سەربوردێکی خولەکانی پەرلەمانی کوردستان
Friday, 15/09/2017, 0:02
پەرلەمانی ١٩٩٢ لەبەرئەوەی سەرەتاو نۆبەرە بوو خەڵک دڵی پێی خۆشبوو, نە ئەندام و سەرۆکیان ئەناسی نەکەس ئەیزانی خەریکی چین, باشترین ئیشیان کەدیاربێت بڕیاری ریفراندۆم بوو.
دواتر شەڕی ناوخۆ هەڵگیرساو پەرلەمان لەت بوو, وەستا, درێژکرایەوە, هەیبەتی نەما.
کاتێ عەدنان موفتی بووە سەرۆکی پەرلەمان لەبەرئەوەی ئەوکات بەرەکان زۆر لەیەک جیانەبووبوونەوەو پارتی و یەکێتی رێک بوون و ئۆپۆزسیۆن نەبوو, هەر لەژێرەوە موویان لەماست دەرئەهێناو کەس نەیئەزانی خۆیان و حکومەتیش خەریکی چین.
دواتر کەمال کەرکوکی پەیدا بوو کەشانسی خۆی ئۆپۆزسیۆنێکی لێ قوت بووەوە, بەڵام بەدیکتاتۆریی خۆی و بە نیە نیە هەمویانی بێدەنگ کردو کەناڵی تەلەفزیۆنی پەرلەمانی داخست, لەو سەردەمەدا ئۆپۆزسیۆن گوڕەی بەهاری بوو زۆرترین زانیاری ئەخرانە ڕوو و روبەڕووبوونەوی گەرم روویان داو ئەوانیش ویستیان فرسەت لەئۆپۆزسیۆن و خەڵک بێنن, ناچار پەخشی راستەوخۆی کۆبوونەوەکان لەلایەن کەمال کەرکوکییەوە راگیرا تا خەڵک ئاگای لەنوێنەرەکانی نەبێ و نەزانێ کێ شەڕی بۆئەکات, بەمۆنتاژکراوی کۆبونەوکان بڵاوئەکرانەوە, لەم خولەدا پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن سەرۆکی دەزگاکەیانەوە هەڕەشەی حەسیرمەیانیان لێکراو لەناو هۆڵی پەرلەمان زیندانیکران.
خولی دواتر خەڵک وتیان ئۆخەی رزگارمان بوو لەکەرکوکی و کۆنە رۆژنامەنووسێک بوو بەسەرۆکی پەرلەمان کەلەخەمی رۆژنامەنووسان تێئەگات, بەڵام ئەرسەلان بایزیش کەسەلەفیهی کەوتە قۆرخکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و ژوورێکی بۆ رۆژنامەنوسان دانابوو کەلەڕێی شاشەیەکەوە موتابەعەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن و لیڤڵی سەوت و سورەشی خرابووە سەر تا بەکەڵکی پەخشکردنەوە نەیەت, پەنجەرەکانی پەرلەمانی بۆیەی رەش کرد, لەترسی ئەوەی رۆژنامەنووسێک لەوێوە وێنەی ناو هۆڵی پەرلەمان بگرێت, لەم خولەدا بەنایاسایی سەرۆکی هەرێم دووساڵ پۆستەکەی درێژکرایەوە.
تائێرە لەشکرێک لەراوێژکارو خزم و خزمەزا لەسەر پەرلەمان دامەزران و لەشکرێکی تری پەرلەمانتارو سەرۆک و سکرتێرو جێگر خانەنشین کران, شۆفڵ و گەڵابەو بەلەم و شتی سەیرو سەمەرە بۆ پەرلەمان کڕدران و لەم خولەو خولی پێشتردا فەزاحەتەکانی بودجەی کوردستان دەرکەوتن, بۆنموونە ملیاران دینار لەخانەی خەرجیی دیکەیا بنئاوکران, ملیاران دینار رۆیشتن بۆ کڕینی رۆژنامە, ئالیکی ئاژەڵ, پرۆژەی وەهمی, نۆژەنکردنەوەی قەبرو قبور.....هتد.
لەدوای هەموو ئەمانە قۆناغێکی نوێ لەکاری پەرلەمان هاتەپێشەوە کەزۆرینەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کەوتە دەست کۆمەڵ و گۆڕانی دوو ئۆپۆزسیۆنی پێشوو, بەڵام ئەم خولە کەم و پوخت بوو, ٨ مانگی سەرەتای تەمەنی بەرێکنەکەوتنی لایەنەکانەوە فەوتاو نەیتوانی کۆببێتەوە, ماوەی ساڵێک کاری کردو دووساڵیشە بەبڕیاری پارتی و پشتیوانیی هاوئاوازەکانی پەکخراوەو چەند مانگێکی تەمەنیشی ماوە.
لەو ساڵەدا پەرلەمان دەستی برد بۆ زۆر دۆسیەی گرنگی وەک نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان, ناردنی هێز بۆ پارچەیەکی تری کوردستان, یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم, یاسای خۆپیشاندان و سندوقی داهاتی نەوت و غاز, چوونە بەرەی گەل لە١٧ی شوبات.....هتد.
لەم خولەدا نەتوانرا وەک پێشتر متمانە لەوەزیرێک بسەنرێتەوە, بەڵام حکومەتی هەرێم وەزیر بەوەزیر هیلاک کران و چاودێرییەکی توندیان لەسەر بوو, بەجۆرێک کەفریای وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران نەئەکەوتن, تادواجار سەرۆکی حکومەت چونەپەرلەمانی لەوەزیرەکانی قەدەغە کرد.
پەرلەمانێکی لەم جۆرە لای دەسەڵات خۆشەویست نەبوو, بێزراو بوو, موزعیج بوو, گەنج و سەرەڕۆ بوو, نابەرپرس بوو, کەم ئەزموون بوو, چونکە نەبوجەی ئەشاردەوە, نە جامی رەش ئەکرد, نەچەپڵەرێزانی بۆ کەسەکان ئەکردە دیاریی هەڵبژاردنەوەو درێژکردنەوە, بۆیە یان ئەبێت ناکارابکرێت یان ئەبێت تەنها بۆکاری شەرعیەتپێدانی بڕیارەکانی حزب بەگەڕبخرێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست