کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورته‌ وه‌ڵام 25 بۆ وتارێکی ئه‌نوه‌ر ئه‌ڵمان!

Saturday, 26/08/2017, 21:15


له‌ماڵپه‌ڕی هاوبیرانی کوردایه‌تیدا،به‌به‌رواری 21/8/2017 ئه‌نوه‌ر ئه‌ڵمان ناوێ، وتارێکی  دژی پیرۆزیی نیشتمان بڵاوکردۆته‌وه‌ که‌نه‌ئه‌بوایه‌ ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ی ئاڕاسته‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌، به‌ وتاری له‌وجۆره، کاتی خوێنه‌ره‌وه‌کانی به‌فیڕۆبدا ! به‌تایبه‌تی له‌م کاتی هه‌لی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌دا!
تێکڕا نوسینه‌که‌ی له‌خولگه‌ی رسته‌یه‌کدایه‌ که‌ئه‌ڵێ (چمکه‌کانی ئازادیی مرۆڤ له‌خاکێ نیشتمان پیرۆزترن! له‌کوێ مافه‌کانی مرۆڤ پارێزراوبێ ده‌شی ئه‌و جێیه‌ نیشتمانبێ!) پێش ئه‌م، فه‌یله‌سوفه‌کانی بیری کۆمۆنستی، سه‌د ساڵێ له‌م جۆره‌ خه‌ڕه‌که‌یان رستو ئه‌نجام به‌ فویه‌کی گۆربه‌شۆف ریسه‌که‌یان بوه‌وه‌ به‌خوری! ئه‌وه‌بو گه‌لانی سۆڤێتو ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاتو زۆریتر، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چمکی پیرۆزیی نیشتمانه‌کانیان. سه‌باره‌ت ئازادیش، زوربه‌ی مرۆڤه‌کانی رۆژئاوای گێتی، ده‌مێساڵه‌ له‌که‌ماڵی ئازادیدان، که‌چی هیچیان ده‌سبه‌رداری پیرۆزیو خۆشه‌ویستیی نیشتمانه‌کانیان نه‌بون. هه‌میشه‌ هه‌ر شانازی به‌نیشتمانه‌کانیانه‌وه‌ ئه‌که‌ن. کام له‌و وڵاتانه‌ وازی له‌ بستێ خاکی خۆی هێناوه‌؟ ته‌نانه‌ت ئه‌و بیانیانه‌ی له‌و وڵاته‌ ئازادانه‌شدا ئه‌ژین یا نیشته‌جێنو هه‌مو مافه‌کانیان وه‌ک مرۆڤ پارێزراوه‌، هه‌ر خه‌و به‌نیشتمانه‌که‌ی خۆیانه‌وه‌ ئه‌بینن. ئه‌وه‌تا ئه‌م کاک ئه‌نوه‌ره‌ش‌ که ‌ره‌گه‌زنامه‌ کوردستانییه‌که‌ی خۆی گۆڕیوه‌ به‌ (ئه‌ڵمان!!) هه‌ر به‌کوردی ئه‌و وتاره‌ی نوسیوه‌! ئه‌وه‌ پیرۆزیی نیشتمانه‌که‌یه‌تی له‌نائاگاییدا وایلێئه‌کا ده‌سبه‌رداری زمانی نیشتمانه‌که‌ی نه‌بێ. پیرۆزیی نیشتمان، دیارده‌یه‌کی ده‌سکردنیه‌. به‌شێکه‌ له نائاگاییو ‌ناخی مرۆڤ، وه‌ک خۆشه‌ویستیی نێوان دایکو باوکو مناڵه‌کانیان، وه‌ک دو دڵدار. هه‌زاران نمونه‌ له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ که‌ده‌یان ساڵه‌ وێرانه‌ نیشتمانێکی خۆیان جێهێشتوه‌و پێشکه‌وتوترین وڵاتیان کردۆته‌ نشینگه‌ی خۆیان (نه‌ک نیشتمانی خۆیان) که‌چی هه‌ر دڵیان بۆ کوێره‌ دێیه‌کی وێرانه‌ نیشتمانه‌که‌ی خۆیان لێئه‌داو کاریشی بۆئه‌که‌ن. به‌ڵکو سۆزیان بۆ خۆشه‌ویستیو پیرۆزیی نیشتمانه‌که‌یان زیاتر له‌په‌ره‌سه‌ندندایه‌. مرۆڤ هه‌ر یه‌ک نیشتمانی هه‌یه‌ نه‌ک دو.  ستالین که‌ وشکترین کۆمۆنستبو، له‌نمایشێکا، له‌به‌ر تیپی نیشتمانه‌که‌ی خۆی (جۆرجیا) هه‌ستایه‌ سه‌ر‌پێو که‌وته‌ چه‌پڵه‌لێدان بۆیان! ئه‌وه‌ له‌پیرۆزییو خۆشه‌ویتیی جۆرجیاوه‌بوه‌ نه‌ک تیپه‌که‌، به‌ڵکو ئه‌و، پێشتر ئه‌ندامانی ئه‌و تیپه‌ی هه‌ر نه‌دیبو. کچه‌ تێکۆشه‌ری ناودار، دوڕیه‌ محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونی، له‌میسر له‌دایکبوه‌و گه‌وره‌بوه‌، که‌چی هه‌ر کوردستانی به‌نیشتمانی خۆی ئه‌زانی وه‌ک له‌نوسینه‌کانیا ده‌رئه‌که‌وێو وه‌ک من ساڵی 1962 له‌ڤیه‌نا دیومه‌و دوانومه‌. چه‌رچل ئه‌ڵێ ئاماده‌م له‌گه‌ڵ شه‌یتان هاوپه‌یمانی بکه‌م له‌پێناوی نیشتمانه‌که‌ما.. که‌واته‌ خۆشه‌ویستیو پیرۆزیی نیشتمان دروستکه‌ری هه‌ستو سۆزه‌ نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه‌. راسته‌ بڕی خۆشه‌ویستیی نیشتمان له‌که‌سێکه‌وه‌ بۆکه‌سێکیتر جیاوازه‌، به‌ڵام ئه‌و پیرۆزییه‌، که‌م یازۆر، بونی هه‌ر هه‌یه‌. بێگومان له‌ناو هه‌مو گشتێکیشدا، زۆڵه‌کو ده‌گمه‌ن هه‌یه‌ که‌ئه‌وانه‌ پێوانه‌یان له‌سه‌رناکرێ.
نوسینه‌که‌،‌هیچ بایه‌خێکی زانستیانه‌ی نیه‌و پڕه‌ له‌دژیه‌کیو به‌درۆخستنه‌وه‌ی خۆی، ئه‌گه‌ر له‌ماڵپه‌ڕی هاوبیرانی کوردایه‌تیدا نه‌بوایه‌، هه‌ر باسیشم نه‌ئه‌کرد!. کۆتاییه‌که‌شی به‌شتێیه‌ک هێناوه‌ که‌ناویناوه‌ هه‌ڵبه‌ست! راستییه‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌: له‌هه‌مو شت بچێ له‌هه‌ڵبه‌ستناچێ. منیش به‌م ‌هۆنراوه‌یه‌ وه‌ڵامی هه‌ڵبه‌سته‌که‌ی ئه‌ده‌مه‌وه‌:
خۆشترین ماچ
چ جۆرێ ماچ خۆشترینه‌؟
ته‌رِو پاراو و شیرینه‌ ؟
شیله‌ى شه‌كر ، یا هه‌نگوینه‌ ؟
سه‌رى گۆنا؟ خاڵی رومه‌ت ؟یا ناوچه‌وان؟
سه‌رگۆى مه‌مك ؟ لێو و زمان؟
ئه‌ندامی روت ؟ یا داپۆشراو ؟
به‌رده‌سكه‌وێ‌ ، یا ببینرێ‌ به‌ نیگاى چاو؟
زۆروزه‌به‌ن ؟ یاخود ده‌گمه‌ن ؟  
به‌ هیچكامیان باوه‌رِمه‌كه‌ن
*
به‌ئاسمانا مه‌له‌یئه‌كرد كه‌ژاوه‌كه‌م
له‌شى ئاڵایه‌ پرچى خاوى هه‌ورو ته‌م
بێ‌ ترس و خه‌م
ماچی ته‌رِو پاراوى ده‌م
*
به‌ شارانی ماچبارانا
به‌ناو شه‌پۆلی جوانانا
هه‌زاران قۆناغم برِى
بلیتی شوێنی ناوازه‌م گه‌لێ كرِى
له‌ كه‌نارا
له‌ ناوه‌ندى گه‌وره‌شارا
ریزه‌ بوكی شۆخی ته‌لار
له‌ناو به‌رگی سپیی به‌ورا
پێیان له‌سه‌ر فه‌رشی گوڵزار
ده‌میان له‌ناو ده‌می هه‌ورا
تێرمژینی لێو و زمان
چله‌ى زستان 
ئه‌چه‌رخێنێ به‌رۆژانی به‌هارستان
*
له‌ هاوینا
له‌دیمه‌نێکی شیرینا
مه‌مکه‌کانی سنگی سه‌وزی نیاگارام 
گرتو مژی
له‌به‌ر پرژی تاڤگه‌کانی
وامئه‌زانی 
ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌هه‌شتێکه‌و مرۆڤ تیایا
هه‌تا ئه‌ژی!
که‌چی مه‌لی سرکی خۆزگه‌م
هه‌ر جوکه‌یبو
بۆخۆشترین ماچی خاکی وڵاته‌که‌م

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە