توركیا لەكوێی ڕێفەراندۆمەكەی بارزانیدایە؟
Friday, 18/08/2017, 23:00
ھەركاتێ پەیوەندی نێوان پارتی و توركیا درزێكی بچوكی تێكەوت ئەوكات بابڕوابكەین كە ڕێفەراندۆم بۆ مەبەستی سەربەخۆیی كوردستانە.
ئاخر تاقە توركێك لەبازاڕدا دژی گەیشتنی كوردە بەمافی خاوەنداری دەوڵەت تۆ بڵێی حكومەت و دەرین دەوڵەتی تورك ئیعتڕاف بەدەوڵەتی كوردستان بكەن؟؟؟
مەحاڵیشە پارتی و بنەماڵەی بارزانی دۆستایەتی لەگەڵ دوژمن و داگیركەر تێك بدەن، چونكە مانەوەیان بەندە بەجاشی و نۆكەرایەتی بێگانەو دوژمن، ئەم خوەی ئەوان ڕیشەی مێژوویی ھەیەو سەرەكیترین میراتە بۆیان ماوەتەوە.
ئەگەر دوژمنانی دۆزی كورد دەست بەپشتی پارتی و بارزانی دانەھێنن، پارتی ناتوانێ بگاتە ئەو دەستەڵاتە موتڵەقەو ھەرچی دژی یاساو دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ بێت بیكات.
مانەوەی پارتی نەخۆڕسكەو نەپەیوەندیشی بەنیشتمانی بوون و كوردایەتیەوە ھەیە، بەڵكو حەمیلێكەو لەجیاتی دەزگا موخابەراتیەكانی دەوڵەتە ئیقلیمیەكان دەشوغڵێ، بووە بەوەسیلەی بەئامانج گەیاندنی دوژمن و داگیركەران.
دوژمنانی گەلی كورد چیان دەوێت؟
مەگەر نایانەوێ یەكڕیزی كورد نەیەتە وجودو نێوماڵێكی ئارام دروست نەبێت؟
مەگەر نایانەوێ كورد لەژێر سێبەری مەرگەساتدا بێت؟
مەگەر نایانەوێ خەونەكانی تاك و كۆمەڵی كورد نەیەتەدی؟
ئێ پارتی دیموكراتی كوردستانیش ھەرئەوە دەكات، ئیتر چ جوداییەكی ھەیە ئەو بەدكاریەی لەئیدارەی كوردی و پرسە نیشتمانیەكاندا دەكرێت چ دوژمن بیكات چ پارتی؟
ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كورد داھاتن كێ لێی بەرپرسە؟ مەگەر ھەرپارتی و بنەماڵەی بارزانی و دواكەوتەكانیان نەبوون و نین!!!
لەوەتەی كوردستان دابەشی سەر چواركراوە دەوڵەتە داگیركەرەكان ھەرچی خوداو خوداداو پێیان ناخۆشە دەرحەق بەكورد كردوویانە، ئێستاش كە ڕاستەوخۆ لەھەرێمی باشوری كوردستاندا نین لەڕێگەی بارزانی و پارتیەوە ئەوەی دەرفەتی كردنیان نەبوو لەجیاتیان دەكرێت.
توركیا سیاسەتی (پەرتكە-زاڵبە)ی سەردەمی مستەفا كەمال ئێستا بەپارتی وبارزانی بەجێی دەگەیەنێ.
ئێران سیاسەتی دابەشكاری ئیتنی و جوگرافی و بەیەكدادانی كەلتوری ھەرلەسەر دەمی مەلا مستەفا بارزانیەوە تائێستا بەپارتی جێبەجێ دەكات.
لای ھەمووان ڕوونە كە ھەرچی لەبەرژەوەندی ئێران نەبوایە بنەماڵەی بارزانی دژی بووە، بۆ توركیاش بەھەمانشێوەیە، ئەو ڕێفەراندۆمەی ئێستاش ھێنراوەتە بەرباس ھەربەشێكە لەسیاسەتی دەرین دەوڵەتی توركیاو بۆبەتەواوی تێكدانی ڕەوشی باشوری كوردستانە، بۆئەوەیە پارتی سوڵتەی ڕەھاتر لەزۆنی كەسكیش بەجێبگەیەنێ، چونكە بەلای توركیا ھێشتا كەركوك ولایەتێكی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیە، دەیەوێ بەدەستەمۆبوونی تەواوەتی یەكێتی كەركوكیش بەبارزانی بكات، كەئەمەشیان ناڕاستەوخۆ بەتورك كردنە.
سەرنجی نێوانی پارتی و توركیا بدەن، كاتێ ڕەخنە لەوجۆرە پەیوەندیە دەگرین و بەنادروست و خراپ وەسفی دەكەین، حەمیلە قەڵەم بەدەستەكانی پارتی دەڵێن: ئەوە حەكیمیەتی سەرۆك بارزانیە كەتوانیویەتی توركیا بكاتە دۆستی كورد لەڕێگەی بازرگانیكردنەوە...
كەچی دەشزانن كە:
-پارتی وبارزانی سەدی ٤١ی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەدەنە توركیاو لەو ڕێژەیەش سەدی ٦ی دەچێتە سەرحسابی خودی (ئەردۆگان).
-پارتی ٢١ بنكەی سەربازی بۆ ئارتێشی تورك لەھەرێمی كوردستان دامەزراندووە.
-دەزگای میتی موخابەرات ڕاحەتتر لەھەر ھاونیشتمانیەك لەھەرێم چالاكی دەكات.
-ئەوەی ئاشكرایە زیاتر لە ٢٥ شەریكەی نەوتی توركیای لەھەرێم جێكردۆتەوە.
-دەستی كاری توركەلی لەھەرێم لەباشترین دۆخدایە.
-پارتی شەڕی پەكەكەو پەیەدە بۆ توركیا دەكات.
-ھاوكاری سەرەكی داعشە بۆ لێدان لەڕۆژئاواو داخستنی دەریەكان بەڕووی گەلی كورد لەڕۆژئاواو بەجینۆسایددانی شەنگال و گواستنەوەی چەكدارانی داعش بۆ پاكستان و ئەفگانستان.
-پارتی دروستكەری شەڕو ئاشوبی نێوان ھێزە كوردیەكانی باكورو ڕۆژھەڵاتە، كە ڕاستەوخۆ خواستی دەوڵەتی توركیاو ئێرانە.
توركیاش لەبەرامبەردا دەستەبەری مانەوەی پارتی و بارزانی دەكات لەدەستەڵاتدارێتی ھەرێم بەوپەڕی ڕەھایەوە.
ئیتر ڕوون و ڕەوان دیارە كەپارتی و بارزانی حەمیلن و بەجێھێنەری ئەجێندای دەوڵەتی توركن لەھەرێم و ناوچەكەدا، ئینجا بارزانی نەك حەكیمی پەیوەندی نێوان توركیا و ھەرێم نیە بەڵكو دەردێكی كوشندەی نێوماڵی كوردەو ئەو دەردەش تەنھا بەلەڕیشە دەرھێنانی ئەو ھێزە چارەسەر دەكرێت، لەبەرئەوەی وەكو ساوایەك فرچكی بەخیانەت و تێكدان و گێژاو دروستكردنەوە گرتووە.
كەواتە مادام نێوانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەلایەك و دەوڵەتی توركیا لەلایەكیتر بەوڕاددەیە بەھێزە ھەرگیز بڕواناكرێت ڕێفەراندۆم مەبەست لێی سەربەخۆیی كوردستان بێت، بەڵكو ئەوەش سیناریۆی یاریەكیتری دەستی توركیایە بۆمانەوەی پارتی لەسوڵتەی موتڵەقی سیاسی و ئابوری و ئەمنی ھەرێم، چونكە بەنەمانی پارتی سوڵتەی توركیاش لەھەرێم نامێنێ.
بۆ پرسی ڕێفەراندۆمیش توركیا و پارتی پێویستیەكی زۆریان بە یەكێتی ھەیە، ھەربۆیە توركیا گڵۆپی سەوزی بۆ پارتی ھەڵكردووە، تاكو بەھەرنرخێك بێت یەكێتی بێنێتە ژێر ئەوامری پارتی لەمەسەلەی ڕێفەراندۆم، چونكە تاكە مەقسەد لێی مانەوەی پارتیە.
لەوكاتەوەی حزبی AKی سەربە ئەردۆگان حوكمی گرتۆتە دەست لە ٢٠٠٢، یەكگرتووی ئیسلامی ھەرگیز لەفەرمانی توركیا دەرنەچووە، ئەگینا لەئەجێندای یەكگرتووی ئیسلامیدا شتێك بەناوی دەوڵەتی ناسیۆنالیزمی كوردیەوە بوونی نیە، كەچی ئێستا ئیددعای بۆ دەكەن.
سەرەڕای جەپھەی توركمانی كەلەڕێگەی سیاسی و مەلایەكانیان ئیددعای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی دەكەن.
جارجاریش توركیا لەلێدوانی كورت و بێ بایەخدا دژایەتی ڕێفەراندۆم دەردەبڕێت، بۆ زیاتر شەرعیەتدان بەسیناریۆكە تاكو لای خەڵكی كوردستان بارزانی و پارتی ببن بەجێگەی متمانە.
چونكە پارتی حەمیلێكی باش و گوێڕادێرە توركیاش لەدۆخێكی وابێ دۆست و بێ كارتی خەڵەفێنەردا پشتی لەپارتی نەكرد، باشترین كارتی گۆجكردنی كۆمەڵگەی كوردی دابەپارتی، ئەویش درۆی دەوڵەتی كوردیە.
سەرنجی ئەوەش بدەن، ھەموان دەڵێن; ڕێفەراندۆم بۆ سەربەخۆیی نیە، بەھەردوو بەرەی بەڵێ و نەخێرەوە، كەواتە ئەگەر (بەڵێ)ش سەركەوێت ھیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێ و ئەوەی ئیددعای سنورداخستنیش دەكات لەدرۆی دروستكردنی دەوڵەت گەورەترە، مادام پڕۆسەكە بۆ سەدبارە خەڵەتاندنی گەلی كوردە باشتر وایە جوڵانەوەی (نەخێر) لەپێناو كۆی سیاسەت و ئەجێندای دەوڵەتی توركیا بێت كە لەڕێگەی (پارتی و بارزانی)ەوە تەبەنی دەكات.
زەروورتر لە(جوڵانەوەی نەخێر لەئێستادا) بونیادنانی جوڵانەوەیەكە لەژێرناوی (نەخێر بۆ خەڵەتاندن)، پێویستیەكی حەتمیە كە ھەموو ناڕازیەكانی كوردستان پێكەوە دژی سیاسەتی توركیاو سوڵتەی موتڵەقی پارتی و بارزانی بوەستینەوەو خەبات بۆ گۆڕانكاری و وەرچەرخان بەئاراستەی بەرژەوەندیە گشتی و نیشتمانیەكان چڕبكەینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست