مامە پیرەگیان "شکۆی "کامە شەهید شکاوە!؟
Friday, 08/09/2017, 20:02
نازانم کێ بوو دەیووت: "مرۆڤە باشەکان ئازاری کەس نادەن، بەڵام هەمیشە ئازاری خۆیان دەدەن"
--------------------------
زۆر جار وێنەیەک بەقەبارەی کتێبێک زانیارییمان پێدەدات و دەمانجوڵێنێت، رابردوومان وەک مێژوو بۆ دەخوێنێتەوە! زۆرجاران ڕامان دەگرێت لەبەردەم کۆمەڵێک پرسیاریدا، وێنە دەتوانێت هەڵوێستەمان پێبکات، وێنە ئەو چرکەساتەیە کە ڕووداومان بیردەخاتەوە، وێنە فێری بیرکردنەوەمان دەکات، وێنە ڕاستگۆترین سەرچاوەیە ئێمە دەتوانین خوێندنەوەمان بۆی هەبێت، وێنە تاکە شتە درەنگ لە هزرماندا کاڵدەبێتەوە، بۆیە وێنە بەهێز ترە لەو هەموو قسانەی کەڕۆژانە دەیبستین و دەیکەین
"ئێوە شکۆی شەهیدانتان شکاند".ئەمە ئەو دروشمەیە کە مامەیەکی پیر لەو وێنەیەدا بەرزی کردۆتەوە! بۆیە یەکسەر ئەو پرسیارانەشی لەلام دروستکرد!: کامە شەهید!؟
شەهیدەکان کامانەن !؟
ئەمڕۆ ئێمە لەسەردەمێکدا ژیان دەکەین، نەک شەهیدەکان نادۆزینەوە، بەڵکو خۆفرشەکانیش، کە هەر وەک شەهید ناونیشانیان هەڵگرتووە لە ناوچوون، خۆفرۆشەکان کێلەکانیان پڕە لە شیعر و شانامە، کەسوکارەکانیشیان یادی دەکەنەوە، ئەوانیش بە شەهید ناونوس کراون و شەهیدانەش وەردەگرن، زەوی و پاداشت کراون.بۆیە بەتەنیا شکۆی شەهیدەکان نەشکاوە، هی زیندۆکانیش لەکەداربووە، بەڕاستی دەسەڵاتی کوردی بەد ئەخلاقترین دەسەڵاتی سەر ئەم ئەستێرەیەیە، کە هەموو جوانییەکانی تێکوپێک داوە.بەعس بەو هەموو دڕندەییەوە نەیدەوێرا دەست وەربداتە پیرۆزییەکان، لێ ئەوان ئەمەشیان کرد.بۆیە نووسراوی دەستی ئەم مامەپیرەیە، نەک هەر ڕاستیە، بەڵکو زللەیەکە لە بناگوێ تاک بەتاکمان دەدرێت وهیچ ناڵێین..
چۆن شکۆ بگەڕێنینەوە ؟
بۆ زیندووەکان....بۆ شەهیدەکان...داخۆ ئەم دەسەڵاتە، کە هەڵکێشراوە لەخیانەت و ناپیاویی و دزیی و بەدئەخلاقی هیچ شکۆی لادەست دەکەوێت؟ بەدڵنیاوە نا، چونکە خۆیان هیچ شکۆ و شانازییەکیان نییە تا بەئێمەشی بدەن.ئەوانە بەخۆیان و حیمایە تڕۆکەنیانەوە وەک فیرعەون لەناوماندان، لێ کاتێک دەچنە ئێران و تورکیا یان دەچنە دەرەوەی هەرێم، وەک قالۆنچە گرمۆڵە دەبن و دەچنە نێو قاوغە بەتاڵەکەیان و وەک تۆقیوێک ڕات و ڕەپ دادەنیشن، تەنانەت بۆ هەناسەدانیش مۆڵەت وەردەگرن.ئەم بێشکۆیانە، بۆیە تا ئەم دەسەڵاتە خوێڕییە حاکمان بن مەحاڵە شکۆ نەک بۆ شەهیدەکان بەڵکو بۆ زیندۆکانیش چۆتە قاتی.ئیتر کاتی ئەوەیە زیاتر خۆمان نەقەپێنین و زیاتر دوای سەراب نەکەوین بەدوای شکۆدا بگەڕێین و داوای بکەین بێ شکۆیانە!.
ئاپۆ لە مانیفستۆی شارستانی دیمکراتی بەرگی یەکەمدا دەڵێت: "پیاوی بەتەمەن گوزارشت لەئەزمونی ژیان دەکات، دەشێت وەک ئەنجومەنێکی تەمەنداران "ڕیش سپی" بیریان لێبکرێتەوە".
ئەم مامە پیرەیە خۆی و پەڕەیەکی سپی وەکو ڕیشە سپییەکەی زۆر شتی بیر هێناینەوە، پێی ووتین : شەهیدەکان شکۆیان شکاوە بەدەست ئەم دەسەڵاتەوە.
ئێمە چین ؟ ئێوە چین ؟ ئەوان چین ؟ با بیرێک لەحاڵی خۆمان بکەینەوە تاوەک شەهیدەکان ئێمەش نەک هەر شکۆ بەڵکو خۆشمان وردو خاش نەبووین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست