ئەم خۆبچوککردنەوەیەی کورد وەک بڵێیت لەگەڵ شیردا پێمان درا بێت.!
Sunday, 10/09/2017, 17:31
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت : " کوردبوون تاڵە، ڕاکردن لێی نامەردییە ".
کاتێک دەتوانیت باسی مرۆڤایەتی بکەیت کە مرۆڤت لە هەموو پیرۆزییەکان لا بەنرختر بێت، ئازاری چەوساوەکان، هەژاران، ئاوارەکان، مەزڵومەکان بەئازاری خۆت بزانی لە هەر کوێیەکی دنیادا بن، نادادپەروەری لەکوێ بێت تۆ لەوێ بیت، حەق لە کوێ بێت تۆ لەوێ بیت، ئازار و مەینەتی و ئەشکەنجەو هەژاری لە کوێ بێت تۆ بە ڕووح لەوێ بیت، ئەوکاتە دەتوانیت ویژدانت ئاسودەبێت و مرۆڤ بوونت مانادار دەبێت.چۆن کوشتنی فەلەستینیەکت لا ناخۆشە بە دەستی جولەکەیە، دەبێت کوشتنی جولەکەیەکیشت بە ناحەق بە دەستی فەلەستینیەک لا ناخۆش بێت، چۆن کوشتنی مسوڵمانێکی رۆهینگیا لە هەرێمی ڕاكهین، لە ووڵاتی بۆرمات لا ناخۆشە، دەبێت جینۆسایدی کوردی ئێزدیت بەدەستی داعش لا ناخۆش و سەختر بێت، ئەمە لە کاتێکدا هەندێک لە دینیەکان بەناوی ئیسلامەوە ڕەوایەتیان دەدا بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، دەیانگووت کافرن با بکوژرێن، ئەمە چ کارەساتێک و دژایەتیکردنێکی گەورەیی خودایە ! گەلۆ مرۆڤ هەر مرۆڤە لە هەر کوێی دنیا بێت، لە هەر ڕەنگ و ڕەگەزێک بێت، خودا دەفەرموێت من ڕێز لە بەنی ئادەم دەگرم.ناڵێت من ڕێز لە مسوڵمانان دەگرم، دەڵێت مرۆڤ.!
جینۆسایدی رۆهینگیا لە هەرێمی ڕاكهین لەووڵاتی
بۆرما تاوانێکی دیکەی سەدەی بیست و یەکە پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچەوانی دیموکراسی خوازان و بانگەشەکارانی مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانەوە، بە ناوچەوانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، ئەوروپا، ووڵاتە ئیسلام و مەسیحیەکانەوە، بە ناوچەوانی تەواوی دنیاوە، ئەمە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە.
ووڵاتی بۆرما كه (میانمار) یشی پێدهوترێت، دهكهوێته باشووری ڕۆژههڵاتی ئاسیاوه، و هاوسنوره لهگهڵ هیندستان و بهنگلادیش و چین و تایلانددا.
ژمارەی دانیشتوانی بۆرمالە ساڵی ٢٠١١ (53,999,804 ) کەس بووە،.
ژمارەی دانیشتوانی موسڵمان لە بۆرما ساڵی ٢٠١٠ (1,900,000) کەس بووە.
ڕوبهری خاكی بۆرما بریتییه له (676578) كیلۆمهتری دووجا، و چلهمین ووڵاتی جیهانه لهڕووی فراوانی خاكهكهی، و بیست و چوارهمین وڵاتی جیهانه لهڕووی ژمارهی دانیشتوان، و 89% دانیشتوانهكهی سهر به ئاینی "بودیزم" ن و 4% ی مهسیحین و 4% ی تریشی موسوڵمانن و 3% ی دانیشتوانی پهیڕهوی له ئاینهكانی تر دهكهن.
بەڵام ئەوەی سەیرە ئەم جینۆسایدە کەسە دینیەکانی کوردستانی کردووە بە چەند بە شێکەوە : هەندێکیان بە ناوی دینەوە ئەم جینۆسایدە بە ڕەوا دەبینن.دەڵێن کێ دەڵێت : ئەمانە نوێژ و ڕۆژ و دەکەن و مسوڵمانی ڕاستەقینەن، هەندێکی دیکه ئەوانی دیکە دەکەن بە مورتەد و زەندیق و لەڕێگە دەرچوو.باڵانسی ئیمانی خۆیان بە چەند پۆستێکی خەمبارانە و هاوخەمی دەربڕین بەرزدەکەنەوە، وەکو بڵێت ئیدی مسوڵمانان هەموومان ئیمانداری عەیارە بیست و چوارین، لە بیریان چۆتەوە کە چەند تاوانی شاراوەیان هەیە، چەند کاری ناڕەوا و درۆ و راپەکاری ئەنجامدەدەین، و کۆی ووڵاتە ئیسلامیەکانیش جوگرافیایەک نین بۆ ژیانی مسوڵمانانیش نە دینەکانی دیکە.من ئازاردەچێژم بۆ چەوساوانی بۆرما ڵەبەرئەوەی مرۆڤن، نەک ئیسلام، یا پەیڕەوکاری هەر ئاینێکی دیکە بن.
دەبێت خۆتت خۆش بوێت، پێشتر هەست بە ئازار و میحنەت و زوڵمەکانی سەرخۆت بکەیت، ئێمەی کورد چەندە دوژمن نکۆڵی لە بوونمان دەکات، خۆمان زیاتر خۆمان بچوکدەکەینەوە و لە شکۆی نەتەوەیمان کەمدەکەینەوە، زیاتر نکۆڵی لە بوونی خۆمان دەکەین، ڕەوای زیاتر بە جینۆسایدی سەر خۆمان دەدەین، ڕۆژانە لە هەر چوار بەشی ووڵات جینۆساید دەکرێین، نەکەس لە سەرمان دێتە وەڵام، نەخۆشمان خاوەندار لە خۆمان دەردەکەوین، تورکیا سەد ساڵە جینۆسایدمان دەکات، ساڵی ڕابردووش لە سلۆپی و شرناخ هەموو جۆرەکانی جینۆسایدی ئەنجامدا، وا ساڵێکیشە دەستی کردووە بە پڕۆسەی کاولکردنی سوری ئامەد، بە سەدان پەڕلەمانتار و کەسایەتی سیاسی و سەرۆک شارەوانی باکوری کوردستان لە کونجی زینداندان، بەڵام ئەو ئیسلامیانەی خۆیان بەرامبەر تورکیا و ئاکەپە بچوککردۆتەوە، نە دەنگیان لێوەهات نە خۆپیشاندان یان نەڕازایەتیەکیان دەربڕی لە دژی تورکیا و بۆ پشتگیری شارێک یا کەسایەتیەکی باکور.
ئێران ڕۆژانە گەنجی کورد لە سێدارە دەدات، جینۆسایدی سیاسی و ئابوری و بایەلۆژی و فیزیکی و کەلتوری و یاسایی بە بەردەوامی ئەنجامدەدات لە ژێر چەتری ئایندا، دوێنی پەلاماری خۆپشاندەرانی شاری بانەی دا، دەیان کەسی شەهید و بریندار کرد، بەڵام لە فەیسبوک و میدیادا کەمترین باسی هەبوو، بۆچی؟ مەگەر کوردی ئەو پارچەیە چەوساوەنین؟ مەگەر مرۆڤ نین؟ مەگەر بەشێک نین لە ئێمە؟ تەنیا بۆرما چەوساوە و مرۆڤن؟
ڕژێمی سوریا و دواتر داعش چیان بە کوردی ڕۆژئاوا نەکرد، ئەی ئێوە لە کوێ بوون، کوا ناڕەزایەتیەکانتان؟ کوا خۆپیشاندانەکانتان؟
عێراق لە دروست بوونیەوە تا ئێستا سڵی نەکردۆتەوە لە قڕکردنی کورد، ئێستاش حشد شەعبی و داعش و جەیشی عێراق پڕۆسەی پاکتاوی ڕەگەزی کورد لە ناوچە کوردستانیەکانی مادەی سەد و چل ئەنجامدەدەن، بەڵام هیچ هەڵایەکی لەسەر نەنرایەوە، تەنانەت خەڵکە دینیەکەش زۆرجار بەناوی دینەوە پەلاماری پێشمەرگە دەدەن.
هەندێ لە کەسە دینیەکان دەڵێن : ئێمە ئیسلامین، پاشان کوردین.لەبەرئەوەی ئەگەر هەستی نەتەوەیی.ناسیۆنالیستی، یا کێشە نەتەوەیی کورد لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا ڕووبەروو، یا تێکگیر بن، پێکدادا بدەن، هەڵبژاردنی نەتەوەکم لە نێوان نەتەوە و ئیسلام دا، یا بەواتایەکی دیکە پشتگیریکردنی نەتەوەکەم لەبەرامبەر ئیسلام دا دەبێتە هۆی لاوازی باوەڕم.لە ڕاستیدا ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوە بەواتای ئەوەیە قورئان و بنەماکانی ئیسلام نکۆڵیان لە بوونی کورد و کێشە نەتەوەییەکەی کردوە، دەنا بۆچی کێشەی نەتەوەیی کورد لەگەڵ ئیسلام دا پێکدادەدات؟ بۆچی ماف و بەرژەوەندی کورد دژی بەرژەوەندی مسوڵمان و بنەماکانی ئیسلامە؟ بۆ چی ئیسلام خۆ بچوک کردنەوەی کوردی قبوڵە؟ لە ڕاستیدا ئەمە پێ بزانرێت یان نەزانرێت، بەواتا دژایەتیکردنی دەسەڵات و نیشانەی گەورەیی خودایە، کە لە ڕاستیدا جەوهەری ئیسلام تەواو پێچەوانەی ئەم باوەڕەیە، و نەدژایەتی، نە زوڵمی لە هیچ نەتەوەیەک نەکردووە.ئێمە کوردین پاشان ئیسلامین، لەلایەکەوە مێژووی بوون و ڕەچەڵەکی کورد زۆر پێش ئاینی ئیسلامە، و لەلایەکی دیکەشەوە ماف و بەرژەوەندی کورد هەرگیز لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا تێکگیر نابن، چونکە ئیسلام لە پێناو شکۆی مرۆڤ و نەتەوەکاندا هاتووە.هەروەها هەرگیز لە مێژووشدا نەبووە تەواو و تێکڕای کورد دژایەتی ئاینێک یان بیروباوەڕێکی کرد بێت، بەڵکو کوردستان لانکەی پێکەوە ژیانی ئاینەکان بووە.
بۆچی بەرژەوندییە نەتەوەییەکانی کورد لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا تێکگیر دەبن؟ بەڵام بەرژەوەندی نەتەوەکانی دیکە لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا ڕووبەڕوو نابێتەوە؟ بەڵکو ئیسلام بۆ بەرژەوەندی نەوەییان بەکاردێنن.خومەینی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ سەرکوتکردنی جوڵانەوەی چەکداری خۆرهەڵاتی کوردستان بەڕابەرایەتی کۆمەڵە و دیموکرات، کلیلی بەهەشتی دەدا بە سەربازەکانی، تاوەکو جیهاد تەماشای جینۆسایدی کورد و کوردستان بکەن، و وەکو نوێنەر و سەربازی خودا دژی کورد بجەنگن.خومەینی مەزهەبی شیعەی بۆ بەرژەوەندی شۆرش و نەتەوەکەی بەکارهێنا.سەدام حسن (الله ٲکبر)ی لە ناو ئاڵای عێراقدا نووسیبوو، سورەتی ئەنفالی بەکارهێنا بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ئەنفال و کوردی وەکو هەڵگەڕاوە و کافر لەقەڵەمدا.ئەردۆغان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا قورئانێکی وەرگێڕدراوی کوردی دژی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەکارهێنا.بۆچی بۆ نەتەوەکانی دیکە ڕەوا بێت فارس و عەرەب و تورک بن، بەڵام بۆ کورد ڕەوا نەبێت؟ مەگەر کورد بۆ ئەوە دروستکراوە بە ناوی دینەوە جینۆساید بکرێت و ئەو نەتەوانە کێشەکانی نێوان خۆیانی پێ یەکلایی بکەنەوە و بەکاریبهێنن؟
کێشەی کورد کێسەی نەوەییە نەک دینی، بەڵام دوژمن چەند نکۆڵی لە بوونمان دەکات، ئێمە ئەوەندە زیاتر بەناوی ئاینەوە خۆمان بچوکدەکەینەوە و نکۆڵی لە خۆمان دەکەین.
دەیان و سەدان پیاوی ئاینی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوە و نەڕەزایەتیان دەربڕی دژی جینۆسایدی مسوڵمانانی رۆهینگیا لە هەرێمی ڕاكهین لە ووڵاتی بۆرما، ئەمە کارێکی مرڤانەیە و کارێکی جێگەی ڕێزە، بەڵام بۆچی خۆپیشاندان، یان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامنەدا بۆ پشتگیری کوردی پارچەکانی دیکە لەبەرامبەر ئەو جینۆسایدەی سەریان، لەکاتێکدا ئەو دوژمنانەی ئێمە جینۆساید دەکەن ئیسلامی سوونە مەزهەب و شیعە مەزهەبن، بەڵام ئەوانەی مسوڵمانانی بۆرما جینۆساید دەکەن، پەیڕەوکارانی گروپێکی توندئاژۆی بوزین ! ئەم هەڵوێستەی پیاوە ئاینیانە جگە لە جێبەجێکردنی ئەجندای دەرەکی، و بچووکردنەوەی کورد زیاتر هیچ مانایەکی دیکە هەڵناگرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست