لەئاهی کیسەڵەکان گەڕو گوول بن
Sunday, 17/09/2017, 0:13
ئەو کاتەی مەلا مستەفا لەژیاندا بوو هەرچی بوونەوەری خشۆك و مارمێلکە هەبوو تەفرو تونای پێکردن. بۆیە بەقارەمانی مارمێلکە کوژ ناسراوە. زۆر حەزی بە کوشتنی ئاژەڵە کێوی و ماڵیەکاندا بوە و نیشانەی لێ گرتونەتەوە و جاری وا هەبوە بە فیشەکێك زیاتر لە ٧ قۆری و مارمێلکەی قووڕ بەسەریەکەوە کوشتوە. ئائەمە ئازایەتی و قارەمانێتی مەلا مستەفا بوە و چوار دەورەکەی شانازی پێوە ئەکەن و چەندین شانامە و ئەفسانەی درۆیان بۆ نووسیوەتەوە. قڕکردنی ئەو زیندەوەرانە بەشێکە لە کلتووری ئەم بنەماڵەیە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
زۆربەمان ئەو گرتە ڤیدیۆییانەمان بینیوە کەوا چۆن کوڕە ئازاکانی ئەم بنەماڵەیە ئەکەونە وێزەی وورچێکی برسی و بەقەناس و ئارپیجی نیشانەی لێ ئەگرنەوە و وەك ئازایەتی نیشانمان ئەدەن. نەك هەر ئەوەش، بەڵکە تاوانەکەش ئەخەنە ئەستۆی وورچی هەژار و ئەڵێن؛ چی ئەکا لەم شاخە و بۆچی لەم دەڤەرەی ئێمە بەدوای خواردندا ئەگەڕێ! ئێستا هەموو دەڤەری بادینان بگەڕێ ٤ پێیەك نادۆزیتەوە و ئەنفال کراوون و هیچیان نمونەیان نەماوە.
ئەم بنەماڵەیە جۆریك لە کولتووری گیانەوەر کوژیان دروست کردوە کە دواتر هیچ ئاژەڵێڵ ناتوانێ لە دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەکەی بارگرانیەکان ،بژین. ئەوەتا گیانەوەرێكی وەك کیسەڵ و ڕەقە بەرەو نەمان ئەچن و تۆڵەی داعشەکان لەمان ئەکەنەوە. پاساویان ئەوەیە:
یەکەم: کیسەڵ زۆر ئەژی و هەندێکیان لەسەرو ١٠٠ ساڵێك تێ ئەپەڕن.
دووەم: لەجووڵەدا هێواشن و زۆر لەسەر خۆ بەڕێ ئەکەون.
سێیەم: دانەوێڵە و برنج ئەخۆن.
ئێ باشە کیسەڵی نەگبەت ئەی ئەگەر دانەوێڵە و برنج نەخوا،ئەی چی بخوا؟! پاشان ئەوە گریمان زۆر حەزیان لە دانەوێڵە بەگشی(گەنم،جۆ،ساوەر،قەرە خەرمان،کەپەك،برنج و مەرەزە)و سەوزایی ترە،ئێ قەیدی چیە خۆ ئەوان گەدەی ووشیار زێباریان پێوە نیە ،ئەوپەڕی کەوچکێك برنج وەیان مشتێ گەنمیان خوارد ،ئێ بۆ ئەبێ لەسەر ئەو تۆزە خواردنە سزای مردنیان بۆ دەربچێ.؟!خۆ ئیوە هەر خواردن و خۆراکی ئێکسپایەر هاووردە ئەکەن.
پاشان ئەڵێن کیسەڵ خاوو خلیچکە و جووڵەی هێواشە.. جا توخوا ئەمە باشتر نیە لە هەڵهاتنەکەی مەلا مستەفای کاتی کۆماری مهاباد و ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥ و دواتر ڕاکردنەکانی سیروان مامز و هاوشێوەکانیان!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست