دیوی نهێنی قسە و باسەکانی بارزانی
Friday, 08/09/2017, 21:25
مەسعود –بارگرانی- لەم چەند کۆبونەوە لەگەڵ گوێڕایەڵەکانی ئەڵێ؛ عێراق دەوڵەتێکی مەزهەبی و تائیفیە. واتا تا ئەوکاتەی حکومەتەکەی مالیکی و عەبادی خاڵە سەر زلەکەیانی دەرنەکردبوو،عێراق دەوڵەوتێکی فیدڕاڵی بوو کەچێ لەو کاتەوە عەبادی بەمان ڕازی نیە و کەس و پیاوەکانی پارتی بەتۆمەتی دزی و گەندەڵی و خیانەت ئاودیوی حەمرینی کردونەتەوە،ئێدی ووڵاتەکەی عێراق و حکومەتەکەی عەبادی بۆتە حکومەتی تائێفی و مەزهەبی شیعی. کە لەڕاستیدا وانیە و حکومەتەکەی عەبادی تا ئێستێ کورد و سونە بەشدارن و بەم دواییانەش پارتی هەر خەریکی پلە وپۆست کۆکردنەوەیە لەوێ.
پرۆسەی قەنەفە-دۆمەکەی بارگرانی هەرچۆنێ ئاکام بدا ئەوا دواتر بەهۆی ئەوەی مۆرکێکی مەزهەبی و تائیفی لەو حکومەتەی عەبادی ناوە،ئەوا کورد بۆ شەڕی سونە و شیعە ئامادە ئەکا و ئەبێتە تەواوکەری پرۆسەکەی –جوند وئیسلام،قاعیدە و داعش. ئەم جوڵانەوانە لەمێژن تۆوی مەزهەبی و تایفی لە عێراق بڵاو ئەکەنەوەو خوێنێکی زۆریان بۆ ڕشت. مەسعود بەیارمەتی تورکیا،سعودیە و ئێران ئەیانەوێ زیاتر نەوت بەم ئاگری تائفیەدا بکەن وکڵپەی بەرزتر بکەنەوە. دیارە مەبەست لەمەش بۆ ئەوەیە مەسعود بۆ ماوەیەکی تر لەدەسەڵات بمێنێتەوە و ئەوەی هاوپەیمانان لەساڵی ١٩٩١ وەو دوای کۆڕەوە مەزنەکە پێشکەش بە کوردیان کرد وناوچەی ئارامیان دروست کرد،مەسعود ئەمەش لەبار ببات.
دۆزی نەتەوەی فەلەستین ئەو کات دۆڕاو شکستی خوارد کە لەدۆزی زەوی داگیرکراوەوە گۆڕدرا بۆ دۆزی ئاینی و مەزهەبی. بەمەش هێزی ڕزگارخوازی فەلەستینی گۆڕدرا بۆ هێزی ئایینی-حەماس- بەسەرۆکایەتی شێخ یاسین و دواتر خالید مشعەل. لەو کاتەوە ئێدی ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆزی فەلەستین بەرەو کپ و بون و دوو لەتبوون هەنگاوی نا. بەهەمان شێوەش،مەسعود –بارگرانی- بەسەر میلەتی کوردەوە ئەیەوێ لەڕێگای پرۆسەی-گیرفاندۆم-ەوە دۆزی کورد لە دۆزی زەوی داگیر کراو و ناوچەی جێناکۆکەوە بگۆڕێتە سەر دۆزی ئایینی و تایفی ، کەهەنووکە بەڵێنی دا بەمەلا سەلەفیەکان لەهەولێر بەتایبەتی قوڕگ و سنگیان پاك بکەنەوەو شیڕەی لێ هەڵسێنن.
بۆیە داوا لەخەڵکی باشوور ئەکەین نەکەونە داوی مەلا سەلەفی و بەقسەی سواوی مەزهەبی و تایفی نەخەڵتێن و کوڕ و مناڵەکانیان لەو مەترسیە بەدوور بگرن. دەنا مەسعود بەتەمایە لەگەڵ مەلا قەراخیەکان و بەشیرەکان و کەڵەکیەکان و هاوشێوەکانیان کورد بە ئاوازی ئایینی هەڵپەڕێنن و بەرەو کەناری شەڕی نەخوازراو ئامادە بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست