دەوڵەتەکەى مەسعود و دەوڵەتەکەى فەریقە کوێر
Sunday, 10/09/2017, 17:16
لەگەڵ تێپەڕبونى کاتدا زۆر تر دەمامکەکانى ڕیفراندۆمەکەى سەرى ڕەش ئەکەوێتە خوارەوە کە پیلانێکى ئاکپارتى و ئەردۆغانە و میتى تورک زۆر بە ووردى سەرپەرشتى ئەکات ، هەر لەگەڵ تێپەڕبوونى کاتدا زۆر تر دەمامکەکانى ڕووە چەپەڵەکەى مەسعود هەڵئەماڵدرێ ، کە چەند گێلە پیاو ناسیاسیە و ڕێکەوتێکى قێزەون ئەم هەلەى پێداوە کە کوڕى مەلا مستەفا بووە و هەر لە مناڵیەوە مەڵاشوى بە کورسى هەڵدراوەتەوە ، مەسعود قسەى وەها ئەکات حەمەى حاجى مەحمود بەدەم خەیار خواردنەوە نایکات ، دەوڵەتەکەى وەک پەرژینە دژ بەهەورە تریشقە و باران و حەیوانى کێوى ، ئاخر هەموو کتێبى دنیاو هەموو تێۆرى دنیا لە سەر دەولەت و پێکهێنانى دەوڵەت بهێنیت نوکتەیەکى ئاوەها بێتامى تێدایە ؟ لەوانەیە بەو ڕادەیە بیتامیش نەبیت بۆیە مامۆستایانى زانکۆ کەلە حزورى ئەم پیاوە ئەنتیکەیەدان دەنکى چەپڵە ریزانیان ئەگاتە بنەسڵاوە ، ئەم سەرۆکە کەخۆى ئێکسپایەر بووەو مانەوەى وەکو دەرمانى ماوە بەسەرچوو بووە بەژەهر لەبیرى ئەچێت باسى دەوڵەت ئەکات هەر سەرۆکى هەرێمى لەخەیاڵدایەو درۆ هەمیشەییەکە ئەکات و ئەڵێت : نە خۆم ، نە كەسانی نزیك لەخۆم خۆمان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاندید ناكەین . لە شوێنێکیتردا ئـەوەی ڕاگەیاندوە کە دوای ڕیفراندۆم واز لە کورسیەکەم دێنم ، درۆ لایئەم بەدرۆیەکیتر ئەڵێت ڕۆن ساید مەڕۆ .
سەرۆکێکى قۆشمەیە ئەوە چەند ساڵێکە لە ( بوکى باربى و هەڵپەڕن هەڵپەڕن و ڕیفراندۆم ) زیاتر هیچى ترمان لێنەبیستووە ، ڕیفراندۆمەکەش ئەگەر ئاکپارتى و تورکیا هەڵبژاردنێکى پێشوەخت کرا ئەوا سەرۆک لەم قۆشمەیەش ئەکەوێت و ئەبێت بەخۆیى و جامانە سورەکەیەوە بەرەو تورکیا بکەوێتە ڕێ و ڕیکڵام بۆ ئاکپارتى فاشیست بکات داخەکەم ناهێڵن عەزیزى وەیسى و ئاوات بۆکانى یاوەرى بن و هیچ گرنتیەک نیە کە ئەردۆغانى گەورەى ئەمجارەش گاڵتە بەجامانەکەى نەکات .
ئەم سەرۆکە کەڕوکردووە و خۆى و بنەماڵەکەى گەورەترین هەرەسى سیاسى و ئابورى و ئەخلاقیان کردووە و ئەیەوێت بەگاڵتەجاڕى ڕیفراندۆم بەر بەم هەرەسە بگرێت و هەر لەسەر کورسى نەوت و سامان دزین و بە دۆستایەتى داعش ، بەهاوکارى میتى تورک بمێنێتەوە . ئەوەى ئەم کابرایەى نیگەرانکردووە کەشف بوونى دەستەکەیەتى لەئاستى ناوچەکەو دنیاو ئەو پێشکەوتنانەى کوردانى ڕۆژئاوا کە قەوارەیەکى نیشتمانیان بۆ بەرجەستە ئەبێت .
شێخ مەسعود ، خۆى بڕیارى ڕیفراندۆم و دیاریکردنى ڕۆژەکەى ئەدات ، هەرخۆى ئەڵێت دەوڵەتەکە کۆماریە ( دیارە کۆشکى کۆمارى لەسەرى ڕەشە ) و هەرخۆى ئەڵێت دەوڵەتەکە فیدرالیە لەوانەیە گۆری نەمرانیش ببێت هەرێمێکى فیدراڵ لەبەر خاترى بوجە ، سەیر ئەوەیە یەکێتى سەرشۆڕی لابووە بەکەلتور و هیچ بریارێکى تەنانەت قسەیەکیشى لەسەر ئەو پرسانە نیە ، ئەوە حەمەى حاجى مەحمو ئەوەتەى ئیتلاعاتى ئێرانى نەقیزەیەکى کولیان تێوە ژەنیوە زمانى لەکلیلە کەوتووە و گوڵەخانەى لێبوە بە زبڵخانە ، سەلاحەدین بەهادینى ئیخوانیش حیزبەکەیکردووە بەحیزبى ملەلەقێ ئەو حورمەتى بەرزانى لایە و ئەزانێت چەند بۆنى ئەردۆغان لێدێت و قەسەمى گەورەى خواردووە کەتێزاب بکان بەقوڕگى ئەوانەدا کە داخیان بۆ سوتانى بارەگاکانیان و کوشتنى مەلاکانیان خواردووە .
ئەگەر ڕیفراندۆم و ڕۆژەکەیى .. و دەوڵەت ..و کۆمارى.. و فیدرالى ..، هەموى مەسعود خۆى دیاریبکات ، کەواتە دەوڵەتى چى ، مەسعود دەوڵەتە ، ئەمە لە ڕوداوێکى دێرینى شارى سلێمانى ئەچێت .
شوێنى پارکى ( دایک )ى ئێستا لە سلێمانى زیندان بوو ، کە ئەو کاتە سنورى شار بوو ، تەنانەت ئەو ناوچەیە لە تۆمارە فەرمیەکانى فەرمانگەى تاپۆى سلێمانى بە قەراغ شار (اطراف البلدة ) تۆمارە ، فەریقە کوێر * لە زیندان بەهۆى لێهاتوى و زمان ڕەوانى قسە خۆش و ئەنتیکەکانى ئەکرێت بە چاودێر ، دووسێ کوردى کوردستانى ئێران ئەگیرێن ( ئەو کاتە بۆ ٣ مانگ ئەگیران و دواتر سنور داش ئەکران ) فەریق پێیان ئەڵێت : ئێوە زیندانین پارەکانتان لاى من دابنێن هەتا بەر ئەبن لە زیندان پارەتان بۆ چیە و ئەوانیش پارەکانى ئەدەنێ ، کەبەر ئەبن داواى لە فەریق ئەکەن پارەکانیان بۆ بگێرێتەوە ، فەریق ئەڵێت : پارەى چى ئێوە بەربون پارەتان بۆ چیە ، یەکێکیان ئەڵێت : دەوڵەت دەوڵەتى چى وەڵا کوێرە دەوڵەتە ....
(*) سلێمانى کەسانى قسەخۆش و قۆشمەى زۆرى هەبووە و لەوانە کفرە ئەحمەد و خاڵە ڕەجەب و فەریقە کوێر زۆرى تر ... بەهیوام دڵسۆزیک کۆیانبکاتەوە ، ئەوەى مایەى خۆشبەختیە بەرهەمەکانى فەریق (١٩٢٢ – ١٩٧٨ ) تۆمارى دەنگ و وێنەى هەیە ماوەیەک بەرهەمەکانى لەسەردەمى بەعس لە تۆمارگاکاندا یاساغ کرابوو و ڕۆژگار و دەسەڵاتى چەپەڵى نەوتدز نەیتوانیوە لەبیرەوەرى خەڵکدا بیسڕێتەوە . خوێنەران لێم ئەبورن کە ناوى فەرقى کۆچکردوم لەگەڵ مەسعودا هێناوە . فەریق دنیایەکە لە هەژارى و گاڵتەو ئومێد و خۆشى مەسعودیش دنیایەکە لەکورسى پەرستى و خیانەت و کوشتن و بەتاڵانبردنى سامانى نەوە دواى نەوەى کوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست