ئەو ڕۆژانەی لە بیرناچنەوە
Friday, 08/09/2017, 21:30
دوای ڕاپەرین و بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئابلۆقەکانی سـەر هـەرێـم ، یەکێتی نیشتمانی کەوتە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گرنگ ، کە بریتی بوو لە دەرهێنانی نەوتی شیواشۆک و دروستکردنی پاڵێوگەیەک لە ناو کارگەی شەکردا . جا بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژە پیرۆزە ، کۆمەڵیک ئەندازیار و کارمەندی چاپوک و چالاکی شارەزا ، ڕۆژانە زیاتر لە دوازدە کاتژمێر کاریاندەکرد و بە توانایەکی بەرزەوە شەویان دەخستە سەر ڕۆژ . بەڵام لە ٣١ ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ دا هەموو جموجۆڵەکان بە تەواوی وەستان و دەتووت خۆڵی مردوو کراوە بە سەر یەک بە یەکی ئەو کارمەندانەدا ، هۆکارەکەشی دەگەڕایەوە بۆ بڕیارێکی سەدامی دیکتاتۆر ، کە ناوەرۆکەکەی ئەمە بوو : ( جگە لە دەوڵەت هەر کەس و لایەنێک دەستکاری بواری نەوت بکات ، ڕووبەڕووی سزای مردن دەبێتەوە ) . ئەم بڕیارە ترس و دڵەڕاوکێ یەکی ئیجگار گەورەی خستە دڵی هەموو کارمەندەکانەوە ، بە تایبەتیش سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ، کە دانیشتووی شاری هەولیر بوو ، بە سەردان هاتبوو بۆ سلێمانی و چونکە سەر بە یەکێتی بوو ، ڕێگای گەڕانەوەی لیێ گیرابوو . جا هەموو لە بیرکردنەوەدا بووین تا چارەیەک بدۆزینەوە و ڕۆحی خۆمان لە دەستی بەعس و پارتی ڕزگار بکەین .
سەر لە بەیانی ڕۆژی ٨ ئەیلول سەرپەرشتیارەکەمان بە هەواڵێکی خۆشەوە هەموومانی لەو ترس و دڵەڕاوکیێ یە ڕزگار کرد و وتی : ( برایەکم لە ئوستورالیایە ، خێزانەکەی خەڵکی شاری بانەیە ، لە بارودۆخی خۆمانم ئاگادارکردۆتەوە ، ئەمشەو بە تەلەفون داوای لێکردووم خۆم و ئەو کەسانەی ترسیان لە خۆیان هەیە ، لە گوندی چۆمانی پشت چوارتا گردبینەوە و سبەینێ خزمانی خێزانەکەشی لەوێ چاوەڕوانماندەکەن و دەمانبەنە ناو ئێرانەوە ، پاشان ئەویش لە لای خۆیەوە کارمان بۆ دەکات تا بگەینە ئوسترالیا ) . لەو کاتەدا ئەم هەواڵە هەواڵێکی ئەوەندە خۆشبوو ، هەر لەوێدا بڕیارماندا کاتژمێری دوی شەو هەموو لە قەلاچوالان یەک بگرین و پیکەوە ڕوو لە چۆمان بکەین .
هەمان ڕۆژ خۆم ئامادەکرد و بۆ شەوەکەی ماڵئاواییم لە خێزانەکەمکرد و لە کاتژمێری یەکی شەودا لەگەڵ سێ ئەندازیار و چەند کارمەندێکدا بە سێ ئوتومبێلەوە گەیشتینە قەلاچوالان . لە قەلاچۆلان دیمەنێکی ئەوەندە سەیرم بینی ، کە تا سەر ئێسقان ئازاری دەدام و هەرگیز چاوەڕوانی ئەو دیمەنە ناخۆشەم نەدەکرد . بە سەدان منداڵ و گەنج و پیر لە ژن و لە پیاو کەوتبوونە تاڵانکردنی فەردە شەکر و برنج و رۆن و کەلوپەلی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و وەزارەتی پیشمەرگە . ئەوەندە حەپەسابووم خۆشم سەرم لەو دیمەنە دەرنەدەکرد . ئاخر هێشتا نە یەک چەکداری پارتی و نە سەربازێکی بەعس گەیشتبوونە سلێمانی ، کەچی یەک پێشمەرگەی یەکێتی لەو ناوەدا نەمابوون و هەموو لە سنوری ئێراندا گیرسابوونەوە .. هەر لەوێدا شەڕەکەی ساڵی ١٩٦٣ ی شاخی ئەزمڕم بیرکەوتەوە ، کە تەنها چەند پێشمەرگەیەک ، کە وەک دارگۆیژ ڕەگ و ڕیشەیان بە ناخی پیرە ئەزمڕدا ڕۆچوو بوو ، نەیانهێشت زەعیم سەدیق بە خۆی و تۆپ و تانک و فرۆکەی میک و سوپایەکی پر چەک و جاشەوە ئەزمڕ بگرێت و پاش چەند ڕۆژ شەڕی قورسی خوێناوی بە لوتی شکاو و پاشەڵی دڕاو و سەرشۆڕییەکی ئێجگار زۆرەوە کردیانەوە بە ناو شاردا .
تا کاتژمێری سێی شەو چاوەڕوانی سەرپەرشتیارەکەمانکرد ، بەڵام دیار نەبوو ، بۆیە بە نەشارەزایی ڕێگای چۆمانمان گرتە بەر ، جا لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگای ماوەتەوە بڕۆین ، ڕێگایەکی خۆڵی بەردەڵانیمان گرتە بەر ، ئەوەی سەیر بوو پیکاپێکی پڕ لە خێزانیش بە دواماندا هاتن . نزیک بەرەبەیان گەیشتینە ناو کۆمەڵێک گرد و تەپۆڵکەی بەرز ، لە دوورەوە چەند چەکدارێک هاواریان لیێ کردین . ئێمە دڵمان خۆشبوو وامانزانی ئەوانە پێشمەرگەی یەکێتیین ، بەڵام شۆفێری پیکاپەکە دابەزییە خوارەوە و وتی : ( دڵنیام ئەو چەکدارانە چەتەن ) ، بۆیە هەر لەوێدا بە خێرایی سواری پیکابەکەی بۆوە و ڕووی لە قەلاجوالانکردەوە . چەکدارەکان کە ئەوەیان بینی زیاتر لە سەد فیشەکیان پیوە نا ، بەڵام باشبوو پیکابەکەیان نەپیکا و بۆ خۆیان ڕزگاریانبوو . ئیتر ئێمەش هەر ئەوەمان پێکرا بە ترسێکی زۆرەوە و لەسەر سک خۆمان بدەین بە ئەرزدا . پاشان چەکدارەکان بەرەو ڕوومان هاتن و یەکەم قسەیان ئەمەبوو : ( چ گەوادێکتان یەکێتییە ؟ ) . لە وەڵامدا وتمان : ( ئێمە فەرمانبەرین و لە ترسی هاتنەوەی حکومەتی بەعس ڕامانکردووە ) . بەڵام ئەوان گوێیان نەگرت و سەرلەنوێ وتییان : ( جا ئەگەر یەکێتی نیین دەی باشە لە چیی دەترسن ؟ ) . هەرچ قسەیەکمان کرد گوێیان لیێ نەگرتین و بەردەوام لە دایکی ئەو کەسانەیان دەبرد ، کە یەکیتییە ... خێزانی هەندێک لە فەرمانبەرەکان کەوتنە گریان و پاراندنەوە ، بەڵام کەڵکی نەبوو ، پاش تۆزێک لێپرسراوەکەیان و چەند چەکدارێکی تر هاتن و دەوریانگرتین ، هەرچەند باسی حاڵی خۆمان بۆ کرد . بەڵام ئەو لە وەڵامدا وتی : ( فززەتان نەیە ، ئێوە لای ئیمە دەستبەسەرن و ئەتانبەین بۆ چۆمان و تا لێکۆڵینەوەی تەواوتان لەگەڵدا نەکەین نابیت لەوێ بجوڵێن ) . پاشان دو چەکدار ئێمەیانبرد بۆ چۆمان و لە سوچێکدا ڕایانگرتین و هەڕەشەشیان لێکردین ، کە لەو جێگایەدا نەجوڵێین . چۆمان گوندێکی سەر سنورە ، تەنها چەمێک ، کە بەرزی ئاوەکەی تا قولەپیێەکی تەڕ دەکرد و پانییەکەشی هەر مەتر و نیوێک دەبوو ، ئێران و عیراقی لە یەکتر جیادەکردەوە و بە ئاسانیش پیادە و ئوتومبێلی پێیدا دەپەڕییەوە ، لە دووریشەوە بە جوانی دەرگا و پەنجەرە شینەکانی گوندێکی ئێران دیار بوو . ئەو ڕۆژە چۆمان زۆر زۆر قەڵەباڵغبوو ، پڕبوو لە قاچاخچی و کەسانی کاسبکار ، بە دەیان ئێستر باردەکران و بە دەیانیان بارەکانییان دادەگیران و کەس ئاگای لە کەس نەبوو . بەڵام ئێمە بە تەواوی شپرزە بوو بووین و خۆشمان نەماندەزانی تووشی چ بەڵایەک و گۆڵمەزێک بووین . بەڕێکەوت گەنجێک هات بە لامانەوە و وتی : ( ئەوە ئێوە چیی دەکەن لێرەدا ؟ ) . لە وەڵامدا وتمان ئەوی ڕاستی بێت ئەو چەکدارانە ئێمەیان دەستبەسەرکردووە و هۆکارەکەشی نازانیین ) . گەنجەکە لە وەڵامدا وتی : ( ئەو کەللە پوتانە کوردی لای خۆمانن و بوونەتە جاش و چریکی ئێران و لەم ناوەدا خەریکی تاڵانی و ڕاوڕووت و شڕەخۆرین و دیارە مڕیان لە گیرفان و ئوتومبیلەکانتان خۆشکردووە ، بەڵام ئەوان ئێستا لەو قاچاخچییانەوە ئاڵاون و سەرقاڵی مڕوموش و سەرانە وەرگرتنن و ئاگایان لە ئێوە نەماوە ، جا هەتا تووشی بەڵایەکیان نەکردوون یەکە یەکە خۆتانییان لیێ بدزنەوە و بەرەو ماوەت بگەڕێنەوە و پاش دە خولەکێک دەگەنە گوندی مەروێ و لەوێش دەتوانن خۆتان بشارنەوە ) . ئێمەش هەر وامانکرد و یەکە یەکە گەڕاینەوە و نەوەستاین تا گەیشتینە مەروێ . ئەوەی جێگای دڵخۆشیبوو خزمێکی یەکێک لە ئەندازیارەکان دانیشتووی ئەو گوندە بوو ، پێشوازییەکی گەرمیان لیێ کردین . هێشتا نانی نیوەڕۆمان نەخواردبوو ، لاندکرۆزەرێک ، کە پڕ بوو لە ژن و منداڵ لە سلێمانییەوە گەیشتە مەروێ و دەیانویست ڕوو لە ئیران بکەن . هەر لە سەر جادە خۆڵەکە چەکدارەکان وەک گورگی برسیی لێیان ئاڵان و کارێکیان پێ کردن هەر مەگەر ئەو خوایە خۆی بزانێ . گریان و هاوار و قیژەی ژن و منداڵەکان بەردی دەکرد بە ئاو ، بەڵام ئەوان بە زۆر و بە تۆپزی و قسەی ناشیرین هەموویانیان دابەزاندە خوارەوە و سواری لاندکرۆزەرەکەیان بوون و وەک ڕەشەبا بە بەردەمی گوندە پەنجەرە شینەکاندا ئاودیوی ئێران بوون و کەسێکیش نەبوو بوێری داکۆکی لەو خێزانە بکات . ( لە دوایدا زانیمان بە دوای ئێمەدا دەگەڕان ، بەڵام تەماعی ئەو لاندکرۆزەرە تازەیە هەموو شتێکی لە بیربردبوونەوە ) ، کە ئەوەمان بینی سەرلەنوێ ترس و دڵەڕاوکێ ئێمەی گرتەوە و دڵنیابووین ئەگەر ئێمەش بدۆزنەوە تووشی کیشە دەبین و رووتمان دەکەنەوە و ئوتومبیلەکانیشمان دەفرێنن و کەسیش ناتوانێ لەسەرمان هەڵبداتێ ، بۆیە هەر یەکسەر هەموو بە سکی برسی سوار بووینەوە و بەرەو ماوەت و قەلاچوالان گەڕاینەوە . پاش نیوەڕۆیەکی درەنگ گەیشتینەوە قەلاچۆلان ، خەڵکی لە سلێمانییەوە بە پیێ دەهاتن ، لەوانەوە زانیمان ، کە هێشتا پارتی نە گەیشتۆتە سلێمانی . هەر لەوێدا بڕیارماندا لە ڕێگای دوکانیانەوە ڕوو لە پێنجوین بکەین . دنیایەکی چۆڵوهۆڵی پڕ مەترسی ، لەو کاتانەدا هەست بە گرنگی سایە و سێبەری پێشمەرگە دەکەیت ، ئاخر وڵاتی پڕ هەڵاوبەڵای بێ سەروبەر ، بە بێ بوونی پیشمەرگەی ڕاستەقینە دۆزەخێکە بۆ خۆی . نزیک کاتژمێری چواری عەسر گەیشتینە دەوروبەری سەید سادق ، لە پڕ دەنگی تەقە و چەند دەستڕێژێکی یەک لە دوای یەک ، ئێمەی ڕاچڵەکاند و سەرلەنوێ وەستاینەوە ، پاش تۆزێک ڕێبوارێک لە سەیدسادقەوە هات و کاتێک لە هۆکاری ئەو تەقانەمان پرسیی کابرا وتی : ( ئەو تەقانە ، تەقەی خۆشی پارتییەکانی هەڵەبجەن ، کە بێ هیچ بەرگرییەک هاتوونەتە ناو سەیدسادقەوە و ئێستاش سەرقاڵی پشکنینی خۆیانن و پاشان دەڕۆن بەرەو سلێمانی ) . ئەو پیاوە باشە ئامۆژگاری کردین ، کە نزیکنەبینەوە چونکە پارتییەکان بە هەموو لایەکدا بڵاوبوونەتەوە . گیرانی سەیدسادق کارێکی وایکرد هەڵکوت هەڵکوت بەرەو سلێمانی بگەڕێینەوە ... کاتژمێری پێنجی سەر لە ئێوارە بە قژێکی بژ و لەشێکی خۆڵاوی و دەروونێکی پر لە خەموپەژارەیەکی ئێجگار زۆرەوە خۆمکردەوە بە ماڵدا ، هاوسەرەکەم کە بەو حاڵەوە منی بینی وا پەشۆکابوو ، زۆر بە پەلە وتێ : ( ئەی ئەوە نەچوویت بۆ ئوسترالیا ؟ ) . لە وەڵامدا وتم : كچێ ئوسترالیای چیی و دوعا بکە لەم وڵاتە بێ ناز و بێکەسەدا بە ساغی و سەلامەتی هاتوومەتەوە ناوتان ... کاتژمێری شەشی ئێوارە گرمە گرمی دوو تۆپ شاری هەژاند ، ئەمەش نیشانەبوو کە هێزەکانی پارتی بەبێ هیچ بەرگریی و تەقەیەک هاتوونەتە ناو سلێمانییەوە .
بە درێژایی ئەو شەوە ناخۆشە و بۆ تەنها ساتێکیش خەو نەچووە چاوەکانم و بە ئازارێکی زۆرەوە دەتلامەوە و بە بەردوامی بیرم لەم کوردە داماوە دەکردەوە ، کە چۆن سەدان ساڵە نیشتمانەکەی پارچە پارچە کراوە و بە درێژایی مێژووش بە لێشاو خوێنی لەبەر دەڕوات ، کەچی هێشتا نەگەیشتۆتە کەنارێکی ئارام و ئەمەش حاڵی سەرکردە نەزان و بزوتنەوە نەزۆکەکانییەتی ، کە هەردەمەی ڕیشی خۆیان دەدەنە دەست داگیرکەرێک و ئەوانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان وەک کوتەکێک بەکاریاندەهینن و کاتێکیش ئامانجی گڵاوی خۆیان دەپێکن ، ئەو کوتەکەش لە سەری کوردی کڵۆڵدا دەشکێنن .
خۆشەویستی پاڵاوگە ناوازەکە کارێکی وا یکرد ڕۆژی دوایی سەردانی کارگەی شەکر بکەم ، تا لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی ئەو پڕۆژە گرنگە بم ، کە لێوان لێو بوو لە ڕەنج و تەقەللا و ماندوو بوون و شەونخوونی کۆمەڵێک کەسانی نیشتمان پەروەری بە شەرەف ، کە تەواوکردنیشی بوو بوو بە خەون و خولیایەکی ئێجگار مەزن ، بێگومان پارتیش گرنگی ئەو پاڵێوگەیەی زانیبوو ، بۆیە بۆ پاراستنی سەد چەکدارێکی جامەنە سوریان بە دیارییەوە دانابوو ... ئەوەی شایانی باسیشە و لە هەموو شتێکیش سەیر تربوو ، ئەو کەسەشی ئێمەی نارد بۆ چۆمان ، خۆی لە شاری هــەولێردا تــــۆزی دەکــرد .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست