،ڕەوشی کۆمەڵگا و یاسا عەشایریەکان،باری ئابووری و سیستمی نالەباری پشت نەبەست بەخود،هەروەها خراپی هەموو بوارەکانی ژیان .... ئەمانە وا لە خەڵکی ئەکا گیانی داهێنانیان تەنها لە جوێن و قسەی ناشریندا ،دروست بکا.. بۆ نمونە چۆن ئەتوانی داهێنان لەشتێکدا بکەی کە سەرەتاترین بنچینە (کارەبا) دابین نەکرێ و نەتوانرێ بەهۆیەوە ئارامی و تەرکیز دروست بکرێ بۆ کەسی داهێنەر!!؟ کوردستان مرۆڤەکانی لە داهێنان و توانی بیرکردنەوەیان لێ زەوت کراوە و ناهێڵن دەست و دەم کراوە بن و کەس بەئازادی بژی و بەئازادی ئەوەی لە ناخیدا ئەگوزەرێ،دەری ببڕێ. جا کەواتە لەم جۆرە ژینگایە داهێنان تەنها خەونی شاعیرانە.
هەوڵەکانی شاسوار جێگەی گەشبینی نین و ئەو کەف و کوڵەش هەر زوو نامێنێ لەبەرئەوەی کەسی شۆڕشگێر خاوەنی هێز و باوەڕ و بەرنامەی نەتەوەیی و بیری سەردەمیانەیە. ناکرێ ئەم دوو بنەماڵەیە خۆیان باوەڕیان بەهێز هەیە و کێشەکانیان لەگەڵ هاوڵاتی بەهێز یەکلای بکەنە و کەسانی وەك شاسوار و نەوشیروان مستەفا ئەم مافە بەهاوڵاتی نەدەن و تەنها داوای خەباتی مەدەنیان لێ بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست